كەمال رەئوف
لەدوو دەیەی رابردوو، یەكگرتووی ئیسلامی وەك پارتێكی ئیسلامی میانەرەو تارادەیەكی زۆر جێگەی بایەخی نوخبەی خوێنەوار و جێگەی سەرنجی رۆشنبیرانیش بوو، هەندێك لە رۆشنبیران گرەویان لەسەر ئەوە دەكرد، ئاراستەو ستراكچەری ئەم حزبە سەرەتایەك بێت تا لەكۆمەڵگە گۆرانكاری گەورە ئەنجام بدرێت، هەربۆیە لەماوەیەكی كەمدا یەكگرتوو وەك پارتێكی سەرتاسەری هەرێم پێگەی جەماوەری بەهێزی لەهەموو ناوچەكانی كوردستان دامەزران.
یەكگرتووی ئێستا بەهۆی ناسباتی هەڵوێستی سیاسیەوە وەك پارتێكی ئیسلامی لەهەردوو دنیا بوو دێتە پێش چاو، نەبەتەواوەتی دەستی لەهەمانەكە گیر بووەو شەریكی قوتی چەوری دەسەڵاتە، نە توانیویەتی بەتەواوەتی لەگەڵ خەڵك بێت و تەقوای دژی دەسەڵاتی زاڵمی بۆ ئەو دنیا مسۆگەر كردبێت. ئێستا ئەم حزبە نە خەڵك و جەماوەرەكەی بەتەواوەتی لێ رازین، نەدەسەڵات وەك شەریك و هاوبەشی خۆی مامەڵەی لەگەڵ ئەكات.
یەكگرتوو بەهەموو سەرنجێكەوە كە هەبێت لەسەر كاری حزبی و شێوازی مامەڵەی چەند ساڵی رابردووی لەگەڵ زوڵم و ناهەقی دەسەڵات، هێشتا حزبێكە دنیایەك كادرو ئەندام و كەسایەتی جوان و خوێنەواری تیایە، دنیایەك تواناو وزەی پۆزەتیڤی تیایە، خۆ گەر بەباشی هەڵسورێن و رێگریان لێنەكرێت بۆ ئەم كۆمەڵگەیە گەوهەرن، بۆیە ئەبێت لەوە گەرێن كەیەكگرتوو چ ئایداو بۆچونێكیان هەیە بۆ كاری حزبی، بەڵام ئەبێت گرەو لەسەر ئەوە بكەین كە ئەم حزبە بەو تاقەو تواناییەوە نەبێتە كۆڵەكەی راگرتنی دەسەڵاتێكی نادادپەروەری زاڵم، دیارە ئەركی ئەخلاقی و سیاسی سەركردایەتیەكەشی بۆ ئەم قۆناغە ئەوەیە، خۆیان لەو میانە رەوییەی نێوان بەرەی خێرو بەرەی شەر رزگار بكەن، چونكە لەو نێوەندەدا شتێك نییە ناوی میانەرەوی بێت، بەڵكو ئەوەی هەیە “مونافقییە” بۆیە خوانەحواستە خۆ گەر لەو نێوەندەدا بەم شێوە بمێننەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە وەك كوردەی لەهەردوو جەژنە بوویان لی دێت و ئەبنە حزبی لەهەردوو دنیابوو.