هەرێمی کوردستانی بێ نەوشیروان مستەفا؛ تونس هەڵدەبژێرێ یان سوریا و لیبیا و یەمەن؟

لەلایەن ستاندار Posted on 485 جار بینراوە

هەرێمی کوردستانی بێ نەوشیروان مستەفا؛ تونس هەڵدەبژێرێ یان سوریا و لیبیا و یەمەن؟

کەمال چۆمانی

لە مێژوی بزوتنەوەی کوردایەتیی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق، هیچ ناوێک هێندەی نەوشیروان مستەفا لە خەباتی چەکدارییدا دیار نییە. لەناو هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پێشمەرگەکانی سەردەمی خەباتیشدا، تەنانەت ئەو کاتەی بزوتنەوەی گۆڕانیشی رانەگەیاندبو و ئەو کاتەش گۆڕانی راگەیاند، سەدان و هەزاران کەس پشتیوانیی بون، بەتایبەت ئەوانەی بڕوایان بە ریفۆرمێکی ریشەیی بو. کەچی نەوشیروان مستەفا لە سەختترین کاتەکانی خەباتی دوای ٢٠٠٩دا، دانی بە خۆیدا گرت و بەردەوامیی بە خەباتی مەدەنیی دا. ئەو ئەگەر خەباتی چەکداریشی راگەیاندبوایە، ئەگەری سەرکەوتنی بەهێز بو چونکە کەسایەتییەکی خۆشەویست بو لەناو خەڵک، جەماوەری زۆری هەبو، پێشمەرگە و بەرپرسی پێشمەرگەی زۆری لەگەڵ بو و خۆشی لە تەواوی بەرپرسانی کورد لە شەڕی چەکداریی شارەزاتر و لێهاتوتر بو. ئەو بە دوای گۆڕانێکی روت نەبو لە سیستەمی سیاسییدا، بەڵکو گۆڕانێکی دەویست لە کۆی کایەکانی جڤاک و حوکمڕانیی و قەزائیی و سەربازیی و ئابوریی و دارایی و سیاسیی. ئەگەر خەباتی چەکدارییش راگەیەنرابوایە دژ بە لۆردانی نەوت، ئەو هێشتا دەیتوانی ئەو خەباتە چەکدارییە بەو ئاراستەیە نەبێت کە لە سوریا و لیبیا بینیمان و بەتەواوی جیاواز بێت بەو پێیەی ئەو دەیتوانی دۆخی فەوزا رێکبخات و ئاراستەی بکات. لە هەبونی ئەویشدا، کەس نەیدەتوانی بەرەی جیاواز دروستبکات چونکە هەر دەرچونێک لەو هێڵەی ئەو دیاریدەکرد، ئاسان نەبو جەماوەر کۆبکاتەوە و هێز دروستبکات.

ئێستا کە نەوشیروان مستەفا لەناومان نییە هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیی شەڕی ناوخۆیە بەو پێیەی:

– کەسێک و هێزێک نییە سەرکردایەتیی خۆپیشاندانەکان بکات، یان ئاراستەیان بکات.

– هەر هێز و کەسێکیش بیەوێت رێبەرایەتیی خۆپیشاندانەکان بکات هێز و کەس و گروپی دی ئاسان قبوڵیناکەن.

– ململانێ ناوخۆییەکانی ناو یەکێتیی ئەگەری هەیە ئاراستەی توندوتیژ وەربگرن.

– ئارەزوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و وڵاتانی ناوخۆ بەو ئاراستەیە نییە یەکێتیی و پارتیی بپارێزن، تەنانەت عێڕاقیش پێکدادانێکی ماوە کورتی لا ئاساییە، لەوانەیە پێشیان خۆش بێت تا بەتەواوی دەستەڵاتدارێتیی یەکێتیی و پارتیی لاواز ببێت.

– هێشتاش کۆمەڵگای کوردیی ئامادەیی سەرهەڵدانی گروپی سەلەفیی توندڕەویی ئیسلامیی تێدایە.

– ئەوەی زۆر زۆر وا دەکات ئەو شەڕە ناوخۆیییە ئاسان بێت و ئەگەری سەرهەڵدانی زیاتر بێت، وەڵامنەدانەوەی خۆپیشاندەران و داواکارییەکانیانە. ئەوەشی وای کردوە هێشتا ئەو شەڕە ناوخۆیییە دروستنەبێت، بڕوابونی بەشێکی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەت گۆڕان، وانەوەرگرتنیشە لە بیری نەوشیروان مستەفا، کە خەباتی چەکداریی چارەسەریی بنەڕەتییی کێشەکانی هەرێمی کوردستان ناکات، ئەگەر خەباتی چەکداریی چارەسەر بوایە، نەوشیروان مستەفا دەیکرد چونکە لە هەموان بەهێزتر و کاریگەرتر بو. ئێستا خەڵکی کوردستان و بەتایبەت گەنجان، پێیان وایە ئەوان و هیچ گروپ و کەسێکی تر لە نەوشیروان مستەفا بەهێزتر نابێت بۆ سەرخستنی خەباتی مەدەنیی، بۆیە تەنها رێگای چارەسەریی خەباتی چەکدارییە چونکە عەقڵییەتی یەکێتیی و پارتیی و سەرکردایەتییەکەیان زیاتر لە هی بەشار ئەسەد و قەزافییی و عەلی عەبدوڵا ساڵح نزیکترە.

بەڵام ئەو بڕوایە تا سەر بەهێز نەبێت. گۆشبون بە بیری نەوشیروان مستەفاش تا سەر نابێت. ئەگەر داواکارییەکانی خۆپیشاندەران وەڵامنەدرێنەوە، بەدڵنیایی هەرێمی کوردستان لەبەردەم پێکدادانێکی سەخت دەبێت. حکومەتی یەکێتیی و پارتیی شکستخواردوە، هیچ چارەسەرییەکی پێ نییە. روبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران بە چەکی هاوپەیمانان و بەو شێوەیە دڕندانەیە و بێئەخلاقانە، بژاردەیەکی لەبەردەم خەباتی مەدەنیی نەهێشتۆتەوە. ئەوانەشی بڕوایان بە خەباتی مەدەنیی هەیە دەنگیان لاواز دەبێت و دەنگی ئەوان زیاتر دەبیسترێت کە بڕوایان بە خەباتی چەکداریی هەیە. بۆیە،

باشترین چارەسەریی تا ئەو دۆخە بەتەواوی نەتەقێتەوە:

– هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەیەکی کاتیی کە ئامادەکاریی بکات بۆ هەڵبژاردن، مەرجە دەستورییەکانی بەغداد جێبەجێبکات بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ، بێلایەنکردنی هێزی پێشمەرگە و ئاساییش و دورخستنەوەیان لە ململانێکان و هەموارکردنەوەی قانونی سەرۆکایەتیی هەرێم بە ئاراستەی سیستەمێکی پارلەمانیی.

چارەسەرییەکانی تر دەبێت لە چوارچێوەی پاکێجێکی گشتگیر و ورد بن، ئەوەی من گوتومە تەنها بۆ ئەوەیە ئەو دۆخە نەتەقێتەوە و دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە تا بتوانین لەسەر ئەو پاکێجە گشتگیر و چارەسەرییە گشتییە رێکبکەوین، ئەگەرنا رونە کێشە و قەیرانەکانی هەرێم زۆر قوڵترن لەوەی کە باسمکردوە. یەکێتیی و پارتیی هیچ دەرفەتێکیان لەبەردەم نەماوە؛ یان دەبێت داواکانی خۆپیشاندەران و خەڵکی کوردستان جێبەجێبکەن، یان بەردەوامیی بدەن بە بەسەربازگەکردنی شار و شارۆچکەکان و دامرکاندنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان تا هەرێمی کوردستان وەک لیبیا، یەمەن، سوریای بەسەردێت. لە بەردەوامیی سیاسەتی یەکێتیی و پارتیی و حکومەتی هەرێم دو ئەنجام هەن؛ یان وەک بەشار ئەسەد دەمێننەوە، یان وەک قەزافیی دەمرن. هەردوکیان لە یەکتر خراپترن.

هەرێمی کوردستانی بێ نەوشیروان مستەفا، یان دەبێتە تونس کە وردە وردە چاکسازیی و گۆڕانکارییەکان بچنە پێش سەڕەرای هەبونی زۆر کێشە و ئاڵنگاریی کە تێیدا دەستاودەستکردنی دەستەڵات دروستببێت و لە شەڕ دوربخرێتەوە، یان دەبێتە یەمەن و لیبیا و سوریا کە کاریگەرییەکانی شەڕی ناوخۆ و کوشتن و بڕین بۆ دەیان ساڵی تریش کۆتایی نایەت. کاتێک بزوتنەوەی سەوز لە ئێران دامرکێنرایەوە، بەرەی ئیسلاحخوازان بە شێوەی تر خۆیان رێکخست چونکە هەر تەقینەوەیەکی ناوەکیی لە ئێراندا، وای دەکرد وڵاتانی دەرەکیی بەخراپیی دەستبخەنە ناو کاروباری ئێران کە لە بەرژەوەندیی خۆیان نەدەبو، بەڵام لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەو تەقینەوەیە ناوەکییە دروستببێت، زۆرێک پێیان وایە لە بەرژەوەندیی یەکێتیی و پارتیی نابێت بەتایبەت کە لە ئەمڕۆدا لە هەر رۆژێک زیاتر پەراوێزخراون و ئەمریکا و عێڕاق و ئێران و تورکیا دژیانن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.