شەقام و دەسەڵاتی ڕەش

لەلایەن ستاندار Posted on 556 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

خۆپیشاندانەکانی ئێستا جیاوازترە لە خۆپیشاندانەکانی ڕابردو، خەڵک گەیشتۆتە کۆتای نائومێدیەکان بەم دەسەڵاتە نادیموکراسیە، گەنجەکان بۆ سەندنی مافی خۆیان گوللە گەرمەکان لە جەستەیاندا سارد دەکەنەوە، ھێزی خۆپیشاندەران ھەمو حیزبەکانی توشی شۆک کردوە، یاخی بون لەم دەسەڵات و دەموچاوانە گەیشتۆتە لوتکە، دەسەڵات ھەموانی توشی برسیەتییەکی دروستکراو کردوە و گاڵتە بە چارەنوسی گەنجەکان دەکات، ھۆشیار بونەوەی مافخوراوان وادەکات وزەیەکی گەورە دروست ببێت و ھەموان بلەرزێنێت، گەنجە گیرفان بەتاڵەکان بەفەرمانی مافیاکانی نەوت شەھید دەبن، ئەو گەنجانەی دەسەڵات ماوەی بیست و شەش ساڵە خەونەکانیان دەکوژێت، دۆڕاوەکانی جەنگ لە شەو و ڕۆژێکدا نیوەی کوردستانیان دۆڕاند و ھەڵاتن! بەڵام لە پێناو بارەگاکانیان شەقامەکان سور دەکەن بەخوێن، دۆڕاوەکانی جەنگ کۆتایی ئەخلاقی سیاسیان ھات کاتێک بازرگانیان لەگەڵ داعش دەکردو ھەزاران پێشمەرگەشیان کردە قوربانی.

یەکێتی و پارتی ھەرگیز ناگۆڕێن و دەستھەڵناگرن لە ھێزی چەکداری حیزب، ھێزەچەکدارەکان وەک دیوارێک بەکاردەھێنن بۆ بەرژەوەندی حیزب، کاتێک پشتیان لە کەرکوک کردو لولەی چەکەکانیان لە شەقام کرد دەرکەوت کە ئێوە تەنیا بە چەکەکانتان وەستاون، دیکتاتۆرەکانی دونیا تا کۆتاییان ئومێدیان بە چەکەکانیان ھەبو، بەڵام لە کۆتایدا ھەردەبێت بوەستن و بۆشاییەکی دیاریکراوی ناو مێژوی ڕەش پڕبکەنەوە، مێژو جێگایەکی تایبەتی بۆ ئێوەی گەنجکوژ دیاریکردوە، مێژوی نزیکی بەھاری عەرەبیتان بەچاوی خۆتان بینی کە چۆن چەک فریایان نەکەوتو و کۆتاییان ھات، وەک محمد ماغوت گوتی دیکتاتۆرەکان وەک ژمارەی پێوانەین و ڕۆژێک دێت بشکێندرێن، ئەم دەسەڵاتە جوتحیزبە گەیشتۆتە کۆتای لە ناشیرینی، ژمارەی پێوانەی تۆمارکردووە لە ستەمکاری، تەنانەت ھەمو دونیا پشتی لەم دەسەڵاتە ناشیرین و ڕەشە کردوە.

بەردەوام ستەمکارەکان لە خۆپیشاندان و جوڵەی شەقام تۆقیون، چونکە ئەم دەسەڵاتە پڕە لە سیاسەتی ڕەش دژی خەڵکەکەی، دەسەڵات ھەرگیز وەک ئەمڕۆ نەتۆقیوە و شارەکانی پڕکردوە لە ھامەرو چەکدارو چەکی قورس، بەرپرسە سەربازیەکان لەجەنگ گەڕاونەتەوە و دەستیان سورکردوە بە خوێنی خۆپیشاندەران، پێشمەرگەی گیرفان بەتاڵ کەزۆربەیان مافخوراون و توڕەن لەم دەسەڵاتە کلیپتۆکراسیە بەکاردەھێندرێن بۆ کوشتنی گەنجە برسیەکان، خۆپیشاندەران داوای ھاتنە کایەی دەسەڵاتێکی دادپەروەر دەکەن نەک کەمینەیەکی خەنی و زۆرینەیەکی برسی، ھۆشیاربونەوە سەرەتایەکە بۆ کۆتایھاتنی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێن و دژە دیموکڕاسیە، ھەرگیز لەخۆت پرسیوە بۆچی چەند کەسێکی دوو بنەماڵە پێنج ملیۆن کەسیان برسی کردوە؟ئەمە سەرەتای ھۆشیارییەکی گەورەیە بۆ کۆتایھاتنی دەسەڵاتە ڕەشەکە، ئێستا کۆتایی سیاسەتەو ئەوەی دەسەڵات دەیکات توندوتیژی و کوشتنە، دەریدەخات ستەمکارەکان چەند دەترسن لە جوڵەی شەقام، ئەم دەسەڵاتە لەھەمو ھێزو ھەمو تاکەکەسێکی دەرەوەی خۆی دەترسێت، ئەم ترسەش لە شەقام سەری دەسەڵاتە ڕەشەکە دەخوات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.