خۆپیشاندانی ئەمجارەیان

لەلایەن ستاندار Posted on 297 جار بینراوە

ھەڵمەت محەمەد

ئەمە یەکەمجار نیە خۆپیشاندان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت! ھەرجارەو بە ھۆکارێک و لە شوێن یان چەند شوێنێک بۆ مەبەستێک یان چەند خواستێکی سنوردار و دیاریکراو ھەندێجاریش بەھاندانی لایەنێک یاخود چەند لایەنێکی ھەندێ جاریش خۆرسکانە خۆپیشاندان سەریھەڵداوە، ئەمجارەیان خۆپیشاندان _ ئەگەر بەشێوەیەکی ڕێژەییش بێت _ بەراورد بە ڕابردوو لەچەند ڕویەکەوە جیاوازی ھەیە، ئەو جیاوازیانەش لەسەر چەند ئاستێک ھەستیان پێ دەکرێت:

یەکەم: بەشداربوانی خۆپیشاندان: لەگەڵ ئەوەی ھەمیشە خەڵک لە پێشەوەی خۆپیشاندانە، بەڵام مەرج نیە ھەر خۆی بێت لە پشت خۆپیشاندانەوە، زۆرجارھێزێ یان چەند ھێزێکی سیاسی بۆ مەرامێکی تایبەتی لەبارەی پرسێکی دیاریکراوەوە توێژ یان چین یان بەشێکی کومەڵگا دەجوڵێنن، بەڵام ئەم خۆپیشاندانەی ئێستا سەریھەڵداوە، خواستەکانیان فراوانە بەقەد جۆراوجۆری چین و توێژە بەشداربووەکانی ناوی، لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ ھێزێکی سیاسی نەیتوانیەوە ببێتە بەشێک لەو پرۆسەیەو ئەگەر ھێزێکش پاڵپشتی جوڵانەوەکەی کردبێت پاڵپشتییەکی شەرمنانە بووە، سوتاندنی بارەگای پێنج ھێزە سەرەکییەکەی ھەرێم گەواھی بەشێک لەو ڕاستیەن، ئەگەر بەشێک لە بەرپرسانیش بەشداربوبێت ئەوا لەسەر ئاستی تاک بووەو نەچوەتە چوارچێوەی سیاسەتی پارتەکانیانەوە، ھەڵبەت ئەم قسەیەی من بۆ ئەم ساتە ڕاستە کە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانە، بۆیە ئەگەر لە چەند ڕۆژی ئایندە ھێزێکی سیاسی چووە پاڵی مانای ئەوە نیە لە جەوھەری خۆرسکی ئەم ناڕەزاییەتییانە کەم دەکاتەوە.

دووەم: ھۆکارەکانی خۆپیشاندان: ئەمجارە تاکە ھۆکارێک نەبووەتە ھۆی خۆپیشاندان، داواکارییەکانیش زۆرتر و زیاترن لە داواکارییەک، جاران ئەگەر خۆپیشاندانێک بکرایە، ڕەنگە بۆ ئاو، کار، کارەبا، سوتەمەنی، دامەزراندن، موچە، چاکسازی لە بوارێکدا یان بابەتێکی دیاریکراوی سیاسی یان بۆ دوان لەو بابەتانە بووە، بەڵام ئەمجارەیان بۆ ئاو و کار و کارەباو سوتەمەنی و دامەزراندن و موچە و گۆڕانکاری سیاسیە پێکەوە، سەرباری ئەوەی کە ھیچ یەکێک لەو بابەتانە وەکو پێویست نیە، باردۆخی ھێزە چەکدارەکانیش لە حاڵێکی باشدا نیە، تا دەسەڵاتی سیاسی بتوانێت جوڵانەوەکان دابمرکێنێتەوە، بۆیە ئەگەری لێکترازانی ئەو ھێزانەش مەترسیەکی گەورەیە کە دەبێت حسابی بۆ بکرێت.

سێیەم: خواستی خۆپیشاندەران: ڕەنگە بەدرێژایی ٢٦ ساڵی ڕابردوو زیاتر لە دەیان خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە ھەرێمی کوردستان سەری ھەڵدابێت، بەڵام خواست و داواکاری خۆپیشاندەرانی ئەمجارە تەواو ئاستی بەرزبووەتەوە لەچاو ھەڵبژاردنەکانی پێشوو بە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتیشەوە، ئەگەر لە ڕابردوودا داواکاری بۆ چاکسازی سیاسی و ئیداری و دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی ژیان و پێداویستییە خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاوو کارەباو سوتەمەنی…ھتد بوبێت، ئێستا ئاستی سەقفی داواکارییەکان بەرزبووەتەوە بۆ گۆڕانکاری سەرلەبەری ژیان چ لە ڕوی سیاسی و ئابوری و یاسایی…ھتد، بۆیە دەکرێت بوترێت ئەم داواکارییانەی ئێسا خۆپیشاندەران ھەیانە داواکاری ڕیشەیین.

چوارەم: ناوچەی خۆپیشاندەران: لەگەڵ ئەوەی ئەمجارە زۆنی خۆپیشاندان فراوانترە لە بەشێک لە خۆپیشاندانەکانی ڕابردوو، بەڵام لە ڕوی ناوچەوە _مەبەستم ناوچەی سەوز و زەردە_ جیاوازییەکی ئەوتۆ نیە لە نێوان ئەم خۆپیشاندانەو خۆپیشاندانەکانی ڕابردوو، بەڵام مانای ئەوە نیە دۆخی گوزەرانی ھاوڵاتیانی ئەو سنورەی خۆپیشاندانی تێدا ئەنجام دەدرێت خراپترە لەو سنورەی خۆپیشاندانی تێدا ئەنجام نادرێت، چونکە سروشتی ئەو ناوچەیە چ لەڕووی ئەو ھێزەی حوکمی تێدا دەکات لەلایەک و کاریگەری ئەو چەپاندنەی لە دوو دەیەی ڕابردوو بەسەریاندا ھێندراوە لەلایەکی دیکەوە، کاریگەری گەورەی بەجێھێشتووە، بەڵام مانای ئەوە ناگەیەنێت بەوجۆرە بەردەوام دەبێت! بەڵکو لەسەر کات وەستاوە، بەڵکو پێویستی بە دەرچەیەکە بۆ دەرچونی ئەو ناڕەزاییانەی لە دەرونی ھاوڵاتاینی ئەوێ پەنگیان خواردووەتەوە.

پێنجەم: ئەگەرەکانی دامرکانەوە: لە خاڵەکانی پێشو ئاماژمان بەوە کرد کە تەنھا ھۆکارێک نەبووە بەھۆی سەھەڵدانی خۆپیشاندان وەک چۆن وتمان ئەمە خۆپیشاندانی چینێکی دیاریکراو نیە بۆ مەبەستێکی بچوک، ھێزێکی سیاسیش ڕاستەوخۆ بەشێک نەبوون لە سەرەتاکەی بەڵکو تاڕادەیەکی زۆر خۆرسکانەیەو داواکارییەکانیش بەجۆرێکن دەسەڵاتدارانیش ناتوانن بەڕەوای نەزانن، بێگومان دەسەڵاتیش تواناکانی بەھەر ھۆکارێک بێت لەتوانایدا نیە خۆپیشاندان قایل بکات، بۆیە ئەگەر گۆڕانکاری گەورە ڕوونەدات دۆخەکە ڕوو لە دامرکانەوە ناکات، خۆ ئەگەر بە زەبری ھێزیش خۆپیشاندەران لە ئێستادا سەرکوت بکەن، ئەوا کە کاتێکی ترو لە شوێنێکی ترو بەشێوازێکی تر و ڕەنگە توندتریش سەرھەڵبداتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.