کێن ئەوانەی لەرێبازی مام جەلالیان لاداوە ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 203 جار بینراوە

کادیرێکی پێشکەوتوی یەکێتی

کێشەکانی ناو یەکێتی لەئەزەلەوە لەسەر ئاستی سەرکردایەتیەکەیدا بوە، نەوەک لەبنکەکانی خوارەوەی.. باڵباڵێن و دەستەگەری ھەمیشە لەسەرەوە دەستی پێکردوە و لەوێوە شۆڕبۆتەوە خوارەوە. ھەمیشە بنکە جەماوەرییەکەی یەکێتی لە سەرکردایەتیەکەی دڵسۆزتر بونە بۆ رێبازەکەی مام جەلال.ئەمە ھەقیقەتەو بەبەڵگەوە سەلمێنراوە .

ھەر لەسەرەتای دامەزراندنی یەکێتیەوە بەدەر لەخواستی مام جەلال باڵباڵێن لەناو یەکێتیدا دروستبوە ( کۆمەڵەو شۆڕشگێڕان و بزوتنەوە ) ، بەڵام بە وجودی مام ھیچکات نەیھێشتوە ململانێی ئەم باڵانە بگاتە حەدی لێکترازان ، بەردەوام مام جەختی لەسەر یەکێتی ناو یەکێتی کردۆتەوەو، بەحیکمەتی خۆی نەیھێشتوە یەکێتی بەھۆی ململانێ ناوخۆییەکانەوە لاواز بێت، لەگەڵ ونبونی سێبەرەکەشی ململانێکان سەریان ھەڵدایەوەو، یەکێتی رۆژلەدوای رۆژ بەرەو لاوازبون رۆشت تا گەیشتە ئەو سنوورەی ئەمڕۆ ئەبینین کەس بەکەس نیەو، نەبونی مەرکەزییەتی بڕیار لەناو یەکێتیدا گەیشتۆتە ئاستێکەوە ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیش نەتوانن کۆبونەوەیەکی ئاسایی خۆیان ببەستن، چ جای رێکەوتن لەسەر بەستنی کۆنگرەیەکی پاکو بێگەرد بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی.

مام جەلال بەجەستە لەبەرچاومان ونبو، بەڵام وەکو رێبازێکی کوردایەتی و نەتەوەیی ونیشتمانی قەت لەبەر چاومان ون نابێت ، چونکە مام مەدرەسەیەک بو بۆ یەکێتیەکان کە فێری ھەمو شتێکی کردین ، وەک ھەر مەدەرەسەیەکی پەروەردەیی رابەرایەتی کردین، فێری ئەخلاق ‌و ئاکاری سیاسی کردین، فێری چەمکەکانی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی کردین ، چەندین نەوەی پێگەیاند ، فەزڵی مام لەسەر مییللەتو بەتایبەتیش لەسەر یەکێتیەکان بێ ئەندازەیە ، فەزڵی باوکێکە بەسەر مناڵەکانیەوە ، بچوکترین وەفاش بۆ باوک ، پابەندبونە بە رێبازەکەی ، بەڵام کێن ئەوانەی پارێزگاری لەو رێبازە ئەکەن و ، کێن ئەوانەی لەرێبازەکە لایانداوە ؟؟.

بۆ کورتکردنەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە ئەڵێم، پارێزەرانی رێبازەکەی مام، یەکێتییە رەشو رووتەکانن، عارەبانچی بەردەرکی شێخەڵڵاو دەستگێڕەکانی بەردەرکی مزگەوتی گەورەی سلێمانین.. دانیشتوانی خانوە قوڕەکانن نەوەک خاوەن فێللا ومەزرەعەکان..کادیرو ئەندامە بەئەمەکەکانن، نەوەک سەرکردە خاوەن کۆمپانیاو بەنزینخانەو پرۆژە سیتیەکان..سەرکردە نەسریە لێبڕاوەکانن ، نەوەک ئەوانەی حیساباتی بانکیان لەوڵاتانی دەرەوەدا پڕ بوەو لێشی ئەرژێ !.

ئەوانەی مام جەلالیان خۆشویست تەنھا یەکێتییە رەشو روتو مەحروومەکانن کە بەدڵو بەگیانەوە لەسەر رێبازەکەی بونو بەردەوامیشن، بەداخەوە ئەوانەی مامیش فەزڵی بەسەریانەوە ھەبوە لەرێبازەکەیان لاداوەو کەوتونەتە گیانی ئەو حیزبەی مام کە سەردەمانێک ھیوابەخشی میللەت بو.

کەسی وا لەباڵاترین دەسەڵاتی حزبدا ھەن ، کە مام جەلال ھێناویەتە پێشەوە ئەمڕۆ پشتیان لەرێبازەکەی کردوە.. ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەیە فەرمانی سێدارەی بۆ دەرکراوە ، مام جەلال لێی خۆشبوە.. سەرکردەی وا ھەیە لەکۆنگرە دەنگی بۆ ئەندامێتی سەرکردایەتیش نەھێناوە ، مام کردویەتی بە مەکتەبی سیاسی.. کەسی وا ھەیە لەخواری خوارەوەی پلەی حزبیدا بوە ، مام جەلال کردویەتی بە یاریدەدەری خۆی.. کەسی وا فایلدارو جاسوسی بەعس بوە، مام جەلال لێی خۆشبوەو لەمەکتەب سیاسی قبوڵی کردوە.. سەرکردەی گەندەڵ ھەبوە نیوەی شارێکی داگییر کردوە لەمەکتەبی سیاسیدا ھێشتویەتیەوە.. کەسی وایان تێدایە بەدرێژایی تەمەنی لەخۆشگوزەرانی ئەوروپاو ئەمریکادا ژیانی بەسە بردوە، مام ھێناویەتیە کوردستانو پۆستی باڵای پێداوە، کەسی وا ھەیە رۆژی لەرۆژان خەونی بەپۆستی مودیری دائیرەیەک نەبینیوە، مام جەلال کردویەتی بەوەزیر.. کەسی وا ھەیە کەسایەتی بچوک بوە ، مام جەلال کردویەتی بە فەرماندەی ھێز. ھەمو ئەمانەن ئەمڕۆ لەرێبازەکەی مام جەلالیان لاداوەو ، دژی ئەو یەکێتیە وەستاونەتەوە و بێئیرادەیان کردوە کە بەفەزڵی ئەو حزبەو سکرتێرە گشتییەکەی گەیشتونەتە ئەو نازو نیعمەتەوە.. بنکە جەماوەرییە دڵسۆزو خۆنەویستەکەش ئەمڕۆ و تا رۆژی قییامەتیش ھەر لەسەر رێبازەکەی مام جلال بەردەوامن ھەر ئەوان مایەی شانازی یەکێتیەکانە.

ئەمڕۆ پێویستە ئەم ھاوکێشەیە بگۆڕدرێ، چونکە بەراستی یەکێتی و رێبازەکەی مام جەلالیش ھەڕەشەی جیددی لەسەرە، پێویستە ئەمجارە دڵسۆزەکانی رێبازەکەی مام جەلال دەستپێشخەر بن بۆ پاکسازی کە ئەمەش دروشمێکی لەمێژینەی خودی مام جەلال بوەو لەنەوەدەکانەوە بانگەشەی بۆ کردوە .

ئەگەر جاران پاکسازی بەبڕیاری سەرەوە بو بێ، ئەمڕۆ پێویستە لەبنکەی خوارەوە بریاری لەسەر بدرێ ، بەفشار خستنە سەر سەرکردایەتی یەکێتی بۆ بەستنی کۆنگرەو لەناو کۆنگرەشدا ھەڵمەتێکی پاکسازی دەستپێبکەن بۆ ئەوەی یەکێتیەکەی مام جەلال بگەڕێننەوە سەر رێبازە راستەقیینەکەی و یەکێتی ببێتەوە یەکێتیەکەی ئەو سەردەمانەی لەقەندیلدا بە چواردە پێشمەرگەوە مام جەلال و کاکە نەوەی نەمر بەردەوامیان بەشۆڕشی نەتەوەیی کوردی داو، یەکێتی بو بە رەمزێکی گەورەو دیاری سەر ساحەی خەباتی نەتەوەیی ، ئەمجارە پێویستیمان بەوەیە یەکێتی پاک بکرێتەوە لەو کەسانەی بونەتە کۆیلەی حزبە نەیارەکانی یەکێتی ، بەتایبەتیش ئەوانەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان یەکێتی ئەفرۆشنەوە بە دوژمنانی میللەتەکەمان..‎

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.