سۆسیال دیموکرات بەتامی بیکەیسی

لەلایەن ستاندار Posted on 214 جار بینراوە

سەباح محەمەد

ئەو حزبەی کەناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، ھێزێکی دیماگۆجی دەبڵ مۆڕاڵە، ھێزێکە کە بەردەوام چەند ماسکێکی جیاوازی پۆشیوە، ماسکێکی نەتەوەیی، ماسکێکی دیموکراسی، ماسکێکی شۆڕشگێڕی، ماسکێکی خەمی خەڵک و بەرەی خەڵک، ماسکێکی سۆسیاڵ دیموکرات. بەڵام ڕووی ڕاستەقینەی ئەم ھێزە تەواو جیاوازە لە دروشم و ماسکەکانی.

لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەگەر بە مێژووی ئەم حزبەدا بچینەوە، دەردەکەوێت کە یەک ھەنگاوی نەناوە خزمەت بە خەڵک بکات، ڕۆژێک شەڕی ناوخۆی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، کە ئەم حزبەش لە یەکێتی ناپاکترە، دوای بەکوشتدانی دەیان ھەزار کەس و ئاوارەکردنی خەڵک و وێرانکردنی شار و گوند، سەرئەنجام خەڵکیان تاوانبارکرد و گوتیان ئەی میللەت خەتای ئێوەیە کە ئێمە شەڕی ناوخۆمان کرد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تاڵەبانی گوتی من و کاک مسعود بێ تاوانترین کەسین، واتە ئێوە ھۆکاری شەڕی ناوخۆن نەک ئەوان. ساڵی ١٩٩٩ پەلاماری پارتی کرێکارانی کوردستانی دا، ژمارەیەکی زۆری کوڕی ئەم وڵاتەی بەکوشت دا، ناوچەی پشدەری وێران کرد، سەرەڕای ئەم ھەموو نەھامەتیانە، کە بەتایبەت بەسەر سنوری پارێزگای سلێمانی و دانیشتوانەکەی ھێنا، ساڵی ٢٠٠٧ ڕێککەوتنی ستراتیجی لەگەڵ پارتی گرێدا، جەوھەری ڕێککەوتننامەکەش بریتیی بوو لە دابەشکردنی پۆست و داھاتی ھەرێم لەنێوان ئەم دوو حزبەدا.

دوای فەشەلی حوکمڕانی ٢٦ ساڵی ڕابردووی یەکێتی و پارتی، کە نەیان توانیوە سیستمێکی مۆدێرن، سوپایەکی نیشتیمانی، دادگای سەربەخۆ، ژێرخانێکی ئابوری بەھێز، پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان لە ئاو و کارەبا و موچە بۆ خەڵک دابین بکات، ھەر کاتێک خەڵک داوای مافەکانی دەکات بەچەک ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

ئەو ھێزەی کە ناوی یەکێتی نیشتیمانیە، ھێزێکی ناپاکی مێژووی باشوری کوردستانە، ئەو ھێزەیە کە لەماوەی دوو کاتژمێردا لەسەدا پەنجای خاکی کوردستانی تەسلیمی حەشدی شەعبی کرد، بەبێ ئەوەی تەقە بکات، جگە لەچەند پێشمەرگەیەک کە ئاگادارنەکرابوونەوە لە ناپاکیەکەی، بەڵام یەکێتی لە شاشەی تیڤیەکانەوە شانازی بەم ناپاکیەیەوە دەکات، و بە کوردایەتی بە خەڵکی دەفرۆشێتەوە. ئەو ھێزەی کە نەیتوانی لەبەرامبەر داگیرکەرانی خاکدا بوەستێت، بەڵام ئامادەیە بە بیکەیسی و کۆپتەری جەنگی پەلاماری کۆمەڵێک گەنجی خێرلەخۆنەدیوی گیرفان بەتاڵی بێ کار بدات، تەنھا لەبەرئەوەی داوای مافەکانیان دەکەن.

لە دونیادا حزبێک وجودی نیە بەناو سۆسیال دیموکرات بێت، بەڵام چەکی بەدەست بێت، خیانەت لە میللەتەکەی خۆی بکات و بێشەرمانە باس لە بەھای مرۆڤ و دەنگی خەڵک دیموکراسی بکات. ھێزێک کە بیکەیسی بەدەستبێت ھێزی گەل نیە، بەڵکو گروپێکی بەڵتەچی و مافیا و کلیپتۆکراسییە، کۆتای ھاتنی حوکمی کلیپتۆکراسیش بە خۆپیشاندان ناکرێت، بەڵکو پێویستی بەمامەڵەکردنی وەک خۆیان ھەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.