یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: ڕەخنە لە خورافەتی ”سیاسەتی میانڕەویی“

لەلایەن ستاندار Posted on 845 جار بینراوە

کورتەڕامان ٣

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: ڕەخنە لە خورافەتی ”سیاسەتی میانڕەویی“

مەریوان وریا قانع – ئاراس فەتاح

یەکگرتووی ئیسلامیی وەکو ھێزێکی سیاسیی نوێ، لەگەرمەی جەنگی ناوخۆدا دروستبوو. ئەم حیزبە وەک زۆرێک لە ئیخوانەکانی تری دونیا بە کاری خێرخوازیی دەستیپێکرد و وەک ڕێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنیی ھاتەکایەوە. سەرەتا لەژێر ناوی ڕێکخراوی ”رابیتەی ئیسلامی“ خۆیان ناساند، بەڵام دواتر پارتێکی سیاسییان بەناوی ”یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان“ەوە دروستکرد. یەکگرتوو یەکەم ھێز بوو کە بڕیاریدا خەباتی سیاسیی مەدەنیی بکات و پەیڕەویی کولتووری ”حیزبی چەکدار“ نەکات. ھەڵکشانی ئەم پارتە لە نەوەدەکاندا کۆمەڵێک ھۆکاری لەپشتەوەبوو، ھەندێکیان چەندە پابەندی پێکەوەگرێدانی سیاسەتی ناتوندوتیژیی و جەنگی ناوخۆ بوو، ھێندەش پابەندی داوەشانی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و گۆمەڵگا بوو کە ئەم ھێزە نوێیە سەرمایەی سیاسیی خۆیان لەپاڵدا کەڵەکەدەکرد. بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی، یەکگرتووی ئیسلامیی دەیەوێت خۆی وەک حیزبێکی سەلامەت نیشانبدات و سیاسەتێکی میانڕەوانە پەیڕەوبکات. بەڵام پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە ئایا بەڕاست یەکگرتوو ھێزێکی میناڕەوە؟ ئایا میانڕەوی چ مانایەکی ھەیە و بە چ ھێزێک دەگوترێت ھێزی میانڕەو؟

لە ئاستی سیاسییدا میانڕەویی مانای ھەڵبژاردنی شوێنێک لەناوەڕاستدا، لە نێوان دوو بەرەی دژ بەیەکدا کە لە مێژووی سیاسییدا بەرەی چەپ و بەرەی ڕاستن. میانڕەو ئەو ھێزەیە کە نە چەپگەرە نە دەشیەوێت وەک ھێزێکی ڕاستڕەو بناسرێت، بۆیە لەنێوان ئەو دووانەدا پێگەیەکی ناوەند ھەڵدەبژێرێت. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بەڕاست لە دونیای ئەمڕۆکەی سیاسەتی کوردییدا و لەدوای ئەزمونی سوڵتانیی و توندوتیژیی ئەمڕۆکەی ھەرێمدا شوێنێکی ناوەند ھەیە ھێزێک بتوانێت میانڕەوانە لەناویدا ئامادەبێت؟

بە بۆچونی ئێمە لە نەخشەی سیاسیی ئێمەدا پێگە و شوێنێکی لەو بابەتە بوونی نییە و ماوەیەکی درێژیشە بوونی نەماوە. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا ئامادەیە ”ناوەند“ێکی سیاسیی بچووکی خاوەن پارە و چەک و میدیا و سەربازە، کە ئامادەیی پیادەکردنی ھەموو جۆرە خراپەکارییەکی تێدایە و زمانی قسەکردن و ھەڵسوکەوتی لەگەڵ کۆمەڵگا و ھێزەکانی تردا لۆژیکی توندوتیژیی ئاراستەیدەکات. لەبەرامبەر ئەم ”ناوەند“ە بچوکەدا ”پەراوێز“ێکی گەورەی سیاسیی ھەیە کە بەشێوازی جیاواز گەمارۆدراوە و ترسێنراوە و فشاری لەسەر دروستکراوە تا ڕادەیەکیش دەستەمۆکراوە. لە نێوان ئەو دوو ڕووبەرەدا پێگە و شوێنی سێھەم بوونی نییە، تاوەکو ھێزێک بتوانێت بە سیاسەتێکی میانگەرانە لەناویدا ئامادەبێت. لە دونیای ئێمەدا ڕووبەرێکی بابەتیی بوونی نییە لە دەرەوەی ”ناوەند“ێکی بچووک و ”پەراوێز“ێکی گەورەدا کە بتوانێت وەک ڕووبەرێکی میانڕەو و ھێزێکی میانڕەو لەناویدا ئامادە و دەستبەکاربێت. میانڕەو لەناو پارادایمێکی سیاسییدا دروستدەبێت کە ھێزە سیاسییە جیاوازەکان، چەپ و ڕاست، تیایدا شانسی سیاسییان وەک یەک ھەبێت و دان بە بوونی یەکتردا بنێن و رێزی یەکتر بگرن. تەنھا لە دۆخ و زەمینەیەکی سیاسیی و کولتووری لەو شێوەیەدا ھێزێک دەتوانێت لە دەرەوەی ئەو دوو بەرەی ڕاست و چەپدا، ڕووبەرێکی تایبەت بەخۆی دروستبکات و میانڕەوانە ئامادەبێت. کۆمەڵگای ئێمە شوێنی ناوەڕاستیی تیا نەماوە.

لە ھاوکێشەی نێوان ”نێوەند“ و ”پەراوێز“ لە سیستەمی سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا، یەکگرتوو بە کردەوە ھیچ پەیوەندییەکی بە پەراوێزەوە نەماوە و بووە بە بەشێک لە دەسەڵاتی نێوەندە سوڵتانییە خێزانییەکە، ئەوەشی دەیڵێت و ئەنجامیدەدات لەخزمەتی ڕاستەوخۆی ”ناوەند“ە سوڵتانییەکەدایە دژ بە ”پەراوێز“ە سیاسییەکە. بەکورتییەکەی شوێنی یەکگرتوو شوێنێک نییە لە ناوەڕاستدا، بەڵکو شوێنێکە لەپاڵ دەسەڵاتداراندا. وەک وتیشمان لە ڕووی تیۆرییەوە ”شوێنی ناوەڕاست“ لە ناوەندێکدا دروستدەبێت کە پلورالیزمی سیاسیی ڕاستەقینەی تێدابێت و گەمەکەرە سیاسییە جیاوازەکان ئازادانە و بەپێی دونیابینی خۆیان پێگەی خۆیان ھەڵبژێرن، ھەریەکەشیان پێگە و قورسایی سیاسیی خۆی ھەبێت و ئەو قورساییەش قابیلی ئەوەبێت ببێت بە پراکتیکی سیاسیی کۆنکرێت و کاریگەریی لەسەر بڕیاردانی سیاسیی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا ھەبێت. ئەم دۆخە لە کوردستاندا بوونی نییە، سیستەمە سیاسییەکەی کوردستان سیستەمێکی سوڵتانییە کە دوو خێزانی سیاسیی دەستیان بەسەریدا گرتوە و دەشیانەوێت بەھەر نرخێکیش بووە، لە تەزویرەوە بۆ پەنابردن بۆ توندوتیژیی تا دەگات بە بەرپاکردنی جەنگ، ڕێگری تەواو بکەن لەوەی لەدەرەوەی خۆیاندا ھیچ ھێزێک دروستببێت توانای ئەوەی تێدابێت کاریگەریی ڕاستەقینەی لەسەر بڕیاری سیاسیی و بەڕێوەبردنی وڵات دابنێت.
یەکگرتوو بە حیسابی خۆی ”سیاسەتی ڕاگرتنی ھاوسەنگیی“ کردوە بە چەقی کردەی سیاسیی خۆی لەناو سیستەمێکدا کە ”کولتووری تەوافوق“ی (compromise) تیایدا نییە و تیاشیا بێت بەدەر و خاڵییە لەھەموو رەھەندێکی مافپەروەر و نیمچەدیموکراسییانەش. بێگومان ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە تەوافوق لە ئەخلاقیاتی سیاسییدا لە خودی خۆیدا کارێکی بەد نییە، مانای لاوازیی و تەسلیمبوونیش نییە، زۆرجاریش دەشێت مانای بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی بەرامبەر بە کۆمەڵگا ھەڵگرتبێت و وەکو چاکەکارییەکی سیاسیی تەماشابکرێت. بەڵام ئەم دیدگایە لەو کۆمەڵگایانەدا راست و دروستە کە ھێزەکانی بە کولتووری تاکڕەوێتیی و سەپاندنی لۆژیکی سوڵتانییزم و پەنابردن بۆ توندوتیژیی بۆ بەلاداخستنی ململانێ سیاسییەکان ئامادەنەبێت. لە ناوەندێکدا لایەنێک، یا خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسیی، ئیملای سیاسەت نەکات و ئەوانی تر نەگۆڕێت بۆ کۆمەڵێک ھێزی گوێڕایەڵ و سەرلەقێن.

ئەوەی لە کاتی درێژکردنەوەی تەمەنی نایاسایی سەرۆکایەتیی ھەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمان و چوونەپاڵ ریفراندۆمدا بینیمان، بەشێک نەبوون لە تەوافوقی سیاسیی ئەوەندەی بەیەکەوەگرێدانی چەند ھەڵقەیەکی یەکدی تەواوکەری سەپاندنی خواستی خێزانە حوکمڕانەکانی کوردستان بوو. بەکورتییەکەی تەوافوق لە سیستەمی دیکتاتۆرییدا بوونی نیییە، چونکە رێککەوتنی ئازادانەی سیاسیی تیادا نییە. لە ئاستی سیاسیی و ھەڵبژاردنی ھەڵوێست و دروستکردنی بەرەدا، یەکگرتوی ئیسلامی لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە ھیچ مانایەک میانڕەو نەبووە، بەڵکو ھاوسەنگیی سیاسیی لە کوردستاندا لەخزمەتی سیستمە سوڵتانییەکەدا ڕاگرتوە. یەکگرتوو بەکردەوە لەپاڵ دەسەڵاتداراندایە و بەشێکە لەو میکانیزمە جیاوازانەی سیستەمە سیاسییە گەندەڵ و وێرانەکە بەھۆیەوە حوکمڕانیی دەکات. لەئێستاشدا یەگرتوو ھێزێکی بێدەنگ و سازاوە کەگەڵ زوڵم و بێمافیی و ناھەقییەکاندا، نەک تەنھا لە ئاستی زمان و قسەکردندا، بەڵکو لەئاستی کردەی سیاسییدا.

یەکگرتوو لەمڕۆدا ھێزێکە تەسلیمە بە نەخشە و پلانەکانی پارتی و یەکێتی لە درێژەدان بە فۆرمی دەسەڵاتدارێتی سوڵتانیی لەھەرێمدا. دوو ساڵە ئەم ھێزە بووە بە جۆکەرێکی کاریگەر لە گەمەی سیاسەتی پارتی و یەکێتیدا و بووە بە ئامرازێک بۆ ڕزگاکردنێکی مۆدێلی حوکمڕانانییەکەیان لە ساتەوەختە ستراتیژییەکاندا. یەکگرتوو بە کردەوە بووە بە ھێزێکی پاساوھێنەر بۆ سیاسەتە ھەڵە و کوشندەکانی پارتی و یەکێتی بەناوی ڕاگرتنی ھاوسەنگیی سیاسییەوە. لەڕاستیدا ئەوەی یەکگرتوو ئەنجامی ئەدات نە پەیوەندیی بە ”فەلسەفەی میانڕەویی“ ھەیە و نە پەیوەندیی بە ”ھاوسەنگیی سیاسیی“ەوە ھەیە، بەڵکو پەیڕەوکردنێکی خراپی ئەو کەلەپورە سیاسییە ئیسلامییە سونییەیەیە کە بە پرنسیپی ”ئیتاعەکردنی وەلی ئەمر“ سیاسەتی خۆی پەیڕەودەکات.

مەریوان وریا قانع – ئاراس فەتاح

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.