بڕیارەکەی دادگای دەستوری دەرھەق بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و خاڵە لاوازەکانی !!!

لەلایەن ستاندار Posted on 344 جار بینراوە

*دکتۆر دلێر سابیر خۆشناو
بەشی سێ یەمی بابەتی “ڕیفراندۆمی سەربەخۆی و دادگای دەستوری کامیان دەستوری نین”

دوای ئەوەی لە دوو بەشی ڕابردوو باسمان لە گیروگرفت و کەموکوڕییە دەستورییەکانی ھەر یەکە لە دادگای فێدرالی باڵا و پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی خەڵکی باشوری کوردستان کرد، وە تیشکمان خستە سەر ئەوەی تا چەند ئەم دادگایە بۆی ھەیە بڕیار لەم جۆرە کەیسانە بدات، لەم بەشەدا ھەوڵ دەدەین خودی بڕیارەکەی دادگای فێدرال بخەینە سەر تەرازووی ژیری پێوەرە دەستورییەکان، بۆ ئەوەی بسەلمێنین تا چەند دادگا سەرکەوتوو بووە لە جێبەجێ کردنی بنەما دەستورییەکان.
شیکردنەوەمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فێدرال بە ژمارەکانی (١٢٢- ٨٩-٩١-٩٢-٩٣) ی ساڵی ٢٠١٧ لەم چەند خاڵانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:
ڕ- ڕاڤەکردنی ماددە (١) ی دەستوری عێراقی لە لایەن دادگای فێدڕالەوە: ھەروەکو ئاشکرایە زاراوەی گشتپرسی یاخود ڕیفراندۆم لە دەستوردا لە پێنج شوێندا باسی لێوەکراوە ئەویش لە ماددەکانی (٤ و ١٢٦ و ١٣١ و ١٤٠ و ١٤٤)، بەڵام ھیچ کامێک لە مانە باسی لە مافی جیابونەوەو سەربەخۆی ناکەن، بۆیە گرفت ئەگەر ھەبێت لە خودی زاراوەی گشتپرسی نییە بەڵکو لە ئامانجەکەیەتی، کە ئایا مەبەست لێ ی گۆڕینی شێوازی ئیدارەدانی ناوچەیەکە لە چوارچێوەی سنوری عێراقدا. یاخود مەبەست لێ ی جیابونەوەیەکە کە دەوڵەتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەری جیا لە عێراق دروست بکرێت، بێگومان ئەوەی یەکەمیان لە رووی شەرعیەتی دەستوریەوە ڕێگە پێدراوە، بەڵام ئەوەی تریان ھەمان شەرعیەت ڕێگرە لە ئەنجامدانی.
لە ڕوانگەی ئەم بنەمایەی سەرەوە گشتپرسی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان ئەگەر بێتو بە دەنگی ڕەزامەندی زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو ھاوڵاتی شەرعیەتی بەدەست ھێنابێت، ئەوا لە رووی مەشروعیەتی دەستوریەوە ھیچ دەقێک نییە پاڵپشتی لێبکات، بۆیە بەلای ئێمە بڕیاری دادگای فێدڕال ژمارە (١٢٢/ئیتحادی/٢٠١٧) بۆ ڕاڤەکردنی ماددەی (١)ی دەستور دروستە و کۆکە لەگەڵ بنەماکانی ئەم دەستورە، زیاتریش لەمە بڕیارەکە ھیچ ئاماژەیەکی تیادا نیە کە ئەم ڕیفراندۆمە بە نادەستوری لە قەلەم بدات، تەنانەت گونجاویشە لەگەل بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، چونکە بە ڕای ئێمە ئەم بابەتە پەیوەندارە بە مافی میللەتێک ناکرێت ببەسترێتەوە بە دەستوری بوون و نەبوونی، ئەمەش ئەو ڕاستیەمان بیردەخاتەوە کە پێشتر ئاماژەمان بۆی کرد کە کێشەی کورد کێشەیەکی سیاسییە نەک یاسایی، وە شەرعیەتی خەلک مەشروعیەتی ھەڵسوکەت بە یاسایی دەکات نەک بە پێچەوانەوە، ھەر بۆیەش یاساکان بەردەوام لە ھەموارکردنەوەن تا گوزارشتی تەواوی کۆمەڵگا بن، واتا ئەوەی کە موقەدەس و پیرۆزە شەرعیەتە نەک مەشروعیەت کردنی ھەڵسوکەوتی میللەتێک بە گوێرەی یاساکان، بۆیە ئەوەی کە ووتمان پێویستە بە ھەوڵ و کاری سیاسی بە یاسایی بکرێت تاوەکو یاسا ببێتە ئاوێنەی کۆمەڵگا نەک بۆسەدانانەوە بێت بۆی.
ب- سەبارەت بە بڕیاری دادگای فێدڕال ژمارە (٨٩ و ٩١ و ٩٢ و ٩٣/ئیتحادی/٢٠١٧) کە ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری بە نادەستوری لە قەلەمدا، تێبینیەکانمان بەم شێوەیەی خوارەوە ئاراستەی ئەم بڕیارە دەکەین:
خاڵی یەکەم: دەعوایەکان لەسەر بنەمای بڕگەی سێیەم لە ماددەی (٩٣) ی دەستور ئاراستەکراون و بڕیاریان لەمەڕ دراوە، کەچی ئەم ماددەیە تەنھا باس لە یەکلایکردنەوەی ئەو کێشانە دەکات کە لە ئەنجامی جێبەجێ کردنی یاساکانی فێدڕال سەرھەڵدەدەن نەوەکو لە نێوان یاساکانی فێدرال و ھەرێمەکان، بۆیە ئەگەر ئەم داوایانە تۆمارکردنیان راست بێت لەسەر پارێزگاری کەرکوک و سەرۆکی ئەنجومەنی ئەم پارێزگایە کە بڕیارەکانیان لەسەر بنەمای یاساکانی فێدڕال دراوە، ئەوا بۆ بڕیارەکەی سەرۆکی ھەرێم گونجاو نییە چونکە بنەمایەکەی یاساکانی ھەرێمن نەک دەسەڵاتی فێدڕالی، بۆیە دەبوایە دادگا پشت ببەستێت بە بڕگەی چوارەم نەک سێیەم، ئەو کات بەشێک لە داواکارەکانیش مافی بەرزکردنەوەی دەعوایان نەدەبوو بە گوێرەی بڕگەی چوار لە ماددەی (٩٣).
بەڵام دیارە دادگا بڕیارەکانی پەرلەمانی فێدڕالی کە دەرھەق بە بڕیاری ژمارە (١٠٦) لە ٩/٦/٢٠١٧ سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لەمەڕ ئەنجامدانی گشتپرسی سەربەخۆیی کردۆتە بنەمایەک بۆ بەرزکردنەوەو جولاندنی دەعوای دەستوری بۆیە پشتی بەستووە بە بڕگەی سێیەم لە ماددەی (٩٣)ی دەستور.
بۆ ئەمەی سەرەوەش ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ بنەماکانی دەستور بۆمان رووندەبێتەوە کە پەرلەمان جگە لە وەزیفەی یاسادانان و چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت چەند کارێکی تری ھەیە کە لە نێوانیاندا ئەو جۆرە بڕیارانەی کە دەرھەق بە بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی ھەرێمی کوردستان دراوە بەرچاو ناکەون( بۆ ئەم مەبەستە سەیری ماددەکانی ٥٢ و ٦١ بکە)، ئەمە جگە لەوەی کە سەرجەم بڕیارەکان بە بێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی فێدڕال دراوە کە ئەمەش پێشینەیەکی ترسناکە لەبەردەم ئەو دەوڵەتە یاساییەی کە دەستور ئاماژەی پێداوە، بۆیە پێویست بوو کورد تانەی نادەستوری بوونی لەم بڕیارانە بدایە پێش ئەوەی ڕیفراندۆم بکەوێتە ژێر رەحمەتی جێبەجێ کردنی دەستوریانەی ئەم بڕیارانە لە ڕێگەی دادگای فێدڕال.
خاڵی دووەم: ھەروەکو لە بڕیاری دادگا ھاتووە کە تەواوی ھەڤڕکەکان (خێوم) ئاگادارکراونەتەوە بۆ ئامادەبوون لە رۆژی دادبینی، لەم پێناوەش سەرجەم رێکارەکان گیراونەتە بەر، بەڵام کە سەیری بڕیارەکە دەکەین دەبینین شوێنەوارەکانی بەسەر سەرجەم پرۆسەکە و بڕیارەکانی سەپێنراوە بەبێ ئەوەی خاوەن بڕیارەکان مافی بەرگریکردنیان ھەبێت لەو بڕیارەی کە داویانە، بۆ نموونە سەرجەم قەزاو ناحیەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکوک لە خانەقینەوە بگرە تا شەنگال لە ڕێگەی بڕیاری ئەنجومەنەکانیانەوە بەشداربوونە لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڵام مافی پارێزگاری کردن لەخۆیان لێ زەوتکراوە، ئەو مافەی کە دەستوری عێراقی لە بڕگەی چوارەمی ماددەی (١٩) بە موقەدەس ناوی بردووە.
خاڵی سێیەم: سەبارەت بە گشتپرسی و ئامانج لێ ی، بە سەیرکردنی بڕیارەکەی دادگا ئەوەمان بۆ رووندەبێتەوە کە دادگا سەرکەوتوو نەبووە لە دیاریکردنی ئامانج لە گشتپرسی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر، چونکە ھەروەکو لە بڕیارەکە ھاتووە کە ئامانج لێ ی سەربەخۆیی ئەم ناوچانە بووە، کەچی ھەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە ئامانج لە گشتپرسی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر دووانن: یەکێکیان دەسەڵات پێدانە بۆ ھەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی، کە ئەمەش کۆکە لەگەڵ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد. ئەوەی دووەمیان بەدەستھێنانی سەربەخۆییە لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتیانە، بە جۆرێک کە دووربێت لە ھەڕەشەکردن لە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە، کە ئەمەشیان کۆکە لەگەڵ بنەما نێودەوڵەتیەکان.
بۆیە دەکرا بڕیاری نا دەستوری بوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر بە گوێرەی ئەو ئامانجەی کە دادگا ئاماژەی پێداوە بخرێتە دوای بڕیاری سەربەخۆیی ئەم ناوچانە لە عێراقدا، نەوەکو بە تەنھا ئەنجامدانی گشتپرسی و وەرگرتنی ڕای خەلکی لەسەر مافێکی سروشتی مرۆڤ ببێتە ھۆکار بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە. ھەروەکو چۆن دادگای دەستوری لە ئیسپانیا دوای بڕیاری سەربەخۆیی ھەرێمی کەتەلۆنیا بڕیاری نا دەستوری بوونی بۆ دەرکرد.
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە پێویست بوو دادگای فێدڕالی خۆی نەخزاندبوایە نێو بڕیاردان لەمەڕ کەیسی نەتەوەیەک، وە ئیکتفای بکردایە بە بڕیاری ژمارە (١٢٢) لە ڕاڤەکردنی ماددەی (١) ی دەستور ، بەڵام ئەم کارە بووە ڕابردوو و ئەنجامدرا وە بە پێ ی ماددەی (٩٤) لە دەستور بڕیارەکانی ئەم دادگایە بە ھیچ شێوەیەک لە شێوەکان تانەی ئاراستە ناکرێت، بۆیە ئەم بابەتە لە ڕووی شەرعیەتی خەڵکی کوردستان بە ڕاست و دروستی دەمێنێتەوە و پێویستە سیاسیانە بەرگری لێبکرێت، بەڵام لە رووی مەشروعیەتی یاساییەوە بە ھەڵوەشاوە ھەژمار دەکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.