گۆڕان لەبەدەم چیدا؟

لەلایەن ستاندار Posted on 439 جار بینراوە

ئامانج ھەرتەلی
بزوتنەوەی گۆڕان لەکاتی درووست بوونی بۆ ساتی ئێستای، بەچەندین ھەڵچون و داچوندا ھەنگاوی ناوە، یەکەم ھەنگاوی ئەم بزووتنەوەیە ھێنانەدی دادپەروەری بوو لەسامانی گشتی و بەدیھێنانی یەکسانی بوو لەنێوان چینەکانی کۆمەڵگای کوردیدا، ئەوکاتەی داھاتی گشتی دابەش دەبوو لەنێوان داھاتی سەدا ۱۷ی چەندین تریلیۆن دۆلار و داھاتی ناوەخۆی بێسەرووشوێن.
ئەوێ ڕۆژێ بزووتنەوەی گۆڕان یەکەم ھەنگاوی نا، یەکەم قۆناغی ئۆپۆزسیۆنی ھەڵگرتوو، یەکەمین ھەنگاوی وەستانەوەی بەرامبەر بەم قۆناغە خراپەی دەستەڵاتی ستەمکاری کوردی نا، لەوێدا لە سەرەتای درووست بونی جاڕی ئۆپۆزسیۆن بوونی دا. ئەمەش بوەھۆی ھۆشیاربونەوەیەکی تاک بەتاکی کورد.

لەقۆناغی چونە دەستەڵاتیشەوە، بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕێگای سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە، لەیەکەمین ھەنگاوەوە توانی شکۆ بۆ پەرلەمان بگێڕێتەوە، لەدواساتی کاری سەرۆکی پەرلەمانیش ھەرچەندە لای بەشێکی ھەڵسوڕاوانی گۆڕانیش بە شێوەیەک لە بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان ڕوانرا کە گوێی لە بزووتنەوەکەو ڕای ھاوپەیمانان نەگرتوە، بۆ وەستاندنی کۆبونەوەی ۱۹ی ئاب، بەڵام بەم ھەنگاوە جوامێرانەیەی توانی دەستی حیزب ببڕێت لەناو پەرلەمان و پەرلەمان لەناوەندێکی حیزبیەوە بکاتە ناوەندێکی خاوەن شکۆ و سەروەری خۆی، ئەوەبو لە ۱۲ ئۆکتۆبەر کە بزووتنەوەی گۆڕان بەمانەوەی بارزانی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی ڕازی نەبوو، بەبڕیارێکی حیزبی ڕێگا لەسەرۆکی پەرلەمان گیرا، تاکو ئەمڕۆ.

بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان بەمل نەدان وەک ھەندێک ھێزیتر بۆ پارتی، پارتی ناچاری بەسەرکێشی گەورەکرد، بەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ھەڵبژاردنی ئایندە بخاتە کەنار و خەڵکی کوردستانی لێھانبدا، بەوەی دەستی برد بۆ ریفراندۆمێک بەناوی سەربەخۆی کوردستان، بەڵام ھەرزوو بزووتنەوەی گۆڕان و خەڵکی ئەکادمی و نوخبەی ڕۆشنبیری ئەم وڵاتە ئاگاداری مەترسیەکانی ئەم ریفراندمەیان بەپارتی و بارزانی ڕاگەیاند، چ جای ھاوپەیمانان، بۆیە بارزانی توانی درێژە بەم سەرکێشیە بدات، تادواجار لەبری ئەوەی گۆڕان کەنارگیربکات، ھەربۆخۆی توشی کەناگیرکراو دوریش خرایەوە لە پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم کە بەناشەرعی دووساڵ درێژەی پێدا، ھەرێمیشیان لە سایەی ئەوان توشی گەمارۆیەکی سەخت کرد.

دوای ئەوەی کە بزووتنەوەی گۆڕان لە ۲۰ کانونی یەکەمی ۲۰۱۷ جارێکیتر دورکەوتە لەحکومەت، ئەو حکومەتەی بەدرێژای ۲٦ ساڵی ڕابردوو لەم ھەرێمە ھەموو شکۆیەکی تاکی کوردی شکاند و ڕۆحی قوربانی مراند، ھەستی نیشتمانی و پیرۆزی کوردستانی نەھێشت و گۆڕیەوە بە ھەستی پڕکردنی گیرفان و دزیکردن، چۆکدادان لە پێناوی نانێک لەبەردەم گەورە دزانی ئەم ھەرێمە.

بزووتنەوەی گۆڕان کاتێک چوە حکومەتەوە بەنیەتی گێڕانەوەی ھەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان بوو، بەڵام دەرکەوت ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە سیستمی حوکمڕانی ھەرێمی دەویست ئەوان نەیان ھێشت و دژی وەستانەوە، ئەوان والە بزووتنەوەی گۆڕان تێگەیشتبوون کە وەک ئەوان بەدوای بەرژەوەندی خۆیەتی و دژی بەرژەوەندی گەل، بۆیە کاتێک تێگەیشتن بزووتنەوەی گۆڕان لەپێناو بەرژەوەندی میللەت تێدەکۆشێت، خەلەو خەرمانی ئەوان تێکدەدات، کەوتنە دژایەتی گۆڕان تا کار گەیشتە دوورخستنەوەیان لە حکومەت.

ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم شەڕی نانی خەڵکدا، لەبەردەم گێڕانەوەی شکۆی تاک و پیرۆزی کوردستاندایە، لەبەردەمی گێڕانەوەی یەکسانی و دادپەروەری گەوردایە. لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان ئێستا لەچەندین شوێن شەھید و برینداری داوە لە پێناوی داکۆکی لە ماف و گێرانەوەی سەروەری خۆیاندا،

ھەرچەندە لەگەڵ سووتاندنی ھیچ دامەزراوەیەکدانیم و کارێکی خراپە، بەڵام دەبوایە لەبری سووتاندن داوای چۆڵکردنی بارەگاکان و بایکۆتی فەرمانبەرانیان بکردایە تا ئەوکاتەی مافی خەڵک دەگێردریەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە بزووتنەوەی گۆڕان ھەنگاوی کرداری بنێ بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حکومەت و درووست کردنی حکومەتێکیتر بە سەرۆک و دەستەیەکی نوێترەوە، سەڕای پێشەنگایەتی کردنی خەڵک کە دامەزراوە حکومیەکان بایکۆتی سەرتاسەری ڕاگەیێنن.

ئەوەی گرنگە خەڵکی کوردستان چاویان لەھەنگاوەکانی بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ گێرانەوەی مافی خوراوی چەند ساڵەیان، بۆ ھێنانەوەی پارەی دزراوی بانقەکانی جیھان و بۆ دادگای کردنی تەواوی ئەوکەسانەی دەستیان لەتاڵان بڕۆی ئەم ھەرێمەدا ھەیە.

بۆیە ئێستا گۆڕان لە بەردەم ئیرادەی بەھێزی گەلدایە تا ڕێبەرایەتیان بکات، وەک چۆن لە ڕابردوو پارێزەری مافەکانیان بوە، ئێستاش داکۆکی لەمافی خوراویان بکات و مافی دزراوی چەندین ساڵەیان بۆ بگێڕێتەوە، ھەروەھا پێیان وایە گۆڕان بەدیلی ئەم دەستاڵاتە ستەمکارەیە و کاتی ئەوەیە خۆی ڕێبەرایەتی و پێشەنگایەتی ئەم گەلە بکات، لەسەر ئاستی دەولی و ھەرێمی. چیتر ڕێگە بەم ھێزانە نەدات کاروانی دەستەڵاتیان لەوەزیاتر درێژە بکێشێ.

شەڕی ئێستای گۆڕان شەڕی نان و شەڕی سەروەری یاساو شەڕی بەرەنگار بونەوەی ستەم کاریە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.