خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه له ژێر حوكمێكی نامه‌ده‌نیانه
د.كامه‌ران مه‌نتك
خۆپیشاندان ده‌ربڕینێكه له رای گشتی خه‌ڵك ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌یه‌كی دیاریكراو، جا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه مافێك بێت خورا بێت، یاخود مافێك بێت هه‌وڵی به‌ده‌ست هێنانی بدرێت، مامه‌ڵه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كان به پله‌ی یه‌كه‌م ئاڕاسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان دیاری ده‌كات، له دوای ئه‌وه راده‌ی تووڕه‌یی خه‌ڵك دێت، كه هه‌میشه وه‌ك په‌رچه‌كردارێكه بۆ هه‌ڵس و كه‌وت و ره‌فتاره‌كانی ده‌سه‌ڵات، هاوكات جۆری خۆپیشاندانه‌كان، تا راده‌یه‌كی زۆر ده‌كه‌وێته جۆری ئه‌و رایه گشتیه‌ی دروست بووه، به هه‌مان شێوه به‌رامبه‌ر ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی ده‌سه‌لات له‌گه‌ڵ رای گشتی ده‌كات، بۆ نمونه له سیسته‌مه تۆتالیتاری و دیكتاتۆریه‌كان هه‌میشه رای گشتی سهركوتكراوهو شاراوه‌ته‌وه، بۆیه له‌و كۆمه‌ڵگا سهركوتكراوانهدا جۆره رایه‌كی گشتی نهێنی و سه‌ركوتكراو هه‌یه، هه‌میشه په‌نگ ده‌خواته‌وه‌و له ده‌رفه‌تێكدا ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی بته‌قێته‌وه، ئه‌و جۆره ده‌ربڕینه هه‌میشه توندوتیژی لیده‌كه‌وێته‌وه، ناتوانێت به شێوههیهكی ناتوندوتیژی داوای داواكانی خۆی بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له لایه‌ك ئه‌و بواره‌ی پێ نه‌دراوه‌و سه‌ركوتكراوه، له لایه‌كی تر به شێوه‌یه‌كی ترسناك كه‌ڵه‌كه بووه، بۆیه به سروشتی خۆی شه‌پۆڵی مه‌ترسیدارو لافاوی لێده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سه‌ركوتكردنی رای گشتی ترسناكتره، پشت گوێخستن و به‌كه‌م ته‌ماشاكردنی رای گشتیه، واته له‌و كاتانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هیچ حسابێك بۆ رای گشتی كۆمه‌ڵگاكه‌ی ناكات، له‌و حاڵه‌ته‌دا خه‌ڵك به ته‌نیا مافه‌كانی زه‌وت و سه‌ركوت ناكرێت، بگره سووكایه‌تیشی پێده‌كرێت، ئه‌و سوكایه‌تی پێكردنه رقه‌كان ئه‌ستوورترو توندوتیژیه‌كان خوێناوی تر ده‌كات، ئه‌مه‌ش به شێوه‌كی گشتی له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌دا رووده‌دا، كه خۆیان له پاڵپشتی هێزه ده‌ره‌كیه‌كانه‌وه ده‌بیننه‌و لهگهلهكانی خۆیان دابڕاون، واته مانه‌وه‌ی خۆیان له ده‌نگی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆیان نابیننه‌وه، به‌ڵكو له‌و هێزه ده‌ره‌كیانه ده‌بیننه‌وه، كه بوونه‌ته دارده‌ستیان و سیاسه‌ته‌كانی ئه‌وان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، له دۆخێكی وادا ساویلكه‌ییه باس له خه‌باتێكی مه‌ده‌نی و خۆپیشاندانێكی مه‌ده‌نیانه، له ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی نامه‌ده‌نیدا بكرێته‌وه، ئه‌وه‌ی له‌باشووری كوردستان ده‌گوزه‌رێت رێك ئهوشرۆڤهكردنهی له‌سه‌ر پراكتیزه ده‌بێت، ده‌سه‌لاتی كوردی نه‌ك مافی خه‌ڵك ده‌خوات و حیسابی بۆ ناكات، به‌ڵكو به پشت گوێخستن و بایه‌خ پێنه‌دانی سووكایه‌تیشی پێده‌كات، بۆیه ناكرێت چاوه‌ڕوانی هیچ خۆپیشاندانێكی مه‌ده‌نیانه له‌باشووری كوردستان بكرێت، ته‌نیا ئه‌و خۆپیشاندانه رووكه‌شانه نه‌بێت، كه ده‌سه‌ڵات خۆی وه‌ك گه‌مه‌یه‌كی سیاسی ئه‌نجامیان ده‌دات و سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات. له كۆتاییدا، پێم وانیه ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ی ئێستا له رێگای خۆپیشاندانه‌وه گۆڕانكاری تیا بكرێت، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا شه‌رعیه‌تی له‌ده‌ستداوه‌و وه‌كو رژێمه‌كه‌ی به‌عس له خه‌ڵك دابڕاوه، بینیمان چۆن هه‌ركاتێك زلهێزه‌كان ده‌ست به‌رداری بوون، چیان به‌سه‌رهات، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی باشووریش هه‌مان ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ی تیایه، كه له‌و رژیمه‌دا هه‌بوو، بۆیه هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك بێته ئاراوه، چاره‌نووسی ئه‌وانه زۆر له چاره‌نووسی به‌عس خراپتر ده‌بێت، چونكه به‌عس وه‌كو دو‌ژمنێك سه‌یر ده‌كرا، كه‌چی ئه‌وانه به ناوی كوردایه‌تی و نیشتمان په‌روه‌ریه‌وه ئه‌وكاره به‌رامبه‌ر خه‌ڵك ده‌كه‌ن، بۆیه رق و توندوتیژی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته زۆر له به‌عس توندتر ده‌بێت.