یەكێتی مییرات نیە دابەشبكرێ

لەلایەن ستاندار Posted on 284 جار بینراوە

كادیرێكی پێشكەوتوی یەكێتی

لەم چەند رۆژانەدا هەندێ قسەوباس لێرەو لەوێ ئەكرێت سەبارەت بە چارەنوسی یەكێتی دوای كۆچی دامەزرێنەرو رەمزی تێكۆشانی یەكێتی بەرێز مام جەلال. هەندێ لەسەركردەكانی یەكێتی مرخیان لێخۆش كردوەو چاویان خستۆتە سەر شوێنەكەی مام و، هەر یەكەو بە ئاواتێكەوەن ببنە بەدیلی ئەم رەمزە گەورەیە. بەشێكیان كەوتونەتە مامە حەمەیی وماستاوكردن بۆ قاعیدەی یەكێتی و باس لەگەندەڵیو دەستەگەڕی و لادان لەرێبازی یەكێتی ئەكەن وەك ئەوەی خۆیان فریشتەی ئاسمان بن خوا بۆ یەكێتی ناردبێتی، بەشەكەی تریان ئەیانەوێ لەسەر شانی كەسانێكی هاوشێوەی خۆیانەوە لە مەیدانەكەدا بمێننەوە تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی باس لە” خەلیفە”ش بكەن و، هەندێكیان باس لەوەسیەتی مامیش ئەكەن سەبارەت بەو بەدیلە، وەكو ئەوەی یەكێتی میرات بێت وەكو حزبە عەشایەریەكان بگوازرێتەوە بۆ كەسانیتر.

لەپێشدا یەكێتی حزبێكی سۆشیال دیموكراتەو حزبێكی عەشاریەر نیە تا لەناو ئەفرادی عەشایەردا سەرۆكایەتیەكەی بخولێتەوە، حزبیش موڵكو ماڵ نیە تا بەوەسیەت دابەشبكرێتە سەر كەسانیتر. گریمان ئەمەش لەبارو زروفێكدا بەناچاریش پەیڕەو بكرێ، خۆ بەپێی هەمو شەرع و قانونێك میراتی كەسێك بۆ بنەماڵەكەیەتی نەوەك بۆ كەسانی دەرەوەی. بەهەمان ئەم مەنتیقە خوارو خێچەوەش پێشتر باسێكی لەو بابەتە وروژێنرا كاتێك كاكە نەوەی نەمر كۆچی دوایی كرد، هەندێ كەس باسیان لەنامەی وەسیەتەكەی ئەكرد گوایە لەدوای خۆیدا جێیهێشتوەو رێكخەری گشتی بۆ بزوتنەوەكەی دیاریكردوە، ئەمەش دەركەوت وا نەبو، بەڵكو لەهەڵبژاردنێكی جڤاتەوە رێكخەری گشتی بەشێوەیەكی ئازادانە دياريكرا.

دوهەم شت شایەنی ئاماژەكردن بێت ئەوەیە، كەوا هەندێ لەسەركردەكانی یەكێتی لەهەوڵێكی چڕدا بون لەماوەی رابردودا بۆ گێڕانەوەی دكتۆر بەرهەم بۆ سەركردایەتی وەك فریادرەسێك بۆ یەكێتی، زۆرجار بیستومانە كەوا بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی هەوڵیانداوە بۆ قەناعەت پێكردنی كاك بەرهەم بۆ گەڕانەوەو گرتنەدەستی دەسەڵاتی یەكێتی، ئەمەش لەكاتێكدایە خودی دكتۆر بەرهەم چەندینجار بەراشكاوی لەمیدیاكانەوە رایگەیاندوە كەوا هیچ پەیوەندیەكی بە یەكێتیەوە نەماوە، لەم دواییانەشدا دوا بزماری خۆی كوتا كاتێك هاوپەیمانی دیموكراسی راگەیاندو تەنانەت چوە كۆمسیۆنو ناوی قەوارە سیاسییەكەشی تۆمار كرد وەك كیانێكی سیاسی جیاواز لەیەكێتی. سەرباری ئەمەش هەندێ لەو خەڵكانە لەپروپاگندەی ئەوەش نەدەكەوتن كاتێك باسیان لەوە دەكرد گوایە دواتر دكتۆر بەرهەم ئەچێتە ناو هاوپەیمانیەك لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی وكۆمەڵ بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێكی سیاسی تازە دوای هەڵبژاردنەكان، ئەمەش بەو واتایەی بە شێوازێكیتر  لەپەنجەرەكەوە ئەگەڕێتەوە سەر بەڕێوەبردنی یەكێتی بە هاوپەیمانییەكی گەورەترەوە.

مایەی سەرسوڕمانە ئەم هەمو هەوڵانە بدرێن بۆ گەڕانەوەی دكتۆر بەرهەم ، لەكاتێكدا خودی خۆی بەئیرادەیەكی سەربەخۆوە بڕیاری دوركەوتنەوەی داوەو خۆی یەكلایی كردۆتەوە، ئەمە وەكو ئەوە وایە لەناو یەكێتیدا كەسێكیتر نەبێت هاوشانی دكتۆر بەرهەم بێت ئەگەر ئەو نەبێ یەكێتی لەناو ئەچێ؟!..

لەگەڵ رێزم بۆ كاك بەرهەم و رۆڵی لەناو یەكێتیدا بەڵام بونی ئەو لەناو یەكێتیدا كاتێك پێویست بو كە مام جەلال نەخۆشكەوت و یەكێتی پێویستی بە یەكریزی ویەكێتی ناو یەكێتی بو، كەچی ئەو خۆی دوور خستەوەو خۆی نەكرد بەساحێبی یەكێتی، تەنانەت بڕیاری دابو  وەكو سكرتێری دوەمیش  مەسئولیەتی پاراستنی یەكێتی هەڵنەگرێ، ئەوەش بژاردەی خۆی بو، بۆیە ئێستا هیچ پێویست بەوە ناكات كەسانێك بەتەنگ ئەوەوە بن بە زۆرەملێش بێت بیگەڕێنەوە ناو یەكێتییەوە؟.

یەكێتی لەهەمو شكستێكەوە جارێكیتر خۆی سازداوەو هەڵساوەتەوەو بەهێزتریش هاتۆتە مەیدانەوە، نمونەمان زۆرە، هەر لەو كاتەی مامی گەورە لەدیداری تەمەندا باسی كردوە كە تەنها خۆی و كاكە نەوەو 14 پێشمەرگە بەشاخی قەندیلەوە مابون دواتریش كارەساتەكەی هەكاری وجیابونەوەی بزوتنەوەی سۆسیالیستیشی هاتەسەر، لەهەمو ئەم نسكۆیانەدا جارێكیتر هەڵسایەوەو بەردەوامی بەشۆڕش دا، تا خیانەتەكەی 31 ئابو كشانەوەی یەكێتی بۆ سەر سنورو دواتر گەڕانەوەی، بۆ ئەو كاتەی بەهۆی هەندێ لەسەركردەكانی یەكێتیەوە نزیكەی 10 كورسی پەرلەمانی لەهەڵبژاردنەكانی 2013دا لەكیس داو، دواتر جارێكیتر هەڵسایەوە..

 راستە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال زەبرێكی كوشندە بەر یەكێتی كەوت، بەڵام بینیمان لەغیابی رۆڵی ئەویشدا یەكێتی كۆتایی نەهات، ئێستاش كە مامی گەورە كۆچی دوایی كردوە دیسانەوە یەكێتی هەر وەكو خۆی فەرموی ” سەفین لەبن دێت، یەكێتی لەبن نایەت”، بە هەوڵو كۆششی سەركردەكانی یەكێتی لەسەروشیانەوە هەردو خوشكی بەڕێز دادە هیرۆ و دادە شاناز و بەشێك لەسەركردە دڵسۆزەكانی یەكێتی ئەوا بۆ پێنج ساڵ ئەچێ لە غیابی رەمزەكەیدا، یەكێتی هەر وەكو هێزی یەكەمی جەماوەریی سەر ساحەی كوردستان رۆڵی خۆی پاراستوەو هیچ هێزێك نەیتوانیوە زەفەری پێببات، بەتایبەتیش ئەم سەركردانە توانیان شكست بەپیلانەكانی پارتیش بهێنن بۆ لاوازكردنی رۆڵی یەكێتی.

پێموایە ئێستاش لەناو یەكێتیدا كادیرو سەركردەی گەنجی وای تێدایە بتوانن یەكێتی سەر لەنوێ هەڵسێننەوە، رەنگە هەر ئەوەش بێ  سەركردە سەرسپی و سمێڵ بۆیەكراوەكانی ترساندبێ لەبەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، چونكە ئەوانە سوڕ ئەزانن رۆڵیان تەواو بوەو، ئێستا كۆمەڵێك گەنجی خوێنگەرمو لەوانیش دڵسۆزتر بۆ رێبازەكەی مام جەلال هاتونەتە سەر ساحەكەو جەماوەریان زۆر زۆرترە لەوان، هەر ئەوانیش ئەتوانن یەكێتی بگەڕێننەوە سەر سكەی خۆیو رۆڵەكەشی كاریگەرتر بكەن لەسەر ساحەكەدا.

ئەو هەوڵانەی بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی ئەیدەن بۆ هێشتنەوەی یەكێتی بەدەست ئەو سەركردە گەندەڵو رسواو بەرژەوەندخوازانە سەر ناگرێ، هیچ پێویست ناكات بەدوای ئەمو ئەودا بگەڕێن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان چونكە هەر ئەوان یەكێتیان گەیاندە ئەو رۆژەوە،هەموشمان ئەزانین كەوا كێشەكانی ناو یەكێتی لەئەساسدا مانەوەی ئەمانەن لەسەركردایەتیو ئێستا كاتی ئەوە هاتوە بڕۆن و بەرۆكی یەكێتی بەردەنو، چارەنوسی یەكێتی بكەوێتەوە دەست ئەو جیلە تازەیەی كە لەئێشو ئازاجری خەڵكەكە ئەگەن نەوەك بەتەنگ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بن و یەكێتی بكەنە قوربانی ئارەزوە نەخۆشەكانیان.

ئەندامو کادیرانو سەرکردە دڵسۆزەکانی یەکێتی ئەبێ بەھەمو توانایەکیانەوە ھەوڵی بەستنی کۆنگرەی یەکێتی بدەن، چونکە کۆنگرە سەنگی مەحەکەو لەرێگای ئەویشەوە یەکێتی تازە ئەبێتەوە ھیچ پێویستمان بەخەلیفە مییراتگر نیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.