خەڵک دەڕوخێنێت یان ستەمکار ڕوخاندی؟

لەلایەن ستاندار Posted on 216 جار بینراوە

کارۆخ عوسمان

-بۆچی سوتاندن؟ ڕوخاندن لەپێناو چیدا؟

-کێ ڕوخاندنی داھێنا؟

-ئەوانەی دەڕوخێنن کێن؟

-سوتاندن و ڕوخاندن باشترە یان ھێشتنەوە؟

-دوای ڕوخاندن چی بیکەین؟ چۆن کۆمەڵگا بونیادی بنێینەوە؟

دواپریسیار

-بڕوخێنین یان بونیاد بنێین؟

-سەرەتا با بزانین سوتاندن بەچ پێوەرێکە.

ئەوەی دەسوتێنێ مەرج نیە خۆپیشاندەر بێت.

مەرج نیە موحتاج بێت.

مەرجیش نیە ھەر بڕوای بە خۆپشاندان بێت.

چونکە خۆپیشاندەر لەحەژمەتی ژیانی پڕ دەردەسەری خۆی دێتە شەقام، وە دێت تاکو

١- بونیادی ئیدارەیەک بکات کەمافەکانی بچەسپێنێت لەبازنەیەکی قانونیدا بۆئەوەی زامنی ژیانی بکرێت.

٢- بۆ ئەوە دێتە شەقام تاکو بۆلەمەودوا ببێتە خاوەن ئابوریەک کە بەشەرەفمەندی پێی بژی.

٣- دێت تاکو لەو چوارچێوەیەشدا وڵاتەکەی لەزۆرترین سەرچاوەدا داھاتی بۆ کۆبکاتەوە…

بەڵام ئاراستەیەک داوای سوتاندنی لێ دەکات.

-ڕوخاندن لەپێناو چیدا؟

ئەگەر خۆپیشاندەر بڕوخێنێت کەواتە دەبێ ڕازی بێت بەئابوری و ئیدارەی داڕوخاوی ئێستا.

ئێستا کە دەیڕوخێنن ئەی چۆن چاکی بکەینەوە؟

دیارە ئاراستەی خۆپیشاندەرانیش وایە ھەرچی ھەیە دەبێ بڕوخێت و دواتر چاو لەدەستی دڵۆپ دڵۆپی نەوت بین تا داھاتمان بۆ کۆبکاتەوە.

خۆ ئەگەر قەرار وایە بڕوخێنرێت دەبێ کەلتوری حوکمڕانی بڕوخێت، نەک بیناو باڵەخانەو عەلەم و دائیرەی حکومی.

ئەوە عەقڵی نەخۆشی حوکمڕانیە ژیانی بەم دۆخە گەیاندووە نەک داروپەردووی دائیرەکان.

-ئەوانەی دەڕوخێنن کێن؟

لەزھنیەتی خەڵکی مەزڵومدا ڕوخاندن و سوتاندن بونی نیە، بەڵکو ئەو کەلتورە ھی ئەوانەیە کەئێستا لەحوکمدان.

ئەوکاتە لەشاخ و ئەشکەوتەکان ھاتنەوە ھەرچی دەیانکەوتە پێش ڕایان دەماڵی.

ھاتن وەسیلەکانی ئیدارەو ژیانیان ڕوخاندو سوتاندیان. بۆیە بەم قۆناغە خراپە گەیشتین.

ئەوەی بڕوخێنێت و بسوتێنێ ئاراستەکراوەو ھیچ گرفتێکی لەگەڵ عەقڵیەتی حوکمڕانیدا نیە. تەنھا بۆ نابوتکردنی داوا ڕەواکانی خەڵکی خۆپیشاندەر تێکەڵ بەم قەرەباڵغیە دەبێت و مەرامی ستەمکار دێنێتە وجود.

ڕەنگە ھەر لەبنەڕەتدا ڕاسپێردراوی دەستەڵات بێت بۆئەوەی ماف بەچەکدارەکانی بدات تاکو بەرەنگار ببنەوەو قۆناغی حوکمداری سوڵتەیانی پێ درێژتر بکەنەوە. چونکە ئەم سوڵتە کوردیە بەدمۆڕاڵە لە(ھیچ) ناچێت و ھیچ و چروک و چەپەڵ کردارە.

ئەوە حوکمڕانی ٢٦ ساڵی ژێر ھەژموونی دوو حزب و دوو بنەماڵەیە کە سوتاندن و ڕوخاندنیان بەبنەما گرتووە بۆئەوەی وڵات وێران بکەن، وێرانی بکەن تا خۆیان بگەن بەو ئامانجانەی کە لەئەشکەوتەکانەوە بەدەم داڵغەو خولیای چەپەڵەوە دەیاننوسیەوە.

-ئایا ڕوخاندن و سوتاندن باشتر یان ھێشتنەوە؟

گریمان ھەرچی دام ودەزگای وڵات ھەیە ڕوخێنرا، بەڵام عەقڵیەتی حوکمڕانی مایەوە.

کەواتە ھیچ نەگۆڕا، نەگۆڕا بەئاراستەی وەرچەرخانێکی باش لەژیانی خۆپیشاندەر.

ئەوە سوتێنرا، ئەی چۆن بونیادی بنێینەوە؟

خۆ بونیادنانەوە خەرجی و بودجەی دەوێ.

ئەگەر بودجەی بونیادنانەوەش ھەبوو، خۆ ھێشتنەوەیان کارئاسانی داھاتە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ڕوخێنراوەکان.

ئەگەر ئەو بیناو کۆشک و تەلارانە مانەوە دەبن بە بەشێک لەداھاتی نیشتمانی بۆ قۆناغی دوای سوڵتە ڕوخێنراوە مەعنەویەکە…

بۆیە با نەڕوخێنین.

با نەسوتێنین.

با تیۆری حوکمداری ئێستای خانەدانی و کاپیتاڵی بڕوخێنین.

با عەقڵیەتی ئەمجۆرە ئیدارەیە بسوتێنین.

با ماددیەتی دوای ئەم حوکمڕانیە ببێت بەمەسدەڕی داھاتی نیشتمانی، تاکو ژیان ئاسان بکەین.

چونکە تەنھا بەسوتاندنی مەعنەوی دەتوانین سەرکەوتن بۆ ئایندەیەکی درێژ دا مسۆگەر بکەین.

-دوای ڕوخاندنی حوکمڕانی چی بکەین؟

بۆچی لە ١٧ی شوبباتەوە تائێستا خۆپیشاندان ئەنجامی نیە؟

چونکە

-ھەر خۆپیشانێک لەجەرگەی سوڵتە نەبێت و دڵی حوکمڕانی نەھەژێنێت ھەرگیز دەستکەوتی باشی نابێت. ئەوەی ئێستاش تەنھا شێوەیەکە لەپارتیزانی مەدەنی بێ چەک و نیشان لەئەندامێکی بێ کەلکی دەستەڵات دەگرێت، بەمجۆرەش دڵی حکومەت ھەرئیش دەکات. بگرە ئامادەکاریش دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەر جوڵەیەک، بەمەش بەر لەدروستبوونی دایدەمرکێنێتەوە.

-ھەر خۆپیشاندانێک: ڕەوتێک، فکرێک، ڕێکخراو یان حزبێک سەرپەرشتی نەکات سەرناگرێت.

زۆرجار گلەیی و گازاندەو توانج لەخەڵکی ھەولێرو دەھۆک دەدرێت. سەرکۆنەی نیشتمانیانی ئەوشارانە دەکرێت کە نایەنە شەقام.

بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە ناکرێت بەبێ ڕێکخستنێکی تۆکمەو ئەجێنداو سیاسەتێکی ئامادەکراو بێینە شەقام بەبێ سەرپەرشتیکار. بۆیە پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی دەرەوەی بازنەی حوکمڕانی ڕەھا ببن بەو ڕێکخەرو پێشەوایە کەبۆدوای خۆپیشاندان بەرنامەیان ھەبێت بۆ ژیانی سیاسی و ئیداری لەم ھەرێمە.

-دەبێ پێش ڕوخاندنی حوکمڕانی ئەجێندامان ڕوون بێت و ئامانج لەخۆپیشاندان ئاشکرابێت. تا بتوانین بەئاسانی بەپێی پرێنسیپە ئامادەکراوەکان کار بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی دوای دەرئەنجامەکان بکەین. چونکە ئەم وڵاتە قوربانی دەستی ڕەوەجەلی و نەبوونی ئەجێندایەکی ڕوون و ڕەوانە.

بۆیە بادیسان نەیکەینەوە قوربانی و ئایندە نەسوتێنین. با تێکەڵ بین تا وڵات لەسوتان و خەڵک لەکوشتن و ئایندەش لەچارەڕەشی قورتار بکەین.

-با خۆپیشانبدەین

-بەڵام چۆن بێینە شەقام؟

گەرھاتو بەھاتنە شەقام ئایندە تاریکتر ببێت ھەڵەیەکی مێژوویی دەکەین.

چونکە بەسوتاندن و ڕوخاندنی ئەو دەستەڵاتە کە لەسەر بنەمای (کوشتن لەپێناو مانەوە) دامەزراوەو مێژووی دوورو درێژیان سەلمێنەری ئەو حەقیقەتەیە، بەناحەقی حەق بەخۆی دەدات تا بکوژێ، بگرێ و بتۆقێنێت.

پێویستە ئێمە ھەبین، بمێنین، بژین.

مەگەر لەپێناو ژیان خۆپیشاندان ناکەین!!!!

ئیتر بۆچی مەھانە بدەینە دەستی زاڵم تا بمانکوژێت؟

دەبوایێ ئێمە ئەوان بکوژین، چونکە ئەوان لەڕۆژێکدا (دە) جار حەق بەکوشتنن. بەڵام ھێشتا با ئەوە نەکەین، بۆئەوەی کەلتوری دادگایی و یاسا سەروەری بێنینە کایەوە.

خۆ ئەگەر دەستەڵاتدارانی ستەمکار لەبەردەمی دادوەر ببینین، ئەوە کوشتنێکە کە چێژەکەی بەھیچ شتێک بەراورد ناکرێت، ئەوکاتەش دەستکەوتێکی گەورەمان دەبێت، ئەویش (دامەزرادنی دادگای عادلانەی گەلە).

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.