متبوونی هەولێر: جەبانیی سیاسییەکانی سلێمانیی

لەلایەن ستاندار Posted on 1232 جار بینراوە 0 سەرنج
FB_IMG_1513782545848

متبوونی هەولێر: جەبانیی سیاسییەکانی سلێمانیی

کامیار سابیر

خوێنەری بەڕێز، بۆ تێگەیشتن لە مەغزای سیاسیی ئەم وتارە، پێویستە هەمووی بخوێنیتەوە.

ئەم شەپۆلی نارەزایەتییانەی خەڵکی کوردستانی عێراق بە گشتیی و زۆنی سەوز و نیلیی بەتایبەتیی، پاڵنەرە سەرەکییەکەی وێڕای ئەوەی عەفەوییە، جگە لە ئازایەتیی خەڵک، جەسارەتی گەنجان و جەماوەری تاسەر ئێسقان دژ بەم چەتەگەرییە ئابوورییە و ئەم دەسەڵاتە ساقیط ، فاشیل و گەندەڵە، شەهامەت و جورئەتی هیچ حیزبێکی سیاسیی تێدانییە. هەمووان، بە گاڵە هاتوونە کە هەولێر خەوتووە، هەڵناسێت و راناپەڕێت؟ هەموو گلەیی لە هەولێر دەکەن، دەبۆڵێنن و دەڵێن تا هەولێر، نەنەڕێنێ ئەم دەسەڵاتە چەتەگەرییەی ماڵی بارزانیی و تاڵەبانیی، نەک ناڕووخێت، بەڵکو تا دێت ملئەستوور دەبێت.

ئەگەر هەولێریی بوومایە، یەکەمیین شت کە دەمکرد، ئیدانەی ئەم بێ هەڵوێستییەی ئەم شارە گەورەیەم دەکرد کە بە حیساب پایتەختە و دەبووایە لە هەموو شارەکانی تر، ئاستی ثەقافیی، فیکریی، مەعریفیی و کولتووریی، هەروەها عەقڵییەتی سیاسیی گەورەتر، فراوانتر و جەریئانەتر بێت. خۆم یەکێک بووم لەو کەسانەی بیانووی ئەوەم دەهێنایەوە کە کولتووری تورکمانیی و باکگراوندی بیزنسی تورکمانەکان، بەسەر ئەم شارەوەیە، بۆیە لە ماوەی چەندیین صەدەی رابردوودا هەمیشە دوای زۆربەی ناوچەکانی تری کوردستان، هەڵوێستی وەرگرتووە. خەیاڵ شتێکە و واقیع شتێکی ترە. دەسەڵاتی کوردییش، بە تایبەتیی پارتیی، هەوڵێکی زۆری کولتووریی و سیاسیی دەدات، بۆ ئەوەی هەولێرییەکان وا تێبگەیەنێت کە نەک هەر سلێمانیی، گەرمیان و کەرکوکییەکان، گاڵتەیان پێدەکەن، بەڵكو تەنانەت ناوچەکانی باڵەکایەتییش وەکو تەنێکی نامۆ، بەهەولێر دەچوێنن.

نەجوڵانی هەولێر، بێدەنگیی و سووڕی متبوونی هەولێر، پێوەندیی بە کەرامەت شکاندنی ئەم شارەوە هەیە کە لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ەوە، تەحالوفی دەبابەکانی عوروبەی بەعث و میلیشیا کوردایەتییەکەی بارزانیی، گەورەتریین تەعدایان لەو شارە کردووە. ئەوە یەکێتیی، یەکگرتوو و دواتریش گۆڕان بوون لەماوەی رابردوودا، شەرعییەتیان بەم داگیرکارییە دا و لە شارێکی داگیرکراودا، پارلمان و حکومەتی چەتەگەریی کوردییان مکۆم کرد و باسی خورافاتی یەکڕیزیی کوردیان دەکرد و تەصدیقی سەرەطانی سەربەخۆیی ئابووریی( ئابووریی چەتەگەریی بنەماڵەکان)یان دەکرد. ئێستا ئەوەندەی هەولێرییە رەسەنەکان( ئەوانەی لە کۆنەوە لە هەولێر دەژیەن) لە بەڵتەجییەکانی سلێمانیی، گەرمیان، بارزان و کەرکوک دەترسێن، ئەوەندە لە جاش و ئەمنەکانی سەردەمی بەعث نەدەترسان. ئەم بەڵتەجییە کوردانە، زۆریینەی رەهایان لە زۆنی سەوز و نیللییەوە هاتوونە بۆ هەولێر و بوونە بە پاسەوانی قشڵەکانی دز و مافیاکانی نەوت. هەر ئەمانیشن، شیین بۆ هەولێر دەکەن و دەیانەوێ تەئجیجی ئەم شارچییەتیی، دەڤەرجیاوازیی و کولتوور جیاوازییە بکەن و بە قازانجی ئەم دەسەڵاتە مافیاییە، بیچەرخێنن.

خەڵکی کوردستان کە ئێستا هاتوونەتە سەرجادە و لە داخدا پەلاماری هەموو مەقەڕات و دامودەسگاکان دەدەن، پێش ئەوەی بە ئاژاوەگێڕیان بزانیت، پێش ئەوەی سەفسەطە و خورافاتی لیبراڵییان بۆ باس بکەیت، لە ژانی برسییەتیی، هەژاریی، بێ پارەیی، بێکاریی و بێ ئاسۆیی، تێبگە. ویژدانت هەبێت لەو دۆزەخە کۆمەڵایەتییە و لەو نەبوونیی و بێدەرەتانییە، تێبگە. دەیان هەزار گەنجی کوردستان، گیرفانیان، پارەی یەک ژەم خواردنی چێشتخانەیەکی باشی تێدانییە، لە کاتێکدا، کوڕەزازاکانی ئەم چەتە و میلیشیایانەی شاخ، هەموو هەفتەیەک بە درێژایی ساڵ، میلیۆنێک دۆلاری دزراو لە خەڵك، بدۆڕێنن، هەر بە خەیاڵیشیاندا نایەت، بەڵکو میلیۆنێک دۆلاری ئەوان، وەکو پارەی یەک چای گەنجێکی بێکار، رادەوەستێ.

ئایا رووخاندنی ئەم حکومەتە، چارەسەرە؟

حکومەتی هەرێم کە حکومەتی دوو بنەماڵەی میلیشیایی و چەتەگەرییە، بە قەولی خۆیان بە خوێن هاتوون و بەخوێن دەڕۆن. بەم لۆژیکەش بێت دەبێت زۆریینەی خەڵکی کوردستان، دەست بدەنە چەک، پەلاماریان بدەن و خوێنێکی زۆریش بڕژێت. ئەمە لە کاتێکدایە، هیچ حیزب و سیاسییەکی کاریزما نییە، پێشڕەوایەتیی ئەم ئەرکە قورسە لە ئەستۆ بگرێت. خۆپێشاندانی هێمنانە و رێپێوانی رۆژانەیش، هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت. حکومەت، یان دەبێ لە بناغەوە هەڵتەکێنرێت، ئەمەیش کاری توندوتیژیی و خوێنی زۆری دەوێت، یاخود بە خورافەی چاکسازیی لەگەڵ کۆمەڵێ فیرعەونی میلیاردێر و میلیشیای پیاوکوژی کوردایەتییدا، دەبێ دەستوپەنجە نەرم بکەیت و سەرەنجامیش، هیچی لێ سەوز نابێت. بەڵێ رووخاندنی ئەم حکومەتە چارەسەرە، بەڵام میکانیزمی زۆر عەقڵانییتر، واقیعییتر و ئاسانتر هەیە، لەوانەیش، گرینگتر، جورئەتی سیاسیی و فیکریی دەوێت.

سیاسییە جەبانەکانی سلێمانیی

ئێوە و حیزبەکانتان لە ژێر لێوەوە، لە رێگەی مێدیا سێبەرەکان و کوتلە حیرفەییەکانتانەوە، رەخنە لە شاری هەولێر دەگرن، ئێ باشە ئەوە زانیتمان، هەولێر لێبووەتەوە، بارێکە بەسەر هەموو کوردستانەوە، بەڵتەجییەکانی کوردایەتیی، کۆنترۆڵی ئەو شارە داگیرکراوەیان کردووە. ئێ باشە سیاسییەکانی گۆڕان، نەوەی نوێ و کۆمەڵ کە زۆربەی هەرە زۆرتان خەڵکی شارەکانی سلێمانیی، کەرکوک و هەڵەبجەو قەضا و ناحییەکانی ئەو سێ شارەن، ئێوە جەریئانە بە خۆتان و بە حیزبەکانتانەوە وەرنە مەیدان و ئەم عەنتەرییات و ئەم کەڵەگاییەی ماڵی بارزانیی و ئەم دووسەر لەسەر سەریینەی( ماڵی بارزانیی و تاڵەبانیی) لە چەتەگەریی نەوت و تیجاڕەتی چەندیین میلیار دۆلارییدا هەیە، رابوەستێنن و سقوط پێ بکەن. دە ئێوە جورئەت بکەن و ئەم ترس و فۆبیایەتان لە کوردایەتییەکەی پارتیی و یەکێتیی بڕەوێتەوە و عەصیانی مەدەنیی رابگەیەنن و نیوەی حکومەتەکەی پارتیی و یەکێتیی ئیفیلیجی کامل بکەن و ئەوکات لە هەولێریش،حکومەتی چەتەکان، خۆبەخۆ، سقوط دەکات.

ئەم فشارە جەماوەرییەی خەڵک بەگشتیی و گەنجان بە تایبەتیی، بۆ سووتاندنی مەقەڕەکانی گۆڕان، سوودی زۆری هەیە. پێیان دەڵێن، ئێوە تا ئێستایش لەبەرەی دەسەڵاتدان و هەمان حیسابی پارتیی و یەکێتیتان بۆ دەکەین. ئەوەی کە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی، مت کردووە، لە متبوونەکەی هەولێر، زۆر مەترسییدارترە. دوو حیزبی سیاسیی دەتوانن تەواوی موعادەلە سیاسییەکانی زۆنی یەکێتیی بە چەند سەعاتێک بگۆڕن ئەگەر ئیرادە، عەزم و جورئەتی سیاسییان هەبێت.

لە کاتێکدا، پارتیی بە دزیی و بە ئاشکرا، بەرنامەی دزیینی نەوت و چەتەگەریی بۆ ساڵی ئاییندە دادەنێ، ئێوە هێشتا باوەڕتان بە خورافاتی دەوڵەتی کوردیی هەیە کە بارزانیی بۆتان دابمەزرێنێت. لەژێر زەبرە کولتووریی و ئایدیۆلۆژییەکانی کوردایەتییدا، ئێوەی بەڕادەیەک بەچەترسێن کردووە کە نەوێرن تەنانەت لەگەڵ حکومەتی عێڕاق و حیزبە سیاسییەکانی عێراقدا، باسی دزیی و تاڵانییەکانی کوردستان بکەن. پارتیی، بە ئاشکرا و چاوقاییمانە لەگەڵ ئێران، عێراق و تورکیا، لەگەڵ بەعثیی و داعش و میتدا، لەگەڵ عەبادیی و مالیکیی و تاد، کۆدەبێتەوە و تەنازولاتیان بۆ دەکات، کەچیی ئێوە بە دزییەوە دەچن لەگەڵ مالیکیی، عەبادیی و حکومەتی عێراق و هێزە عێراقییەکاندا دادەنیشن!
بۆ ئەوەی ئەم حکومەتەی پارتیی و یەکێتیی سقوطی یەکجاریی پێبکەیت، دەبێت لە “نیوە”یەوە دەست پێبکەیت. لەبری ئەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ خەریکی کوتانەوەی یەکتر بن، پێکەوە لەگەڵ کۆمەڵدا، جەبهەیەک بکەنەوە، فشاری جدیی بۆ دزە هەرە گەورەکانی یەکێتیی بهێنن و بەتەواویی بیانگوشن. داوای ئەوە بکەن کە بە شەفافیی و بە ئاشکرا، روو بە خەڵکی کوردستان، بڵێن دەچین لەگەڵ بەغدادا، دادەنیشین و پرسی مووچە و بودجەی ئەم ناوچەیە دابین دەکەین. ئەمە ناو دەنێی جیاکردنەوەی هەرێمی سلێمانیی و هەڵەبجە، حکومەتی لۆکاڵیی، یان هەرشتێکی تر، ئەمە سقوطی حکومەتەکەی نێچیر و جانتا هەڵگرەکەیەتی، ئەمە ئینعیزالی ماڵی بارزانیی، لە سیاسەتی کوردیی و سیاسەتی عێراقییدا لێدەکەوێتەوە، بەڵام ئەمانە هەرگیز ناکرێن، ئەگەر تەخوینی کوردایەتیی، زراوتی تەقاندبێت. هەرگیزیش ناکرێ، فاشیلتریین و موراهیقتریین سیاسیی ناو یەکێتیی، جێگری سەرۆکی حکومەتی چەتەگەریی بێت و دایکیشی سپۆنسەری سەرەکیی بێت، هێشتا دڵت بە یەکێتیی خۆش بێت.

پارتیی ئەفسانەی یەکڕێزیی کورد و حکومەتی یەکگرتووی! هەرێمی بۆ ئەوەیە، دەسەڵاتە سیاسییەکەی و بیزنسە دەیان میلیارد دۆلارییەکان و مەصفاکانی نەوتیان لە فیشخاپوور و ئیبراهیم خەلیل بپارێزن. ئێ ئێوەی سێ لایەن، نەدەتوانن پێشڕەویی راپەڕیین و دەستدانە چەک بکەن، نە دەتوانن لە هەولێردا، پارتیی بە سقوطکردن بدەن، نە دەیشتوانن، موناوەرە و موبادەرەیەکی رادیکاڵانە بکەن و ئەم حکومەت و پارلمانە، ئەم هەڵبژاردنە پڕ لە ساختەو تەزویرەی پارتیی دەیەوێت، بەیەکجاریی هەڵاوێرد بکەن، هەر خەریکی ئەوەن لەرێگەی پەیجە سێبەرەکانتانەوە، پرتەو بۆڵە بەسەر هەولێرییە متبووەکاندا بکەن و بە گیانی یەکتریش، خڕ بن.

چارەسەر چییە؟

پێش هەموو شتێ، ئینسانی کورد، تا کاتێ رەشمەی کوردایەتیی، فڕێ نەدات و خورافاتی نەتەوەپەرستیی، غوبنی ناسیۆنالیزمی کوردیی و کڕووزانەوەی نەژادیی، داینەمۆی سەرەکیی بن، نە واقیعیی دەبێت نە عەقڵانیی دەبێت و تەنانەت لەباری عەقڵییشەوە، خەلەلی دەبێت. بۆ ئەوەی سیاسییەکی خاوەن جورئەت بیت، بۆ ئەوەی حیزبێکی بەرچاوڕۆشن بیت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییەکی بە ئاگا و هۆشیار بیت، دەبێت لای کەم لە تەخوینی مێژووی ٧٠ ساڵی رەشی کوردایەتیی، نەترسێیت و بەرنامە و روئیات بۆ ئاییندە، روون بێت.

هەموو مەعەسکەری کوردایەتیی، دەڵێن بەهەر نرخێک بووە ئەم حکومەتە کوردییە، هەرچەند فاشیل بێت، چەند دزیی و گەندەڵیی بکات، ئەمانە هەمووی چارەسەر دەبن و سەرەنجام دەبین بە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆمان، ئەگەر ئێسقانی یەکتر( نەژادی کورد) نەشکێنین و دوژمنان( مەبەستیان لە عەرەب و فارسە، تورک ئێستا ئەربابیانە)پێمان خۆش نەبن؟ هەر ئەمەشە وایکردووە کە تەواوی حیزبەکانی کوردستان( بە گۆڕانی خەواڵووشەوە)، بە توندیی دەست بەم حکومەتە گەندەڵەوە بگرن، یان ئەنتی عێراقییبوون و ئەنتی شیعەبوونی خۆیان، بۆ پارتیی و مەعەسکەرە طائفییەکەی تر( سوننیی) بەردەوام جەخت لێکدەنەوە، لەکاتێکدا لە پارلمانیش، نەفییکراون.

چارەسەر، ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی مافیاکانی ماڵی بارزانیی و شەریکە دزەکانی یەکێتیی، بە سقوطکردن بدەیت. چۆن ئەمە دەکرێ، ئەمە بە جورئەتی سیاسیی، بە بەرچاوڕۆشنیی و بە پێشڕەویی حیزبێکی گەورەی وەکو گۆڕان، نەوەی نوێ و کۆمەڵ دەکرێ. بەرهەم صاڵحی میلیادێری کوردایەتیی شەریک لە مێژووی دزیی و چەتەگەریی نەوتدا ناڵێم، یەکگرتووی مورتەزیقەی ئیخوانیزمی جیهانییش ناڵێم، ئەو چەپە حەرەس قەومییانەیش( شیوعیی، کۆمۆنیست و عەلمانییە موبایەعەچییەکان) ناڵێم کە وەکو حەرەس قەومیی ناسیۆنالیزمەکەی پارتیی، کەمپەینی دەڵاڵییان بۆ لوعبە موخابەراتییەکەی ریفراندۆم دەکرد، بەڵكو ئەو سێ لایەن و لیستە، لەگەڵ جەماوەری بەریینی داخ لە دڵی کوردستان دەڵێم، دەتوانن ئەمە بکەن.

دەبێت، بانگەوازی بنەڕەتیی و ریشەیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارلمان و حکومەتی هەرێم، بکرێت. ئەمانە بارن بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، تا رۆژێک زووتر، سلێمانیی، هەڵەبجە و کەرکوک، بکەین بە هەرێمی سەربەخۆ، رۆژێک زووتریش هەولێر، لەژێر چەکمەی فاشیزمی کوردایەتییدا، رزگاری دەبێت. لە کاتێکدا، ئەمێریکا و ئێران، دوو گەورەتریین هێزی باڵادەست لە عیراقدا، لەگەڵ پاراستنی یەکپارچەیی عێراقدان، هەر عەقڵ مەنگۆلییەکی نەتەوەپەرست و نەژادپەرست، غەزەل بۆ کوردایەتیی و بۆ فاشیزمی کوردیی بکات، حیقد و کەراهییەتی نەژادیی و طائیفیی دژی عەرەب و شیعە هەڵهێنێتەوە، گەورەتریین خزمەت بە سیاسەتی چەتەگەریی ئابووریی و بیزنسە دەیان میلیارد دۆلارییەکەی پارتیی و یەکێتیی دەکات.

سەرەنجام، بۆ ئەوەی هەولێر، راپەڕێنیت، دەبێ دەسەڵاتی چەتەگەریی لە زۆنی سەوز و نیللیی ئەم حکومەتە، فەشەل پێ بهێنیت. تا فشاری خەڵک بۆسەر گۆڕان، نەوەی نوێ و کۆمەڵ زیاد بێت، فشاری ئەمانیش بۆسەر یەکێتیی زیاد دەبێت. ئەوکات یان بەیەکجاریی دواهەمیین درۆکانی ماڵی تاڵەبانیی بۆ کۆیلەکانیشیان کەشف دەبێت، یاخود وەکو میلیشیایەکی جەڕار، ئامادەن بە خوێن، داکۆکیی لە بیزنس و دزییەکانیان بکەن. ئەگەر ئەمەی دووەم هەڵبژێرن، مەرگی حەتمیی خۆیان، لەسەر دەستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەبینن و چارەنووسی قەذافیی شۆڕشگێڕیان! دەبێت. ئەگەر نەوەی نوێ، گۆڕان و کۆمەڵ لە پێش خەڵکەوە نەبن و لەخەوی ژەنگاویی نەژادیی و نەتەوەپەرستیی طائیفیی بەخەبەر نەیەن، لە خورافاتی ریفراندۆم و دەوڵەتی رەیعیی دوور نەکەونەوە و ئەو فۆبیایەی بەرامبەر بە ئێران و بە شیعە هەیانە، تەجاوزی نەکەن و لەسەروو هەموویشیانەوە، فاشیزمی کوردایەتیی، تێنەپەڕێنن، وێڕای ئەوەی دەکەونە بەر نەفرەتی ئەم تەمەڕودە جەماوەرییە عەفەوییەوە، باشترە، هەموویان، فۆرم لای پارتیی پڕ بکەنەوە و ببن بە دووکانێکی سیاسیی و بە وەکالەت، کار بۆ ئەجێندا ئابووریی و ئایدیۆلۆژییەکانی پارتیی، بکەن. عاقیبەتیش، ئەوەندەی تر، سلێمانیی و گەرمیان، وێران و وێرانتر بن، بۆ ئەجێندا ئابووریی و طائیفییەکانی ئاغای بارزانیی و سوڵطانی وەهمیی نیۆعوثمانییەکان و لۆبییەکانی زایۆنیزم.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *