بۆچی پێویستە بودجەی ھەرێم لە لایەن بەغداوە سەرپەرشتی بکرێ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 344 جار بینراوە

سەڵاح زانا

حیزبە کوردیەکانی باشور لە شاخ خاوەنی ئایدیۆلۆجیای شۆڕشگێری نەبون . بۆیە لە دوای راپەڕین لە بری ئەوەی بیر لە بنیات نانەوەی وڵات بکەنەوە ، دەستیان کرد بە تاڵان کردنی دامەزراوە ستراتیجیەکان و ئاودیو کردنی ئامێر و کەرەستە گران بەھاکان بۆ دەرەوەی وڵات .

دوای دامەزراندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە (۱۹۹۲) ، ھەردوو حیزبی باڵادەست ( یەکێتی و پارتی ) ، لەبری سود وەرگرتن لە داھاتە ناوخۆیی و گومرگیەکان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و تێپەڕاندنی قەیرانی ئابوری ، کەوتنە کێبڕکێ بۆ دەست بەسەر داگرتنی سەرچاوەکانی داھات ، بەو ھۆیەشەوە شەڕی ناوخۆیان لە (۱۹۹٤-۱۹۹۸) ھەڵگیرساند . لە کاتێکدا ھاوڵاتیانی کوردستان پەکیان کەوتبوو لەسەر بچوکترین پێداویستی ژیان، ئەوان داھاتی کوردستانیان خەرج دەکرد بۆ پەیدا کردنی چەک و تەقەمەنی و وڵاتیان پێ وێرانتر دەکرد.

تا دوای پڕۆسەی ئازادی عێڕاق (۲٠٠۳)خەڵکی کوردستان لە سایەی دەستەڵاتی ( یەکێتی و پارتی ) دا لە گوزەرانێکی زۆر خراپ دابوون. دوای رەوانە کردنی بودجەی ھەرێمی کوردستان لە لایەن ( بەغدا) وە ژیانی ھاوڵاتیان تارادەیەکی زۆر باشتر بوو. بەڵام بەھۆی ئەوەی دەستەڵاتی کوردی نەیتوانی سیستەمێکی دامەزراوەیی بنیات بنێ، نەتوانرا بە شێوەیەکی باش سود لەو داھاتە زۆرە وەربگیرێ کە لە کوردستاندا ھەبو. لە بری ئەوەی داھاتی وڵات بخرێتە کار بۆ باشکردنی ژێرخانی ئابوری کوردستان، بەکار ھێنرا بۆ کڕینی ھەوادار و بەھێز کردنی میلیشیای حیزبی.

دوای دەرھێنان و فرۆشتنی نەوت لە کوردستان پەیوەندیەکانی نێوان دەستەڵاتی کوردی و بەغدا زۆر خراپتر بوو، تا کار گەیشتە سەر بڕینی بودجەی ھەرێم لە لایەن حکومەتی ناوەندیەوە. ھەرچەندە دەستەڵاتی کوردی جگە لە سامانی نەوت داھاتێکی زۆری ناوخۆیی و گومرگی لەژێر دەستدا بو، بەڵام بەھۆی گەندەڵی و بە تاڵان بردنی سامانی وڵات لە لایەن ھەردو حیزبی دەستەڵاتدارەوە، ئابوری کوردستان دوچاری داروخانێکی ترسناک بۆوە.

ئەزموونی (۲٦) ساڵەی دەستەڵاتی کوردی ئەوەی سەلماندوە، کە حکومەتی ھەرێم نایەوێ داھاتی وڵات بەکار ببرێ بۆ خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان. کەڵەکە بونی سەرمایەکی زۆر لە لایەن دەستەڵاتی کوردیەوە، ئەوەندەی بە زیان دەگەڕێتەوە بۆ وڵات ئەوەندە ناچێتە خزمەت بەرژەوەندیەکانی خەڵک.

بەمەش دەردەکەوێ کەوا بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان لەوە دایە بەشە بودجەی کوردستان راستەوخۆ نەدرێ بە حکومەتی ھەرێم ، بەڵکو لە لایەن ( بەغدا ) وە سەرپەرشتی بکرێ، وە سەرجەم داھاتە نەوتی و ناوخۆیی و گومرگیەکانی ھەرێمیش لە لایەن حکومەتی ناوەندیەوە بەڕێوە ببرێن. چونکە حیزبەکانی دەستەڵات ئەوەندەی داھاتی کوردستان دەخەنە خزمەت بەھێز کردنی میلیشیای چەکدار و چەسپاندنی فەرمانڕەوایەتی خۆیان، ئەوەندە نایخەنە کار بۆ باشتر کردنی گوزەرانی خەڵک و بوژاندنەوەی ئابوری وڵات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.