تەعریب لە کەرکوک

لەلایەن ستاندار Posted on 539 جار بینراوە

مەلا فرمان

بەشی یەکەم

کودەتاکەی بەعس لە ١٩٦٣ ، دروستکردنی ( الحرس القومی ) لێکەوتەوە، ئەم هێزە لە ژێر ئەو دروشمەی بەعس ( سەر بۆ من و ماڵ بۆ ئێوە ) شانبەشانی سوپای عێراق هێرشیان کردە سەر تەواوی ناوچە کوردنشینەکانی پارێزگای کەرکوک، گوندەکان سوتێندران، ماڵ و مەڕۆ ماڵات بە تاڵان بران ( فرهود کرا)، سەدان پیاو و ژنی کورد گولەباران کران. کورد لە گوندەکانی نێوان کەرکوک – دوبز، ناحیەی سەرگەڕان، گوندەکانی نێوان کەرکوک – ئاڵتون کۆپری، لەیلان و شوان دەرکران و عەرەب لە جێیاندا نیشتەجێکران. لەم قۆناغە کورد دەستەوەستان نەواەستا و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە گوندەکانی ناوچەی ساڵەیی هێرشیان کردە سەر عەرەبەکان.

دوای بەیانی ١١ ئازاری ١٩٧٠ بۆ هەندێ لەو ناوچە تەعریبکراوانە دوای گەڕانەوەی کوردەکان دەستی ئاوەدانی بۆ درێژکراو بە ناوی پرۆسەی ” اعمار الشمال” خانویەکی زۆر دروست کرا. دوای ئاشبەتاڵی شۆڕش لە ١٩٧٥ جارێکی تر بەعس کەوتەوە تەعریبکردن، لە ١٩٨٧ تەواوی ناوچە کوردنشینەکان راگوێزران و بە عەرەبکران. ئەم پرۆسەیە بە درێژایی حوکمی بەعس تا ٢٠٠٣ بەردەوام بو. بە روخانی پەیکەری سەدام حوسێن پرۆسەی تەعریب و تەرحیل کۆتایی هات.

بەڵام لە روی یاساییەوە کێشەی موڵکداری لە کەرکوک بێ چارەسەر مایەوە، چونکە یاساکانی سەردەمی بەعس رەشنەکرانەوە. دوای ٢٠٠٣ بەشی زۆری عەرەبە هاوردەکان کەرکوکیان بەجێهێشت و راگوێزراوەکانی کورد و تورکمان گەڕانەوە زێدی خۆیان، ئەگەرچی مادەی ١٤٠ لە دەستوردا دانرا بۆ چارەسەری کێشەی موڵکداری لەم شارە ، بەڵام، جگە لە پشتگوێخستنی جێبەجێکردنی ئەو مادەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ، دەسەڵاتی حیزبی کوردیش ( پارتی و یەکێتی ) ئەوەندەی کاری بە سیاسەتی هێز و ئەمری واقع کرد ئەوەندە کاری بە یاسا نەکرد بۆ چارەسەری کێشەکان. بۆیە لە گەڵ نەمانی ئەو دەسەڵاتە حیزبیە و ئەو واقیعە لە ١٦/١٠/٢٠١٧ بەدواوە تەعریب بەم شێوەیە دوبارە دەبێتەوە: لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان – دوبز ، وەک سەرەتا بە پێی فەرمانێکی پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت بۆ گوندی پەڵکانە نزیکەی ١٥٠ – ٢٠٠ عەرەبی بەدو سەر بە عەشیرەتی شەمەر کە پێشتر لە ١٩٧٥ بەعس لە جێی کوردەکان نیشتەجێیانی کردبوو گەڕانەوە،

بە پێی قسەی خەڵکی گوندەکە ئەمانە بەشێکیان فیدائی سەدام بونە، بە پاڵپشتی بەشێ لە هێزە چەکدارەکانی عێراق کەوتنە هەڕەشەکردن لە کوردەکان. خۆڕاگری دانیشتوانی گوندەکەوە بەدەنگەوە چونی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا و دەزگاکانی راگەیاندن بەرەنگاری باش کرا و حکومەتی عێراق لە رێگەی شاندێکەوە ئاگاداری کوردەکانی کردەوە کە گوندەکە چۆڵ نەکەن. بەڵام کێشەکە چارەسەر نەکراوە ، چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر بەم شێوەیە بمینێ توندوتیژی لێدەکەوێتەوە. لەسەر خاوەندارێتی کورد لەم گوندە دانیشتوانەکەی بەڵگەی مێژویی تەواویان هەیە. دوای چەند جارێک سەردانیکردنی مەکۆی دوبزی بزوتنەوەی گۆڕان و تیمی کەناڵی KNN بۆ ناوچەکە ، دەیان چیرۆک و بەڵگەی مێژوییان بۆ باسکردین و خستیانە بەردەست ، لەوانە: – لە ١٩٤٨ قوتابخانە هاتۆتە ئەم گوندە، لە ١٩٥٨ تا ١٩٦٨ تا ١٩٧٥ جگە لە قوتابی کورد یەک قوتابی عەرەبی لی نەبوە، بگەڕێنەوە توماری قوتابخانەکە. – لە گۆڕستانەکە جگە لە گۆڕی مردوانی کورد ، گۆڕی مردوی هیچ پێکهاتەیەکی تری لێ نیە. – بەڵگەی موڵکداری و دەفتر نفوسی ساڵەکانی ١٩٣٧ ، ١٩٤٧ ، ١٩٥٧ …. هەیە. بەشی داهاتو ( گوندەکانی نێوان کەرکوک – دووبز).

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.