بەخشینی خەڵاتی جیهانی بە “بەختیارعەلی” و ڕاگەیاندنی کوردی

لەلایەن ستاندار Posted on 344 جار بینراوە

ستارە عارف

بەخشینی خەڵاتی(نیللی زاکس)ی جیهانی بە بەختیاری عەلی، بۆ کورد شایانی ستایش و شانازیە، لەوڵاتێکی مەزنی ڕۆژئاوا و تژی لەشارستانی و ژیاری، هەڵبژاردنی کەستێتی بەختیار عەلی وەک کوردێک و لەپای شاکارە بە نرخ و کارە ناوازەکانی، دەبێت گەلی کورد ڕێزی لێ بگرێت و نرخی ئەم خەڵاتە تێبگات و بە چاو ڕۆشنی و شانازیەوە لێی بڕوانێت و ئەم کەستێتیە مەزنەی خۆی لەباوەش بگرێتەوە، کە ئاستی گەلێکی بە ناوی کوردەوەی بە توانستەکانی نیشاندا و سەروەریەکی بۆ تۆمارکرد.

هەڵبەتە لەناو وڵاتێکی داڕماو و دنیایەک نالەباری و قەیرانی جۆراوجۆری ڕامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پەروەردەیی، بە دەستی چەتە و مافیاکانی دەستەڵاتداری هەردو بنەماڵە و بازرگان، کە هەمیشە کاریان لەسەر کوشتنی جوانیەکانی ئەم کۆمەڵگەیە کردوە و نرخ و بەها و فەرهەنگ و ڕوانین و دنیا بینی تاکە لێهاتوەکانیان ناشتوە و کەسێتیە پڕ عەقڵ و توانست و وریا و دوربینەکانیان پەراوێز و دور خستۆتەوە و مێژوەکەیان ئاوەژوکردۆتەوە، شوێنیان بە عێل و خێڵی خۆیان و تاکی عەقڵ ڕاوەستاو و بێ فەرهەنگ و ناچیزە و کەم ئاستی دەرەوەی خەڵکە ڕەسەنەکە پڕکردۆتەوە، خەڵاتەکەی بەختیاری عەلی تروسکایەکی پێبەخشینەوە و جارێکیتر کوردبونی پێ شاد کردینەوە و ئومێد و هەستی شانازی بۆ تاکی ناو ئەم سیستەمە داڕماوە گەڕاندەوە، کە هەرگیز هەوڵی بازرگان و تاڵانچیەکانی نەوت و پارە ناتوانن ڕوناکی خەفە بکەن و نائومێدی تا سەر ببەخشتەوە، ئیتر تاکی ئەم وڵاتە ناتوانێت بڵێت ئێمە هیچ نین و نابین بە هیچ، چونکە هەمو سیاسی و بەرپرسەکانمان چەتە و مافیان و بیرناکەنەوە!!!…

جگە لەمانە ئەوەی مایەی هەڵوەستە لەسەر کردنە، هەڵوێستی ڕاگەیاندنەکانە دەرهەق بەو مەراسیمەی بۆ بەخشینی خەڵاتەکەی ئەم نوسەرە دیارە سازکراوە و لەئاستی جیهاندا گرنگی و بایەخی تایبەتی پێدراوە و بە هەوڵ و ڕەنج و توانستە پەنهانی و مەزنی شاکار و کەسێتی زانراوە و ڕێزی لێگیراوە، کەچی ئەم هەواڵە گرنگە یەکسەر نەبوە، ڕۆژەڤ و هەواڵ و سەردێڕی ڕاگەیاندنی کوردیش و کتوپڕ ڕوماڵ نەکرا.

ڕاگەیاندنی کوردی چونکە خەریکە ئاشی نەزانی دەستةڵات و دز و بازرگانەکان دەیهاڕێت و بون بە ژێر ئەو داڕمانە ناچیزە و نافەرهەنگیەی حزب و بەرپرسە نەگریسەکانەوە، کە قەڵبی و ساختەکاری ئەوانیان لا بوە بە ڕێکی و تاوان و خیانەت و بێ کلتوریەکانی ئەوان و دەستە و بەردەستەکانیان لا بوە، بە سیاسەت و حیکمەت و لێزانی و دبلۆماسیەت، بۆیە توانای لەیەکتر جیاکردنەوەی جوانی و چەوتی و نەگریسیان نیە و سەربەخۆیی و وردبینیان لەدەستداوە، یان خەریکە وەک بازرگانەکانی نەوت و دەستەڵات، بە جوانی و باشی و پاکی و ڕاستگۆیی و دەست و داوێن پاکی توشی ژانە سەر دەبن و لەگەڵ ئەم پڕەنسیب و پایە گرنگانە ڕانایەن، بۆیە هیچیان گرنگیان بەم هەواڵ و ڕۆژەڤە گرنگە نەدا، کە کۆڵەیەکی گرنگە لەڕۆشنایی بۆ کورد و دەتوانرێت زۆر باش بایەخی پێ بدرێت و ڕاگەیاندن کاری باشی لەسەر بکات.

کەچی هەر ئەو ڕاگەیاندن و کەناڵی ڕۆژنامەوانیانە، وێڕای ٢٦ساڵ خیانەتی نیشتمانی و چەتەیی و وڵاتفرۆشی و تەسلیمبون و لەدەستدانی لە٥١%ی خاکی کوردستان و کاری تیرۆریستی و عەقڵی خێڵەکی بەرپرسان و بازرگانەکانی هەردو حزبی مافیا، ئامادەن بچنە بەردەمیان بۆ وەرگرتنی لێدوانێک و موجامەلەیان بکەن و بیانکەن بە سەردێڕ و هەواڵی بە پەلەی کەناڵەکانیان و لەهەر کونێکەوە بە ناو سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و بەرپرسە دۆڕاوەکانی یەکێتی و پارتی دەربکەون، لەجیاتی بایکۆتکردن و بە نەفرەتکردنیان، ڕاگەیاندنکارە ناهوشیارەکان دوایان بکەون و بە هەزار پاڵەپەستۆ و موجامەلە و زەردەخەنە و پاڕانەوە، لەو بونەوەرە نەگریس و خیانەتکارانە وتە و لێدوانیان وەربگرن، پاشان بیانهێننە بەرنامە گرنگەکانیانەوە و بەرنامەی سەعاتیان بۆ ڕیکبخەن، کە مایەی شەرمەزاری و کەم ئاستی حزب و بەرپرسەکانی پشت کەناڵەکانە، بە جۆرێک گەل لەگەڵ خیانەت و تاڵانکاری ئەوان ڕادەهێنن و لەلایان ئاسایی دەکەن، کەچی وەرگرتنی خەڵاتێکی بەو جۆرە گرنگ نابێتە مژار و ڕۆژەڤی گرنگی کەناڵەکانیان!!…

واتە کۆمەڵێک بازرگان و پیسخۆری ئەم دو بنەماڵە نەگریس و دۆڕاوە، هەر فەرهەنگێکی پیسخۆر و کەم ئاست بەرهەمدەهێنن، کە هەرگیز چاویان جوانی نەبینێت و جوانیش لەکەسدا نەبینن، چونکە خۆیان جوان و شایستە و بە توانست و بە ئاست نین، هەر نایشیانەوێت میللەت لەگەڵ ئەو بنەمایانە ڕابهێنن، چونکە لەژینگەیەکی پاک و جوان و دڵگیردا، ئەوانی ڤایرۆس ناتوانن بژین و تەمەنیان درێژ نابێت، ئێستایش پێویستیەکی هەنوکەیە بۆ ڕاگەیاندن بە پیر ئەو دەستکەوتە مەزنەوە بچن و گرنگی باشی پێبدەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.