نەخشەی حەلكردنی حیزبی چەكدار

لەلایەن ستاندار Posted on 454 جار بینراوە

فەرمان ڕەشاد

یەكێك لەناشرینیە هەرە زەقەكانی دوو حیزبی دەسەڵاتداری كوردستان ئەوەیە خاوەنی هێزی چەكدارین، خاوەنی ئاسایش و زیندانی تایبەتن كە بۆ كاتە پێویستیەكانیان بەكاریدەهێنن، ئەگەرچی لە دوای ڕاپەرینەوە تاكو ئێستاش چەندین پرۆژەی جۆراوجۆر هەبوە بۆ یەكخستن و بەنیشتیمانیكردنی هێزی پێشمەرگە بەڵام سەرجەمی هەوڵەكان شكستی هێناوە چونكە ئیرادەی راستەقینە نەبوە.

هەتا هێزی پێشمەرگە و دامەزراوەكانی ئاسایش لەلایەن حیزبەوە بەڕێوە ببرێت نە دیموكراتیەكی ڕاستەقینە دروست دەبێ و نە ململانێیەكی شەریفانە و هاوسەنگیش دێتە بون و نە دەستی حیزبیش لە كایەی بەرێوەبردنی وڵات كورت دەبێتەوە وە نەشەڕی گەندەڵیش لە كوردستان سەركەوتوو دەبێت چونكە هەمیشە هێزی سەربازی ئەو دوو حیزبە خراپ بەكارهێنراون بۆ پاراستن و درێژەدان بەگەندەڵی.

ئەو ڕووداوانەی چەند رۆژی ڕابردوو لە خۆپیشاندانەكان دیسان چەك كردنی حیزبە چەكدارەكانی وەك پێویستیەكی حەتمی هێناوە ئارایەوە، چونكە كاتێك خۆپیشاندەران چونە سەر باڵەخانە حكومیەكان بەبێ ئەوەی كەس بریندار بكرێت سوتێنران، بەڵام كاتێك چونە سەر بارەگا حیزبیەكانی پارتی و یەكێتی دەبینین خەڵك كوژراو و بریندار كرا، واتە ئەو هێزە ئەمنی و چەكداریە هەمیشە  بۆ پاراستنی بارەگای حیزب و بەرژەوەندیەكانی بەكاردەهێندرێت و هیچ رۆڵێكی نیە لە پاراستنی بەرژەوەندیە گشتیەكان، ئەوە جگە لەوەی لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجە هێزەكانی ئاسایش بە رێگای ڕفاندن و هەڕەشەی جۆراوجۆر خەڵك سەركوت دەكەن، بۆیە بەلەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستیانە پێویستە هەریەك لەو دامەزراوانە ببنە موڵكی خەڵك و، خەڵك بپارێزن.

هەنگاوێكی لەو شێوەیەش بەوە دێتە بوون كە چاكسازی لە لیستی موچەی پێشمەرگە بكرێت و، خەڵكی ناشایستە دووربخرێنەوە كە ژمارەیان زۆر لە پێشمەرگەی ڕاستەقینە زیاترە، نزیكەی ٦٠ هەزار كەس بە ناوی پاسەوان موچەی پێشمەرگە وەردەگرن، پێویست دەكات پاڵپشتی حكومەتی عێراق بكرێت بۆ ئەوەی وردبینی بكرێ لەو ناوانە و جیاكردنەوەی خەڵكی ناشایستە و، لەوێشەوە بانگەواز بكرێت بۆ تۆماركردنەوەی سەر لەنوێی پێشمەرگە لە ژێر چاودێری دامەزراوەی بەرگری لە عێراق و هەرێمیش بەجۆرێك كۆتایی بە یەكەكانی ٧٠ و ٨٠ بهێندرێت، هەروەها پاڵپشتی دەركردنی پرۆژە بڕیارێك بكرێت لە ئەنجومەنی نوێنەران كە هەر حیزبێك هێزی چەكداری هەبێ بۆی نەبێ بەشداری هەڵبژاردن بكات و، بە فەرمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش كاری پێبكات، سەبارەت بە دامەزراوە ئەمنیەكانیش بەهەمان شێوە لە چنگی حیزب دەرهێندرێت و، سەرلەنوێ دابرێژرێنەوە بەگوێرەی پێویستی ئەمنیەتی ناوچەكانی كوردستان نەك حیزب، پۆستەكانیش نەبەسترێنەوە بە هیچ حیزبێك، بۆ ئەوەش بەهەمان شێوە لە پرۆسەی وردبینی لەناوی ئەو سلكە دەستپێدەكات.

وەرگرتنەوەی چەك لە حیزب ئێستا بۆتە داخوازییەكی ناوخۆیی بەگوێرەی یاسای حیزبەكانی كوردستان و داوای حكومەتی عێراقیش بەگوێرەی دەستور و ویستێكی نێودەوڵەتیش بەتایبەت ئەمریكا،  بۆیە ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ سەندنەوەی چەك لە پارتی و یەكێتی یاخود قەدەغەكردنیان لە پرۆسەی سیاسی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.