یەکگرتوی ئیسلامی؛ ھەڵەیەکی ستراتیژی وگرێیەکی دەرونی

لەلایەن ستاندار Posted on 383 جار بینراوە

پ.ی.د.ردعد رفعە محمد
یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان وەکو حزبێکی سیاسیی ئیسلامی لەکوردستان خۆی راگەیاند لە ساڵی ١٩٩٤، ھەر لە ساتەوەختی راگەیاندنی ھەوڵی داوە سیاسەتی بێ لایەنی وناوەندگیری لەنێوان دوو ھێزی سیاسی چەکداری کوردستان پەیڕەو بکات. ئەو دوو ھێزەش (ی.ن.ک) و(پ.د.ک) بوون کە لەرووی ئاکاری سیاسی وستراتیژیەتی پاوانخوازی وقۆرغکردنی پارەو دەسەڵاتی کوردستان جیاوازیەکی ئەوتۆیان نەبوو، تەنانەت –یەکێتی وپارتی- لەزۆر بۆنەدا نەیانشاردۆتەوە کە شەڕ وململانێیەکانیان لە پێناوی پۆست وپارە بووە. بەڵام لەو چوار ساڵەی رابردوو یەکگرتووی ئیسلامی نەیتوانی قۆناغی نوێی سیاسی کوردستان تێپەربکات بەرامبەر بە سیاسەتی فشارو دەستکەوتەکانی ھەردوو حزبی دەسەڵات –بەتایبەت پارتی-؛ ئەویش بەھۆی ئەوھەڵە ستراتیژیەو گرێیە دەرونیەی کە لە لاشعوری سەرکردایەتیەکەیان چەسپاوە.
ھەڵەی ستراتیژی: یەکگرتوو سەرکەوتوانە توانی سەربەخۆیی وبێ لایەنی خۆی بپارێزێ لە نێوان ئەم دوو ھێزەدا. بەڵام ئەوەی یەکگرتوو تێیدا بەھەڵەچوو؛ ئەو بێ لایەنی وناوەندگیریەی کرد بە ستراتیژیەت لە یەکلاکردنەوەی گشت کێشە سیاسیەکانی کوردستان؛ ئەگەر ھاتوو ئەو کێشە سیاسیانەش ململانێش بێت لە نێوان حەق وباتلڕ، شەرعیەت وناشەرعیەت، یاسایی ویاساشکێنی، ھێزی مەنتق ومەنتقی ھێز، ھتد…
یەکگرتوو پێی وابوو ئەو ستراتیژیەتەی بۆ ساڵەکانی نەوەتەکان تا دووھەزارەکان بەرھەمی ئیجابی ھەبوو، ھەر ھەمان ستراتیژیەت دەربازی دەکات لە رکابەری وململانێ کێشە سیاسی وئابوری وتەنانەت کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان دوای ساڵی ٢٠١٥.
ئەو ھەڵوێستە سیاسیانەی یەکگرتوو کە بەستراتیژیەتی زەمانێکی تر پەیڕەوی دەکرد، ئەو حزبەی گەیاندە ئەو قۆناغەی کە ببێتە جێی سەرنج ورەخنەی رۆشنبیرو توێژەر وچاودێرانی سیاسی ونوسەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بەجۆرێک کە کار گەیشتە ئەوەی رۆژانە خەڵک ورۆشنبیران وچاودێران شیکردنەوە بۆ ھەڵوێستە سەلبیەکانی سەرکردایەتی یەکگرتوو بکەن وبیدەنە بەر نەشتەرگەری قەڵەمەکانیان بەڵکو بتوانن –ئەگەر کەمێکیش بێت- ئەو سەرکردایەتیە بگەرێننەوە سەر رێبازە راستەقینەکەی یەکگرتوو کە خۆی دەنوێنێ لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی وپەیڕەوکردنی چاکسازی راستەقینەو پەنجە کردنە چاوی ستەمکاران.
گرێ دەرونیەکە: سەرکردایەتی یەکگرتوو لە جیاتی ئەوەی سوپاس وستایشی رەخنەی نوسەرە دڵسۆزەکانی بکات، ھەستا بەدابەشکردنی تۆمەتی جۆراو جۆر وبێ بنەما بۆیان بەمەبەستی شاردنەوەی قەیرانە ناوخۆیی وشکستی ستراتیژیەتە سواوەکەیان وپشتگیری کردنی ستەمکاران بەرامبەر چەند دەستکەوتێکی کەمی پۆست وپارە. ئەم پرۆسەی بەرگریکردن لەسەرکردایەتی یەکگرتوو لەرێگای ھەندێک بەناو راوێژکارو کادیرو پەیجی علوج وسایت وھەندێ جار کەناڵە فەرمیەکانیان ئەنجام دەدرێ وتۆمەتی “درۆ” دەدەنە پاڵ گشت رەخنەگرە دڵسۆزەکانیان. ئەوە لەکاتێکدا دەبوا سەرکردایەتی یەکگرتوو ھەردەم رەخنەو بەرھەڵستی ئەو حزبەی بکردبا کە رۆڵیان ھەبووە لە شەھیدکردنی ئەندامی مەکتەب سیاسی وزاناو مەلایەکانیان و بەئاشکرا بارەگەکانیان دەسوتاندن, ھەروەھا ھەردەم پەراوێزیان خستونە لە ھاوبەشیکردنیان لە بڕیاری سیاسی وبڕیارە چارەنوسەکاندا، بەپێچەوانەوە ھەردەم حزبی دەسەڵات بڕیاری ئامادەکراوی ھەبووەو یەکگرتووش لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنەکەی راوێژی پێکراوە.
ئەو حاڵەتە سایکلۆژیەی سەرکردایەتی یەکگرتوو تێیکەوتوە بەجۆرێک لە جۆرەکانی نەخۆشی دەرونی مازۆخیەت دەچێت، ئەو نەخۆشیەی خاوەنەکەی چێژ وەردەگرێ لە ستەم وئازاردانی وھەردەم پاکانە وبەھانە بۆ رەفتارو گوفتارەکانی ستەمکارەکەی دەھێنێتەوەو دژایەتی ئەو کەسانەش دەکەن کە بەرگریان لێ دەکەن وخۆیان زۆر نزیک دەکەنەوە لە ھەڵوێست وبۆچونەکانی ستەمکارەکانیان بۆ ئەوەی بەردەوام ئازاریان بدەن وبەبەردەوامیش چێژ لەو ئازاردانە وەرگرن.
بەڵکو ھەر کاتێک پزیشک یان دڵسۆزانی توشبوی مازۆخیەت لە لەھەوڵی دورخستنەوەی بن لە ستەمکارەکەی یان بەرگری لێبکەن ونەھێڵن ستەمی لێبکرێ ئەوا توشبوی نەخۆشیەکە توڕە دەبێت وسوردەبێتەوەو بەرگری لە مانەوەی ستەمکارەکەی دەکات بەھەر پاساو وبەھانیەک بێت.
تێگەیشتن لەو گرێ دەرونیەی سەرکردایەتی یەکگرتوو زۆر لە ھەڵسوکەوتە شازو سەیرەکانیانمان بۆ روون دەکاتەوە کە ھەر کاتێک حزبەکانی دەسەڵات –بەتایبەت پارتی- لە شکست وبارلاری ونسکۆی گەورە دابن، ھەردەم لەھەوڵی راست کردنەوەی بارەلارەکەیانن ومەبدەئو ستراتیژیەت وبەرژەوەندی بانگەوازو خوێن وفرمێسکی کادیرو ئەندام ولایەنگرانیان دەکەنە قوربانی بۆ دەربازبوونی حزبە دەسەڵاتەکان لە نسکۆ وقەیرانە سەختەکانیان.
ئێستا –لەرووی سایکۆلۆژیەوە- بۆمان روندەبێتەوە بۆچی یەکگرتووی ئیسلامی دەنگی نەدا بۆ کاندیدی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، بۆچی یەکگرتوو لەگەڵ کارانەکردنەوەی پەرلەمان بوون لەگەڵ گۆڕان بەڵام بە بڕیارەکەی پارتی کاریان کردەوە, بۆچی یەکگرتوو بونە بەشێک لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم وئەنجومەنی سەرکردایەتی سیاسی وبڕیاردان لە ریفراندۆم، بۆچی رازین بەپاشکۆیاتی ئەندامانی وەفدەکانی پارتی، بۆچی کادیرو سەرکردەکانی توڕەو توندو سوردەبنەوە کاتێک ھەر رەخنەیەک دەگیرێ لە سیاسەت وبڕیارە چارەنوسازەکانی پارتی، بۆچی بەھۆکارو بێ ھۆکار ھێرش دەکەنە سەر سیاسەت ورەمزەکانی کۆمەڵی ئیسلامی کاتێک بەرەوڕوی پارتی دەوەستەنەوە، لەکۆتاییدا بۆمان روون دەبێتەوە بۆچی جەنابی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو خۆشحاڵە بە وەرگرتنی رۆڵی نامەبەری فەلاح مستەفا وھێمن ھەورامی پارتی بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماسیەکان لەگەڵ کەس ووڵاتەكان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.