ئێران و ئەگەری بەرزبونەوەی خواستی خۆپیشاندەران

لەلایەن ستاندار Posted on 342 جار بینراوە

عمر علی محمد

لە رۆژانی رابردوودا ئاستی خۆپیشاندانەکان لە ئێراندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کرد و لەلای دەزگا ھەواڵیە جیھانیەکانیش بوونە ھەواڵی گرنگ و بەرچاو، ئەو دەوڵەت و لایەنانەی کە لەئێستادا سیاسەتەکانیان دژ بە ئێرانە، دەیانەوێت ئەم رووداوانە وەک سەرەتایەک بۆ کۆتایی ھێنانی کۆماری ئیسلامی راڤە بکەن، لەوانەش ئەمریکا و سعودیە و ئیمارات و ئیسرائیل کە پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دەردەبڕن و ئەمەش وەک پەرچەکردارێکی خەڵک راڤە دەکەن لە بەرامبەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەو ناوەوەدا، ئەو لایەنە نەیارانە بەشوێن ئەو دروشمانەدا دەگەڕێن کە دژ بە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێران بەرز دەکرێنەوە وەک نە غەزەو نەلوبنان بگەڕێنەوە بۆ ئێران، یان ئەو دروشمانەی کە رەخنە لە دەستێوەردان و ھاوکاریەکانی ئێران دەگرن بۆ رژێمەکەی ئەسەد و دژایەتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، ھەندێک شرۆڤەکاری عەرەبی بەتایبەتی ئەوانەی کە لەلایەن سعودیەوە ھاوکاری دەکرێن وای لێک دەدەنەوە کە ئەمە بەکاریگەری محمدی کوڕی شا سەلمانی سعودیەو ئەو وتەیەی محمدە کە وتی: (جەنگ دەگوازینەوە بۆ ناو ئێران) بەراست دەرچوو، یان ترامپ کە لە ئێستادا زیاتر پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێراندا بەرەو گرژی بردوە، دەیەوێت پشتیوانیەکانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران ڕابگەیەنێت و زیاتر بارودۆخی ناوخۆی ئێران بەرەو ئاڵۆزی بەرێت.

بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی وردتر بچینە ناو واقیعی خۆپیشاندەران و ھۆکانی سەرھەڵدانی وبزانین کێن ئەوانەی لەپشت بزواندنی خۆپیشاندەرانەوەن؟ دەگەینە چەند راستیەکی تر، ئەوانەی کە بەشداریان لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کردووە تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ سالڕ دەبێت، داواکاری سەرەکی ئەم خۆپیشاندەرانە باشکردنی بارودۆخی گوزەران و بەرزکردنەوەی مووچە و کەم کردنەوەی زەریبەیە لەسەر ھاوڵاتیان و دانانی ئاستێکە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی شتومەک، ئەم خۆپیشاندەرانە سەر بە لایەنێکی تایبەت نین، بەڵام زۆرینەیان سەر بە پارێزگاران و پشتیوانانی سەرۆک کۆماری پێشوو ئەحمەدی نەژادن ، ھەندێکی تریش ھیچ باکگراوندێکی سیاسیان نیە و تەنھا پاڵنەر کە ھەیانبێت بارودۆخی خراپی ژیان و گوزەرانیانە لەڕووی داراییەوە. بەڕای بەشێکی زۆر لە توێژەرانی بواری سیاسی و شارەزایان لە کاروباری ئێراندا وای لەقەڵەم دەدەن کە پاڵنەری سەرەکی خۆپیشاندانەکان ئابوری و خراپی باری گوزەرانە، چونکە بەشێک لە ئێرانیەکان پارەیان خستۆتە ناو ھەندێک دامەزراوەی داراییەوە بەمەبەستی قازانج بەڵام لە ئێستادا نەھیچ قازانجێکیان دەدەنآ و نە پارەکەشیان بۆ دەگێڕنەوە، لەلایەکی تریشەوە بەپێی داتاکانی سەنتەری ژمێریاری ئێران، لە ئەمساڵدا رێژەی بێکاری گەیشتۆتە ١٢.٤%، واتە تەنھا لە ئەمساڵدا رێژەی ١.٤% زیادی کردووە کە دەکاتە ٢ بۆ ٣ ملیۆن بێکار لە ئێراندا، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٨٠ ملیۆن کەسە.ریژەی ھەڵئاوسانیش لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا (١.٥%) بەرز بۆتەوە بۆ(٩.٦%)کە ئەمەش رێژەیەکی بەرزە ،لە لایەکی تریشەوە ئەگەر سەیری ئابوری ئێران بکەین لە سەرەتای شۆرشەوە ھەتا ئێستا ھیچ گەشەپێدانێکی نەوعی بەخۆوە نەبینیوە ،بەڵکو بە شێوەیەکی سەرەکی تەنھا پشت بە نەوت دەبەستێت ،لە لایەکی ترەوە ھیچ پێشکەوتنێک لە سیستم و ستراتیجیەتی کاری بانکیدا روی نەداوە ،ھەروەھا ئەو چاوەروانیەی کە ھەیانبوو لە رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بۆ گێرانەوەی پارە بلۆک کراوەکان ،و کرانەوە بە رووی کۆمپانیا بیانیەکان ،بە ھۆی نارەزاییەکانی ترامپەوە نەھاتنە دی، باڵی پارێزگارەکان لەو بروایەدان کە رۆحانی زۆر سودی لەو رێکەوتنە ئەتۆمیە وەرگرتوە و دەرچوونەوەشی بۆخولی دوەم ی سەرۆکایەتی ھەر بە ھۆی ئەمەوە بوە ،لە لایەکی تریش بە ھۆی بانگەشەکانی بۆ کرانەوە بەروی رۆژئاواو فەراھەمکردنی ئازادی زیاترو باشکردنی گوزەرانی تاک ،ھۆکاری سەرەکی بوو بۆ دەنگدانی گەنجان بە رۆحانی لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ،پارێزگارەکان لە ئێستادا ئەمە بە ھەل دەزانن کە روی ناەزاییەکان بکەنەوە رۆحانی و ھەوڵی شکست پێھێنانی حکومەتەکەی بدەن .

بەھۆی ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا ململانێکانی نێوان ھەردوو باڵی ریفۆرمخواز و پارێزگاران زیادی کردووە و ئەوە بۆ دوو خولیشە حەسەن رۆحانی وەک نوێنەری باڵی ریفۆرمخوازەکان توانیویەتی لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتن بەدەست بھێنێت، ئەمە ترسێکی لای باڵی پارێزگارەکان دروست کردووە، کە لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتی داھاتووشدا ھەمان سەرکەوتن بەدەست بھێننەوە، لەبەرئەوە بەشوێن شتێکدا دەگەڕێن کە لە رێگەیەوە بتوانن پێگەی ریفۆرم خوازەکان و حەسەن رۆحانی لاواز بکەن، لەبەرئەوە زۆر لە توێژەرانی بواری سیاسی لەو بڕوایەدان کە لەم کاتەدا کە خەڵک دێتە سەر شەقام دژی خراپی گوزەرانیان، لەم کاتەدا رەوتی پارێزگاران ئەمە بەھەل دەزانن و دەیانەوێت وەک کارتێکی فشار دژ بە حکومەتەکەی رۆحانی بەکار بھێنن، چونکە دروشمی خۆپیشاندەران چوار دروشمی سەرەکی بوون، کە بریتی بوون لە مردن بۆ گرانی ،مردن بۆ رۆحانی، واز ھێنان لە پشتیوانی رژێمی سوریا، پشتیوانی کردنی ئاسایشی ناوخۆ لە خۆپیشاندەران.

گرفتی گەورەی ھاوڵاتیان لە ئێستادا خراپی گوزەرانە لەبەرئەوە دروشمەکانی تریش کە بەرز کراونەتەوە تەنھا بۆ خزمەتکردنە بەو ئامانجە، لەبەرئەوە لەم کاتەدا باڵی پارێزگاران بە ھەموو پێکھاتەکانیانەوە دەیانەوێت بە پشتیوانی لەم خۆپیشاندانانە ئەو ئامانجەیان بھێننەدی کە لێدانە لە رۆڵی ریفۆرم خوازەکان و حکومەتەکەیان، کە ئێستا رۆحانی رابەرایەتی دەکاتەو، ئەوەی کە ئەمەش زیاتر پشت راست دەکاتەوە بەشداری بەرفراوانی شارەکانی مەشھەد و قوم و ئامادەیی بەرپرسە باڵاکانی رەوتی پارێزگارانە لە خۆپیشاندانەکاندا، لەم رێگەیەوە پارێزگارەکان دەیانەوێت ئەوە بە بیری ھاوڵاتیانیان بھێننەوە کە حەسەن رۆحانی راستگۆ نەبووە لەگەلڕ ئەو دروشمانەی کە لەکاتی ھەڵبژاردنەکاندا بەرزی کردبوەوە ،کە بەڵێنی چاککردنی گوزەران و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابوری دەوڵەتی پێدابوون.

بەڵام ئایا لەناو ئەم فەزا سیاسیەی کە ئێستا لە رۆژھەڵات و جیھاندا ھەیەو چەندان ھێزی گەورە لە بۆسەدان بۆ قۆستنەوەی روداوەکان و بەکارھێنانەوەی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران، رەوتە پارێزگارەکان دەتوانن ئەو ئامانجە بەدی بھێنن؟

بزواندنی ھەستی جەماوەری ئێران لەم کاتەدا بۆ ھێنانەدی ئامانجێکی سیاسی ھەروا کارێکی ئاسان نیە، چونکە سەرەڕای خراپی ئاستی گوزەرانی ھاوڵاتیان ، ئێران چەندان گرفتی تری ناوخۆی ھەیە وەک ململانێی نێوان باڵی ریفۆرم خوازەکان و پارێزگاران و قەیرانی سیاسی چەندان نەتەوەی وەک کورد و بەلوچ و عەرەب و .. ھتد، ھەروەھا خراپی پەیوەندی سوننە و شیعە و قەیرانی ئازادی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.

لەبەرئەوە پارێزگارەکان ناتوانن لەوە زیاتر ئاستی خۆپیشاندانەکان فراوان بکەن و دەبێت لە ئێستاوە سنورداری بکەن و زیاتر نەڕوات، ھەروەھا لە ئێستادا ئابوری ئێران بەدووەم ھێزی ئابوری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا دادەنرێت لەدوای عەرەبستانی سعودی، کەواتە بەم ھۆیەوە رۆحانی ئەگەر رێگەی پآ بدرێت بە بەرنامەیەکی نوێوە دەتوانێت ئاستی توڕەیی خەڵک کەم بکاتەوەو ریفۆرمێکی ئابوری باش ئەنجام بدات و ڕێگە لە ئەو ئامانجە بگرێت کە پارێزگارەکان دەیانەوێت لە دژی بەکاری بھێنن ،بەڵام گرفتەکە لێرەدا ئەوەیە کە بەھۆی ئەوەی کە ئابوری ئیران لەژێر دەستی حکومەتدا نیە و لە لایەن کۆمەڵێک بەرپرسی باڵاوە کۆنترۆڵکراوە بە تایبەتیش بەر پرسەکانی سوپای پاسداران ، لە بەر ئەوە حکومەت دەستکراوە نیە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی ،لە لایەکی ترەوە پشتیوانی کردنی ئێران لە رژێمی سوریاو ھاوکاری حەماس و حیزب اللە و حوسیەکانی یەمەن و رێکخراوەکانی بەشیعەکردن لە ئەفریقیاو زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی و بنیاتنانی بنکە ئەتۆمیەکان و ھەوڵدان بۆ بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆمی ،ئابوری ئێرانی توشی لاوازی و ئیفلیجبوون کردوە ، لە بەر ئەوە ئەگەر پارێزگارەکان بیانەوێت دەتوانن حکومەتەکەی رۆحانی توشی شکست بکەن. بەڵام سەرەڕای ئەم ویستەی پارێزگارەکانیش ، دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران ئەو راستیە بزانن کە ئەگەر لەم کاتەدا گوێ بۆ داواکاری ھاوڵاتیان نەگرن و باری گوزەرانیان چاک نەکەن ،دورنیە دۆخەکە بگەرێتەوە بۆ ٢٠٠٩ و جارێکیتر نارەزاییەکان فۆرمێکی سیاسی بەخۆوەبگرن و روبەروبونەوەی موحافەزەکارو ریفۆرم خوازەکان بە شێوازێکی توندتر سەرھەڵبدەنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.