پلانی بەر لە ھەڵبژاردن و ڕێکارە یاسایەکانی پڕۆسەکە

لەلایەن ستاندار Posted on 436 جار بینراوە

كه‌ركوك ئه‌حمد

ئامانجی ھەر حزبێکی سیاسی گرتنەدەستی دەسەڵاتە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بەڵێنەکانی کە بە ھاوڵاتیانی داوە بھێنێتەدی، بۆ ئەو مەبەستەش پلانی بەر لە ھەڵبژاردن ئەوەندەی پلانی دوای ھەڵبژاردن و کارکردن لەحکومەتدا گرینگە، ئەکرێت بڵێین ئەوە پلانی بەر لەھەڵبژاردنە دەتگێنێت بە دەسەڵات، نەک پلانی کارکردن لە دەسەڵات، ڕەنگە حزبێک پلانی زۆر باشی ھەبێت بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتی گرتەدەست جێبەجێیان بکات، بەڵام کە پلانی گەیشتن بەدەسەڵاتی نەبێت کە پلانی بەر لەھەڵبژاردنە ئەوە پلانەکەی تریشی ھیچ گرینگیەکی ئەوتۆی نامێنێت.

بۆ بەڕێوەچونی ھەر ھەڵبژاردنێک پێویستە کۆمەڵێک ڕێکار بگیردرێنەبەر لەلایەن ئەو دامەزراوانەی کە بە پڕۆسەکە ھەڵدەستن.

مەڕسومی سەرۆکی حکومەت

بەپێی بڕگەی ۱ لە مادەی یەکەمی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوریەکانی ھەرێم ژمارە ۲ی ساڵی ۲۰۱۷ دەسەڵاتی دەرکردنی فەرمانێک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان ـ عیراق و دیاریکردنی کاتەکەی لەدەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دایە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ھەرکاتێک حەزیکرد دەتوانێت مەڕسومێک دەربکات و داوای ھەڵبژاردن بکات.

بەپێی ئەو یاسایە لە دو حاڵەت سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەو دەسەڵاتەی بەکار دێنێت:

۱ـ ئەگەر پەڕلەمان ھەڵوەشایەوە لەبەرواری ھەڵوەشانەوەی پازدە ڕۆژ لەبەردەم سەرۆکی حکومەتە بۆ ئەوەی فەرمان بکات بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن وە دەبێت ئەو ڕۆژەی کە دیاریدەکات بۆ بەڕێوەچونی ھەڵبژاردن شەست ڕۆژ دوای ھەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان بێت.

۲ـ ئەگەر خولی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی بەرەو تەواو بوون دەچوو، واتە شەست ڕۆژ ماوە بۆ ئەوەی خولی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کۆتایی بێت لەوکاتەدا سەرۆکی حکومەت ھەڵدەستێت بە دەرکردنی ئەو فەرمانە وە ڕۆژێک دیاریدەکات بۆ بەڕێوەچونی ھەڵبژاردن، بەڵام دەبێت ئەو ڕۆژەی کە دیاریدەکات بۆ بەڕێوەچونی ھەڵبژاردن بەلانی کەمەوە شەست ڕۆژ دوای فەرمانەکە بێت.

لێرەدا بەھۆی ئەوەی پڕلەمانی کوردستان بەپێی یاسای درێژکردنەوەی خولی ھەڵبژاردنی چوارەمی پەڕلەمانی کوردستان ــ عیراق ژمارە ۱ی ساڵی ۲۰۱۷ ماوەی خولی ھەڵبژادنی چوارەمی بۆ ماوەی دوو خولی گرێدان درێژکردۆتەوە بۆیە پێویستە لەسەر سەرۆکی حکومەت لەکاتی دەرکردنی فەرمانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ئەو یاسایەی لەبەرچاو بێت.

لەئێستادا بەدو ڕێگا سەرۆکی حکومەت ئەتوانێت ھەڵبژاردن لەمانگی چوار ئەنجام بدات بەپێی ئەو فەرمانەی کە لە حەفدەی مانگی ڕابردوو دەریکرد:

۱ـ لەڕێگای ھەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان کە بەپێی بڕگەی ۲ لە مادەی یەکەمی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوریەکان ژمارە ۲ی ساڵی ۲۰۱۷ ھەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دایە بەچەند مەرجێکی دیاریکراو وە لەکاتی دیاریکراو کە لە یاساکەدا ھاتووە. ئینجا دوای ئەوەی کە پەڕلەمان ھەڵوەشایەوە ئەوا لەماوەی پازدە ڕۆژ لەدوای ھەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت فەرمانێک دەربکات بۆ دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچونی ھەڵبژاردن بەمەرجێک لە شەست ڕۆژ دوای ھەڵوەشاندنەوەکە کەمتر نەبێت.

۲ـ ڕێگای دووەم ھەموارکردنەوەی یاسای درێژکردنەوەی خولی ھەڵبژاردنی چوارەمی پەڕلەمانی کوردستان ـ عیراق ژمارە ۱ی ساڵی ۲۰۱۷یە لێرەدا یاساکە ھەمواردەکرێتەوە ماوەی درێژکردنەوەی ھەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەڕلەمانی کوردستان کەمدەکرێتەوە بۆ ئەو ماوەیەی کە دەیانەوێت ھەڵبژاردنی تێدا ئەنجام بدەن.

خۆ ئەگەر نەیتوانی ھیچ یەکێک لەو ڕێگایانە پیادە بکات ئەوا دەبێت پابەندێت بەو یاسایەو بەلایەنی کەمەوە شەست ڕۆژ بەر لە کۆتایی ھاتنی ماوەی درێژکراوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانێک دەربکات و ڕۆژێک دیاری بکات بۆ بەڕێوەچونی ھەڵبژاردن.

ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن

مەرج نییە بۆ بەڕێوەچونی ھەر ھەڵبژاردنێک یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە بەڵکو ئەوە دەوەستێتە سەر خواستی حزب و لایەنەکان ئەگەر حزب و لایەنەکان پڕۆژە یاسایان پێشکەشکرد بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژارن ئەوا یاساکە ھەموار دەکرێتەوە، خۆ ئەگەر یاساکە ھەموار نەکرایەوە ئەوا پشت بە یاسای ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان ـ عیراق ژمارە ۱ی ساڵی ۱۹۹۲ی ھەموارکراو دەبەسترێت.

ئەوەی گرنگە ڕچاوبکرێت لەکاتی ھەموارکردنەوەی یاساکە ئەوەیە سیستەمی کۆتا بۆ کەمە نەتەوەیەکان بەشێوەیەک ڕێکبخرێت کە ھیچ حزبێک نەتوانت بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بێنن. لەیەکێک لە بەیاننامەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە داوای ئەوەکرابوو کە قائیمەی دەنگدەرانی ئەو کەمە نەتەوانە جیابکرێتەوە، ئەوە ھەنگاوێکی زۆر باش دەبێت بۆ ئەوەی ئەو کەمەنەتەوا تەعبیر لە خواستی خۆیان بکەن وە کەسی خۆیان بچێتە پەڕلەمان، بەڵام ئەوەش پێویستی بەوەیە کە کاری جدی لەسەر بکرێت.

سیستەمی لیستی کراوەی سنوردار

یەکێکی تر لەو بابەتانەی کە ڕەنگە لەکاتی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن ببێتە جێگای مشتومڕی لایەنە سیاسیەکان سیستەمی لیستی دەنگدانە کە بەپێی مادە ۲ی یاسای ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان ـ عیراق ژمارە ۱ی ساڵی ۱۹۹۲ی ھەموارکراو لەسەر شێوەی سیستەمی لیستی کراوەی سنوردارە. کە دەنگدەر لەو شێوازە دەنگ بە قەوارەکەو کاندیدێکی دڵخوازی خۆشی دەدا.

بەرەی دژ بەو دەسەڵاتەی ئێستا ئەگەر نیازیان وایە بەیەک لیست دابەزن ئەوا پێویستە لە ئەگەری ھەموارکردنەوەی یاساکە ئەو سیستەمە وەک خۆی بھێڵنەوە چونکە لەژێر ئەو سیستەمەدا باشتر دەتوانرێن بەرە دروستبکرێت. لەو سیستەمە دەتوانرێت چەند قەوارەیەکی سیاسی بەیەک لیست دابەزن بۆ ھەڵبژاردن، وە ھەر قەوارەیەکێش پارێزگاری لە دەنگەکانی خۆی بکات چونکە دەنگدەر لەو شێوازە ھەم دەنگ بە لیستەکە دەدات کە ئەکرێت دروستکراوی چەند قەوارەیەک بێت وە ھەم پاڵێوراوێکیش ھەڵدەبژێرێت.

نابێت حزبەکانی بەرەی دژ بەو شێوازە حکومڕانیەی ئێستا بیر لەوەبکەنەوە کە بەچەند لیستێکی جیاواز بەژداری لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو بکەن دواتر ھاوپەیمانیەتییەک(فڕاکسیۆنێک) لەناو پەڕلەمان پێکبھێنن بۆ تەشکیلکردنی حکومەت، چونکە پەڕلەمان لیستی براوە ڕادەسپێرێت بۆ تەشکیلکردنی حکومەت نەک گەورەترین ھاوپەیمانیەتی(فڕاکسیۆن) کە دوای ھەڵبژاردن لەنێو پەڕلەمان دروستدەکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.