ستاندەر
ره‌وه‌ندى مه‌لا مه‌حمود، جێگرى لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركوكى یه‌كێتى، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی هەواڵدا، ده‌ڵێت ” كاك مەسعود له 13ى ئه‌یلول ( چه‌ند ڕۆژێك به‌ر له ڕیفراندۆم ) سەردانی كەركوكی كرد، لەو كۆبوونەوەیە كۆمەڵێك برادەر بەشداری كۆبونەوەكەیان كرد، هەموویان لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بوون، لەناویاندا هه‌ریه‌ك له دكتۆر نەجمەدین و شێخ جەعفەرو ئاسۆ مامه‌ندو سەڵاح دەلۆو، كۆمەڵێك كادری مەڵبەندو لق و كەمال كەركوكی ئاماده‌بوون”.
ڕه‌وه‌ندى مه‌لا مه‌حمود، له باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كان، ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو، لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاسۆ مامه‌ند زۆر بە جددی باسی كەركوكی كرد‌و هەموو مەترسیانەی خستەڕوو كە ئێستا ڕوویانداوە، ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، ئەم ریفراندۆمە زەرەری گەورەی تێدا دەكەن.
به‌پێى وته‌ى ناوبراو ، له دواى قسه‌كانى ئاسۆ ئه‌ڵمانى، سەڵاح ده‌لۆ، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى له كه‌ركوك -گه‌رمیان، پشتگیری قسەكانی ئاسۆ مامه‌ندى كرد، بەڵام وتی “ریفراندۆم ئەو مەترسییانەی نابێت”.
ڕه‌وه‌ند، ئاشكراشیكردووه، به‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ بارزانى، لەمەڵبەندی كەركوك كۆبوونەوەیەك كرابوو، مهحزهرهى كۆبوونەوەكەش درابوو ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ى لهكۆبوونهوهكهیان له‌گه‌ڵ بارزانى بیخوێنێتەوە، دواجار هەموو ئەو خاڵانەم خوێندەوەو كه له مهحزهرهكهدا هاتبوو، لەكۆتایدا به كاك مەسعودى وتوه ” ئێمە تكات لێدەكەین، كەركوك ئەو بارودۆخە هەڵناگرێ، ئەو برادەرانەی كە زانیاری دەدەن بە تۆ ڕاستگۆ نین”. هه‌رچه‌ند بەشێك لەبرادەرانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، زۆریان پێ‌ناخۆش بوو، كه ئه‌و قسه‌یه‌م كرد.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كاك مەسعود له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بە ئاشكرا بە ئه‌وانى وت ” ئەگەر ئەم ڕیفراندۆمە سەركەوتوو نەبوو، بەڵێن بێ ئەم وڵاتە بەجێدەهێڵم و دەچم لەجەزیرەیەكدا دەژیم”.
ڕه‌وه‌ند، ده‌ڵێت ” بارزانى و محەمەدی حاجی مەحمودو هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌رگریان له ڕیفراندۆم ده‌كرد، هەموو ڕۆژێك لەسەر تەلەفزیۆنەكان دەردهكهوتن و، باسی ڕیفراندۆمیان دەكرد، ئێستا لە كوێی كەركوكون، ئێستا لەكوێی ناوچە دابڕێنراوەكانن، مێژوو ئەم شتانە لە بیر ناكات “.
جێگرى لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كێتى، ڕوونیشیكرده‌وه، ئەمە بۆ مێژووی میللەتێكه، پێیخۆشە ڕۆژێك لەڕۆژان لەسەر تەلەفزیۆنیش قسە لەسەر ئەم بابەتە بكات.