قەڵەمی ئازادیخوازان و چەکی جەللادەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 404 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

… بێگومان بەردەوام قەڵەم و دەسەڵاتی سیاسی ستەمکار و جەللادەکانی ڕوبەڕوی یەکتر دەبنەوە، بەردەوام دوژمنایەتی یەکتر دەکەن ، چونکە عەقڵی قەڵەم و عەقڵی چەک ناکۆکن بەیەکتر، ھێزێک عەقڵێکی چەکداری ھەبێت ڕێزی قەڵەم نازانێت، ھێزێک کەللەیەکی ڕەقی ھەبێت کوا ھێزی نەرم دەناسێت؟ جەللادەکانی ستەمکار لە دوونیا ھەمویان ڕقیان لە قەڵەم و ئازادیخوازانە، لەکوێ ھەبووە ستەمکار باوەشی بۆ قەڵەمە ئازاو ئازادەکان کردبێتەوە!؟ جگە لە قەڵەمفرۆش و ڕانتخۆرەکان و ھاو ئاوازەکانی ستەمکارەکان.

لە کوێ قەڵەمەکان کەوتنە سەما بۆ جەللادەکان لەوێش ئازادی لە گۆڕنراوە، لە کوێش قەڵەمەئازادەکان دژایەتیان کراو لێیاندراو کوژران بزانن ھەناسەی قەڵەمە ئازاکان بەردەوامە، چونکە کاری قەڵەمە ئازادەکان ڕەخنە کردنی دەسەڵاتی چەتەگەری و مافیاکڕاتییە، دەسەڵاتە کلیپتۆکراسییەکان بەردەوام قەڵەمەئازادەکانییان بە دووژمنی پلە یەک داناوە، بەردەوام خەریکی شکاندن و بوختانن بۆ قەڵەم بەدەستەکان.

گۆبلز وەزیری پڕوپاگەندەی ھیتلەر بەردەوام دەیگوت؛ سەرۆک ھیتلەر ھەر کاتێک گوێم لە وشەی ڕۆشنبیر دەبێت دەست بۆ دەمانچەکەم دەبەم، ئاخر ڕۆشنبیر گەر ئازاو ئازاد نەبێت قەڵەمەکەی ئەوە دەبێتە چەکێکی حەساری دەسەڵات، بەردەوام ڕانتخۆرەکان و ڕاگەیاندنکارەکان و نوسەران و ڕۆشنبیران بە نزیک بوونەوەیان لە بەرداخە ئاوەکەی دەسەڵات وەک شەکر دەتوێنەوەو نامێنن، ببینە ھێزی ڕاکێشانی نەوت دەزگا ڕاگەیاندنەکانی چەندقەرەباڵخ کردووە، وەک موگناتیس ڕۆشنبیر و نوسەرانیان کێش کردووە تا ئاو بەئاشەکەی ستەمکاردا بکەن، ببینە ئەوانە پارە چەند ناشیرینی کردوون.

ڤیدڵ کاسترۆش بەردەوام لە جیڕەی قەڵەمی نوسەران دەترسا، قەڵەم و دەسەڵات بەریەکتر دەکەون، بۆیە بەزەحمەت نوسەرە ئازادەکان دەتوانن لە وڵاتی خۆیان بژین، ناچارن لە دەرەوە ڕەخنەکانیان ئاڕاستەی کەللەوشکەکەی دەسەڵات بکەن.

دەسەڵاتی جووت حیزبی کوردیش ماوەی بیست و شەش ساڵە نەیتوانیوە سیستەمێکی سیاسی گونجاو دروست بکات، نەیتوانیوە کەرامەتی مرۆڤ بپارێزێت، بەردەوام قەڵەمە ئازادەکانی ترساندوە یان تیرۆرکردووە، سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی نمونەی تیرۆرن بەدەستی دەسەڵاتی جووت حیزب، بەڵام قەڵەمەئازادەکان ھەر زیاتر دەبن، ئێستاش لێدان و ھەڕەشە لە نوسەران درێژکراوەی سیستەمە ستەمکارەکەیە، کاری ڕۆشنبیران بەرھەم ھێنانی مەعریفەیە، کاریان ڕەخنەی ناشیرینیەکانی دەسەڵاتە، نەک گەرمکردنی دیوەخان و پیاداھەڵدانی بەرپرسە تەجمیلکراوەکان، قەڵەمی ئازا نابێتە دەروێشی سیاسیەکان، نابێت بێدەنگبێت چونکە بێدەنگی کاری ڕۆشنبیران و نوسەران نیە وەک ئۆجەلان دەڵێت.

کاوێژکردن کاری قەڵەمە فاشیلەکان و عەقڵ دۆگماو نەوتاوییەکانە، ئەوان دۆڕاون ناتوانن بڵێن و بنوسن بۆ خەڵک، بۆیە چەک دەبێتە ناسنامەیان، ئەمە گاڵتەجاڕی عەقڵی ستەمکارانە، ئەم شەڕەی قەڵەم و چەک بەردەوام دەبێت ھەمیشە خەتی ئازادی و خەتی ستەمکاری تۆختر دەکاتەوە، ھەمیشە ناشیرینیەکانی دەسەڵاتی تەجمیلکراو لەبەردەم خۆری قەڵەمە ئازادەکان توختر دەبێت، ھەمیشە قەڵەم ماسکە ناشیرین و گاڵتەجاڕو خەڵەتێنەرەکان کەشف دەکات، بۆیە ھەمیشە ستەمکاران دۆژمنی قەڵەمی ئازاو ئازادن، ھەمیشە خەم و کۆژان و کۆشادی خەڵک دەبێتە مەرەکەبی قەڵەمە ئازاو ئازادەکان،ھەمیشە چەتەگەری و خیانەت و نەوتخۆری وستەمکاری و نادیموکراسی بونەتە فیشەکی چەکەکەی دەسەڵاتی ستەمکار، بەڵام تا ستەمکاری ھەبێت قەڵەمە ئازادەکان ھەر دەبن، ئەم سیاسەتی ترساندن و لێدانی دەنگە ئازادەکان لە ئێستادا پێماندەڵێت جووت حیزب تائێستاش زۆر ستەمکارن، قەڵەم فرۆشەکانی حەساری دەسەڵات ڕۆژێک دێت ئاواببن، چونکە بوونەتە ڕۆبۆتی جەللادەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.