سەروەری شاخ و سەروەتی شار

لەلایەن ستاندار Posted on 390 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

لەھیچ وڵاتێکدا سیاسەت ئەوەندە پیس وبێزراو نەبوە، بەقەدەر ئەم وڵاتەی ئێمە کە ناوی کوردستانە !.. لەھیچ وڵاتێکدا سیاسەتمەدار ئەوەندە درۆزن نەبوە ، وەک سیاسەتمەدارانی ئێمە!. لەھیچ وڵاتێکدا میدیا ئەوەندە چەواشەکار نەبوە، وەک میدیاکەی مەر لەخۆمان !.. لەھیچ وڵاتێکدا کۆمەڵگا ئەوەندە ساویلکە نەبوە ، بەقەدەر کۆمەڵگەی ئێمە.. لێرە ھەمو شتێک پێچەوانەی کۆمەڵانی دونیایە..

بەپێی رۆژنامەکانی تورکیا بێ، مەسعود بارزانی خاوەنی ٥٤ ملیار دۆلارە وشکەیە لەبانکەکانی ئەم وڵاتە ، نازانین چەنێکیتری ھەیە لە بانکەکانی تری دونیادا ، ھەڵبەت ئەم سەروەتو سامانەشی بە ئارەقەی نێوچاوانی و بەکارو کەسابەتەوە بەدەست نەھێناوە ، حیسابی کوڕو نەوەو بنەماڵەکەشی دیار نیەو نازانین چەنە ولەکوێ ھەڵگیراوە..

“رۆشنبیری ” کورد ئەوەندەی باسی سەروەتو سامانەکەی نەوشیروان مستەفا ئەکەن، ئەوەندە بەلای ئەم ھەمو سەروەتەی ئالی بارزاندا ناچن ، ئەوەندەی باسی گردی زەرگەتە بوەتە باسو خواسی سەر فەیسبوک و لاپەرەی میدیاکان ، ئەوەندە باسی داگییر کردنی مەسیف و سەری رەش و ٤٠ ھەزار دۆنمەکەی ماڵی کاکی ئەندازیاری وێرانی ناکرێ.. ئەمەش لەکاتێکدا کاک نەوە خاوەنی ئەم ھەمو خاکەی کوردستانە کە بەدەستی خۆی و ھەڤاڵەکانی لەبندەستی رژێمی بەعسی لەراپەرینەکەی بەھاری ساڵی ١٩٩١دا دەرھێنا،جگە لەوەی بەدەیان ساڵیش بەم شاخانەوە بوە و خەباتی کردوە بۆ رزگاری میللەتەکەی، ئەو کاتەش بنەماڵەی بارزانی لەکەرەج خەریکی کونکردنی دارجگەرە بونە.

سەدان وتار و لێدوان لەسەر پلەی عەمیدی شاناز خانی کچی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد نوسرا کە وتراوە بەناھەق خانەنشیین کراوە ، بەڵام کەس باسی پلەی لیواو فەریقی ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی ناکات کە بەناھەق لەسەر شانیان بەستوە، بێ ئەوەی رۆژێ لەرۆژان بەشداری شەڕێکی پێشمەرگانەیان کردبێ ، مەگەر بەتەلەفۆن لەفێللاکانی ناوچەی بارزانەوە بەدوربین سەیری بەرەکانی شەڕیان کردبێ !.

شاناز خان ئەگەر ھیچی نەکردبێ ھاوەڵی رابەری بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد مام جەلال بوەو ، ساڵانێکی دوورو درێژیش وەک باجی خەباتەکەی باوکی بەرێزییەوە دەربەدەری شارو وڵاتان بوەو، بەقەدەر قورسایی خەباتی دەیان پێشمەرگەش چالاکی ھەبوە لەدەرەوەی وڵاتدا.

ھەزاران پێشمەرگەی دێرینی ئەم کوردستانە لەشارو شاخدا خەباتیان کردوە، ئەگەر بۆ یەک مانگیش بوبێت ئەمانە خاوەنی راستەقیینەی خاکی کوردستانن. خەباتی ئەمانە جێگای تەقدیرە، بەڵام بەداخەتوە ئەوانەی بەدرێژایی ژیانیان لەدژی شۆڕشی کورد جەنگاون و ھەمیشە چەکی خیانەتیان کردۆتە شانو کوردیان کوشتوەو میللەتەیان ئەنفال کردوە، ئەمرۆ لەسایەی خاکفرۆشانی کوردەوە موچەی خانەنشینی لەوەزوارەتی پێشمەرگە وەرئەگرن، ھەندێکیان مەزرعەو فیللای خۆشیان ھەیەو بەپارەی میللەت ئەلەوەرێن.

ھەزاران ئەندامی رێکخستنەکانی شار ساڵانێک لەناو زیندانە تاریکەکانی رژێمی بەعسدا ژیانیان بەسەر بردوە، ئەمرۆ بە روبعە موچەیەکی دوو مانگ جارێک قەرەبو ئەکرێنەوە، کەچی لەولاوە دەیان ھەزار بندیواری دەنگفرۆشی پارتی لەماڵەکەی خۆیان دانیشتون بەملیۆن دینار پاداشتی دەنگەکانیان ئەکرێ .

دەنگی چوار گەنجی بەشمەینەتی ھەولێر بەزەبری ھێز و فشاری بڕینی کارەبای ماڵەکانیان کپ ئەکرێ، بەڵام بە ملیۆنان دۆلاری دزراوی ناودەمی مناڵانی کورد لە دوو کەنالی چەواشەکاری حیزبی پارتی سەرف ئەکرێ، وملیۆنانی تریش ئەدرێتە قەڵەمفرۆشانو جنێودەرانی سایتەکانی ئەم حیزبە.

بیستو حەوت ساڵە ئەم دەسەڵاتە زاڵمە زوخاو ئەکات بەقورگی میللەتەوە ، کارەبای لێ ئەبڕێ، ئاوی پاکی ناداتێ ، موچەی ئەبڕێ، دەیان ملیار دۆلاری قەرزشی خستۆتە سەر ئەستۆی نەوەکانی داھاتو، کەچی ئێستاش کوڕو نەوەکانی بەرپرسانی دەسەڵات بۆ یەک سەعاتیش لەکەیفو سەفای مەلھاکانی لوبنانو ئۆکرانیاو جۆرجیا نەکەوتون ، ئێستاش سۆزانیەکان بە فرۆکەی تایبەتەوە ئەگوازرێنەوە مەزرەعەکانیان لەدەوربەری مەسیف و شەقڵاوە.

ئەمە حاڵی میللەتەکەمان بەدەست ئەم دەسەڵاتەی ھەرێمەوە ، ھیچ ئاسۆیەکی روونیش نیە بۆ گۆڕانکارییەک ئەم میللەتە جارێکیتر لەبندەستی رژێمێکی فاشیزمی وەک بنەماڵەی بارزانی رزگاری ببێ ..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.