کەیسی شاسوار

لەلایەن ستاندار Posted on 542 جار بینراوە

عەدنان عوسمان
شاسوار عەبدولواحید تەنها لەبەر بیروباوەڕ و چالاکی سیاسی گیراوە. ئەو ماوەیەکە پارتێکی سیاسی نوێی دامەزراندوەو کاری بۆ ئەکات و بەنیازی بەشداریە لە هەڵبژاردنەکان. ئەم کارەی بە ئاشکراو و بە شێوەی قانونی کردوە. گرتنی شاسوار لەم ساتەدا تەنها پەیوەستە بە ترس و وەحشەتی دەسەڵاتدارانی سلێمانی و هەولێر لە ئاراستەی خۆپیشاندانەکان و هەوڵیان بۆ کپکردن و بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازیەکان. بەرگری کردن لە شاسوار و رابون و سەدانی تر، دور و نزیک پەیوەند نیە بە پشتگیریکردنی بۆچونی سیاسیان، ئەوەندەی بەرگریە لە ئازادی و یاسا.


گرتنی شاسوار و رابون و دەیانی تر بەم شێوازە، تاوانەو دەبێ بکەرانی دادگایی بکرێن و لە پۆستەکانیان دوربخرێنەوە، ئەوانیش دەستبەجی ئازاد بکرێن.
لەسەر کەیسی شاسوار و بەگوێرەی بەدوادوچونی خۆم، ئەمانەی خوارەوە هەیە:


– دەڵێن کەیسی ئەو ئاڵۆزەو تەنها پەیوەست نیە بە خۆپیشاندانەکانەوە: ئەمە هەم درۆیەو هەم راست. درۆیە چونکە رێک راستەوخۆ پەیوەستە بەوەوە، راستیشە چونکە ئەم تاقمە کە هیچ سڵێک لە سەرانە سەندن و فەرهودکردن ناکەنەوەو رێگا نادەن لەدەرەوەی بەرژەوەندی بازرگانی ئەوان، کەس کار و کەسابەت بکات، حەتمەن دەیانەوێت و پلانی دەستبەسەرگرتنی موڵک و ماڵەکەیان هەیەو وەک شازادەکەی سعودیە دەیانەوێت ئازادی بە پارە بکڕن. لە چەتەو رێگر و مافیا چاوەڕوانی هەمو شتێک ئەکرێت.


– دەڵێن کۆمەڵێک نوسراو و بەڵگە لە ئۆفیسەکەی دۆزراوەتەوە: جارێ ئەو کابرایە بەئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ ئەم رژێم و دەسەلاتە ئیعلان کردوە، حزبی دروستکردوە، قەوارەی هەڵبژاردنی هەیە، ئۆرگانی رەسمی هەیە، ئیتر ئەبێ نهێنی چی مابێت؟ خۆ گەر شاسوار بەکرێگیراوی ولاتان بێت، ئەوا ئێوە ئەو کەس و هێزە نین کەسانی سەر بە ئەمریکا، یا تورکیا، یا ئێران، یا عێراق، یا ئیسرائیل ، یا ئەورپا دەستگیر بکەن، ئاخر ئێوە نۆکەری نۆکەرەکانن، ئێوە بە فەرمایشتێکی زارەکی فەرماندەیەکی ولاتێک نیوەی کوردستان، سەدان کیلۆمەتر خاکتان بەجێهێشت بۆ بەغدا، ئێوە ئەوەندە ترسنۆکن بەرامبەر بێگانە کە بەهەڕەشەیەک نەتانزانی چۆن هێزەکانتان بکشێننەوەو بون بە هۆی شەهید بونی دەیان رۆڵەی نازداری خێرلەخۆنەدیوی ئەم نیشتمانە. گەر شاسوار عەمیلی بێگانە بێت ئێوە جورئەتی ئەوە ناکەن لە گوڵ کاڵتری پێ بڵێن. خۆ گەر شاسوار بە نیازی ئینقلابی عەسکەری بوە بەسەرتاندا، باشە بەچی؟ بە کێ؟ ئەی بۆ ئەفسەرێکتان نەگرتوە تا ئێستا؟؟


– ئەگەر کەیسەکەی قانونیە: بۆ شوێنی گرتنی ونە، بۆ ئاوا چەتە ئاسا دەستگیرئەکرێت و لەهەمو مافێکی مەدەنی بێبەش ئەکرێت؟ کوا ئەو دادوەرە بەویژدانەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردوە؟ ئەی بۆ داوا ناکات ببرێتە بەردەمی؟ کوا داواکاری گشتی؟ ئاخر ئەمانە گەر تۆزقاڵێک کەرامەتی پیشەیی و ئەخلاقیان هەبێت نابێت بەرامبەر ئەمە بێدەنگ بن.


کەواتە کەیسی شاسوار تەنها و تەنها سیاسیەو لەلایەن هێزێکەوە بڕیاری گرتنی دراوەو جێبەجێ کراوە کە لەدەرەوەی یاسا و دژ بە یاسان. ئەمە تەنها بۆ بێدەنگکردن و ترساندنە. ئەمە هەڕەشەیە لەهەمو دەنگێکی ئازاد و ئازای تر، ئەمە سەرەتای هەڕەشەیە لە بزوتنەوەی گۆڕانیش و لە چالاکوانەکانی.
ئازادی بۆ شاسوار و رابون و هەمو گیراوان
مەرگ و ریسوایی و شەرمەزاری بۆ دەسەلاتی گەنج کوژی نەوتدزی نیشتمانفرۆش.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.