“بەرەی نیشتیمانی میللی” بۆ پشتیوانی لە فۆڕمێکی نوێی حوکمرانی پێکھێنرا

لەلایەن ستاندار Posted on 416 جار بینراوە

ستاندەر
“بەرەی نیشتیمانی میللی” بۆ پشتیوانی لە فۆڕمێکی نوێی حوکمرانی لە شاری سلێمانی لەکۆنفرانسێکدا پێکھێنرا، رێکخەرانی کۆنفرانسەکەش رایدەگەیەنن، کۆنفرانسەکە ھەوڵێکە بۆ گوشار دروستکردن لەسەر لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات، تا پێکەوە ھەماھەنگی و ئامادەسازی بکەن بۆ ھێنانەکایەی فۆڕمێکی نوێی حوکمرانی.

ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە ئەوەشیان وت، کۆنفرانسەکە ھەوڵێکە بۆ گۆڕینی فۆڕمی “شکستخواردوی” حوکمرانی ئێستا، ھاوکات بەیەکەوە بەستنەوەی رۆڵ و کاریگەری کەسایەتی و گروپەکانی فشارە لەشوێنە جیاجیاکاندا.

کۆنفرانسەکە رۆژی ھەینی لە شاری سلێمانی بە بەشداری کۆمەڵێک لە رۆشنبیران و مامۆستایانی ئایینی و مامۆستایانی زانکۆ وچالاکوانان و چەند کەسایەتییەک لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

ڕەعد رەفعەت، ڕێکخەری کۆنفرانسەکە بۆ خەندان وتی، “ئامانج لەم کۆنفرانسە خۆئامادەکردنە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی نیشتیمانی و میللی لە نێوان حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات و کەسایەتیەکانی کوردستان و خەڵک، ئەوانەی دەیانەوێت راگواستنی ڕیشەیی بھێننەکایەوە بۆ ئەوەی بتوانن قۆناغی راگوزەری دیموکراتی بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەببەن”.

ھاوکات شۆڕش ئەمین، چالاکی مەدەنی و ئەندامی دەستەی کۆنفرانس بەخەندان- ی ڕاگەیاند، ” کۆنفرانسەکە بەمەبەستی دروستکردنی بەرەیەکی میللی بەرفراوان لە حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات سازکراو، بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەم ئەزموونەی ئێستا ئەزمونێکی شکستخواردووە و پێویستە گۆڕانکاری تێدابکرێت و ھەرێمی کوردستان پێویستی بە گۆڕانکاری جددی ھەیە، ئەم بەرەیە گەر بیەوێت ئامانجی خۆی بپێکێ دەبێت یەکگرتووبێ و پەرتەوازە نەبێت”.

ئەوەشی وت، “ئەم بەرە میللییە دەبێتە پاڵپشت و فشار و ھاوکار بۆ ھەر بەرەیەکی میللی کە ھەم حیزبە سیاسیەکانی دەرەوەی دەسەڵات ھەم کەسایەتی و نیشتیمان پەروەر و دژە گەندەڵ لەو بەرەیەدا کۆبکرێتەوە”.

ھاوکات مەسعود عەبدولخالق، نوسەر و چاودێری سیاسی و کە رێکخەری کۆنفرانسەکە بوو ڕایگەیاند، “ئەم کۆنفرانسە پیلان نیە لە دژی ھیچ لایەن و حیزبێک و بۆ یارمەتیدانی وڵاتە، ئەمە ویژدان و ھاواری ئێمەیە چونکە کوردستان پێویستی بە ھاوارێکە بۆ ڕزگاربوون لەم دەسەڵاتە، ئێستا نیشتیمان لە مەترسیدایە و قەیرانەکان لە سنور دەرچوون و میللەت تێیدا خنکاوە، دەسەڵاتدارانیش لە ھەموو ڕوویەک شکستیان ھێناوە تەنھا لە گەندەڵیدا یەکەم بوون و بە باشترین شێوە ئەەنجامیانداوە، لە ھەموو شتێکدا خوار وخێچ بوون، بەڵام گەندەڵیان بە ھەندەسەیەکی زۆر جوان ئەنجامداوە “.

مەسعود عەبدولخالق وتیشی، “خەڵکی کوردستان ئەوەی لێ قبووڵکردن لە پێناوی نیشتیمان، بەڵام ئەوان نیشتیمانیشیان دۆڕاند، ئەم سەرکردانەی کورد لە ئاستی نێودەڵەتیدا مەلەفیان داخراوە و ناکرێتەوە ئەگەر دەنگیش بھێننەوە ھیچ سودێکیان نابێت، بۆیە دەبێت خەڵک وشیاربێت و گۆڕانکاری دروستبکات”.

“ئێستا میللەت دابەشبووە بەرەی میللەت و بەرەی گەندەڵان، ئێمە پشتیوانی لە بەرەی میللەت و دژەگەندەڵ دەکەین، ئەرکی ئێمە پشتیوانی بەرەی دەرەوەی دەسەڵات بکەین بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و نادادی”، مەسعود عەبدولخالق وایوت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.