مۆڵدانی ھێزو حوکمی عورفی کلتوری داگیراکەرانی کوردستانە بە میرات بۆ دەسەڵاتی کوردی جێماوە

لەلایەن ستاندار Posted on 703 جار بینراوە

ئاری ئەحمەد

ئەو شەپۆلی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەی کەچەند ڕۆژێکە سنوری پاریزگای سلێمانی و ھەڵەبجەی گرتۆتەوە، بووەتە ھۆی ئەوەی دەسەڵاتی کوردی بەشێوازی جۆراوجۆر خۆپیشاندەران سەرکوتبکات, بەبێ حسابکردن بۆ پڕەنسیپی ئازادی و دواکردنی مافی مرۆڤ و دیموکراسی. ھەڵساوە بە پەیڕەوکردنی حوکمی عورفی لەناو شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان, ھێزێکی زۆری سەربازی و ئەمنی مۆڵداوە, کە ئەم ھێزانە دەستیانکردووە بە ڕەشبگیرکردنی ھاوڵاتیانی مەدەنی و بێدیفاع، بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا ویاسا, تاکە ھۆکار کە وادەکات دەسەڵات پەنا بباتە بەر ئەم ھەنگاوە، ئەوەیە کە خۆپیشاندەران داوای مەفاکانیان دەکەن لەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە ستەمکارە.

ئەوەی بەدیدەکرێت بەرپرسی یەکە ئیداریەکان( پارێزگار, قائمقام, بەڕێوبەری ناحیە) دەسەڵاتەکانیان لێداماڵراوەو فەرماندە سەربازیەکان جێگەی بەرپرسی یەکە ئیدارکەنیانگرتۆتەوە وخاوەنی دەسەڵاتی ڕەھان, و بەویستی خۆیان ئەو گەنجانە دەڕفێن بێسەرو شوێنیان دەکەن کە تەنھا داوای مافەکانی خۆیان وھاونیشتمانیەکانیان کردوە, وناڕەزایان دەربڕیووە دژی نادادی وستەمکاری و گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی گشتی وڵات بەشداری خۆپیشاندانەکانی کردووە.

ئەم سیاسەتەی کەدەسەڵات لە ھەرێمی کوردستان پەیڕەوی لێدەکات، سیاسەتێکی فاشیستانەیەو لە ھەمان کاتیشدا سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستانمان بیردەخاتەوە کە بەرامبەر میللەتەکەمان پڕاکتیزەیانکردوە وپڕاکتیزەی دەکەن, ڕیشەیەکی مێژووی ھەیە لە کۆمەڵڵگەی ئێمەدا, جێگای داخە ئەم کەلتورە بە میرات بۆ دەسەڵاتی کوردی جێماوە, دەسەڵاتی کوردی ئەوەنە بێباکانەو مکوڕانە تاوان بەرامبەر میللەتەکەمان ئەنجامدەدات و ھەرگیز ھەست بە بەرپرسیاریًتی ناکات بەرامبەر بە گەلەکەی. ئەمەش ئەو ڕاستیە حاشا ھەڵنەگرەمان پێدەڵێت گەندەڵ نیشتمانی نیە تا بەرگری لێبکات و خزمەتی بکات, بەڵکو بەرژەوەندی ھەیە, بەرژەوەندی ومانەوەی دەسەڵات بەھەر میکانیزمێک بێت ئامادەیە بەکاری بھێنت و پەنای بۆ ببات.

سڵنەکردنەوە لە بەکارھێنانی ڕەمزە نەتەوەیەکان بۆ مەرامی خۆی یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی ئەم دەسەڵاتە. ئەو ھیزی پێشمەرگەیەی کە تادوێنی پارێزەر وشکۆی نەتەوەیەک بوو، ھەر ئەم ھێزە ئەمڕۆ خزێنراوەتە ناو شارو شارۆچکەکان ولەڕێگەی ئەم ھێزەوە خۆپیشاندەران سەرکوتدەکرێن.

دەسەڵاتی کوردی دەیەوێت ھاوشێوەی داگیرکەران مامەڵەبکات بکات، دوچاری جۆرێک لە غروری بۆتەوە و وا ھەستدەکات کەخۆی خالقی ئەم ئەزموونەیە، خەبات و قوربانیدانی نیو سەدە زیاتری ھاونیشتیمانیانی کوردستانی پشتگوێ خستووە, سوودمەندانی ئەم وڵاتە نوخبەیەکی دیاریکراو سنوردارن قوربانیەکانیش زۆرینەی ھاوڵاتیانی کوردستانن.

ئەم دەسەڵاتە فاشیستە چاوەشەکارە کە کاری لەسەر ختوکەدانی حەماسەتی نەتەوایەتی دەکردو، و بەڵێنی تەئسیسکردنی دەوڵەتی بەگوێماندا دەچرپاندو موژدەی دەوڵەتێکی خۆشگوزەران و مۆدێرون دیموکراسی پێدەداین, ھەر ئەم دەسەڵاتە ڕۆڵەکانی ئەم نیشتیمانە شەھیدەکات و شکۆیان دەشکێنێت، بەڵام ئامادەیە لەپێناو( لوحدە العراق)خۆیان فێری زمانی عەرەبی بکەن. ئەم رٍەفتارانەی دەسەڵات پێمان دەڵێت کە ئەم دەسەڵاتە خەمخۆر و دڵًسۆزی ھاوڵاتیان نیە، بەڵکو کاری ھێشتنەوەی خۆیەتی بە ھەر جۆرێک بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.