ئایا كۆمەڵی ئیسلامی لە بەرەی خەڵك ماوە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 165 جار بینراوە

ئایا كۆمەڵی ئیسلامی لە بەرەی خەڵك ماوە؟

فازڵ قەردەاغی

سەرەتا وەك ئەندامێكی كۆمەڵ كە بیستم یەك دوو بارەگای كۆمەڵ سووتێنران پێم ناخۆش نەبوو چونكە هەستم كرد ئەمە بەشێكی دەسەڵاتە كە بەر ڕقی خەڵك كەوتووە.

دووەم كاتێك ئەمشەو ئەمیری كۆمەڵ كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەی بەست چاوەڕێم كرد كشانەوە لە حكومەت ڕابگەیەنێت بەڵام چەند خاڵێكی دووبارەی كورتی وت كە پێویستی نەدەكرد ئەم هەموو كەناڵانەی بۆ كۆبكرێنەوە. ئەوەش لەولاوە بوەستێت كە كۆنگرەكە پرسیارو وەڵامی تیا نەبوو. بەكورتی كۆنگرەیەكی لاوازو ناپێویست بوو كە بەس بوو وتەبێژی كۆمەڵ یان كارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسی لە فەیسبووك بینووسیایە. ئیتر ئایا ئەمە هەڵەی خودی ئەمیر بوو یان كەسانێك لە سەركردایەتی بەم هەڵەیە بردیان؟

سەبارەت بە مانەوە لە حكومەت; مانەوەو كشانەوە وەكو یەك بوون لەلام چونكە هەر یەك لایەنی سلبی و ئیجابیی هەیە. لایەنی سلبی بریتییە لە شەراكەت لەگەڵ حكومەتێكی ڕیسوا ئەگەرچی شەراكەتێكی بچووك بێت. لایەنێكی ئیجابی ئەوەیە بەشداریكردن لە فەرمانڕەوایی دەرفەتە بۆ سەلماندنی ئەوەی ئیسلامییەكان دەتوانن ئەدای باشیان هەبێت و شایستەی حوكمن.

تا ئێستا كۆمەڵ ئەدای باشی خۆی سەلماندووە (جگە لە وەزیری ژینگە) بەڵام لەم ساتەوە بەدوا ئەو ئەدایە یەكسان دەبێت بە سفر. لە ماوەی یەك دوو مانگی ڕابوردووش كۆمەڵ بەشێكی سومعەی خۆی وەك خاوەن هەڵوێست لەدەستدا .

بەكورتی پێویستە كۆمەڵ ئەمڕۆ پێش سبەینێ بكشێتەوە، ئەمەش داواكاریی هەموو ئەندامان بێت ئەگینا كۆمەڵ چیی بنیات نابوو بە دەستی خۆی دەیڕمێنێت. مەسەلەش زیادكردنی كورسیی پەرلەمان نییە (كە زیادبوونێكی ئەوتۆ نابێت) بەڵكو زیانی مانەوە لە حكومەت بۆ كاریگەریی كۆمەڵ لەسەر خەڵك لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاینی، بگرە تەنانەت وتارەكانی ئەمیرەكەشی كاریگەرییان نامێنێت. بردنەوەی كۆمەڵگەش لە بردنەوەی كورسی گرنگترە. كۆمەڵگە بەرنەوە كورسی خۆی دێت. بەڵام لە ئێستاوە بەدواوە كێرڤی سومعەی كۆمەڵ بەتیژی دادەبەزێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.