گە نج وکۆمەڵگا ………….

لەلایەن ستاندار Posted on 1939 جار بینراوە

‎ ھوشمند قادر

‎ھیچ کۆمەڵگایەک بەتەواوەتی ناکەوێتە سەرپێی خۆی‌و شانبەشانی تازەگەری‌و داھێنان‌و بەجیھانی بوون گوزەرو گەشەناکات ئەگەر گەنجان گڕو تین‌و بزوێنەری نەبن، ئایندەی ھەر کۆمەڵگایەکیش بەبێ‌ھێزو ھزری گەنج ئفلیج‌و ناتەواو و ناکامڵ دەبێت.

‎- خۆشکردنی زەمینەی لەبارو گونجاوو دڵنیاو گەشەپێدراو و پێشکەوتوو شانبەشانی پشتگیری کردنی مادی‌و مەعنەوی‌و زانستی‌و ڕۆشنبیری‌و سیستەمی ئابووری بەرنامە بۆ داڕێژراو بەھێز‌و پتەو، بەردەوام بوون لە رۆخی نەوەی داھاتودا جێگیر دەکات‌و سەرجەم ئەو لایەنە گرنگانە دەبنە بنچینەی دروستکردنی ئایندەی وڵات بەجۆرێک کە شان بەشانی شارستانیەتی پێشکەوتوی جیھان رێبکات. بە پێچەوانەشەوە پەروەردەیەک لەژێر پەردەی تاریکی دابونەریتی فەرامۆشکردن‌و گوێنەدان بە تواناو بێ‌بایەخکردنی ھەوڵەکان‌و بۆچونە نوێکان لەلایەن ئەقڵی دوا کەوتو و بیری ھەڵقرچاوەوە، ئاڕاستەی شارستانیەتی کۆمەڵگا بەرەو ھەڵدێر و نەمان‌و داڕمان دەبات، یاخود کاریگەری دواکەوتویی کۆمەڵگاو بەکارھێنانی نەوەی نوێ بۆ قۆستنەوەی بەرژەوەندیە سیاسیەکان، کێشەو گرفتەکان بەھەڵواسراوی‌و بێجارەسەر دەھێڵێتەوەو پاشان کۆمەڵگا چاواڕوانی گزنگی بەرەبەیان لە نەوەیەک دەکات کە تا ھەنووکە جگە لە سەرکوتکردن‌و ھەڵخەڵەتادن‌و دووبەرەکی‌و ناوچەگەرێتی بەھیچ شێوازێک لایەنە مەعریفییەکانی ژیانی پێکەوە بوون‌و بەکۆمەڵ کارکردن‌و چەندین جوانکاری تری گرنگی فێرنەکراوەو نەخراوەتە پێش چاو، ئەمە جگە لەوەی کێبڕکێ لە ململانێ‌و ھەوڵەکان بۆ بەدەستھێنانی پلە ئابووری‌و دەسکەوتە ماددییەکان بۆتە دێوەزمەیەکی پڕمەترسی لەناو گەنجاندا کەلێرەدا دەزگا ڕۆشنبیریی‌و فیکرییەکان‌و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن تاوانباری یەکەمن چونکە نەیانتوانیوە بابەتیانە کاریگەریی خۆیان ھەبێت لەسەر گەنجان لەو بوارانەدا

‎کۆڵنەدان و ئەرک و ماندووبوون‌و نەھامەتیەکانی نەوەی پێشتر کە لەچەند روویەکی دیاریکراوەوە ئەم سەربەستیەی بۆ ئێمە ڕەخسان بەرزو پیرۆز دەنرخێنم، دەنا نەدەبوو و نەدەتوانراش ئێستا من پێشنیار بکەم، بۆیە دەڵێم بەداخەوە دێرەکانی سەروتر‌و سەرەتا راستیەکی حاشاھەڵنەگرەو ئەیسەلمێنێت کە نەوەکانی پێشتر‌و بەتایبەتی ئەو نەوەیەی لەماوەی حوکمڕانی خۆیی چەند ساڵەی رابردوودا نەیتوانیوە کاریگەری تەواوی فیکری لەسەر شەقامی کۆمەڵایەتی و کلتوری و ڕۆشنبیری‌و مەعریفی نەوەکەی دوای خۆی ھەبێت، بۆیە لێرەدا ‌ڕاستیەکان ناخوێنرێنەوە و کەم تەرخەمیەکانیش نابینرێن، دۆڕاندنەکان بە کەماڵی دڵی خۆمان‌و بە پێی بازاڕی سیاسی‌و پلەو پایەو بەرپرسیارێتی دەگۆڕین بۆ بردنەوە و بردنەوەکانیش لەکەدار‌و ناشرین دەکەین، ئەو ھەڵانەی ئێستا گەنج پێیدا تێدەپەڕێت‌و ئەوانەی ئایندەش، نەوەی پێشتر لێی بەرپرسیارن، بەواتایەکی تر مرۆڤ چی بچێنێت ئەوە دەدورێتەوە.

‎ئەم نەوە نوێیەی ئێستا لە قۆناغەکانی گەنجیدان بەباشی درک بەو چەرمەسەرییانەی ئێستاو ئایندە دەکەن‌و دەشزانن ئەرکەکانیان لەرووی فیکریەوە سەختتر‌و گرانترە لەنەوەکانی پێش خۆی، چونکە لەم کاتەدا ژیان مۆدیرنەو بەجیھانی بوون دەخوازێت، بەڵام زەمینەی لەبار‌و کەرەستەو پێداویستییەکانیش بۆ ئەو بەجیھانی بوونە یان ھەر نییە یان زۆربەکەمی دابین کراوەو دەشبێت نەوەی نوێ زیاتر تەحەمولی ئەو بەرپرسیاریتیە سەختە بکات کە بەدرێژایی مێژووی دەسەڵاتە یەک لەدوایی یەکەکانی عیڕاق‌و ولاتانی دەوروبەر ھەرلە ماڵوێرانی‌و چەرمەسەری و ڕاکردن و تێھەلدان و ململانێی دەسەلات و سنوردارکردنی ئازدی تاک لەدژی ھاتوونەتە بوون، ھەموو ئەوانە کۆچیان بە ناخی گەنج کردووە و سەقمگیریان تیادا لەدەستداوەو ناخی دەرەکی و بیانیان تیادا جێگیر کردووە و توشی لادان و گۆشەگیریان کردوون و بوونەتە پێکھاتەیەک کە نەتوانن شانبەشانی گۆڕانکارییەکانی سەردەم بگوزەرێن، لە بوارە فکرییەکانیشدا دیسانەوە بیرکردنەوەکانیان زیاتر بەرەو پەرتوکە ئاسمانییەکان بەبەرتەسکی داگیر کراوە و بەکارھێنراوە.

‎لێرەدا پێویست بە ھەڵوێستەیەکی جدی ھەیە..، گرنگە ئەوانەی ئێستا بەرپرس و دەسەڵاتدار و رۆشنبیر و بیرمەندن و پێکھاتەی نەوەی پێش ئێمەن، ڕەگ و ڕیشەی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناوەرۆکی گەنجاندا ھەڵبکەنن و ھەوڵ بدەن بە تەواوەتی کار بۆ ئایندەیەکی تۆکمەی نەوەکانی داھاتوو بکەن و ھەموو چەرمەسەرییەکانی رۆژگاری نەھامەتی وەرگێڕن بۆزمانێکی شیرینی لێکتێگەشتن و ئاشتەوایی نێوان گەنجان و خۆیان، خۆ فەرز کردن و گوێنەدان بەو چینە گرنگە و فرۆشنتەوەی ھیلاکبوون و ماندوێتی رابردوو پێیان، گەنجان رووبەرووی تێکشکان و لیکترازان باوەڕ بەخۆنەبوون دەکات.

‎رۆشنبیرکردنەوەی گەنج لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا و پشتگیریکردن و دەستگرتن و کۆمەک کردن و ھاوکاریکردنیان لەرووەکانی مادی و مەعنەوییەوە ئەرکی سەرشانی دەوڵەت و پارت و دەزگاڕۆشنبیریەکان و کۆمەڵگایە، بەڵام ئەو کۆمەک و ھاوکاری و پشتگیریکردنە بەشێوازێکی بەرنامە دارێژراو پراکتیزە بکرێت کە خودی گەنج تەمەڵ و بێ بەرھەم نەکات، بەواتایەکی تر مافی دەوڵەتیشە چاوەڕوانی داھێنان و تازەگەری بێت لەنەوەی نوێ لە کاتی بونی زەمینەی رەخساوو لەبار .

‎گرنگی دان بە کردنەوەی کارگەو کارخانەی خۆیی و یەکەی پیشەسازی بەرھەمھێنەر لەدوولایەنەوە خزمەت بە داھاتوو ژێرخانی ئابووری وڵات دەکات، یەکەمیان نەوەی نوێ سەرقاڵ دەکات بە بوارە ‌جیاجیاکانی پیشەسازی و تەکنەلۆژیاو داھێنان و بەکارھێنانی تواناکەنیان تەنانەت لەسەرجەم رووە فکرییەکانیشەوە، دووھەمیان دەستکەوتێکی گرنگە بۆ پتەو کردنی ژێرخانی ئابووری وڵات. بۆیە بەگەرخستنی ئەو ھێزە نوێیە بەو شێوازە، دوارۆژی نەوەیەک لە زۆر ھەڕەشەی مەترسی داری بۆ نموونە وەک ئابڵوقەی ئابووری و دژایەتی وڵاتانی دراوسێ دەپاریزێت کە لە ھەرکاتێکدا بوارە سیاسییەکان لەبەرژەوەندیان نەبوو سنوورەکان دادەخەن .

‎پێویستە ھەوڵ و تێکۆشانی ئەو نەتەوە و گەلانە وەک نمونە بخرێنە پێشچاو کە لەپێناو ئازادی و بیری نوێ و داھێناندا گەنجانیان سەروەریان تۆمارکردووە، گەلانی ئەمەریکای لاتینی چ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئێمەدا ھەیە کە دەیان ساڵ ژێردەستەی داگیرکەر بوون و دواتر زۆرداریی ناوخۆیی و سیستمە دیکتاتۆرییەکان، ئێستاش خۆشبەختانە زۆربەیان لەسایەی حوکمڕانی خۆییەوە بێلایەنانە و بەئازادی ژیان دەگوزەرێنن. ھەر نزیکتر و لای خۆشمانەوە ولاتانی یەکێتی سۆڤێتی ھەر لە ئۆکرانیاوە تاکو جۆرجیاو لیتوانیا، ھەمویان تۆمارێکی جوانیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەو شۆڕشانە بۆخۆیان نووسیوەتەوە کە بەتواناو ھێزی گەنج بەڕێوەبراون .

‎لێرەدا بە بڕوای من ئەوەی گەنج داوای دەکات بریتین لە لێکتێگەشتن و گوێ لێڕاگرتن و ھاوڕێیەتی کردنیان لەلایەن گەورەکانەوە، بەجدی کار کردن بۆ نەوەی نوێ و تەماشاکردنی بابەتیانەی گەنج، ئایندەیەکی پڕبەرھەم‌و دەوڵەمەند بۆ کۆمەڵگا بونیات دەنێت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.