ستاندەر
ئێوارەی سێشەمە ٢ی مانگی یەکی ٢٠١٨ لە هەولێر شەش چەکدار هەڵدەکوتنە سەر بارەگای ڕێکخراوی ئێن پی ئەی نەرویجی و چەندین ئوتۆمبێل و کەلوپەلی ئەلکترۆنی دەدزن.
بەگوێرەی میدیاکانی نەرویج، لە کاتی هێرشەکە دا پاسەوانێک چاودێری ئۆفیسەکەی کردوە، نزیکەی دەمژمێر ٨ی ئێوارە شەش چەکدار کە چەکی کلاشینکۆفیان پێ بوە، هەڵدەکوتنە سەر ئۆفیسی ڕێکخراوەکە لە عەنکاوە، دوای لێدان و بەستنەوەی پاسەوانەکە، شەش چەکدارەکە چوار ئۆتۆمبێل و چەندین کۆمپیوتەر و کەلوپەلی دیکەی ڕێکخراوەکە دەدزن.
جێی ئاماژەپێکردنە شارۆچکەی عەنکاوە کە ئێستا بەشێکە لە شاری هەولێر، یەکێکە لەو ناوچانەی کە بە توندترین شێوە ئاسایشی دەپارێزرێت و کامیرای چاودێری بەچڕی بونی هەیە بەهۆی هەبونی زۆربەی نوێنەرایەتییە دیبلۆماسیەکان و ریکخراوە نێوەدەوڵەتییەکان.