ئەرێ یەکێتی بۆچی فریای خۆی ناکەوێ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 442 جار بینراوە

سەڵاح زانا

دۆخی یەکێتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتردەبێت، لە ھەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی کوردستاندا یەکێتی (۱۸) کورسی بەدەست ھێنا، ئێستا یەکێتی لەبەر ئەم ھۆیانەی خوارەوە زۆر لاوازتر بوە؛

۱) ململانێ و دوبەرەکیەکانی ناوخۆی زۆر زیاتر بوە.
۲) بەرھەم ێالح و لایەنگرانی لێی جیابونەتەوە.
۳) بێ ھەڵوێستی یەکێتی لە کێشەی پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم و پشتیوانی کردنی بارزانی لە پرسی ریفراندۆم، کاریگەریەکی خراپی ھەبوو لەسەر لاواز کردنی پێگەی جەماوەری یەکێتی.
٤) بەشێکی زۆری بەرپرسیاریەتی شکستی کورد لە کەرکوک لە مانگی (۱٠) ی ئەم ساڵ خرایە ئەستۆی یەکێتی.
٥) یەکێتی مامەڵەیەکی زۆر ھەڵەی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایدا کرد، لەبری پشتیوانیکردن لە نارەزایی خەڵک بڕیاریدا بەھێز سەرکوتی خۆپیشاندانەکان بکات، بەمەش ڕقێکی زۆری لای خەڵک دروست کرد بەرامبەر بە خۆی.

ئەگەر بە ووردی سەرنجی دۆخی یەکێتی بدەین، چەندین پرسیارمان دەربارەی ئەم حیزبە بۆ دروست دەبێت، ئاخۆ لەبەر چی سەرکردایەتی یەکێتی لە بری ئەوەی ھەوڵ بدات خەڵک بەرامبەر بە خۆیان ئاشت بکەنەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵک زیاتر لە خۆیان دەتۆرێنن؟ ئایا سەرکردایەتی یەکێتی دۆخی حیزبەکەیان لەبەرچاو نیە یان سەرقاڵن بە ھەندێ کێشەی لاوەکیەوە؟ ئایا لە تێڕوانینی سەرکردایەتی یەکێتیدا بە تەنگەوە ھاتنی ئایندەی حیزب لە یەکلا کردنەوەی ململانێ ناوخۆییەکان گرنگتر نیە؟

زۆر ئاشکرایە ئەگەر یەکێتی بەم دۆخەی ئێستاوە بچێتە ناو پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە، دوچاری شکستێکی زۆر گەورە دەبێت، سوتاندنی بارەگاکانی یەکێتی لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە، پەیامێکی زۆر ترسناکە بۆ سەرکردایەتی ئەم حیزبە ئەمە
دەری دەخا کە یەکێتی ئەم خۆشەویستیەی جارانی لای خەڵک نەماوە، خەڵک بەشێکی زۆری بەرپرسیاریەتی ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان دەخاتە ئەستۆی یەکێتی، پێویست بوو یەکێتی سودێکی زۆر لە رووداوەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایی وەربگرێت، دەبوایە لە بری پەنا بردنە بەر توندوتیژی خۆی کردبا بە خاوەنی داخوازیەکانی خەڵک، وە ئامادەیی خۆی نیشانبدایە بۆ ھەوڵدانێکی راستەقینە لە پێناو چارەسەر کردنی بارودۆخی وڵات، بەرەسمی داوای لە حکومەت کردبا کە چارەسەرێکی بە پەلە و گونجاو بدۆزێتەوە بۆ ئەم ھەلومەرجەی کە ھاتۆتە پێش، وە داوای کردبا ئەگەر حکومەت لە توانایدا نیە ئەم بارودۆخە چارەسەر بکات ئەوا ھەوڵ بدات بە ھەر شێوەیەک بێ لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا رێک بکەوێت، ئەگەر لە کاتێکدا حکومەتی ھەرێم ئامادە نەبێ ھیچ ھەنگاوێ بنێ بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە.

یەکێتی دەیتوانی ئامادەیی خۆی نیشان بدات بۆ وتوێژ کردن لەگەڵ بەغدا لە پێناو چارەسەرکردنی بارودۆخی ( زۆنی سەوز ) بێگومان ئەو کات یەکێتی پشتیوانیەکی بەھێزی جەماوەری بەدەست دەھێنا، ئەمەش دەبوە ھۆی ھاتنە ئارای ئاشتبونەوەیەکی باش لە نێوان یەکێتی و جەماوەردا.

لە راستیدا ئەوەی زۆر جێگەی تێڕامانە ، ململانێی جەمسەرەکانی نێو یەکێتی باڵی بەسەر سیاسەتی گشتی حیزبەکەدا کێشاوە، جەمسەرێکیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران زۆر توندە و جەمسەرێکی تر ھاوسۆزی دەردەبڕێ بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکان، وە بە تەواوی ھەست بەوە دەکرێ کە باڵی دەست رۆیشتووی ناو یەکێتی ھەوڵدەدات سود لەم دەرفەتە وەربگرێ بۆ پاکتاو کردنی پێگەی نەیارەکانی لە ناو حیزبدا .

جێگەی داخە کە ئیمڕۆ ھیچ کەس نابینرێ بە راستی لە خەمی دوا رۆژی یەکێتیدا بێ، ئایا سەرکردەکانی ئەم حیزبە بیر لەوە ناکەنەوە ئەگەر یەکێتی داھاتوێکی خراپی ھەبێت ئەوا ھەمویان بە دۆڕاوی لە یاریەکە دێنە دەرەوە، بە راستی دوا رۆژی یەکێتی لە مەترسی دایە کەواتە بۆچی یەکێتی فریای خۆی ناکەوێ؟!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.