قسە سواوەکانی دەسەڵات

لەلایەن ستاندار Posted on 387 جار بینراوە

ھیوا حەسەن عەلی
کاتێک ستەم و زۆرداری دیکتاتۆرەکان ئەگاتە تروپکی لوتکەو ئیتر جەماوەر توانای دانبەخۆگرتنیان نامێنێ و بڕیاری کۆتایھێنان بەژیانی کولەمەرگی ئەدەن و بەگژ دەسەڵاتە ئەچنەوە ، ئیتر لێرەوە دەسەڵات و سیخوڕەکانی ئەکەونە لێدانی بەیت و بالورەو ھەڵبەستنی درۆ بەمەبەستی چەواشەکردنی رای گشتی و بەلاڕێبردنی داخوازییە ڕەواکانی جەماوەرو ھەم شەرعیەتدان بەسەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و کوشتنی ھاووڵاتیانی سڤیل.
دیارە لەھەرێمی کوردستانیش ھەمیشەو لەکاتی ناڕەزایەتیەکاندا دەسەڵاتی جوت حزبەکە بەردەوام لەڕێی ئەندامانی حزبەکانیان و ئەو ماکینە ئیعلامییەی کە بەسامانی ئەم ووڵاتە دایان مەزراندووە وەک ھەمیشە دەکەونە قسەی بێمانا و بڵاوکردنەوەی درۆو ترساندنی خەڵکی ،بۆیە بەپێویستی دەزانم وەڵامی ھەندێ لەو قسە سواوەو بوختیانە ناڕوانانەی دەسەڵات بدەمەوە کە وەک ناوی خۆیان ھەمیشە ئەیڵێنەوە.
١ـ (ئەم خۆپیشاندانە دەستی دەرەکی لەپشتە).
ئەرێ من نازانم داواکاری خەڵک بۆ بەدەستھێنانی سادەترین پێداویستێکانی ژیانیان وەک ئاو و کارەباو نەبونی موچە بۆ ئەبێ دەستی درەکی لەپشت بێت ، بەڵام پەلکێشکردنی سوپای پاسداری ئێرانی و میتی تورکی بۆناو خاکی ھەرێم لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە دەستی دەرەکی نەبێ؟.
٢ـ (دەستی لایەنێکی سیاسی لەپشتەوەیە).
ئەمیش یەکێکە لەو دروشمانەی کە ھەمیشە دەسەڵات دوپاتی دەکاتەوە ، من ئەپرسم ؟ لەکاتێکدا ئاستی ژیانی ھاووڵاتی لەژێر پلەی ھەژاریدا بێت و تاکی کوردی توانای کڕینی قوتووە شیرێکی نەبێت ،کاتێک دێتە سەرشەقام و داوای بژێوی ژیانی مناڵەکانی دەکات ، بۆ ئەبێ ئەم توڕەییە دەستی لایەنێکی سیاسی لەپشتەوە بێت ؟ لەکاتێکدا ئەگەر لایەنێکیش دەنگی خەڵکی بگەیەنێتە دەسەڵات یان پێشڕەوایەتی ناڕازیەکانی خەڵکی بکات کارێکی ئاساییە چونکە ئەوە ئەرکی لایەنی سیاسی یان رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییە کە لەھەموو جیھاندا ئەوان سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکان ئەکەن.
٣ ـ (خۆپیشەندەران کاری تێکدەرانە دەکەن و زیان بە سامانی گشتی و موڵک و ماڵی ھاووڵاتیان ئەدەن).
ئاخر خۆپیشاندەرێک لەقورسترین ساتەکانی ژیانی ڕۆژانەی بێت کاتێک بەو توڕەییە دێتە سەر شەقام و ئەیەوێ بە دەسەڵاتی بگەیەنێ کە چیتر لە توانایدا نەماوە بەرگەی ئەم نەھامەتیە بگرێت، لەبەرامبەردا دەسەڵات نەک ھەر وەڵامی ناداتەوە وەک ئیستفزازێکیش پێی دەڵێ بڕۆن ھەڵپەڕن ، یان بە فیشەک وەڵامی داخوازیەکانیان ئەداتەوە،بێگومان ئەبێت چاوەڕێی ئەویش بکات ئەم لاوە خوێن گەرم و بێ ھیوا لەژیان پەلاماری بارەگا حزبیەکان بدات و رق و کینەی خۆیان بەسوتاندنی بارەگاکان بەتاڵ بکاتەوە پێم وایە ئەمیش کارێکی باش نییەو لەقازانجی دەسەڵاتدایە،بەڵام ئاشکرایە کەس ناتوانێت کۆنتڕۆڵی خۆپیشاندانی خۆڕسک بکات .
بۆ ئەوەیش کە گوایە زیان بە موڵکی خەڵکی ئەگەیەنن ئەپرسم ئەرێ دزین و بەتاڵان بردنی سامان و داھاتی ووڵات کەبەسەدان ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت و داگیرکردنی زەوی و شوێنە گشتیەکانی ووڵات لەلایەن دەسەڵاتدارانی ھەرێمەوەو گەیاندنی ووڵات بەم دۆخەی ئێستا کە توانای پێدانی روبعە موچەیشی نەماوە ، زیانە بە موڵکی گشتی ؟ یان سوتاندنی بارەگایەک کە لەسەر قوتی ھاونیشتمانیان دامەزراوە؟.
ئەمە وەڵامێکی کورتە بۆ ئەو دەسەڵاتەو کۆیلەکانیان کە ھەمیشە دەیانەوێ خەڵکی پێ چەواشە بکەن،بەڵام کورد وتەنی (بەری رۆژ بە بێژن ناگیرێ) و چارەنوسی دەسەڵاتە ستەمکارەکانیش ھەر زبڵدانی مێژووەو سەرکەوتنیش بۆ خەڵکە ئازادیخوازەکانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.