یەکگرتوی ئیسلامی دوو حزب لەژێر یەک ناودا

لەلایەن ستاندار Posted on 430 جار بینراوە

سەباح محەمەد

کۆمەڵگەی کوردستان دابەشبووە بۆ دوو بەرەی سەرەکی و ناکۆک، بەرەی یەکەمیان بەرەی دەسەڵاتە کە پارتی و یەکێتی ڕابەرایەتی دەکەن، بەرەی دووەم بەرەی شەقام و دەنگی ناڕازییە کە شەقام ڕابەرایەتی دەکات و بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لەناو ئەو بەرەیەدا شوێنی خۆیان گرتوە، بەڵام ڕێبەرایەتی ئەم بەرەیە ناکەن، لەم نێوەندەدا حزبی چوارەمی ھەرێمی کوردستان کە یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لەناو ئەم دوو بەرەیەدا ھەڵواسراوە و خۆی ون کردووە، نە بەشدارێکی کارای دەسەڵاتە و نە ئۆپۆزسیۆن، لەم ئان و ساتەدا ئەم حزبە لە گێژاووی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا دەخولێتەوە و ناتوانێت بەرەیەک ھەڵبژێرێت.

ھۆکاری یەکلانەبوونەوە و بڕیارنەدانی یەکگرتو، دابەشبوونی ناوچەیی ناوخۆییە، و دوو ئاراستەی سیاسی جیاواز لەناو یەکگرتودا لە ململانێدان، ناوچەی بادینان بونەتە ئیمتیدادی سیاسەتی پارتی و لەبازنەی ھەنگاوەکانی پارتی ناچنە دەرەوە و پشتگیری لەپارتی دەکەن، لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی تری یەکگرتوو کە خەڵکی سلێمانی و ھەولێرن، بەڵام بەرژەوەندیی ھاوبەش لەگەڵ پارتی کۆیکردوونەتەوە، ئاراستەی سیاسی دووەم ئاراستەی ئەندامان و کادیرانی سنوری پارێزگای سلێمانیە، ئەم ئاراستەیە لە بەرەی شەقامەوە نزیکە و دەیەوێت یەکگرتو ببێتەوە بە ئۆپۆزسیۆن، و لەگەڵ شەقام ھەماھەنگ و ھاوکاربێت.

ئاراستەی زاڵ لەناویەکگرتودا بریتیە لە ئاراستەی بادینان، کە وەک حزبێکی جیاواز لە یەکگرتو مامەڵە دەکات، و بڕیاری یەکگرتو لای ئەمانە، بەڵگەی حاشا ھەڵنەگریش لەبەردەستە کە ئەم ئاراستەیە بۆ گۆڕینی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، لە پەرلەمانی کوردستان ئامادە نەبوون. نەکشانەوەی یەکگرتو لە کابینەی ھەشتەم، و پێدانی دەرفەت بە حکومەتی ھەرێم جۆرێکە لە مراوەغەی سیاسی، چونکە حکومەتی ھەرێم بیست و شەش ساڵە بەم شێوەیە بەڕێوەدەبرێت، کێشەکانی حوکمڕانیش بەردەوامن، بۆ نمونە کە ساڵی ١٩٩٢ کارەبا نەبوبێت، لە ٢٠١٧شدا کارەبا ھەر نیە، چوار ساڵە ھەموو حزبەکان دەستیان گرتوە بە کابینەی ھەشتەمەوە کە کابینەیەکی فاشل و تێکشکاوە، بەڵام یەکگرتو دەیەوێت بە بیست ڕۆژ ئەم کابینەیە ببێتە کابینیەیەکی فریادڕەس؟ مەنتقی سیاسی ئەوە قبوڵ دەکات؟

یەکگرتوی ئیسلامی لە ڕواڵەتدا لەژێر یەک ناودا سیاسەت دەکات، بەڵام لە بڕیارداندا دوو حزبی جیاوازە، ئاراستەی بادینان بڕیاردەر و قۆرخکارە، ئاراستەی دووەم ترسی ئینشیقاقی ھەیە، لەبەرئەوە ئیلتیزام بە بڕیار و ئیرادەی ئاراستەی یەکەمەوە دەکا، و ناتوانن ماوەیەکی زۆر بەم شێوەیە بەردەوام بن، و ئینشیقاق ھەر ڕوودەدات.

باشترە یەکگرتوو ببێتەوە بە ڕێکخراوە خێرخوازی و پەروەردەییەکەی ڕابردوو، چونکە لە سیاسەت و کاری حزی و ڕێکخراوەیدا نەیتوانیوە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات، ھەر حزبێک کە بڕیارەکانی سەربەخۆنەبێت، ناتوانێت واقع بگۆڕێت، ئەگەر ھەر ھێزێکیش توانای گۆڕینی واقع و دروستکردنی ڕووداوی نەبێت، و نەتوانێت بڕیار لە کشانەوە لە حکومەت یان مانەوە بە ێەریحی بدات، زەرورەتی بوونی لە مەیدانەکەدا نیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.