گەورە راوێژکارێکی سەرۆک کۆمار: حکومەتی ھەرێم شکستی ھێناوەو دەبێ بڕوات

لەلایەن ستاندار Posted on 485 جار بینراوە

ستاندەر

دکتۆر لەتیف رەشید گەورە راوێژکاری سەرۆک کۆماری عیراق لەدیدارێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند” مەسعود بارزانی دەستی لەدەسەڵات ھەڵنەگرتوە، ئێستاش لەپشتی پەردەوە ھەمو دەسەڵاتەکانی خۆی مومارەسە ئەکات، حکومەتیش ھیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەھاتوەو، حکومەتێکی شکستخواردوەو ئەبێ بڕوات”. ئاماژەی بەوەشداوە” سەرلەبەری ناکۆکیەکانی نێوان ھەولێرو بەغداش سەبەبەکەی میزاجی شەخسی سەرکردەکانە بەتایبەتیش مەسعود بارزانی”.
دکتۆر لەتیف کە پێشتر وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عیراق بوەو ئێستا بەکەسایەتیەکی سیاسی گەورە لەسەر ئاستی عیراقدا دەناسرێت لەدیدارێکی رۆژنامەوانی لەگەڵ رۆژنامەی ( سەباح ئەلجەدید) ی بەغدادی تیشکی خستە سەر ناکۆکیەکانی نێوان ھەرێمو بەغداو ھۆکارەکانی پشتی ئەم ناکۆکیانە ‌و ئاسۆی چارەسەریەکان و وتی” بەداخەوە ھیچ ئەساسێکی ئایدیایی وسیاسی وئابوری نابینم بۆ ناکۆکیەکانی نێوان ھەولێرو بەغدا، بەڵکو مەسەلەکە سەرلەبەری میزاجی شەخسی بەشێک لە سەرکردەکانمانە بەتایبەتیش مەسعود بارزانی کە کاری سیاسی بەمیزاجی شەخسییەوە ئەکات و وەزعی میللەتەکەی گەیاندە ئەو رۆژەوە، کە میللەت توشی قەیرانێکی قووڵی دارایی بوەو خەڵک نانی نەماوەو موچەی بڕاوە. ھۆکاری سەرەکی ئەو ناکۆکیانەش ئەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی فاشیلی ئابوری و فرۆشتنی نەوتی کوردستان بەسەربەخۆیی و تەسلیم نەکردنی داھاتەکان بەبەغدا” . ئاماژەی بەوەشدا” بەغدا بەپێی یاسای بودجە ساڵانە بەشێکی بۆ کوردستان تەرخان کردوە، بەپێی یاساش ئەبێ تۆ کە پارە لەدەوڵەت وەرئەگری لەکۆتایی ساڵدا کەشفی حیساباتی بۆ بکەی، بۆ ئەوەی دەوڵەت بزانێ ئەم پارەیەت چۆن سەرفکردوە ، ئەبێ داھاتەکانت تەسلیم بکەی تا بەشی بودجە وەربگری ، بەڵام دەسەڵاتدارانی ھەرێم پارەیان وەرگرتوەو کەس نازانی چی لێھاتوە، ئەم مەسەلانە بەگۆترە نابێ ، ئەبێ بەپێی یاسا دیاری بکەی پارەکە چوە بۆ کوێ ، ھیچ مەعقوڵیش نیە لە ھەرێمێکدا ئەو ھەمو نەوتە دەربکرێ وھەناردە بکرێ تەنیا سێ کەس لەدەسەڵات بزانێ داھاتەکانی چۆنەو لەکوێیەو بۆ کوێ چوە ، نە پەرلەمان نە ئەنجومەنی وەزیران نە ھیچ کەسێک لەم ھەرێمە غەیری ئەو سێ کەسە نازانن داھاتەکە چەندەو بۆ کوێ ئەڕوات”.
دکتۆر لەتیف لەدرێژەی قسەکانیدا راشکاوانە بەشێکی بەرپرسیاریەتی ئەو نەھامەتیانەی خستە سەرشانی بەغداشەوەو وتی” ئەوەی رویداوە تەنھا حکومەتی ھەرێم بەرپرسیار نیە لێی، بەڵکو بەشێکی حکومەتی ئیتحیادی لەئەستۆیەتی، چونکە کاتێک بەچاوی خۆی ئەم شتانەی بینیوە بێدەنگی لێکردوەو،تەنانەت ئەبوایە لەکاتی داخستنی پەرلەمانیشدا بەئەرکی خۆی ھەڵسایە”.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەش کەوا رەنگە حکومەتی بەغدا لەترسی روبەروبونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ھەرێم ئەم بێدەنگییەی کردبێ، وتی” رەنگە ئەمە وابێ، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە لەبەرامبەر ئەم ھەمو پێشێلکارییانەی دەستورو یاسادا بێدەنگی بکات ، چونکە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ھەمو عیراقەو بەرپرسیارە لەھەر شتێک کە رووئەدات، بەتایبەت ئەمرۆ میللەتی کورد بەگشتی لەنەھامەتیدا ئەژین، میللەت کاری بەسەر ناکۆکی سیاسییەوە نیە، ئەو ئێستا بێ موچەیە نانی بڕاوەو برسییە، واجیبە لەسەر شانی حکومەتی بەغدا بەھانایەوە بچێ، عەبادی شەڕی گەندەڵی ئەکات ، لەگەڵ ھەرێمدا ناکۆکە، ھیچ پەیوەندی ئەمانە بەقوتی خەڵکەوە نیە، لەدونیادا نەبوە حکومەت موچەی خەڵکی نەدات، لەوڵاتان حکومەت بەم ھۆکارەوە ئەروخێ،لێرەدا ئەگەر حکومەتی ھەرێم بەشێکی گەورەی ئەم نەھامەتیانەی لەئەستۆ بێت، حکومەتی ئیتحیادیش بەشێکی بەر ئەکەوێ، بۆیە پێویستە بەغدا بەپەلە موچەی ئەو خەڵکە بنێرێ ، دواتر شەڕی خۆی لەسەر گەندەڵی بەرپرسانی ھەرێمدا بکات”.
سەبارەت بە ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێم لەبارەی رادەستکردنی دەروازە سنوریەکانو فرۆکەخانەکانو داھاتی نەوت بۆ بەغدا وەکو پێشمەرجێک بۆ ناردنی بودجەی ھەرێم، دکتۆر لەتیف وتی” نابێ ئەوەمان لەبێر بچێ کە حکومەتی ھەرێم بەشێکە لەدەوڵەتی ئیتیحادی ، ئەمە بەدەستی خۆمان وەکو کورد لەدەستوری عیراقدا نوسیوە، ئەبێ حکومەتی ھەرێم بەم پێوەرە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات، دەستور دەسەڵاتەکانی ھەرێم وحکومەتی ئیتیحادی دیاری کردوە، با بەپێی دەستور کێشەکان چارەسەر بکرێن، کێشەی ئەو وڵاتەی ئێمە لەوەدایە ھەمو شتێکمان لەسەر کاغەز نوسیوە، بەڵام کەس پابەند نیە پێوەی.
لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانوستانی نێوان ھەولێرو بەغداش ئاماژەی بەوەدا” حکومەتی ئێستای ھەرێم حکومەتێکی فاشیلەو، بەغداش ئەزانێ ئەم حکومەتە نوێنەرایەتی گەلی کوردستان ناکات ، بۆیە نایەوێ لەگەڵی بکەوێتە دانوستانەوەو داوای وەفدی سەرجەم لایەنەکان ئەکات. حکومەتی ھەرێمی کوردستان شارەزاییەکی سیاسی ئەوتۆی نیە بتوانێ لەدانوستان لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێ، پێویستە پەرلەمانی کوردستان رۆڵی ھەبێ، بۆچی پەرلەمانی ئێمە نەیتوانیوە وەفدێک بنێرێتە بەغدا لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەراندا بکەوێتە گفتوگۆ و پرۆژەیەک ئامادە بکەن بۆ چارەسەری کێشەکان؟. پێویستە پەرلەمان کار بۆ ئەوە بکات ئەم حکومەتە شکستخواردوەی ئێستای ھەرێم دەست لەکار بکێشێتەوە و حکومەتێکی تازە دابمەزرێ تا قەناعەت بەبەغدا بێنێ کە ئەم حکومەتە تازەیە نوێنەرایەتی ھەمو خەڵکی کوردستان ئەکات، ئەو کاتە بەغداش ناچار ئەبێ مامەڵە لەگەڵ ئەو حکومەتە تازەیە بکات، نەوەک حکومەتێک تەنھا لەبەرژەوەندی حیزبەکانی دەسەڵاتدا بێت”.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا کەموکورتیەکە تەنھا لەحکومەتی ھەرێمدایە، یاخود بەغداش بەرپرسیارە، دکتۆر لەتیف وتی” ھەڵبەت من ناڵێم ئەوانەی بەغدا ھەمویان فریشتەن، ئەوانیش بەرپرسیارن، بەڵام نەئەبو حکومەتی ئیتیحیادی چاوپۆشی لەو ھەمو ئیجرائاتەی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی بکردایە بەرامبەر بەمیللەتەکەی، داخستنی پەرلەمانو دەرکردنی وەزیرانو سیاسەتی فاشیلی نەوتی سەربەخۆ ، بەحیزبیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت، ئەمانە بەگشتی کێشە سەرەکیەکانی ھەرێمن کە نەئەبو حکومەتی ئیتحیای لەمەسئولیەتی را بکات، چونکە حکومەتی ھەرێم بەشێکە لەدەوڵەتی فیدرالی بەپێی دەستوری عیراق، دەوڵەتێکی سەربەخۆ نیە تا ھیچ حیساب بۆ حکومەتی ئیتحیادی نەکات، ئێستاش پێموایە ئەگەر ئەو حکومەتەی ئێستای ھەرێم بگۆڕدرێ ، ئەوسا کەشێکی لەبارتر دێتە پێشەوە بۆ دانوستانو چارەسەری سەرجەم کێشەکان و گێڕانەوەی مافی ھاوڵاتیانی کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.