کاپتن و فریادرەسی ئەم ھەرێمە

لەلایەن ستاندار Posted on 233 جار بینراوە

عەبدولحەکیم زراری
ھەڵبەت دیارە کاپتن بەو کەسە دەوترێت کە بەرزترین پلەی ھەیە لە سەر ئاستی دەستەی دەریاوانی، و سەرۆکی کەشتییەکەیە و سەرکردایەتی تەواوی تاکەکانی تاقمی دەریایی دەکات، ھەروەھا نوێنەرایەتی دەسەڵاتی گشتی دەکات لە میانەی گەشتە دەریاییەکانی ئەویش بەپێی دەقە یاساییەکان،و ھەر خۆشی کەشتی لێخوڕ دادەمەزرێنێ و ھەرخۆشی لایدەبات، بەجۆریک کەشتی لێخوڕەکە لە رێی گرێبەستی کاری دەریایی بەستراوەتەوە بە کاپتنەوە و حوکمەکانی یاسای گرێبەستی کاری دەریایی ئەمە رێکدەخات.
بێگومان کاپتنی سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە بتوانێت کەشتییەکەی بگەیەنێتە کەناری ئەمان و پارێزگاری لە خودی کەشتییەکە و تەواوی سەرنشینانی بکات، ئەویش دیارە لە رێی شارەزایی و پسپۆڕی و ئەو ئەزموونە زۆر و زەوەندەی مومارەسەی کردووە، کە بەھۆیەوە دەتوانێت ھەموو ناڕەحەتی و مەترسییەکان تێپەڕێنێت، چونکە ھەر لەسەرەتاوە پێشبینیان بۆ دەکا و زۆر سەرکەوتووانە بە زیتەڵی و زرنگی و ئاگایی خۆیەوە دەتوانێت بەرخوردیان لەگەڵ بکات، ئێمە دەزانین کە کەشتی ھەرکاتێک لە نێودەریای ژیان رێڕەوی کرد و کەوتە نێو جەنگی رێگاکان، چاری نییە و دەبێ و رووبەڕووی شەپۆلەکان و باو و بۆران ببێتەوە.
جا ئەگەر کاپتنەکە شایەنی ئەوە نەبوو کە کەشتییەکە لێبخوڕێت، ئەوا کەشتییەکە دووچاری لەرزین و بەرکەوتن و لێدانی کوشندە دەبێتەوە کە لەلایک زەرەر و زیانی پێدەگەیەنێت و لەلایەکی تریش رەنگە تووشی نقوم بوونی یەکجاری بێت، ئەمەش ھەمووی لەبەر ئەوەی کاپتنەکەی نەیتوانی ساتە دژوار و رەشەبا توندەکان تێ پەڕێنێت و خۆی دەرباز بکات بەڵکو دەکەوێتە نێو قووڵایی کارەساتەکان و لە ئاکامدا تێکدەشکێت و لە نێودەچێت، ئەویش بەھۆی کەمی و تازەیی و سادەیی لە پسپۆڕییەکەی و نەبوونی زانیاارییەکی پێویست دەربارەی بارودۆخی سروشت و کەش و ھەواوە کە پێیدا تێپەڕ دەبێت.
بەڵام ئەگەر کاپتنێکی شارەزا و بە ئەزموون بێت لە بواری کارگێڕی و چۆنییەتی تەوجیھدانی بۆ دەستەی دەریاوانەکەی لە کاتە پێویست و گونجاوەکاندا، ئەوا گومانی تێدا نییە کەشتییەکەی رزگار دەکا و دەیگەیەنێتە کەناری ئارامی، دیارە چەکی دەستی ئەم کاپتەنەش لەم حاڵەتە نالەبارەدا تەنھا بڵاوکردنەوەی چاکە و خۆشەویستی و پێشکەشکردنی یارمەتییە بۆ ئەوانی تر و ھاوکاری لەگەڵ کردنیانە تا ئەوپەڕی.
جا پوختەی مەبەست لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر ئەمە حاڵ و دۆخی نێو کەشتییەک بێت کە چەند سەد کەسێکی ھەڵگرتووە و بەو شێوەیەی باسمان کرد ئاوا سیستماتیک کراوە و یاسا و رێسای بۆ دانراوە و پێویستی بەو جۆرە لە کاپتنە بێت تا بە سەلامەتی و بێ زیان کەشتییەکەی بەتەواوی بەسەرنشینیانەوە بگەیەنێتە شوێنی مەبەست.
ئایا لە ھەرێمەکەی خۆمان کە نزیکەی پێنج ملیۆن مرۆڤی لەسەر نیشتەجێیە و کەوتووەتە نێو شەپۆڵ و باوبۆرانی قەیرانی دارایی و تەنگژەی سیاسی، ئا لەم چرکە ساتە مێژوویەدا دەبێ چ جۆرە تایپێک لەم کاپتنەی پێویست بێت کە سەرکردایەتی ئەم ھەرێمە بکا و شارەزایی و ئەزموونی تەواوی ھەبێت لە کەش و ھەوای سیاسی و سەربازی و ئابووری،و مومارەسەی ئەم بوارانەی بەسەرکەوتوویی لەم رووەوە کردبێت، تا ئەم ھەرێمە بە پێی یاسا و رێسا و سیستمێکی تازەوە لەو دۆخە سەختگیر و دژوار و ناڕەحتییەی کە لێوان لێوە لە قەیران و ئاریشە و سیخناخە لە گەندەڵی و نادادپەروەری کە تەنھا دردۆنگی و بێ ئومێدی و وردو خاش بوونی ئینتیمابوون بۆ خاک و نیشتیمانی لێوەبەرھەم دێت، دەرباز بکا و ببێتە فریادڕەسی ئەم میللەتە رەش و رووتە خێر لە خۆ نەدیوە و بە سەلامەتی و کەمترین زیان بیگەیەنێتە کەناری ئەمان و جارێکی تر مەلی تۆراوی خەندەی ئومێدی بۆ بنیشێنێتەوە سەر لێوەکانی و فرمێسکی قەتیس ماوی بۆ ئەبەد بسڕێتە و بە مافە رەواکانی شاد بکاتەوە و ژیان و خۆشگوزەرانی و شکۆی بەرزی مرۆڤ بوونی بۆ بگەڕێنێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.