ئەو ستەمەی وەک تیغ دڵی دەستەڵات دەبڕێ!

لەلایەن ستاندار Posted on 242 جار بینراوە

ئامانج ھەرتەلی

بە تەواوی شارستانیەتی مێژووی مرۆڤایەتیدا بچینەوە، ھیچ دەستەڵات و فەرمان ڕەوایەک بە ئەندازەی ئەم دەستەڵاتەی ئێستای ھەرێم خراپ نەبوە، تەواوی فەرمانڕەوایان لە مێژووی مرۆڤایەتی جۆرێک لەیاسایان نوسیوەتەوە و کاریانپێکردوە و لەسەری ڕۆیشتون، بەڵام لەم ھەرێمە لەسەردەمی پڕ زانیاری و تەکنەلۆجیادا، ھیچ یاسایەک نیە، ھیچ دەستور و عورفێک کارناکات، بۆیە ناکرێت تەواوی خزمەت گوزاریەکانی ڕۆژگارت لەخزمەتدابێت، بەڵام نەتوانی یاسایە بۆخۆت دابنێیت و لەسەری بڕۆیت، کاریش بەیاسەی جەنگەڵ بکەیت،لەبەرامبەریشدا بتەوێ گەلەکەت والێبکەیت کە باوڕ بەوەبکات کە بگەڕێتەوە بۆ چاخەکانی پێش مێژوو لەم سەردەمەدا درێژە بەژیان بدات.

دەتانەوێت گەلی کورد تێکەڵی ژیانی گەلانی پێشکەوتونەبێت، تاکو جوانی ژیان نەبینێت و لە پێناوی پاراستنی سەروماڵی ئێوەدا، بەردەوام لەنێو تەبوو تۆز و دوکەڵی جەنگ و بۆنی بارووتدا بژی، ھەربۆیەشە ھەموو دەرگاکانی خۆشبەختیان لەم گەلە داخست، کاتێک ئێوە دەتانەوێ گەلی کورد بەم شێوەیە بژی، بۆ دەبێت خۆتان لەخۆشترین ژیاندا بژن؟ کاتێکیش ھەست بەجوانی پێشکەوتن و ژیانی تەکنەلۆجیا ناکەن بۆ ئەم گەلە، بۆ دەبێ ئێوە خاوەنی فڕۆکەی تایبەت و پاپۆڕ و باشترین ئۆتۆمۆبیلی درع و خۆشترین ڤێلابن لەسەرتاسەری جیھان؟ ئێوە دەتانەوێ ئەم گەلە ھەر لە سەردەمی کونەبۆری ئەشکەوتەکاندا بژی و ھەر خەون بەدوێنێەوە ببینێ!!

ئەگەر پێتان وایە بەم برسیەتە والەم گەلە دەکەن، خەونی گەورەی لەبار دەبەن، دوری دەخەنەوە لە ژیانی ئاسوودەی ئەمە ئەستەمە، ڕەنگە ئەم برسیەتە قورسبێت بەڵام ماوەکەی کورتە، چونکە ھەموو برسیەتێک قارەمانێک درووست دەکات بۆگەلەکەی و سەرەنجام دەیگەێنێت بە شۆڕش و سەرھەڵدانی شۆڕشێکی گەورە، کەئەنجامەکەی سووتانێکی پڕووکێنەی ستەمکاران دەبێت.

ئەگەر ئێوە خەون بە کۆیلەکردنی ئەم گەلەوە ببینن، گەل خەون بەشۆڕش وە دەبینێ، ئەگەر بتانەوێ لەبری ئازادی بەنانەسک کار بەم گەلەبکەن، گەل دەیەوێت لەدادگای خۆیدا دادگایتان بکات، ئەگەر خەونی ئێوە مانەوەیە لەسەر کورسی و درێژەدانە بە کاروانی دزی، لای خەڵک خەونێکی خۆشترە و بیریشی ڕونترە بەوەی ئەوکرسیەی ھەرقاچەی بەدەستی داگیرکەرێکەوەیە ھەپڕون بە پەھەپڕونیکات، ئەگەر ئێوە خەون بەیەک ڕەنگیەوە دەبینن، لە کانی ڕونی ھزری گەلدا ڕەنگ ھەڵەدەکات و ڕەنگ ھاژەی دێت. ئەوەی ئێوە خەونی پێوە دەبینن بۆ ئەم گەلە، گەل ئەم خەونانەی ئێپەڕاندوە، ئێستا گەل خەون نابینێ و لە زەمینی وەقیعیەتدا دەستی داوەتەکار.

ئێوە ۲٦ ساڵە دەی ڕەقێنەوە و دەی تەقێنەوەو و تاڵان و بڕۆی دەکەن ئەم ھەرێمە، وەک ئەوە دیبینن تاکە خاوەن خودی خۆتان و خەڵکی ئەم ھەرێمەش پەناھەندە، ۲٦ ساڵە ئاوی تێوەردەکەن، ۲٦ ساڵە ئەم ھەرێمە دەشۆنەوە لەمرۆڤ و لەسامانی ئەم وڵاتە، لە دوساتیشدا کەڵەمێردێک ھەیە لەداوا نەفەسی بێ ھیوایدا، لە تاریکستانی گەندەڵی و ستەم و بێدادیدا دڕ بەم شەوە زەنگەبدات. پەردە لەسەر ھەموو فەسادیەک ھەڵماڵێ، ئومێد و ھیوای ئەم گەلە زیندوو بکاتەوە، وەک چۆن شەھید علی نبی یەکەم گوللەی نا بەسنگی ستەمکارانەوە، ھەرلەوێدا جاڕی ئازادیدا.

باشترین کارێک کەپێویستە بیکەن، پێش ئەوەی خۆتان و ماڵ و منداڵتان تێدا بچێت و مێژوو لە لاپەڕە ڕەشەکانیدا تۆماری بکات، لەدادگای گەلدا دادگای بکرێن، ببنە پەندی زۆربەی گەلان و ڕۆژگاری ئایندە، پێش ئەوەی ھەمووشتێکتان لەدەست بدەن، موڵک و ماڵی چەندین ساڵەی ئەم میللەتە، ڕادەستی گەلانی تر بکەن، پارەی ئەم گەلەو قەرزەکانی بدەنەوە. تازووە واز لە دەستەڵات بێنن و خۆتان ڕادەستی دادگای گەل بکەن تا دادگایێکی عادیلانەتان بکات، بەڵام ئەگەر خۆشتان نەیکەن، بەزۆر لەدادگای گەل دادگای دەکرێن سزای پڕبەپێستی خۆتان وەردەگرن.

لەھەمووشتێ خەڵک بێدەنگیتان لێبکات، لەسەر برسیەتی بێدەنگیتان لێناکات، برسیەتی و چەوسانەو باجی زۆر، داینەمۆی ھەموو شۆڕشێکن، ئێوە لە پێناوی بەرژەوەندیەکانتان، چی پیرۆزی ھەیە کردتانە قوربانی خۆتان، ئێوە ئەوەی دەیکەن نەبونی پارەنیە، بەڵکو سزادانی گەلی کوردە لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندیەکانتان، ئێوە ئەگەر لەتیڤیەکانیشەوە تۆزێک خەڵک چاوپۆشیتان لێبکات، ئەگەر ڕۆژێک لەنزیکەوە گوێتان لەم خەڵکە دەبوو ئەوکات بێزتان لەخۆتان دەکردەوە، کەچ مرۆڤێکی ناپەسندن. کردارەکانتان چەندە ناشیرینە!

برسی کردنی میللەت لەوەزیاتر، چیتر کۆمەڵگا تەحەمولی ناکات، چیتریش ئەوە ھەڵناگرێ، ئێوە بەوتیغەی لەملی گەلتان نابوو، داتان لە دڵی لەرزۆکی خۆتان، توشی نەزیفی گەورە بونە، ئێوەش باش ئەوڕاستیە دەزانن، کاتێک ئێوە بەھێزی پێشمەرگە شەڕی پاراستنی بەرژەوەندیەکانتان دەکرد و ئازادی خۆتان پێ دەپاراست، کاتێک ئێستا کارتان پێیان نەما مووچەی ئەوانیشتان بڕی، بۆیە ئەوتیغەی داتان لەدڵی خۆتان، توشی نەزیفی گەورەبوون، وەک کورد دەڵێت لێتان دەبێتەوە بە ماخۆ کوتک. ماخۆکوتک بەو کوتکە دەوترێت کە کەسێک بۆلێدانی کەسێکیتر دایدەنێت و دواجاریش لەبری پێی لێبدات، ھەربەودارە خۆی کوتەک وەشێن دەکررێت، کاتی ھاتوە کوتەک سەری ماخۆی بگرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.