شکستی سیاسەتی ئابووری باشوری کوردستان لە ژێر سێبەری بوونی وزەدا؟

لەلایەن ستاندار Posted on 2283 جار بینراوە 0 سەرنج
iraqi-oil-production-surges

شکستی سیاسەتی ئابووری باشوری کوردستان لە ژێر سێبەری بوونی وزەدا؟

د. مەدیحە سۆفی

وزە ئەو ناوبژیکەرەی، کە هەرگیز دادپەروەر نەبووە، ئەو بەها ئابووریەی، هەرگیز لە خزمەتی وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی خۆی نەبووە، ئەو گەنجینەیەی ڕێژەیەکی زۆری دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە شەڕ و ئاشوب و نائارامی، کەچی وڵاتانی ڕۆژئاوادا دەخزێنێتە نێو کێبڕکێی ڕیزبەندی یەکەمی ئابووری جیهانیەوە لە ڕووی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و پیشەسازی و بەرهەمهێنان و داهێنانەوە و دەبن بە سودمەندی یەکەمی ئەو سامانە سروشتیەی، بێ ئەو هەموو دەرگاکانی داهێنان و تەکنەلۆژیا و گەشەی ئابووری و پەرەسەندنی زانستی لێ دادەخرێ.
وزە ئەو سامانە سروشتیەی، یەک بارەیە و لە مەودای ژیاری مرۆڤایەتیدا دوبارە دروست نابێتەوە و بناغەی پیشەسازی وتەکنەلۆژیا و ئابووری جیهانە و پایەیەکی گرنگ و بێ وێنەی ڕەوڕەوەی پێشکەوتن و داهێنان و بەردەوامی و گەشەسەندن و پەرەپێداندا هەیە، بەتایبەت لەم سەدوپەنجا ساڵەی دواییەی دوای شۆڕشی پیشەسازی، پایە و سەنگی بوونی ئەم سامانە سروشتیە بووە مەرجی سەرەکی بەرەو پێشچوونی تەکنەلۆژیا و بەرهەم و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری و ژیاری مرۆڤایەتی، لەلایەکیترەوە بووە مەحەکی بڕیارە سیاسیەکان بۆ هەڵگیرسانی شەڕ و وەستاندنی، بۆ هاوپەیمانێتی و دژایەتی، بۆ پۆلین کردن و قۆرخکردن، بۆ هەنگاونان بەرەو پلیکانەی دیکتاتۆریەت، گرنگترین ئەو سامانە سروشتیانەش کە ڕۆڵی سەرەکی و ستراتیژی لە پیشەسازی و بەرهەمهێنان دەبینن بریتین لە( نەوت و غازی سروشتی ).
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو دەروازەیەی دەبێتە پارووی گەرمی وڵاتە زلهێزەکان و بوژانەوەی بواری شارستانێتی دەڤەری خۆیان و مانەوەی زۆربەی وڵاتە خاوەن وزەکانیش لە زونگاوی دواکەوتوویی و بێ ئاگایی و کورتبینی و بێ دەسەڵاتی و چەق بەستنیان لە قاوغی دواکەوتن و ژێردەستەییدا، ژێرخانێکی ڕوخاوە و بە بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی هەژار و نەخوێندەوار و کۆمەڵگایەکی پەراوێزکەوتوو و سامانێکی مرۆیی بێ ئیرادە و بێ توانا.

وزە و جیۆپۆلیتیك
تەنها هۆکارێك بۆ هەوڵدان بۆ پاراستنی ئارامی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا )MENA-Region (Middle East & North Africa) ، بریتیە لە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بواری بەرهەمهێنانی وزە و گوازتنەوەی لەلایەکەوە و پاراستنی پێگەی ئیسرائیل لەلایەکیترەوە، وە تەنها هۆکاریش بۆ ئاڵوگۆڕی ڕۆڵ و تێهەڵکێشکردنی کارتی گەمەکردنیان هەر لەبەر بوونی ئەو دەرامەتە و ئەو سەرچاوەی وزەیەیە کە ئابووری جیهانی لەسەر وەستاوە، چونکە ئەم ناوچەیە نزیکەی ٧٠% ی یەدەگی نەوت و ٤٤% ی یەدەگی غازی جیهانی تێدایە ، باشوری کوردستانیش چووەتە نێو ئەو نەخشە نێودەوڵەتیەی وزەوە، بۆیە ئەم ناوچەیە بۆ ئێستا و داهاتوویەکی دوور سەنگی جیۆپۆلیتیکی خۆی هەیە و هەوڵدان بۆ گەیشتنە سەر سەردەریا لە دەروازەیەکی دی جگە لە تورکیا هاوێنەی دوربینێکی درێژخایەن و پلانێکی تۆکمەی زلهێزەکانە بۆ دواڕۆژ، کە کورد وەکو یاریزانێکی ئەو گۆڕەپانە، پێویستی بە سیاسی خوێندەوار و بە کەسی لێهاتوو هەیە، کە بتوانێ لە ژێر سێبەری ڕۆژئاوادا دروێنەی ڕەنجی خۆی بکات لە جیاتی بەئاودا دانی.
زۆربەی ئەو وڵاتانەی لە ڕێکخراوی هەناردەی نەوتن وەکو ( عیڕاق و ئێران و قەتەر و سعودیە و میرنشینەکانی ئیمارات و کوێت و لیبیا و جەزائیر) دەکەونە ناوچەی MENA-Region، ئەم ڕاستیە گەمەی زلهێز و وڵاتە پیشەسازیەکان لەو ناوچەیەدا، ئاڵۆز بەڵام جیددی دەکات، هیچ ڕێکەوتنێك لەگەڵ یەکتردا گەرەنتی نیە، ئەگەری ئەوە هەیە کە هەموو گۆرانێکی سیاسی و ئابووری لە ناوچەکەدا، گۆڕانێك لە ستراتیژیەتی هاوپەیمانێتی بەدوای خۆیدا دێنێ، لە دوا نسکۆی کورد لە باشوری کوردستاندا تەواو ئەم هەڵبەزودابەزەی هاوپەیمانێتی لە نێوان ئێران و عیراق و تورکیا و ئەمریکادا ئەم ڕاستیە دەسەلمێنێ.
سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کاتێکدا لە نێو وڵاتەکانی خۆیاندا، بەتایبەت لە کاتی هەڵبژاردندا، بە دوای کەلێنێكی نەبوونی دیموکراتیدا دەگەڕێن تا وەکو تانە و تەشەر بیکەنە ڕەخنەیەکی ڕوخێنەر بۆ ڕکابەرەکانیان لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، کێبڕکێ لە پەیڕەوکردنی دیموکراتی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتی و ئارامی ئاسایشی نێوخۆ لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، لە کارە گرنگ و سەرەکیەکانی ئەوانە، کەچی کە ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و هەر شوێنێکی جیهان دەکەن بۆ قۆرخکردنی داهاتی سوتەمەنی و وزە سروشتیەکەی، هەرچەند دیکتاتۆری تێدا حوکم بکات و نادادپەروەریش چەتری زاڵ بێت، تا بتوانن نایەڵن پشێوێ و شەڕ و هەڵسانەوە و بەرەنگاری و کودەتا بەسەر بارودۆخەکەدا بکرێ، ئیتر ئایا لەوێ ماف و یەکسانی و دادپەروەری خەوشدار بێ، کۆمەڵگا دواکەوتوو بێ، یا نەخوێندەواری و نەبوونی بیری نوێ و کۆنەپەرستی و برسێتی زاڵ بێ، ئەمانە هیچی کاری ئەوان نین، گرنگ ئاسایش بەرقەرار بێ و ئەوان بتوانن بە بێ دەنگی ژێر خاکەکەی تاڵان بکەن، چونکە شێواندنی بارودۆخی نێوخۆی ئەو وڵاتانە ستراتیژی کاری کۆمپانیاکانی ئەوان و دەرهێنانی وزەی تێدا، تێکدەدا و بەرنامەکانیان ئاڵۆزتر دەکات.
نمونەیەك لەسەر ڕەتکردنەوەی دیموکراتی و پەیڕەوکردنی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خاوەن سامانی وزە لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە، بریتیە لە سەرکوتکردن و بەئەنجام گەیاندنی کودەتا لەسەر سەرۆکێکی بە دیموکراتی هەڵبژێرراوی وەکو موسەددیق لە ١٩/٨/١٩٥٣ لە ئێران، لەم بارەیەوە ئوباما لە سەردانێکیدا بۆ وڵاتی میسر و قسەکردن بۆ کۆمەڵگای ئیسلامی لە ٤/٦/٢٠٠٩ دا وتی:
[ ئەمریکا لە گەرمەی شەڕی ساردا، ڕۆڵی هەبوو لە ڕوخان و کودەتای سەربازی بۆ سەر سەرۆکێکی بە دیموکراتی هەڵبژێرراوی ئێراندا] کاتێ موسەددیقی بە دیموکراتی هەڵبژێرراو، نەوتی خۆماڵی کرد و ئیتر بەڕیتانیا و ئەمریکا نەیاندەتوانی بەو شێوەیەی کە سیاسەت و ئابووری خۆیان دەخوازێ، وزەکەی قۆڕخ بکەن و لەوکاتەی ڕۆژئاوا هەستیان بە بوونی بنەماکانی سۆسیال و ئاماژەکانی لەدایکبوونی دیموکراتی کرد لەو دەڤەرەدا، دەبوو تەڵەیەك بۆ لەناوبردنی دانێنەوە، دوای تێپەڕبوونی شەست ساڵ و لە ساڵی ٢٠١٣ دا سی ئای ئەی ،دانپێدانانی خۆی، بە بەشداربوونی خۆی و بەڕیتانیا لە هۆنینەوە و بەئەنجام گەیاندنی ئەو گەمە نهێنیەی ئەو کودەتایە لەسەر موسەدییق، ئاشکرا کرد و وتی:
[ ئەو کودەتا سەربازیەی لەسەر موسەددیق و کابینەکەی کرا، بە پێی ئەو دوکۆمێنتانەی هێشتا هەندێکی ڕوون و ڕۆشن نین، بەسەرپەرشتی سی ئای ئەی بوو و وەکو ئەکتێکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا جێبەجێ کرا] چەندەها نمونەی وا کە پێمان دەڵێت، جوڵەی نێو کایەی جیهان بە ئاماژەی پەنجەی زلهێزەکان و بە پێی پلان و پیلانی بەرژەوەندیانە بۆ گەیشتن بە کانی وزە و بە شادەماری تەکنەلۆژیا و فابریکەکانی بەرهەمی کاڵا و پیشەسازی چەك و ئەتۆم، هەنگاونانیش پێچەوانەی حەز و خولیای ئەوانیش، هەر داڕوخان و داڕمان و داتەپینە، نمونەی ڤێنزوئێللا کە خاوەنی داهاتێکی زۆری نەوت و گازی سروشتی و بیر و بۆچوونی چەپگەری بوو ،کاتێ لەگەڵ کوبا هاوڕای یەکتر و هاودوژمنی ئەمریکا بوون، شاڤێز ویستی هەژمونی چەپگەری و سوشیالیستی لە نێو وڵاتدا بسەپێنێ و لەگەڵ نەیارەکانی ئەمریکا کەوتە فراوانکردنی پەیوەندیە دپلۆماتی و ئابووریەکانی، هەر لەسەردەمی ئەودا بوو، ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ یەکتر بووە جێ سەرنج و پرسیار بۆ ئەمریکا، کاتێ کوبا باشترین دکتۆرەکانی بۆ ڤێنزوئێللا دەنارد و ئەوانیش نەوتی هەرزان بەهایان بۆ کوبا دەنارد، پاشتر ئەو نائارامیەی لە ڤێنزوئێللا کەوتەوە ئێستاش نەڕەواوەتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٥ دا ڕێژەی بەکاربردنی نەوت لە چاو جۆرەکانی دیکەی وزە زۆرتر بوو، نزیکەی ٣٥% ی هەموو وزەی بەکارهاتووی جیهان بوو کە دەکاتە ٤٣٤٦ ملیۆن تەن نەوت، بە ڕێژەی ٢،٥% زیاتر لە ساڵی پێشتر، گرنگترین وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانیش ئەمریکا و سعودیە و ڕوسیا بوون، وە گرنگترین دەوڵەتە بەکاربەرەکانیش ئەمریکا و وڵاتی چین بوون
پەرەسەندن و گەشەندنی وڵاتە بوژاوەکان، بەتایبەتی چین کە بە فابریکی جیهان ناودەبرێت، هۆیەکی زیاترە بۆ نائارامی و جێگۆڕکێی بڕیاری هاوپەیمانیەکان، ئەم گەشەی ئابووریەی چین وا لە ئەمریکا دەکات نائارام بێت و ترسی لە لەدەستدانی پێگەی جیهانی خۆی هەبێت لە ڕووی ئابووری ئینجا سیاسیەوە، ئەمڕۆ دەسەڵات دەسەڵاتی ئابووریە، هەر ئەو دەسەڵاتەش دەبێتە بڕیاردەری دەسەڵات و هەیمەنەی سیاسی، کاتێ چین لە ساڵی ٢٠٠١ دا چووە ناو ڕێکخراوی بازرگانی جیهانیەوە، لەو کاتەوە چەندێتی بەرهەمهێنان و بەو تێچووە کەمەی، بووەتە جێگەی سەرسوڕمانی هەموو جیهان، ئەمەش یەکێك بوو لەو هۆکارانەی کە زۆربەی کۆمپانیاکانی وەکو ڤۆلکسڤاگن و ئەپڵ و سیمینس لقی بەرهەمهێنانیان لەوێ بکەنەوە تا بتوانن بڕێك لە تێچووەکان پاشەکەوت بکەن و قازانجەکانیان بەرەو هەڵکشان ببەن.
شانزەی ئۆکتۆبەر و شەڕی وزەی نێوان جەمسەرەکان
دەستپێکی بڵاوکردنەوەی دەنگۆیەك، بۆ مۆرکردنی گرێبەستی وزە لە نێوان کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی و هەرێمی کوردستان، نەخوێندەواری ئەم حکومەتە- یا بێ ئاگابوونی- یا وروژاندنی چەتری زاڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، چونکە گەمەی ئەمڕۆ گەمەی نێوان دوو تای ئاڵۆزی ترازو یا دوو جەمسەری تێهەڵکێشی هەمیشە گۆڕڕاو و ناهاوسەنگە لە ناوچەکە.
ئاماژەکانی ئەم جارەی هەرەسی کوردستان، لە دانیشتنی( پاریس- واشنتن- لندن ) لە فەرەنسا و لەگەڵ عەبادی دەستی پێکرد، ئامۆژگاری ئەمریکا و فڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و نێونەتەوەیی و هەندێ حیزب و بزوتنەوەی نێوخۆ وەکو گۆڕان و کۆمەڵ، بەوەی کە کاتی ڕیفراندۆم دروست نیە، لە خۆڕا نەبوو، بۆیە شانۆگەری شەڕی پێشمەرگەش لەگەڵ ناوەنددا، هەر دەچێتە قاڵبی فریودان و تەڵەکەبازی و فڕوفێڵەوە.
لێرەدا ئاماژە بۆ دوو فاکتەری زۆر گرنگ دەدەین کە ڕۆڵی لە هاتنەکایەوەی دوا نسکۆی کورد هەبوو لە باشوری کوردستاندا.
یەکەم : پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نەخوازراوی وزە
بوونی وزە لەهەر شوێنێکی دونیادا، دەبوایە بە مانای، بوژانەوە و ڕەخساندنی هەلی نایاب بێ بۆ بنیاتنانی بنەما و ژێرخانی دەوڵەت و کردنەوەی دەرگا داخراوەکان بە ڕووی بوارە سڕبووەکانی گەشەسەندن و برەودان بێ بە سەرچاوەی نوێ و مۆدێرنی ژیان و دەستپێکی پەروەردەی زانستی بۆ سامانی مرۆیی و فەراهەمکردن و ئامادەکردنی نەوەیەکی نوێی بە توانا، کە بتوانێ ڕۆڵی سەرەکی هەبێ لە گەشەکردن و پێشکەوتنی بوارە جیاجیاکان لە نێوخۆی وڵاتدا و بتوانێ لە سێکتەری پیشەسازی نەوتدا ئەوەندە قاڵ بێتەوە و ئەوەندە دەستی واڵا بێت، کە پشکی زۆری لە داهێنان و پەرەپیدانی ئەو بوارە بەرکەوێ، بە کورتی حوکمڕانەکان بتوانن لەسەر دەستی داهاتی سامانی سروشتیدا سامانێکی مرۆیی مۆدێرن و بەتوانا و وشیار و دڵسۆز پەروەردە بکەن، کە داهاتێکی زانستی خۆماڵی زیاتر بە نێوخۆی وڵات ببەخشێ، بە پێچەوانەوە، هەرچی وڵاتی خاوەن وزە هەیە ئەگەرچی خاوەن سامانێکی مرۆیی گەنج و بەتوانایە ، کەچی خاوەنی هیچ فابریك و بەرهەمی پیشەسازی وزە نیە.
کوردستان جگە لە یەدەگی نەوت کە بە ١٦٠ ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت ، یەدەگی لە غازی سروشتیش هەیە و پاش روسیا و ئێران و قەتەر و سعودیە و ئیمارات و ئەمریکا دێت کە و دەکاتە نزیکەی ٣% ی یەدەگی غازی هەموو دونیا، لە ساڵی ٢٠٠٧ دا ، هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای دانا غاز بەست، بۆ هەڵکۆڵینی کێڵگەی غازی چەمجەماڵ و کۆرمۆر، پاشان هەر وەزیری وزە لە هەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی ساڵی ٢٠١٥ بۆ ئابووری و وزەی ئەتڵانتیك لە ئەستەمبول ئاماژەی بەوەداوە کە هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٠ بڕی بیست ملیار مەتر سێجاغازی سروشتی ڕەوانەی تورکیا و ئەوروپا دەکات.
لەگەڵ دۆزینەوەی ئەم گەنجینەیە لە ژێر پێی خەڵکی ماندووی کوردستاندا، داکوتینی سنگی کۆمپانیا تورکیەکانیش دەستی پێکرد، یەکەم کۆمپانیای تورکی کە دەستی بەکارکردن کرد گەنەڵ ئینێرجی بوو، دوابەدوای ئەو کۆمەڵێ کۆمپانیای دیکە بۆ هەڵکۆڵینی کێڵگە هاتن، کە ڕاگەیاندنی ئەڵمانیا بێ سڵ کردنەوە دەڵێن: ئەوان پشکە کێڵگەیان هەیە نەك کرێکاری کێڵگە، تانەر یەڵدزی وەزیری وزەی تورکیا خۆی وتبووی کە ئەوان هەر کاری دۆزینەوە و گوازتنەوەی وزە ناکەن، دەبێ پشك و بەشیان لە کێڵگەکان هەبێ.
سەرکردایەتی هەرێم لەگەڵ پێگرتن و دارەدارەی وزە، لەسەر پێشنیازی تورکیا، دەستی کرد بە دژایەتی کردنی ناوەند لە بەغدا و ئاماژەکردن بە ئابووری سەربەخۆ، هەتا توانی کێشە و قەیرانی دروست کرد، بێ منەتی خۆی لە هەموو شت دەربڕی، دەستی کرد بە ئیمزاکردنی گرێبەستی وزە و بێ ئەوەی هیچ ڕاوێژێك بە ناوەند بکا و هیچ ببژێرێ، تا بودجەکەی بڕی، نە بودجەی هێشت و نە داهاتی وزەی بۆ ناوەند و خەڵكی کوردستان بوو، تا وای لە خەڵك کرد، هەندێ لە برسا خۆیان کوشت، هەندێ مناڵی بۆ فرۆشتن خستە ئارا و هەندێ مڵك و ماڵی هەراج کرد و لە دەریاچەی ئیجە خنکا و هەندێ بوونە چەپڵە لێدەری حزبە نابەرپرسیارەکان و کۆمەڵگا درزی تێکەوت و تا دەهات بۆشایی و مەودا دەکەوتە نێوان چینە بێ پارەو پولەکان و چینی سەرەوەی خاوەن چاڵەنەوت و گرێبەستەکان، جەماوەری برسی لە دەسەڵات توڕە و دەسەڵاتیش بێ پلان و چارەسەر .
لەگەڵ دۆزینەوەی وزە لە کوردستان، پێش ئەوەی خانەخوێ بیر لە بەرنامەی مامەڵەکردنی بکاتەوە، تورکیا بووە ڕێ نیشاندەر و زۆرجار زانیاریەکانی لەبارەی چاڵەنەوت و هەناردە و زۆر کاری پەیوەست بەو بوارەمان لە وەزارەتی وزەی تورکیاوە دەزانی، گرێبەستێکی پەنجا ساڵەیان مۆر کرد، لە پێنج کەس زیاتر کەس نەیزانی ناواخنەکەی چی تیایە، ڕۆژانە بە نەوتی کەرکوکەوە یەك ملیۆن و سێ سەد هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرا، خەڵکیش نەك هەر گیرفانیان بەتاڵ بوو بەڵکو باجی هەموو بێ هیوایی و بێ پلانی ژیانیان کەوتە سەرشان، لە مانگی تەموزی ساڵی ٢٠١٤ دا کاتێ بیرەنەوتەکانی کەرکوك ( هاڤانا و بای حەسەن خەباز و زەمبور ) لە لایەن هێزی پارتیەوە گیرا، مەسعود بارزانی وتی : ئیتر ماددەی ١٤٠ تەواو، ئیتر ئێمە باسی ناکەین.
تورکیا وەکو خاوەن وزەی هەرێم مامەڵەی دەکرد، وزە بۆ تورکیا لەو کات و زەمەنەدا کە هێدی هێدی بێ هیوا دەبوو لە یەکێتی ئەوروپا، ئەوەندە بۆ تورکیا گرنگ بوو، کە بە هیوایەکی زۆرەوە نەك هەر پشتی خۆی لە ئەوروپا کرد، بەڵکو بە سیاسەتی کۆچبەران فشاریشی خستە سەر یەکێتی ئەوروپا بە تایبەت ئەڵمانیا، بەڵام هەڵویستە نامرۆڤایەتی و نابەرپرسیارێتیەکەی بەرامبەر شۆڕشی ڕۆژئاڤا بە تایبەت لە کاتی شەڕی کۆبانی، وای کرد وردە وردە ڕووی ڕاستی دراوی ئوردوگان بۆ ئەوروپا دەرکەوێ، لەگەڵ یارمەتیدانی ئەمریکاش بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا، و ترسی تورکیا لەوەی ڕێی پەڕینەوەی وزە بگوازرێتەوە بۆ ڕۆژئاوا و لەوێوە بەرەو دەریای سپی، تورکیای ڕاچڵەکاند و زانی ئیتر ناتوانێ ئەوەندە ناز بەسەر جیۆپۆلیتیکی خۆیەوە بکات.
پابەندبوونی سیاسەتی وزەی هەرێم بە بڕیار و سیاسەتی حوکمڕانی تورکیاوە و پشت کردن لە ناوەندی حوکمڕانی بەغدا کێشەی زۆری بۆ هەرێم دروست کرد، لە کاتێکدا بەغدا خۆی ئەگەرچی وەکو حکومەتێکی زۆربە شیعی بوو، بەڵام پابەند و هاوپەیمانی سیاسەتی ڕۆژئاوا بوو بەتایبەت لەگەڵ حوکمڕانی عەبادیدا، لەکاتێکدا تورکیا، بە تێپەڕبوونی کات و پشتگوێ خستنی لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە و بەهۆی دەرچوونی لە ڕێسا و یاسای مرۆڤایەتی و گرتن و پابەندنەبوون بە مافەکانی مرۆڤ و مامەڵەی ناپەسەندی لەگەڵ جەماوەری خۆی پاش کودەتا سەرنەگرتووەکەی تەموزی ساڵی ٢٠١٥، بە ناچاری ڕووی لە ڕوسیا کرد، تەنها پارتی نەبێ بووە پاشکۆی ئەو حزب و حکومەتە فاشیستەی تورکیا.
لە شەڕی ١٦/١٠ کە کەرکوکی تێدا بووە قوربانی و پاشان ناوچە جێ ناکۆکەکانی گرتەوە، بەشێکی زۆری، کە پێشمەرگە تیایدا جێگیرکرابوون، کەوتەوە دەست سوپای عیڕاق، ئەمەش بەرهەمی کۆمەڵێ دیدار و بڕیار و ڕێکەوتنی پێش وەخت بوو لەگەڵ چ حکومەتی عەبادی و چ هاوپەیمانی دژ بە شەڕی داعش، بەڵام لەبەر ئەوەی هێزێکی سەربازی یەکگرتوو و یەك دیسپلین نەبوو و لە ژیر یەك چەترا ڕێنمایی و هۆشداری پێ نەئەدرا، زیاتر ڕکابەرایەتی و کێبڕکێی حزب و سەرکردەکانی پەیڕەو دەکرد، وەلەبەر ئەوەی سەرکردایەتی هەرگیز ڕاستیەکانی بۆ جەماوەر و سێکتەرەکان ڕوون نەکردووەتەوە، بۆیە هەموو تاك و لۆ کەوتن و هەموو یەکتر بە ئەرگومێنتی جیاوازەوە تاوانبار دەکەن، یەك هەرێمە، بەڵام لە دارایی و هێزی سەربازی و ئاسایش و پەروەردە و زۆر بواری دیکە دوو ڕەنگی جودان، ڕێکەوتن لەگەڵ هاوپەیمانان و بەغدا لەسەر کشانەوەی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە کرا بوو، قوربانیەکانی ئەو شەڕانە، قوربانی شکانی هێزی پێشمەرگە نەبوو، قوربانی بێ ئیرادەیی و چەقبەستووی سەرکردایەتیەکەی بوو.
لە ئەگەر و نەگەری تەواوبوونی شەڕی داعشدا، وەزیری دەرەوە و بەرگری ٢٤ وڵاتی هاوپەیمان لە شەڕی دژ بە داعشدا، لە ڕۆژی ٢١/٦/٢٠١٦ لە واشنتن کۆبوونەوە، بەڵام بێ بەشداریکردنی نوێنەری هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی دوای ئەوە کە لە ٢٢/٣/٢٠١٧ هەر لە واشنتن کرا، ئەم جارە بە ئامادەبوونی نوێنەری هەرێمی کوردستانیش بوو، ئەم هاوپەیمانێتیە لە ساڵی ٢٠١٤ دا و پاش بەهێزبوونی داعیش و گرتنی چەندەها شار و شارۆچکە لە عیراق، لە لایەن ٦٨ وڵاتی جیهانەوە پێکهێنرا.
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی ١٤/١١/٢٠١٦ بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا، بۆ قسەکردن لەسەر بارودۆخی شەڕو دەرئەنجامەکانی، باڵیۆزی ئەمریکا بە بارزانی ڕادەگەیەنێ کە دەبێ هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە سەر ئەو خاڵانەی پێش شەڕی داعش، واتە پێشتر و لەگەڵ بارزانی ئەم بابەتە تاوتوێ کراوە و ئاگادار بوونە.

دووەم : گرێبەستی نێوان هەرێم و ڕۆزنەفتی ڕوسیا
لە مەراسیمی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، لە ڕۆژی یەکی مانگی یونی ٢٠٠٩ دا، مام جەلال بە دڵنیاییەوە باسی یاسایی بوونی ئەو گرێبەستانەی کرد، کە لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکان لەمەڕ هەناردەی وزەی کوردستانەوە، مۆر دەکرێن، و بڕیاردرا کە وەکو ئەزمونێك سەرەتا ڕۆژانە سەد هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەی تەقتەق و تاوکی لە زاخۆ، هەناردە بکرێن و لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێن و داهاتەکەی بچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە، واتە خەزێنەی عیڕاقەوە.
لەگەڵ نائارامی و هەڵگیرسانی شەڕی داعش و پاش جێهێشتنی هەندێ لە کێڵگەکانی نەوت و غاز لەلایەن کۆمپانیاکانی ڕۆژئاواوە وەکو ( ئیکسۆن مابایل و تۆتال ) ەوە، کۆمپانیای ڕۆزنەفت دزەی کردە ئەو دەڤەرە و لە کۆبەندی ئابووری لە پیتەرسبورگ لە مانگی یونی ٢٠١٧ دا دەستپێکی بڵاوکردنەوەی دەنگۆیەك، بۆ مۆرکردنی گرێبەستی وزە لە نێوان کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی و هەرێمی کوردستاندا بڵاوکرایەوە، ئەم هەواڵە زۆر خێرا و گەرماوگەرم لە زۆربەی ڕاگەیاندنەکاندا ئاڵوگۆڕ کرا وڕا و بۆچوون و خوێندنەوەی جیاوازی لێ کەوتەوە، بەتایبەت لە ڕاگەیاندنی تایبەت بە وزەی جیهانیدا.
مۆرکردنی ئەم گرێبەستە ئابووریە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕوسی و لەمەڕ وزەوە، واتە جێ پێ کردنەوەی ڕوسیا بە سەنگی ئابووریەوە و بۆ دەسپێکێکی سیاسی، واتە سەلماندنی نەخوێندەواری سیاسی حکومەتی هەرێم، یا بێ ئاگابوون لە ڕۆژەڤی جیهان و وروژاندنی چەتری زاڵی سەر مەداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە گەمەی ئەمڕۆ گەمەی نێوان دوو تای ئاڵۆزی ترازو یا دوو جەمسەری تێهەڵکێشی هەمیشە گۆڕڕاو و ناهاوسەنگە لە ناوچەکە و لەوەتەی شەڕی سوریاش سەریهەڵداوە، بوونی ڕوسیا و هەوڵدانی بۆ گەڕانەوەی هەیمەنەی خۆی لەسەر ئاستی جیهانی و چوونە سەر سەکۆی ڕکابەری ئەمریکا، سەرنجی شانۆی سیاسەتی جیهانی ڕاکێشاوە.
بە پێی ئەو یادداشتەی کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی لە ڕۆژی دووشەممەی ١٨ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا بڵاویکردووەتەوە، کە ڕێکەوتنێك لە نێوان ئەوان و کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا کراوە کە لە ساڵی ٢٠١٩ دا لوولەی گاز بۆ هەناردەی غازی کوردستان بەرەو تورکیا و لەوێوە بەرەو ئەوروپا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، وەبەرهێنانەکەش لەسەر بناغە و پەیڕەوکردنی مۆدێلی هەر سێ ڕەهەندی کاری ( بنیاتنان- بەگەڕخستن – گوازتنەوە) دەبێت و وا بڕیارە هەناردەی ساڵانەی بگاتە سی ملیار مەتر سێجا لە ساڵێکدا
هەر بە پێی وتەی عیزەت سابیر سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان:
” ئەم گرێبەستەی نێوان کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی و هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت”
ئەم پرۆژەیە، دەبوایە عەمبارەکانی ڕۆزنەفت لە ئەوروپا پڕکاتەوە و پاش مامەڵەکردنی بەرەو وڵاتانی ئەوروپا و لەوانە ئەڵمانیا ببرێت، وە بڕیار وابوو کە پشکی ڕۆزنەفت ٦٠% ی ئەو بەرهەمە بێت، لەهەندێ سەرچاوەش پشکەکەی دەبووە ٨٠% [ ] دەمێکە حکومەتی هەرێم و ناوەند لەسەر بواری وزە لە کێشەدان، لەسەر گرێبەست و هەناردە و کرێی کۆمپانیا و داهاتی فرۆشتن و زۆر وردەکاری دیکەش ناتەبایی و گرژی کەوتووەتە نێوانیان، ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش لە ٢٥/٩/ ٢٠١٧ دا هۆکارێکی زیاتری ئاڵۆزی نێوانیان بوو، بەڵام ئەمە تەنها هۆکاری سەرەکی هەڵگیرسانی شەڕی ئەم دواییەی نیوانیان نەبوو، بەڵکو هۆکارێکی دی، ئەو گرێبەستەی نیوان ڕۆزنەفت و کەرتی وزەی هەرێم بوو، بە پێی ئەو گرێبەستە، ڕۆزنەفت لە پێنج کێڵگەی وزەدا بەشدار دەبوو و بە پشکی سەرەکی لە نێوان ٦٠- ٨٠%، ئەم پرۆژە و دەستبەکاربوونە ئابووریە بۆ ڕوسیا و لەم ساتە وەختەی کە ڕکابەری بەرامبەر بە ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە لایەکەوە و هەوڵدانی ئێران بۆ زیادبوونی هەژموونی لە عیراق و سوریا و لوبنان لەلایەکیترەوە و بۆ قورس کردنی تای ترازووی ڕوسیا وەکو پەرجوویەك وایە، وەکو بارستایەك بۆ هەیمەنە و دەسەڵاتی لەسەر ئەو ناوچەیە، کە لەهەمان کاتدا پشکێکی زۆری لە کۆمپانیا ئەمریکی و بەڕیتانیەکانیش هەر لەو دەڤەرەدا نیشتەجێن.
بەرکەوتن یا زیادبوونی هەر پشکێك لە کێڵگەکانی نەوت و غاز بۆ هەر جەمسەرێك لەو جەمسەرانە، واتە بەرزبوونەوەی کێرڤی دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی لە ناوچەکەدا، قسەکەرێکی ڕۆزنەفت لە یەکێك لە لاپەڕە ئابووریەکانی ئەڵمانیا لە ٢٢ی ئۆکتۆبەر لەمەڕ ئەم ڕێکەوتنەوە دەڵێت : ” ئەم ڕێکەوتنە یەکێکە لەو ڕێکەوتنە گرنگانەی کە مەودامان بۆ فراوانتر دەکات بۆ داچەقاندنی مەرامەکانمان لە ناوچەیەکی زۆر ستراتیژی و پڕ لە گۆڕان و پایەی دەسەڵات بۆ داهاتوو”
ماوەیەك پێش ڕیفڕاندۆمەکەی ٢٥/٩/٢٠١٧ ی کوردستان، ڕوسیا ڕیفڕاندۆمەکەی کوردستانی زۆر بە ئەرێنی لەقەڵەم دەدا، ڕوسیا لەم ساتەوەختەی کە دەیویست پێگەی جیهانی خۆی زیندوو کاتەوە و وەکو هێزێکی خاوەن وزەی زیاتر و خاوەن دەسەڵاتێکی جیهانی لە ڕیزبەندەکانی یەکەم بێت و بتوانێ کێبڕکێی ئابووری و سیاسی بنوێنێ، پێویستی بە داکوتینی سەنگێکی نوێ بوو لەو ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا وەکو ببێتە کارتێکی فشار و هاوتای هێزێکی جیهانی بتوانێ بەرامبەر ڕۆژئاوا بەرژەوەندیەکانی خۆی بپارێزێ، بوونی وزەیەکی زۆریش لە کوردستاندا و بەشداری کۆمپانیاکانی ڕوسیاش پێشتر لە پشکنین و دۆزینەوەی یەدەگی وزە، ئەو پێشبینی و هیوایەی لای ڕوسەکان دروست کرد کە پلانێکی درێژ خایەن بۆ قۆڕخکردنی وزە و بەتایبەت غازی سروشتی دابڕێژن. هاندان و بۆجوونی ئەرێنی ڕوسیاش بۆ ڕیفرابدۆم بۆ بوونە دەوڵەتی کوردستان و سەربەخۆبوونی ئابووریەکەی، هەر لە ڕوانگەی بەرژەوەندی ئابووری و ستراتیژی خۆیەوە سەرجاوەی گرتبوو، بۆیە سێرجی لاڤرۆڤ لەمەڕ سەربەخۆیی کوردستانەوە وتی” دەبێ خواستی نەتەوەی کورد و هەر نەتەوەیەکی دیکەش بۆ سەربەخۆیی، لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا بە ڕەوا ببینرێ ”
ئەگەر بوونی ئەو سامان و گەنجینە زۆر و بەبەهایەی کوردستان نەبوایە، چ پاسەوانێکی ئەم دەوڵەت و کیشوەرانە، باسی ڕەوایەتی سەربەخۆیی ئەم بستە خاکەی دەکرد، بەڵام ئەوەی لێرە لەنگ و ناڕەوایە ئەوەیە کە گەمەی خاوەن دۆزی سەربەخۆییەکە لەگەڵ هەلومەرجی ئێستای وڵاتە زلهێزەکاندا گەمەیەکی نادروست و دژ بە بەرژەوەندی نەتەوەیی و هەنوکەیی و ستراتیژی ئەمڕۆی کوردستانە، لەکاتێکدا لە ژێر سێبەری هەر ئەم پرۆژەیەی کە توانای هەناردەی سی ملیار مەتر سێجا غازی هەیە لە ساڵێکدا، دەکرا لەگەڵ تەنها جەمسەرێك کە وڵاتانی ڕۆژئاوایە، پرۆژەکانی هاوپێچ بکات و نەچێ یاری بە دوو جەمسەری ئاڵۆز بکات لەسەر خاکەکەی، حکومەتی هەرێم لە کاتێکدا کە ناوەند بە پێی ڕێنمایی ڕۆژئاوا دەجوڵێ، ئەو دەچێت جەمسەرێکی دژ بەو لە سەر خاکی خۆی قوت دەکاتەوە و کێرڤی هەیمەنەی ڕوسیا و ئیران زیندوو دەکاتەوە و دنە بە شەڕی نێوان دوو نەیار دەدات لەسەر خاکی خۆی.
بەڕیتانیا، کە خۆی بە خاوەنی پرۆژەکانی نەوت و غازی عیڕاق دادەنێ و لە ساڵی ١٩٢٧ وە کۆمپانیا و پرۆژە و پلانە ئابووریەکانی تیادا داکوتراوە، ئێستا ڕۆزنەفت هەر لەو سنوورەی، یەکپارچەیی عیڕاقی تیادا پارێزراوە، بێت و سەنگی خۆی بسەپێنێ و شەش یەکی هەناردەی غازی خۆی بۆ ئەوروپا، لە بەرهەم و داهاتی کوردستان پڕکاتەوە و پێگە داکوتێ و ببێتە ڕکابەری بەڕیتانیا و ئەمریکا!، ئەمە هاوکێشەیەکی تا بڵێ ناهاوسەنگە و نەخوێندەواری سیاسی کورد و سەرکردەکانی تیادا دەسەلمێنێ، پشتکردن لە بەرژەوەندی ڕۆژئاوا واتە پەلکێشکردنی بەرژەوەندی دژ بەو بەرەو ئەو جوگرافیایەی ئەو سەرمایەی تیادا هەڵدەڕێژێ، بۆیە لێرەدا ڕۆژئاوا زۆر بە ئاسانی دەتوانێ ڕێسەکەت لێ بکەنەوە بە سفر وەکو کردیان و لە چوارچێوەی نمایشی خیانەتی حزبی و تەخوینکردن، کە نەك هەر لەلایەن جەماوەری سادە و کورتبینی کورد ئاوا لێکدەدرێتەوە بەڵکو هەموو سەرکردایەتی کورد دەخاتە ڕیزبەندی نەخوێندەواری سیاسیەوە، ئەوەی لێرەدا پارتی ویستی بۆ جەماوەری بخاتەڕوو، لەلایەکەوە لەقەڵەمدانی یەکێتی وەکو خائین، لەلایەکیترەوە وێناکردنی خۆی وەکو قوربانی.
ڕۆزنەفت، ئەو پێنج بلۆك یا کێڵگەی وزەیەی پلان وابوو کاری تێدا بکات، بە شەش سەد و حەفتا ملیۆن بەرمیل نەوت خەمڵێنرا بوو وە لەبەر ئەوەی ڕیفراندۆم لە کەرکوکیش کرابوو، لە کاتێکدا کە گریمانی سەرکەوتنی ڕیفڕاندۆمەکە هەبوایە، ئەوسا کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوکیش کە زۆر دەوڵەمەندن بە وزە، دەچووە سنووری ئەو سەرکەوتنەوە، وەلەبەر ئەوەی ڕۆزنەفت لەو سنوورە پێگەی هەبوو، ئەو کاتە پشکی کاری لەسەر وزە زیاتر دەبوو و دەسەڵاتیشی بەسەر جیۆپۆلیتیکی ئەو ناوچەیەش زۆرتر دەبوو، بۆیە دەبوو فشاری سەر بەغدا زیادبکرێ بۆ گرتنەوەی ئەو کێڵگانەی کە بەتایبەت کەوتوونەتە دەوروبەری کەرکوكەوە و پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم سەرپەرشتی دەرهێنانی دەکەن.
کاتێ وەزیری وزەی عیڕاق لە ١٩ی ئۆکتۆبەر وتی ” کارێکی نابەرپرسیارانەیە، حکومەتی فیدراڵی عیڕاق و وەزارەتی نەوت، تەنها دامەزراوە و لایەنن کە ئیمزا لەسەر ستراتیژی پەرەپێدان و گەشە کردنی سێکتەری وزە دەدەن، تەنها لایەنن کە لێپرسراون لە ئیمزاکردنی گرێبەست و مامەڵەکردن لەگەڵ وڵات و کۆمپانیاکانی وزە و دەرهێنانی وزە”
ئەم پرۆژەیە ئەگەرچی وەکو پرۆژەیەکی ئابووری خۆی دەرخستووە، بەڵام کەس گومانی لە ڕەهەندە سیاسیە نێودەوڵەتیەکەی ئەم پرۆژەیە نیە، وە ڕۆزنەفتیش، تەنها کۆمپانیایەکی ڕوسی نیە لە کوردستان، کۆمپانیای گازپڕۆمیش دەمێکە کاری لە سێ کێڵگەی وزەی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، ئەوەی لێرەدا کارئاسانی بۆ ئەم پرۆژەیە دەکات ئەوەیە کە : ڕوسیا و تورکیا و حکومەتی هەرێم، یا باشتر وایە بوترێ پارتی دیموکراتی کوردستان، هەرسێکیان دەکەونە یەك بۆتەی بڕیاردانەوە لە بارەی پرۆژە سیاسی و ئاوبووریەکانی ئەو دەڤەرەوە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا ململانێ و ڕکابەرایەتی پرۆژەکەی وڵاتانی ڕۆژئاوایە لەو ناوچەیەدا.
دڵنیابوون لە بوونی بڕێکی زۆر لە غازی سروشتی لە باشوری کوردستان، چ دەسەڵاتی سەرحوکم و چ کۆمپانیا جیهانیەکانی والێکردووە وابەستەی یەکتر بن، چونکە بوونی توانای گوازتنەوەی سی ملیار مەتر سێجا غاز لە ساڵێکدا ، بەڵگەی بوونی گەورەترین کێڵگەی یەدەگی غازە لە جیهاندا، نیۆیۆرك تایمس لەو بڕوایەدایە کە ڕۆزنەفت ئامادەکاری بۆ هەناردەدەرەوەی ئەو غازە دەکات ، وە ئەو غازە دەتوانێ ٦% ی پێداویستی هەموو ئەوروپا پڕکاتەوە کە دەکاتە شەشیەکی ١/٦ ی هەناردەی غازی ڕوسیا بەرەو ئەوروپا.
توینێتی تورکیا بۆ غازی سروشتی و بۆبەردەوامیدانی پەرەپێدانی بواری پیشەسازی خۆی و تێکچوونی پەیوەندیە دپلۆماتی و ئابووری و سنووریەکانی و ڕێخۆشکردن بۆ زیاتر قۆرخکردنی سامانی وزەی کوردستان لەلایەکەوە و ویستی بۆ تێوەگلانی باشوری کوردستان و ئابووریەکەی بە شێوەیەك کە لەگەڵ ڕۆژئاوا بکەوێتە قەیرانەوە و سەنگی نەبێ و هەڵەی پێ بکات و زیاتر بەرەو باوەشی ڕوسیای پەلکێش بکات لەلایەکیترەوە، ئەگەری پەلکێشکردنی سوپای تورکیای لە حاڵەتی کردنی ڕیفراندۆمدا، ڕەتکردووەتەوە و هیچ نەبێ گوزارشتی لێ نەکردووە، وە لەمەڕ بوونی وزەیەکی زۆر لە کوردستان و هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ ڕوسیا و تێپەڕبوونی لوولەکانی وزە بە خاکەکەیدا و پێداویستی نێوخۆیی بۆ پەرەسەندنی پیشەسازی و بەرژەوەندیە ئابووریەکەی بە گشتی، وای کردووە خۆیان لەم ڕێکەوتنەدا وەکو براوە ببیننەوە.
لەکاتێکدا ڕۆزنەفت دەیویست وەبەرهەمهێنانەکانی لە بواری وزەدا و بەتایبەت غازی سروشتی لە باشوری کوردستان پەرەپێبدات، لە ڕۆژی ١٨ ی سێبتەمبەری ٢٠١٧ دا و پیش ڕیفراندۆمەکە، بڕیاری خستنەئەستۆی تێچووی هێڵی گوازتنەوەی غازی سروشتی باشوری کوردستانی دا، کە تێچووەکەی، بە پێی هەواڵەکانی نیۆیۆرك تایمس و بە پشت بەستن بە هەواڵە نێوخۆییەکانی، نزیکەی یەك ملیار دۆلارە.
لە ڕۆژی ١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ دا، بابەتێك لەژێر ناونیشانی ( بۆ کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی کورد بەسەر نەوتی کەرکوك، بەغدا هێلی گوازتنەوەی نەوت بەرەو تورکیا دەکاتەوە) ی وەزارەتی نەوتی عیراق بڵاوکراوەتەوە، تیایدا وەزیری نەوتی عیڕاق جەبار اللعیبی داوای لە کۆمپانیای نەوتی باکور کردووە کە کاری وەبەرهەمهێنان و هەناردە و چاککردنی هێڵی گوازتنەوەی نەوتی کێڵگەکانی کەرکوك کە لە ساڵی ٢٠١٤ وە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەرەو بەندەری جیهان لە تورکیا هەناردە دەکرێ، بخاتە ئەستۆی خۆی، هەروەها پێش ئەم بڕیارەش وەزیری نەوتی عیڕاقی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا دانیشتنێکیان لەمەڕ هێورکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و عیراق کردووە و بابەتی نەوت و وزەیان بە گشتی باس کردووە و ڕێوشوێنی هەناردەیان لە بەندەری جیهانەوە خستووەتە ئارا .
لە کۆبەندی ئابووری جیهان لە پیترسبورغ لە سەرەتای مانگی یونی ٢٠١٧ دا، کە کۆمەڵێ کەسایەتی سیاسی و ئابووری جیهانی تیایدا بەشداربوون، قسەکەری کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی میخائیل لیونتیف باسی لە کۆمەڵێ ڕێکەوتنی ئابووری کردووە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کە بوارەکانی پشکنینی وزە و دەرهێنانی و گوازتنەوەی و بنیاتنان و بوژانەوەی ژێرخان دەگرێتەوە، هەر لەمەڕ ئەو گرێبەستانەی کە بیست ساڵ دەخایەنێ، کۆمپانیای ڕۆزنەفت بەشداری لە دامەزراندن و پەرەسەندنی هێڵی سەرەکی هەناردەی نەوت دەکات لە کوردستانەوە بۆ تورکیا
لە ڕێی کۆمپانیای ڕۆزنەفتەوە کە قەبەترین کۆمپانیای ڕوسیایە، دەتوانرێ زۆربەی وزەی باشوری کوردستان ( نەوت و غازی سروشتیەکەی ) لەلایەن ڕوسیاوە قۆرخ بکرێت، هەر یەدەگی نەوتەکەی بە بڕی نزیکەی ٤٥ ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێت، هەناردەی ساڵی ٢٠١٦ زیاتر لە نیو ملیۆن بەرمیل/ ڕۆژ و لە ساڵی ٢٠١٧ دا گەیشتە شەش سەد ملیۆن بەرمیل/ ڕۆژ، کە دەکاتە نزیکەی ١٢% ی سەرجەم بەرهەمهێنانی هەموو عیڕاق، ئەم ڕێژەی وەبەرهەمهێنانە، بووە جێ سەرنجی ڕوسیا و وەکو خەونیك بۆ زیادکردنی پێگەی خۆی لە ئەوروپا و بوونی وەکو فریاڕەسێکی یەدەگی وزە لە ناوچەکە و کەمکردنەوەی هەیمەنەی ڕۆژئاوا و لێدانی بەرژەوەندیەکانیان و داکوتانی سەنگی ئابووری و پاشان سیاسی خۆی، لە هەوڵی هەرچی زوتری گەیشتن بوو بەو گەنجینەیەی باشوری کوردستان، وە وا بڕیار بوو، کە ڕوسیا پێشەکی قەرزێکی زۆر بە کوردستان ببەخشێ و کوردستانیش لەگەڵ هەناردە و فرۆشتنی نەوت و غازیش، کە بۆ ئێستا باری ئابووریەکەی زۆر ناهەموارە و نێوخۆی شێواوە و بودجەی لەنگە و ئاسایشی نائارامە، مەودای دانەوەی ئەو قەرزەی بۆ کاتی فرۆشتنی وزەکە و هاتنەوە دەستی داهاتەکەی دوابخات، هەر لەو کاتەدا، کۆمەڵێ کۆمپانیای دەرهێنان و گەڕان بەشوێن وزەدا، لە کوردستان بنکەیان هەبوو، لەوانە گۆلف کیستۆن پیترۆلیۆم لە کێڵگەی شێخان و دی ئین ئۆ ی نەرویجی لە کێڵگەی تاوکی و کۆمپانیای کاریش لە کێڵگەکانی خوڕماڵە و بای حەسەن و هاڤانا دەست بەکاربوون، بەڵام ڕۆزنەفت، ئەو کۆمپانیا گەورەیەی کە لەژیر دەسەڵاتی بڕیارەکانی حکومەتی ڕوسیایە و مەودایەکی فراوانی هەیە لە یاریکردن بە هاوکێشە نێودەوڵەتیەکان و دەتوانێ لە شوێنێکی ستراتیژی خاوەن وزەی وەکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە پشتیوانی سەرچاوەکانی وزەی باشوری کوردستان، تای ترازووی هێزی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەنگ و ناهاوسەنگ بکات و لە کێبڕکێی بازاڕی غازیشدا بەهێزتر دەبێت، تەنها چەکی ڕوسیاش کە لە مەیدانی نێودەوڵەتیدا شەڕی خۆسەپاندنی پێ بکات وزەکەی و پێداویستی ئەوروپایە بە غازە سروشتیەکەی ڕوسیا، قۆزتنەوەی غازی باشوری کوردستانیش ئەوەندەیتر ئەوروپا وابەستەی ڕێژەیەکی زۆرتری ئەو وزەیە دەکات و لە ناوچەکەش دەسەڵاتێکی ئابووری دەبێ کە دسەڵاتە سیاسیەکەی پتەوتر دەکات ، وە بودجەی ڕوسیا خۆیشی هەر بە پشتبەستن بە داهاتی وزەکەیەتی، بوونی تورکیاش لەو ناوەندەدا وەکو هاوپەیمان، چ بۆ ڕوسیا و چ بۆ حکومەتی هەرێم، هەر بە ئەرێنی دەگەڕێتەوە بۆ خۆی.
ڕوسیا بە تەنها خاوەنی ٢٧% ی غازی سروشتی هەموو جیهانە، ٤٠% ی پێداویستی ئەوروپا لە غازی ڕوسیا پڕدەکاتەوە، واتە وزەکەی سەنگ و قورسایی خۆی هەیە لەسەر بازاڕی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەگەر بەدواچوون بۆ ترسی ڕوسیا بکرێ، بەتایبەت پاش ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت و چاوێك بە نەخشەی سنورەکەی بکێشرێ، دەبینین پاش ساڵی ١٩٩٠ وە و پاش هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکێتیە و سەربەخۆبوونیان، زۆربەیان نەك هەر بوونە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بەڵکو بوونە ئەندامی ناتۆش، ئەمەش بۆ ڕوسیا وەکو تەلبەند و تەنگ پێهەڵچنینی بوو لەلایەن ڕۆژئاواوە، بۆیە تەنها بوونی وزەکەی و بەتایبەت غازەکەی بووە چەك بۆ فشارخستنە سەر ڕۆژئاوا، فراوانکردنی بازاڕی غازەکەی واتە دەسەڵاتێکی فراوانتر، لێرەدا جگە لەو هەڵپەکردنەی بۆ ئیدارەدانی دەرهێنانی غازی باشوری کوردستان، دەمێکە هەڵپەی قۆرخکردنی وزەی بەستەڵەکی باکوریەتی، ئەویش بە دیاریکردنی سنووری ئاوی خۆی لە جەمسەری بەستەڵەکی باکور بەپێی یاسای سنووری دەریایی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، چونکە لەو ناوچە بەستەڵەکەدا بڕی نزیکەی ٢٠% ی یەدەگی هەموو وزەی جیهانی تیادا حەشاردراوە.
لە بەیانامەیەکی کۆمپانیای ڕۆزنەفتدا هاتووە کە لەو پێنج کێڵگەیەی لە پلانی ئەواندایە لە باشوری کوردستاندا، ئەگەری خەمڵاندنی ٦٧٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ دەکرێت ولە کاتی دڵنیابوونیان لە بوونی ئەو برە وزەیە، لە ساڵی ٢٠٢١ دا دەست بە بەرهەمهێنانی دەکەن، بەڵام لە لایەکەوە ڕیفڕاندۆمەکەی باشوری کوردستان، زۆر لە بەرنامە و خەونەکانی ڕۆزنەفتی پوچەڵ کردەوە، لەلایەکیترەوە بوونی ئەو ( بەریتانیا عوزمایەی ) کە پیش سەدەیەك جڵەوی وزەی کەرکوکی بە دەستەوە بوو، دوبارە چرایەکی سوری بۆ پوکانەوەی بوێریەکانی ڕوسیا هەڵکرد، هەر کە ڕیفراندوم کرا و سوپای عیراق زۆربەی ناوچەکانی، بەتایبەت ئەو شوێنانەی کۆمپانیای نەوت و غازی لێ بوو بە کەرکوکیشەوە، داگیرکردەوە و شکستی بە مۆرکردنی گرێبەستی وزەی نێوان ڕۆزنەفت و هەرێمی کوردستان بۆ پشکنین و هەڵکۆڵین و دەرهێنانی نەوت و غاز لەو پێنج کێڵگەیە هێنا، وەزارەتی نەوتی عیڕاقی بەیانامەیەکی هەڕەشەئامێزی بڵاوکردەوە، کە هیچ لایەنێك ناتوانێ هیچ جۆرە گرێبەست و ڕێکەوتنێك لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا مۆر بکات بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا
لەم دواییەشدا لە کۆتایی مانگی دیسەمبەری ٢٠١٧ دا، کۆمپانیای پرۆژە نەوتیەکانی عیڕاق، ئاشکرای کرد کە هێڵێکی نوێی گوازتنەوەی وزە لە کەرکوکەوە و بە درێژایی ٣٥٠ کم بەرەو بەندەری جیهان ڕادەکێشرێت و دەتوانرێ ڕۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بگوازرێتەوە
بۆیە دەتوانین هەڵەکانی سیاسەتی هەرێم لە سێ خاڵدا کورتکەینەوە:
1. پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ناشەفافی ئابووری،بەتایبەت لە بواری وزەدا.
2. تاریکی ڕێکەوتنی ستراتیژی نیوان یەکێتی و پارتی.
3. برسیکردنی جەماوەری کوردستان بە گشتی.
4. سوربوونی هەرێم لەسەر جێبەجێکردنی ڕێفراندۆم و بەبێ ڕەزامەندی نێو دەوڵەتی و بەبێ پشتیوانی وڵاتە زلهێزەکان، هەڵەیەکی گەورە بوو، بەڵام بەڕای دەسەڵاتی هەرێم سەرکەوتن و دۆڕاندنی ڕیفڕاندۆم هەر بە ئەرێنی بۆ بارزانی و بە خاڵێکی نەتەوەیی بۆ ئەو لە مێژوودا دەنووسرێتەوە.
5. بوونی بە پاشکۆی تورکیا و خزمەتکاری ئابووری تورکیا.
6. پاشان گرێبەستی وزەی هەرێم لەگەڵ ڕۆزنەفت بووە خاڵی کڵپەکردنی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان بەتایبەت بەڕیتانیا
دەرئەنجامەکانی جاڕدانی ئابووری سەربەخۆ
لە ساڵی ٢٠١٣ دا گرێبەستێ لە نێوان وەزارەتی نەوتی عیڕاقی و ڕاوێژکارانی سەربە کۆمپانیای ( بریتیش پترۆلیۆم ) مۆرکرا سەبارەت بە گەشەپێکردن و زیندووکردنەوەی هەردوو کێڵگەی هاڤانا و باباگوڕگوڕی سەربە کۆمپانیای نەوتی باکور لە کەرکوك، کە پێش سەدەیەك لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی بەڕیتانیادا بوو، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی داعش و نائارامی ناوچەکە، ئەو ڕێکەتنە هیچ کارێکی لەسەر نەکرا ،
لە ساڵی ٢٠١٤ وەش لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی داعشدا، باشوری کوردستان سەرقاڵی پرۆژەی ئابووری سەربەخۆیە و لەگەڵ ناوەنددا کەشوهەوایەکی گرژ و بەریەکەوتنێکی بارگاوی هەیە لە بۆچوون و بڕیارەکاندا، دوای دەست بەسەرداگرتنی کێڵگەکانی وزەی دەوروپشتی کەرکوکیش لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەرهەمی وزەی کەرکوکیشی چووە سەر ئەو بڕە وزەیەی، پێشتر بەرەو بەندەری جیهانی تورکیا هەناردە دەکرا، ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمەکەش، ئەوەندەیتر پەیوەندیەکەی لەگەڵ ناوەنددا ئاڵۆزتر کردەوە، هاوپشتی ڕوسیاش بۆ پرۆژەکەی ڕیفراندۆمیش، بێ ئەوەی وڵاتانی دەوروبەر و بەغدا بەهەند وەربگرێ. پێشبینیەکی هەڵەی ڕوسیا بوو، کە وای وێنا کردبوو، کە بە ئەگەری سەرکەوتنی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ئابووری و سنووری کوردستان، ئەگەری بازاڕی ئەویش بچێتە پلانە داڕێژراوەکەیەوە و بتوانێ جڵەوی ئیدارەی وزەی دەستگیر بکەوێ، پاش هاتنی کۆمپانیای ڕۆزنەفت کۆمپانیای گازپڕۆمیش لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی کێڵگەی سەرکالە لە گەرمیان نیشتەجێ بوو.
هەڵوێستی ئەمریکا، جیاواز لە روسیا، هەمیشە دەوڵەمەند بوو بە پێشنیارەکانی بۆ نەکردنی ڕیفراندۆم، بوونی عەبادیش بە سەرۆك وەزیرانی عیڕاق و زیاتر چوونە ژێر سیبەری چەتری ڕۆژئاواوە، ئەمریکا توانی باشتر و ڕاشکاوانەتر، جەخت لەسەر هەڵەکانی حکومەتی هەرێم بکات، هەر لەمەڕ کردن و نەکردنی ڕیفڕاندۆم، چەندەها هەواڵ و زانیاری چ ئەوانەی دزەیان کردە نێو میدیاکان، چ ئەوانەی بە ئاشکرا بڵاودەبوونەوە، هەمووی بێ پێچ و پەنا حکومەتی هەرێمیان لەوە ئاگادار کردبێتەوە کە باشترە و لە قازانجی کوردە کە ڕیفڕاندۆم ئەنجام نەدرێ، هەروەها پێشنیاری کردووە کە وا باشترە لە گەڵ ناوەند مامەڵە ڕێکەوتن بکەن و بودجەی خۆتان مسۆگەر بکەن و قسەی خۆتان لە وەرگرتنی بەشی خۆتان لە نەوتی هەموو عیڕاق هەبێ، شەڕ لەسەر بەشە ئابووری خۆتان بکەن لەسەر ئاستی عیڕاق و ئێمەش پشتیوانتان دەبین، چونکە بۆ ڕۆژئاوا مەرجی پاراستنی یەك پارچەیی عیڕاق، مەرجی سەرەکی مانەوەی باشوری کوردستان بوو لە ژیاندا.
ئەمڕۆ لە تەواوی دونیا شەڕ شەڕی ئابووریە، شەڕی جەمسەرەکانە، شەڕی هەیمەنە و هەیبەت و مانەوە و ڕکابەری و کێبڕکێ و قۆزتنەوەی هەل و هێڵی وزەیە، لەگەڵ سووربوونی حکومەتی هەرێم بۆ پەڕەوکردنی ئابووری سەربەخۆ و بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دڵەڕاوکێی نەك هەر لای حکومەتی ناوەندی، بەڵکو دڵەڕاوکێی لای کۆمپانیای بریتیش پیترۆلیۆمیش، بەتایبەتی لە بوونی کۆمپانیای ڕۆزنەفت لە کوردستان زیاتر کرد، لەگەڵ داگیرکردنی کەرکوك کۆمپانیای ڕۆزنەفتیش کودەتای بەسەردا هات، ئەویش بە هانابردنی وەزارەتی نەوتی عیڕاق بۆ کۆمپانیای بریتیش پیترپلیۆمی بەڕیتانی، کە لە ساڵی ١٩٢٧ وەو لەگەڵ دۆزینەوەی نەوت لە کەرکوكدا وەکو هاوبەشێکی سەرەکی کاری لە کۆمپانیای نەوتی عیڕاقدا کردووە.
ئەکت و مەلەفی وزە، یەکێکە لە بنەما ستراتیژ و ئەرکەکانی سیاسەتی رۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە دینەمۆی دروستکردن و ئاراستەکردنی قەیران و گروپ و دژایەتی و هاوپەیمانی و زۆر ڕوانگەی دیکەی لە خۆ گرتووە، پاش هەڵگیرسانی شەڕ لە سوریا، ڕوسیا هاتە مەیدان و شەڕی سوریاش تەزووی هەستانەوەی ڕوسیا بوو لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی، هەر لەسەر ئەو شانۆیەوە بەرنامەڕێژی بۆ سەرهەڵدانەوەی پێگەی خۆی کرد و زەنگێکی هۆشیار کردنەوەی بە ڕۆژئاوا دا، کە ڕوسیا هێشتا مەترسی و جەمسەر و قورسایی و هەیبەتە لەسەر بلۆکی ڕۆژئاوا، ڕوسیا خاوەن وزەیە، واتە خاوەن هێزی ئابووری و سیاسیە.
ئەم ڕێکەتن و پلان و ڕاوێژ و سەردان و داڕێژان و دەستپێشخەریانە، هەمووی لەسەر شانۆگەری پێش ڕیفراندۆم گەڵاڵە کراون، کامیرای ڕۆژئاوا و ناوەندی بەغداش بەوپەڕی دیقەت و بەدواداچون و وردبوونەوە، کێش و شوێنی هەنگاوەکانی شیدەکردەوە، هیچ شتێکی شارراوە نیە، کوردستان نەك هەر دژ بە بەغدا، بەڵکو دژ بە ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی دژ بە شەڕی داعش و بەرژەوەندیەکانیان لە تای ترازوویەکدایە، دەسەڵاتی کورد لە باشوری کوردستاندا لەگەڵ تورکیایەکیش هاوپەیمانە، کە لەگەڵ ئەمریکا لە گرژیدایە و لەسەر یارمەتیەکانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و هوکاری دیکەش، ناتەبا و هاودەنگ نین، هەر لە ڕوانگەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ تورکیایە، وا ئێستا لەگەڵ ڕوسیاش دەبنە سێ کوچکەیەکی نوێ و یەکتر تەواو دەکەن، دەقی بەرژەوەندی هاوبەشیشیان بریتیە لە وزەی زەبەلاحی کوردستان و بەتایبەت غازی سروشتی.
شەڕ شەڕی وزەیە، شوێنیش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە وەکو بازاڕێك بۆ پیشەسازی چەك دەبێ هەر بەردەوام نائارام و ناجێگیر و پڕ لە شەڕ و ئاشوب بێ، هێزیش بریتیە لە چەند هێزێکی نێودەوڵەتی یەکتربڕ، کە لە ساڵی ٢٠١١ وە و لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی سوریادا، کە هۆکارەکەشی هەر وزە و بەتایبەت هەناردەکردنی غازی سروشتی بوو لە نێوان کێبڕکێی هەناردەی غازی لە نێوان قەتەر و سعودیە و ئێراندا و ئەمریکا و روسیا بڕیاردەریان بوون.
وزە ( نەوت و غاز و خەڵوزی بەرد ) بڕیاردەری دەسەڵاتە، شادەماری پیشەسازی و ئابووریە، فاکتەری دەستنیشانکردنی کاریگەری جیۆپۆلیتیك و بنەما و مەرجی پەیوەندیە ستراتیژی و سیاسیەکانە، خاڵی کڵپەکردن و هەڵگیرسانی شەڕ و بڕیاری سزا سیاسی و ئابووریەکانە، یەکێك لەو جەنگە درێژخایەنە وێرانکەرانەی بە هۆی کاریگەری وزەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریهەڵدا و هێشتا خامۆش نەبووەتەوە، شەڕی سوریایە، کە بەهۆی نەهێشتنی ڕاکێشانی هێڵی پەڕینەوەی غازی سروشتی قەتەر لە سوریاوە، هەڵگیرسا ، نمونەی دیکەی زۆرتر هەن، بۆیە بە پیی زانیاریەکانی سەنتەری توێژینەوە بۆ ئاشتی کە بنکەکەی لە شاری ستۆکهۆڵمی سویدە ( Stockholm International Peace Research Institute)، لە توێژینەوەیەکیدا لەسەر ئەگەرەکانی شەڕ لە جیهاندا، ئەو ڕاستیە دەخاتەڕوو کە لە داهاتوودا ڕوودانی شەڕ لەسەر وزە زۆر زیاتر دەبێ لە چاو ڕوودانی شەڕ لەسەر هۆکارە تەقلیدیەکانی دیکە.

سەرچاوەکان
1. https://www.bgr.bund.de/DE/Gemeinsames/Produkte/Downloads/Commodity_Top_News/Energie/34_MENA
2. http://www.ag-friedensforschung.de/regionen/USA/obama-rede-kairo.html
3. https://www.welt.de/geschichte/article119180782/CIA-bekennt-sich-zu-Militaerputsch-1953-im-Iran.html
4. Energiestudie 2016, Reserven, Ressourcen und Verfügbarkeit von Energierohstoffen Hannover, Dezember 2016, S. 38- 39
5. https://de.sputniknews.com/wirtschaft/20170918317471180-irakisch-kurdistan-gas-pipeline-europa-lieferungen
6. https://de.sputniknews.com/wirtschaft/20171107318187882-irakisch-kurdistan-kosten-rosneft-vertrag/
7. http://www.zeit.de/politik/ausland/2017-10/kurden-kirkuk-iran-irak-armee-oel-abkommen
8. https://deutsch.rt.com/wirtschaft/59422-funf-erdolprojekte-starken-prasenz-rosneft-irak-kurdistan/
9. https://deutsch.rt.com/der-nahe-osten/57505-irak-russland-schliesst-vor-unabhangigkeitsreferendum-mega-erdgasdeal
10. https://de.sputniknews.com/politik/20171019317941217-bagdad-oel-deal-rosneft-kurdistan/
11. http://www.handelszeitung.ch/politik/irak-kaempft-gegen-oeldeal-von-rosneft-und-kurden-1506220
12. https://de.sputniknews.com/wirtschaft/20170918317471180-irakisch-kurdistan-gas-pipeline-europa-lieferungen/
13. https://deutsch.rt.com/der-nahe-osten/57505-irak-russland-schliesst-vor-unabhangigkeitsreferendum-mega-erdgasdeal/, Ali Özkök, 18.09.2017
14. لانهاء سيطرة الاقليم على نفط كركوك .. بغداد تفتح خط أنابيب بسيطرتها يصل لتركيا ١٠/١٠/٢٠١٧ ، صفحة کتابات
15. “روس نفط” تكشف لـ”RT” عن عقود هامة وقعتها مع إقليم كردستان العراق، ٢/٦/٢٠١٧
16. طە عبدالواحد، أحلام «روسنفت» في كردستان العراق رهن التوافق مع بغداد، الشرق الأوسط، ٥/١١/٢٠١٧، العدد ١٤٢٢٦
17. http://www.knnc.net/Drejey-hawal.aspx?id=111702&LinkID=1&video=False&leguaid
18. حسین جمو، كيف دمر الصراع بين “روسنفت” و”بريتش بتروليوم” ملامح استقلال كردستان؟، الحیاة ، ٥/ ١١/ ٢٠١٧ ،
19. Sven Reuth, Ölprinc, Compact, Ausgabe 01/ 2018, S43
د. مەدیحە سۆفی / ئەڵمانیا
……………………………………………………………………………………………………………………….

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *