دوو قودس و یەک چارەنوس

لەلایەن ستاندار Posted on 222 جار بینراوە

سەباح محەمەد

مێژووی ئەم ناوچەیە( ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) بەردەوام ململانێی نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی بەدەوریدا سوڕی خواردووە، ئەم سوڕخواردنە سوڕخواردنێکی خوێناوی بووە، کۆی ململانێکان تا ئێستا بەشێوەی سلمی کۆتایی پێنەھاتوە، ھەمیشە کوشتن و خوێنڕشتن و جەنگ لە ساحەی ململانێکاندا ئامادەگی ھەبووە، ئەمەش کارتێکراوبووە بە دوو ھۆکار، ھۆکاری یەکەم دەوڵەتە زلھێزە داگیرکەرەکان حەسمی ململانێکانیان نەکردووە، و دەروازەیەکیان بەکراوەیی لەدوای خۆیان جێھێشتوە، بۆئەوەی ھەرکات ویستیان لەم دەروازەیەوە بێنەوە ناوچەکە، ھۆکاری دووەمیش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی زمانی گفتوگۆ و زاڵبوونی مێنتاڵتی شەڕ و بەکارھێنانی توندوتیژی.

مەبەست لە دوو قودس کە ناونیشانی وتارەکەیە، قودسی یەکەم کە شارێک یان جوگرافیایەکە کە لای فەڵەستینیەکان و موسوڵمانان بە قودس ناودەبرێت، و لای جولەکەکان( یەھودیەکان) بە ئۆرشەلیم ناودەبرێت.
قودسی دووەم شاری کەرکوکی کوردستانە، ئەم شارە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە قودسی کوردستان ناوی بردووە.

ئەم دوو شارە پیرۆزی خۆیانیان ھەیە، فەڵەستینیەکان چەندین دەیەیە لەڕێگەی بەرد ھاویشتن و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپای ئیسڕائیل، مەبەستیانە بیگەڕێننەوە سەر فەڵەستین، کەرکوکیش بەدرێژایی خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی باشوری کوردستان، چەقی ناکۆکی بووە لەگەڵ حکومەتی عێراق، لەپێناو ڕزگاری ئەو شارەدا ھەزاران ھاوڵاتی کورد گیانی بەخشیوە و شەھید بووە.

چەندین خاڵی ھاوبەش ھەیە لەنێوان لەدەستدانی ئەم دوو قودسەدا، یەکەم خاڵی ھاوبەش بریتییە لە ڕۆڵی ئەمریکا لە یەکلاکردنەوەی چارەنوسی ئەم دوو شارە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی دەوڵەت یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ قودسی وەک پایتەختی ئیسڕائیل ناساند، و بڕیاری گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکای دا بۆ قودس، بەڵام سەبارەت بە کەرکوک ئەمریکا بەناڕاستەوخۆ ڕۆڵی بینی لە ڕووداوەکانی کەرکوکدا، و پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە ئاشکرا حزبە کوردیەکانی ئاگادارکردەوە لە ئەگەری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا، ئەم ناوچانە لەدەست کورد دەردەھێنرێت.

دووەم خاڵی ھاوبەش بریتییە لە ڕۆڵی نێگەتیڤی دەوڵەتانی ناوچەکە سەبارەت بە ھەردوو قودسەکە، گومانی تێدا نیە دەرکردنی بڕیارێکی لەم جۆرە بەبێ گفتوگۆکردن لەگەڵ سعودیە نەھاتوەتە ئاراوە، چونکە سعودیە بەھۆی ئەو پیرۆزیە ئاینیەی کە ھەیەتی، بۆچوونەکانی بۆ پرسێکی لەم جۆرە نادیدە ناگیرێت، دەربارەی کەرکوکیش ھەڵوێستی دەوڵەتانی دراوسێ ھەڵوێستێکی دوژمنکارانە بوو، تەنانەت لە پڕۆسە سەربازیەکەشدا بەشداربوون.

خاڵە جیاوازەکان لەنێوان ئەم دوو شارەدا ئەمانەن:
*قودس پیرۆزییەکی ئاینی ھەیە و تەنھا تایبەت نیە بە فەڵەستیتیەکان، کۆی جیھانی ئیسلامیش ھاوسۆزە لەگەڵ فەڵەستینیەکان، بەڵام کەرکوک پیرۆزییەکی نەتەوەیی ھەیە، لای ئێمەی کورد دەستبەرداربوون لە کەرکوک واتا دەستبەرداربوون لە یەکێک لە پیرۆزیە نەتەوەییەکان.

* ئەم بڕیارەی ئەمریکا دەربارەی قودس پەیوەندی ھەیە بە کاریگەری لۆبی ئیسڕائیل لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و ڕۆڵی ئەم لۆبیە لە بەشداریکردن لە ئامادەکردن و ئاراستەکردنی سیاسەت و ستراتیجی ئەمریکا لە بەرژەوەندی ئیسڕائیل، بەڵام ڕووداوەکانی کەرکوک ھۆکارەکەی گوێنەدان بوو بە ئاگادارکردنەوەکانی ئەمریکا بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم لەو ناوچانە.

* قودس لە ڕێگەی سەفقاتی سیاسی ژێر بەژێری حزبە فەڵەستینیەکان لەگەڵ ئیسڕائیل نەخراوەتە ژێردەستی ئیسڕائیل، بەپێچەوانەوە لە کەرکوک ھەردوو حزبی فەرمانڕەوا لەڕێگەی سەفقات و ڕێککەوتنی ڕانەگەیەنراوەوە پاشەکشەیان لەم شارە کرد و ناپاکیان لە گەل و شەھیدان کرد.

* فەلەستینیەکان بەپەرۆشن بۆ قودس، و بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسڕائیل، بەڵام ئەزمونی حوکمڕانی خراپی یەکێتی و پارتی لە کەرکوک و گەندەڵی و بێ دادی بەرامبەر ھاوڵاتیان، وایکردووە کە ھاوڵاتیان بەپەرۆش نەبن بۆ دوورخستنەوەی ئەم دوو حزبە لە ئیدارەدانی شارەکە.

خاڵی جەوھەری ئەوەیە، کە ئێمەی کورد ھەمان سیناریۆی فەلەستینیەکان دووبارەدەکەینەوە، و دەمانەوێت بەبەرد ھاویشتن کەرکوک بگەڕێنینەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی کە خۆمانین، یاخود لە ڕێگەی کەناڵە دیپڵۆماسیەکان و بەکارھێنانی کارتی سیاسی و دروستکردنی لۆبی بەھێز و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراق؟.

دەبێت ئەزمونی فەلەستین ئێمەی گەیاندبێتە ئەو بڕوایەی کە دروشم چارەسەری کێشەکانی ئێمە ناکات، ئایندە وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە کە ئایا ئێمە عەقڵیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ناھاوسەنگ و نا عەقڵانی ھەڵدەبژێرین یان کەناڵە دیپڵۆماسی و دەستوریەکان؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.