ھەرێمی کوردستان لەبەردەم دوو ڕێگەچارەدا کە سێیەمیان کارەساتە !!!

لەلایەن ستاندار Posted on 493 جار بینراوە

دکتۆر دلێر سابیر خۆشناو
دوای ئاڵۆزبوونی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کێشەی ئابووری سەخت بەرۆکی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستانی گرتووە، کە بێگومان فەرمانبەران بەشە ھەرە زۆرەکەی قوربانیدانیان بەرکەوتووە، تاوەکو ئێستاش ھیچ تروسکایەک نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکی و قەیرانانە، لەگەل ئەمانەش باری دارایی ھەرێمی کوردستان لەوپەری خراپی دایە.
بە گوێرەی ئەو ھاوکێشانەی کە لە ناوچەکە دەگوزەرێت ھەرێمی کوردستان دوو ڕێگەچارەی لەبەردەمدایە بۆ دەربازبوون لەم تەنگوچەڵەمەیە، لە کاتی پشتگوێخستنیان ھەرێم ڕووبەڕووی ڕێگای سێیەەم دەبێتەوە کە نەخوازراوەو دۆست تووشی نا ئومێدی دەکات و جەژنێکی تریش بۆ دوژمن زیاد دەکات.
یەکەم/ ڕێگەچارەی گەڕانەوە بۆ دەستور و بنەماکانی بە جۆرێک کە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت نەک بە ویستی ھیچ لایەنێک. لە چوارچێوەی ئەم ڕێگەچارەیەش پێویستە ھەرێمی کوردستان ڕاستگۆیانە و بێ دوودڵی سەرجەم داھاتەکانی سەرزەوی و ژێرزەوی و ئاسمان تەسلیم بە خەزێنەی گشتی دەوڵەت بکات بۆ ئەوەی ببێتە داھاتی گشتی و بەشی ھەرێمی لێ تەرخان بکرێت لە بوودجەی گشتیدا، ئەم ھەنگاوەش حەتمەن بە ئاگاداری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت بە تایبەتی ووڵاتانی ئەمریکا و فەرەنسا و بریتانیا. وە لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان ھەرێمێکی لامەرکەزی سیاسییە پێویستە لە تەرخانکردنی بوودجە بۆی رەچاوی ڕێژەی ژمارەی دانیشتوان و بوونی دامودەزگای ھەرێمی و بودجەی پارێزگاگان و ڕێژەی پتڕۆدۆلار بکرێت ئەگەر ھاتوو لە ١٧% ی بوودجە وەکو پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر نەکرا. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە ئەگەر بەغدا ڕەزامەند نەبوو لەبەر ھەر ھۆکارێک چی بکرێت باشە؟
بێگومان ئەگەر بەغدا ملی نەدا بۆ ئەم ھەنگاوە ئەوا بۆ ھەنگاوی دووەم سوودی دەبێت، وە ھەرێم نیازپاکی خۆی دەسەلمێنێت بەرامبەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە ویستی ھەیە لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی ھەردوو پێوەری دەستور و عێراقێکی یەکگرتوو. ئەمەش ڕێگەچارەیەکە کەمترین ئاستی ترسناکی تیادایە بۆ ھەردوو لایەن.
دووەم/ ڕێگەچارەی سەربەخۆیی کە بێگومان ریسکو ترسناکی خۆی ھەیە، ڕەنگە ئەم ھەنگاوە بچوێندرێت بە بەسەرھاتی ئەو ” کەسەی کە شارەزایی لاوازبوو لە لێخوڕینی پایسکل لەو کاتەدا تووشی لێژایێک دەبێت و کۆنترۆل لە دەست دەدات و ستۆپی پێ ناگیرێت بڕیاردەدات کە تازە شتەکە ھەربووە بۆیە پەیدان بەخێراتر لێبدات جا چ دەبێت با ببێت”، بۆیە پێویستە خۆمان تووشی قۆناغی قەتیسبوون نەکەین و بیر لە ھەڵبژاردنی ڕێگەچارەی سەربەخۆیی بکەینەوە، وە ئەوەی یارمەتیدەری ئەمە دەبێت لاملی و نارازیبوونی بەغدایە لەبەرامبەر ئاگاداربوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ھەڵبەتە یەکخستنی ماڵی کوردیش ھەردەم خاڵی بەھێزە بۆ ڕاگەیاندنی ئەم سەربەخۆییە.
سێیەم/ مانەوەی بارودۆخەکە بەم شێوەییەی ئێستا: ئەمەش زۆر لە خاڵی دووەم ترسناکترە و دەبێتە ھۆکارێک بۆ لەدایکبوونی قەیرانێکی قوڵی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کە بە ھیچ شێوەیەک حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرگەی ناگرێت و لە کۆتاییشدا ڕەنگە ببێتە ھۆکارێک بۆ لەناوچوونی ئەم ئەزموونەی ئێستای ھەرێمی کوردستان، کە ئەمەش ویستی ھیچ ھاوڵاتیەکی ئەم ھەرێمە نییە و بەرپرسیاریەتیەکەشی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.