لە یاسای چاکسازیی خانەنشینی و مووچەدا چارەنووسی بندیوارەکان بە چی دەگات؟

لەلایەن ستاندار Posted on 893 جار بینراوە 0 سەرنج
zaed

زیاد ڕەشاد قادر

ئەگەر مانا قامووسییەکەی تێرمی (بندیوار)، لە پێشتردا بۆ ئەو کەسە بێ کار و بێ بەرھەم و بەساڵداچوو و لەکارکەوتووانە بەکارھاتبێ، کە ھیچ ئیش و وەزیفەیەکی ڕەسمی و ناڕەسمییان نییە، ئەوا لە دە پازدە ساڵی ڕابردوودا، بندیوار وەکوو ناوێک بۆ ئەو فەرمانبەرە یاسایی و بێ ئیش و بێ بەرھەمانەی باشووری کوردستان بەکارھاتووە، کە وەکوو ناو و ناوونیشانی وەزیفی و لیستی مووچەخۆران بوونیان ھەیە، بەڵام لە مەیدانی کار و لەنێو دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتدا، ھیچ حزوورێکیان نییە. دیاردەی فەرمانبەری بندیوار، دیاردەیەکە زێتر وەکوو بەشێک لە بێکاریی داپۆشراو (بگالە مقنعە) دەردەکەوێت، ئەگەرچی لەپاڵ مووچەخۆرە بندیوارەکان، لە ئێستادا مووچەخۆری نیمچە بندیواریش ھەیە.

سەربوردەی بوونە مووچەخۆر لە ھەرێمی کوردستان، ھەقایەتگەلێکی سەیرە، بێنە بەر چاوت، قوتابخانەیەک لە کوێرەدێیەکی ئەم وڵاتەدا، تەنێ پەنجا قوتابیی ھەبێت، بەڵام زێتر لە سەت مامۆستا و فەرمانبەر و کارگوزاری ھەبێت! مزگەفتێک لە شارۆچکەیەکی گچکە و دوورەدەستدا، چل خزمەتگوزاری ھەبێت، وەلێ لەلایەن خێرخوازانەوە پاک بکرێتەوە! بنکەیەکی تەندروستی لە ئاواییەکی سەر سنووردا، سی پاککەرەوەی ھەبێ، کەچی ھیچیان دەوام نەکەن و سەرو دە ھەزار دینار مانگانە بدەنە کەسێکی دیکە، دەستێک بە مێز و کورسییەکانی ئەو بنکەیەدا بێنێ!

لێرەدا پرسیار ئەوەیە، بندیوارەکان کێن؟ کێ ئەوانی قەبوڵ کردووە ناو و مووچە و ئیمتیازاتی وەزیفی و حەقی خانەنشینبوونیان ھەبێ، بەڵام ئەرک و کار و بەرھەمیان نەبێ؟ بە چ پێوەرێک دامەزراون و لەسەر چ بنچینەیەک لێیان بوردراون و پێیان گوتراوە ئەو ڕێسایە ئێوە ناگرێتەوە، کە دەڵێ: “ئەوەی کار نەکات ناخوات”!

دیارە بە گەڕانەوە بۆ لێدوانی چەند جارەی بەشێک لە کاراکتەرە سیاسییەکانی ئەم ھەرێمە، دەردەکەوێت ئەو لەشکرە فەرمانبەرە بندیوارەی کە ھەیە و لە ئێستادا بووەتە سەرئێشە و بارگرانییەکی گەورە لەسەر حکومەت و ناھاوسەنگکردنی ڕەوشی بودجە و بازاڕ و ئابووری، بەرھەمی جەنگی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی و شەڕی زیادکردنی نفوز و ململانێی نامەدەنی و نابەرپرسانەی حیزبی کوردییە بە ئاست و ڕێژەی جودا.

لەبەرئەوە فەرمانبەرێکی بندیوار کە بێ کار و دەوام و بەبێ بەجێگەیاندنی ھیچ ئەرکێکی میری، ھەمان ماف و ئیمتیازی فەرمانبەرێکی دیکەی ھەیە، کە ھەموو ئەرکێکی فەرمانبەرێتی جێبەجێ دەکات، بە سادەترین لێکدانەوە گوزارشت لە ناھەقی و ناعەدالەتییەکی گەورە دەکات، بەڵام کێیە فاکتەر و ڕێگەخۆشکەری ئەو ناھەقی و ناعەدالەتییە؟ ئەگەر خودی فەرمانبەر بە گزی و بەکارھێنانی ناسنامە و بڕوانامەی ساختە دامەزرابێت، پاشان خۆی لە کار دوور خستبێتەوە و فێڵی لە دامودەزگاکانی حکومەت کردبێ، ئەوا بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی بەرزەفتەکردنی فەرمانبەران، دەبێ لە وەزیفە دوور بخرێتەوە و ھەموو ئەو موچە نایاسایی و ناشەرعییانەی پێی دراوە، لێی وەربگیرێتەوە.

وەلێ ئەگەر لایەنێکی سیاسی، یان بەرپرسێکی حزبی، یان بەرپرسێکی ئیداری… بۆ مەرامێکی حزبی یان بنەماڵەیی، یان تایبەتی و ھتد… کەسێک یان چەند کەسێکی دامەزراندبێت و لەباتی وەزیفە حکومییەکە، وەزیفەیەکی دیکەی پێ سپاردبن، ئەوا ناھەقییەکە ئەوەندەی بەرۆکی بەرپرسی تەعینکەر دەگرێ، ھێندە ناکەوێتە ئەستۆی بابای تەعینکراو. نەک ھەر ئەوەندە، بگرە دەشێ بەشێکی ئەو فەرمانبەرانەی بندیوارن، قوربانیی دۆخێکی ناتەندروستی ئەم ھەرێمە بن و ستەمیان لێ کرا بێت، بەوەی لەباتی ئەوەی فێری وەزیفە و پیشەیەک بن، بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن بوونەتە نەوەیەکی بەرخۆر و تەمبەڵ و ئیشنەکەر. لەبری ئەوەی لە زمان و زانستێکی سەردەم شارەزا بن، لە دیوەخان و دوکانە حزبییەکاندا سەری مەجلیسیان پێ گەرم کراوە. لەجیاتی ئەوەی لە تەکنیک و کارگێڕیی کاردا چەند ھەنگاوێک چووبنە پێش، نووسینی ڕاپۆرتی حزبییان پێ سپێردراوە. ڕەنگە تێشیاندا بێت لەپاڵ کاری بازاڕ و بازرگانییاندا، مووچە چەورە بێ ئەرک و ماندووبوونەکەیان، کردبێتە سەرباری داھاتیان…

ھەر چۆنێک بێت بندیوارەکان گروپێکن، چەندە ھێمای ناعەدالەتیین، دە ئەوەندەش قوربانیی دەستی سیاسەت. چەندە موفتەخۆر و بارگرانیین، سەت ھێندەش بەکارھێنراو بۆ بەرژەوەندیی ئەم و ئەو. ئەوان چەندە ستەمکارن، ھەزار ھێندەش ستەملێکراو، ستەمی حزب و حکومەت و دۆخی کوردستانی دوای کەوتنی بەغدا.

لەبەرئەوە ئەگەر ئەم لەشکرە بندیوارەی باس دەکرێت، لە ھەر وڵاتێکی دیکەی دونیادا بوونایە، بۆ ڕێکخستنەوە و ھاوسەنگکردنی بودجە و داھات و دارایی ئەو وڵاتە، وەک چۆن بە لادان و فەسڵکردنیان ڕێگە لە ستەمی ئەو لەشکرە دەگیرا، ئەوھا بە دیوەکەی دیکەشدا، لە ڕێگەی کار بۆ دۆزینەوە و ڕاھێنان و بەخەبەرھێنانیان، نەدەھێڵرا چیدی بە ناوی حیسابی تایبەت و ھاوکاری و چاکە لەگەڵ کردن، ستەمیان لێ بکرێت، ستەمی فێرە تەمبەڵیکردن و موفتەخۆری و بێئاگایی.

سەیر ئەوەیە لە ڕەشنووسی یاسای خانەنشینی و مووچە و دەرماڵەدا، کە لەم ڕۆژانەدا لە پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ و گەنگەشە دەکرێ، دەگوترێ لە یاساکەدا، چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکاندا دەکرێ، بەڵام لە ھیچ کوێی پرۆژە یاساکەدا (جگە لەو بڕگەیەی کە باسی پاسەوانی بەرپرسەکان دەکات)، قسە لە وەزیفە و مووچەی بندیوارەکان نەکراوە! بەڕاست پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران، چارەنووسی بندیوارەکان بە چی دەگات!؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *