بەپەلە: گۆڕان وكۆمەڵ بەفەرمی داوای “کۆکردنەوەی هێزو لایەنە سیاسییەکان لەهاوپەیمانی و بەرەیەک”دا دەكەن

لەلایەن ستاندار Posted on 294 جار بینراوە

ستاندەر

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكیان له‌باره‌ی كشانه‌وه‌یان له‌حكومه‌تی هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌‌و ڕایانگه‌یاند، “بەپێویستی دەزانین ئەم حکومەت هەڵبوەشێتەوە“.
پاش بڕیاری كشانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كابینه‌ی هه‌شت-ی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، “پشتیوانى لە هەموو داوا و داخوازییە رەواکانی خۆپیشاندەران دەکەین، لەچوار چێوەی خەباتی مەدەنی بێ توندوتیژی“.
هاوكات ئه‌و دوو هێزه‌ سیاسییه‌ی هه‌رێم بەئاشكرا باسی ” سه‌رەتاى قۆناغێكى نوێى سیاسى” دەكەن كەخۆی دەبینێتەوە لە: “کۆکردنەوەی هێزو لایەنە سیاسییەکان لەهاوپەیمانی و بەرەیەک“.

دەقی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵ:
ئێمە کۆمەڵى ئیسلامیى و بزوتنەوەى گۆڕان پاش چەندین ساڵ لەخەبات لەپێناو بەرپاکردنى حوکمێکى رەشید، نەهێشتنى گەندەڵى و چەسپاندنى شەفافیەت و گۆڕینى سیسته‌مى حوکمڕانى و نوسینەوەى دەستور ، ڕێکخستن‌و بەسیستەمکردنی دامەزراوەکانی  حوکمڕانى  بەگشتی، هێزەکانی پیشمەرگەو ئاسایش بەتایبەتی و دروستکردنى کۆدەنگى نیشتمانى، خزمەتکردنى هاوڵاتیان، بێلایەنکردنى دەسەڵاتى دادوەرى بۆپاراستنی ماف‌و ئازادییەکانی هاولاتیانی کوردستان .

بەشداریكردنی گۆران و كۆمەڵ لەحكومەتى بنكە فراوانى كابینەى هەشت، پێویستیەكى قۆناغەكە بوو،  بۆ ئەوەى وێنەى سیستەمى حوكومرانى لەهەرێمى كوردستان و پرۆسەى سیاسى راستبكرێتەوەو رۆڵێكى كاریگەرمان لەپرسى چاكسازى و ریشەكێشكردنى گه‌ندەڵى لەهەرێمى كوردستان هه‌بێت.

لێرەدا پێویستە ئەو ڕاستیە بیربخەینەوە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بەشێوازێکی بەرفراوان درێژەیاندا بەگەندەڵی  سیاسی، یاسایی‌و ئابوری‌و دارایی، هەروەها بەدەر لەیاساکان ماوەى دووساڵى تریان بۆ سەرۆكى هەرێم درێژكردوە، دواتر پەرلەمانى كوردستانیان پەكخست و كابینەى هەشتى حكومەتى هەرێمیان ئیفلیج كرد، وەک هەمیشە شەراکەتی راستەقینەیان قبول نەکرد، ئامادەش نەبون چاکسازی راستەقینە ئەنجام بدریت.

دەسەڵاتداران بەهۆی عه‌قلییەت‌و شکستی فۆڕمی حكومڕانیان هەرێمیان توشی قەیرانیکی گەورەی ئابوری‌و دارای کرد، دواجار بەهۆی سیاسەتی نا واقیعی و عینادیی، هەڵەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم کوردستانیان توشی شکست‌و هەرەسێکی مێژووی، سیاسی ‌و سەربازی‌و مەعنەوی‌و جەماوەری‌و ئابووری‌و دارایی کرد.

لەدواى ڕووداوەکانى پاش ریفراندۆم، ویستمان دەرفەتێک بدەین تاکو دەسەڵات بەدەم ئەرکی قۆناغه‌کەوە بێت و حکومەتێکى کاتى دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی ئیدارەى گفتوگۆیەکى سەرکەوتوو لەگەڵ بەغداد بدات، کار بۆ چاککردنى مووچە و بژێوى خەڵکى بکات و ئامادەکاریى بۆ هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد بکات، دوای پاککردنەوەى لیستى دەنگدەران لەسەدان هەزار دەنگى ساختە، بەڵام پاش چەند مانگێک لەچاوەڕوانى دەئەرنجام بێئومێد بوین له‌مانه‌وه لەم حکومەتەدا و ئەم بڕیارەشمان پێشتر لەلایەن هەردولاوە وەرگیراوە، لەبەر ئەو هۆکارانەى سەرەوە  بەپێویستمانزانی دوای بخەین، بۆیە ڕایدەگەیەنین:

1. کشانەوەى بزوتنەوەی گۆران و کۆمەڵی ئیسلامی  لەکابینەى هه‌شته‌مى حکومەتى هەرێمى کوردستان .
2. له‌ئێستاشدا بەپێویستیدەزانین ئەم حکومەت هەڵبوەشێتەوە، حکومەتێکى کاتى پێکبهێنرێت.
3. پشتیوانى له‌هەموو داوا و داخوازییە ڕەواکانی  خۆپیشاندەران دەکەین لەچوار چَیوەی خەباتی  مەدەنی بێ توندوتیژی.
4. هێزەکانى پێشمەرگەو ئاسایشی ناوخۆ بەرپرسیارن له‌پاراستنى گیانى خۆپیشاندەران ، هیچ پاساوێک نییە بۆ گرتن و ئازاردان‌و کوشتنی خۆپیشاندەران، هەر لێرەوە داوا دەکەین هەموو ئەوانەی لەسەر خۆپیشاندان دەستگیرکراون ئازاد بکرێن، هاوكات دیارده‌ى سوتاندنى بنكه و بارەگاى حکومی‌و حزبى ئیدانه ده‌كه‌ین، به‌كارێكى ناشارستانى ده‌زانین.
5. هەر هەڵبژاردنێک له‌کوردستان بێ پاککردنەوەى لیستى دەنگدەران هیچ ماهیەت و نرخێکى نیە، پێشتر ئەنجامەکەى مسۆگەرکراوە!

بۆ بەدیهێنانى ئامانجى گەلەکەمان،  تێپەراندنی ئەم قۆناغە له‌خەباتى مه‌ده‌نى بەردەوامدەبین  بۆ بەدیهێنانى ژیانێکى بەختەوەر، ئازادو دادى کۆمەڵایەتى و پاراستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان، چارەسەرى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد بەپێى دەستور، لەسەرو هەمویانەوە ماددەى 140 و هەموو فشارێک دەخەینە گەڕ بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد، حکومەت ناچارە ملبدات بۆ داخوازیە ڕەواکانى خەڵکى کوردستان، ئه‌مه‌ش ده‌كه‌ینه سه‌ره‌تاى قۆناغێكى نوێى سیاسى، کۆکردنەوەی هێزو لایەنە سیاسییەکان لەهاوپەیمانی و بەرەیەکدا بەئەرکێکی هەنوکەیی ئەمرۆ دەزانین“.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.