سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: ژیانی خەڵک و قەوارەی ھەرێم لە مەترسیدایە. 

لەلایەن ستاندار Posted on 186 جار بینراوە

ستاندەر

بەبۆنەی رۆژی جیھانی روبەروبونەوەی گەندەڵی لە وتارێک بەناوی “جەنگی ھەمە لایەنە دژ بە گەندەڵی و مافیا دەسەڵاتدارەکان”  سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت “گەندەڵی لە کوردستان نەک تەنھا بوەتە ھۆی بەھەدەردانی دەیان ملیار دۆلاری سامانی گشتی, بەڵکو بوەتە ھۆی نغرۆ کردنی ئابوریی ھەرێم لە قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی”

جەنگی ھەمە لایەنە دژ بە گەندەڵی و مافیا دەسەڵاتدارەکان

  د. یوسف محەمەد سادق – سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان 

جەنگی ھەمە لایەنە دژ بە گەندەڵی و مافیا دەسەڵاتدارەکان ؛ دوێنێ ٩/ ١٢, ڕۆژی جیھانیی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بو.  فەساد لە ھەرێمی کوردستان گەیشتۆتە تروپکی تێکدانی کۆی ژیانی سیاسی و ئابوری و ئەمنیی ھەرێم, بە ڕادەیەک کە ئێستا مافیاکانی گەندەڵی حوکمی ھەرێم دەکەن.  گەندەڵی لە کوردستان نەک تەنھا بوەتە ھۆی بەھەدەردانی دەیان ملیار دۆلاری سامانی گشتی, بەڵکو بوەتە ھۆی نغرۆ کردنی ئابوریی ھەرێم لە قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی.  ئەرکی جەنگی سەرەکیی و ھەنوکەیی ھەمو ئەوانەی لە گەندەڵی نەگلاون, ڕێبەرایەتی کردنی خەڵکی کوردستانە لە ڕوبەڕوبونەوەی مافیاکانی گەندەڵی بە ھەمو شێوازێک.

وەک لە برۆکسل لە میانی وتارێکمان لە کۆنفڕانسی نێودەوڵتیی “یەکێتیی ئەوروپا,تورکیا, ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کورد” لە پەرلەمانی ئەوروپا پێشکەشمان کرد, پشتیوانیی ھەر ھەوڵێکی ناوخۆیی و عێراقی دەکەین لە شەڕی دژی گەندەڵی.  لە ھەر شوێنێک لە دونیادا بکرێت دەبێت بەدوای گەندەڵکارانی ھەرێم و بەدادگایی گەیاندنیان بچین مادەم لە ھەرێمدا ئەم کارە ئەستەم بێت.

پێشم وایە ئەم حکومەتەی ئێستا بە ھیچ شێوەیەک ناتوانێت دژی گەندەڵی بوەستێتەوە و چاکسازی بکات, چونکە بەشێکی زۆریان خۆیان لە گەندەڵی گلاون و , حکومەت خۆی بەرپرسیارە لە بەھەردانی سامانی گشتی.  ئەو ئیلتیزامە گەورە ئابورییانەی ئەم حکومەتە لەسەر گەلی کوردستان دروستی کردوە, ھەرگیز پێی جێبەجێ ناکرێت.  ‌بۆیە باشترین کارێک کە ئەم حکومەتە بیکات داننانە بە شکست و, ھەڵگرتنی بەرپرسیاری و وازھێنانە.  کاتی چاوەڕێ کردن لە کۆتایی نزیک بوەتەوە و ئیتر کاتی ھەنگاوی کرداریی خێرایە, وەگەرنا ژیانی خەڵک و قەوارەی ھەرێم لە مەترسیدایە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.