نان و ئازادی!

لەلایەن ستاندار Posted on 373 جار بینراوە

ئیبراھیم خەتەیی

بە درێژایی مێژوو، بەھۆی وورووژاندنی ھەست و سۆز و لە ڕێگەی بەکارھێنانی چەند دروشمێکی بریسکەدارەوە مرۆڤەکان فریو دراوون و بوونە قوربانی سەرکردەکانیان. کاتێک دەڵێن ئازادی لە نان بە نرخ ترە، ھەرچی ڕۆشنبیر و نووسەر و سیاسەتمەدار و سیاسەتنەدارە لە کەشێکی ھیستیریدا ئەشھەدوو دەڵێن و خۆیان نمایش دەکەن و نیشتمانپەروەری بەدەوری خۆیاندا دەفرۆشنەوە!لەو حاڵەتەدا، دایکە شەھیدی جگەر سوتاو، و کرێکاری بێکاری شەست ساڵەی داماو، و ھەرزەکاری تازە پێگەیشتووی فەرامۆشکراو، دەستیان لەسەر سکی برسی، دۆش دادەمێنن و ناچارن لە بەرامبەر کۆڕایی ئەو براگەورانەدا سەر بلەقێنن و بڵێن ئازادی لەنان بە نرخ ترە! ئەگەر وانەڵێن، بەر لەعنەتی گەل و خاک و خەڵک و نیشتمان دەکەوون! لە ڕاستیدا ئەوانە، لەھەموو کەس زیاتر باوەڕیان بەم دروشمە ھەیە. ئەسلەن ئەوە دروشمی خۆیانە و لەلایەن گەورەکانەوە دزراوە و پێیان دەفرۆشرێتەوە.

بەڵام ئەو دایکە شەھیدە، کاتێک مناڵ بوو باوکی لەپێناوی ئەو ئازادی یەدا شەھید بووە و بە کولەمەرگی گەورەکراوە و پێ ی ووتراوە (ئارام بگرە، ئازادی لەنان بەنرخ ترە). دواتر ھاوسەرەکەی شەھید بووە و مناڵەکەی بەکولەمەرگی گەورەکردووە و پێ ی ووتووە (ئازادی لەنان بەنرخ ترە). لە ئێستادا کوڕەکەی شەھید بووە و پێ ی دەووترێت (داری ئازادی بەخوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ). کە ئەبینێت سەردەم سەردەم، پێ ی ووتراوە ئارام بگرە ئازادی لەنان بە نرخ ترە، بەڵام ھەمیشە مافی خوراوە، ژیانی دزراوە، بێ گومان مافی خۆیەتی لێم بپرسێت: کەی ئەو دارە بەر دەگرێت و کەی بەو ئازادی یە دەگەم! منیش وەڵامێکم نی یە! لەبەر ئەوەی من دەبینم کە ھەمیشە سکی برسی، باڵندەکان بەپێ ی خۆیان بۆ ناو قەفەس ڕاپێچ ئەکات. بەڵکو جار جار سەرکردەکان سەرەڕای تێر و تەسەلی و وورگی زلیان، سەرەڕای داگیرکردنی نان و مانی گەلەکەیان، ئازادیی میللەتێک مرۆڤ، ئەگۆڕنەوە بە یەک پۆست و تیکەیەک نان!ئەو کاتەش ھیچ بەھایەک بۆ ئەو دروشمە نامێنێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.