ھەڵبژاردن، بۆ بندیواری پەرلەمانتاران و گیرفان پڕکردنی سەرانی پارتەکان دەبێت!

لەلایەن ستاندار Posted on 382 جار بینراوە

ئاشتی ئیبراھیم ئەفەندی

لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئەمڕۆ، پارت و لایەنە سیاسیەکانی کورد، بەشداری ھەڵبژاردنەکانی عیراقییان کردوە و چەند پۆستێکی باڵایان ھەبووە لە بەغداد. ئەم ئەزموونە، بۆ گەلەکەمان، چەند ڕاستییەکی بە بەڵگەی بینراو و بیستراو سەلماندوە، کە ئەویش ئەویە، بوونی ئەندام و لایەنگری پارتە کوردییەکان لە بەغداد، ھیچ دەستکەوتێکی نیشتمانی و نەتەوەی، بۆ کورد مسۆگەر نەکردوە، بەڵام بۆ سەرانی قەوارە سیاسییەکان و پارتە کوردییەکان لە پێش ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردن، دەستکەوتی ماددیی ھەبووە، وەکو،

یەکەم، بڕە پارەی پێش ھەڵبژاردن،
ھەر قەوارەیەکی سیاسی، کە بە گوێرەی یاسای عیراقی، ناوی خۆی تۆمارکردبێت و بەشدار بوو بێت لە ھەڵبژاردنەکانی عیراق، بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردن و بانگەشە، پارەیەکی دیاریکراوی بۆ خەرج کراوە، لە لایەن حکومەتی عیراقەوە. ئەو پارەیە، پێش ھەڵبژاردنەکان، لە ژێر دەسەڵاتی کەساییەتی یەکەمی نێو ئەو پارتانە بووە و بڕیاردەر بووە، لەوەی کە چەند و چۆن، ئەو پارەیە خەرج بکرێت، چەندی لێ تەرخان بکرێت بۆ مەبەستە ڕاستەقینەکە و چەندی لێ لاببرێت.

دووەم، پارەی دوای ھەڵبژاردن،
دوای ھەر ھەڵبژاردنێک، بە گوێرەی ژمارەی کورسی براوە، حکومەتی عیراق بڕە پارەیەکی دی، تەرخان کردوە بۆ قەوارە سیاسییەکان، کە چۆتە خزێنەی حزبەکان یان خەزێنەی سەرانی پارتەکان. ئەوەی پێویستە بوترێت نرخی یەک کورسی پەرلەمانی عیراق پارەکەی زیاترە لە نرخی یەک کورسی پەرلەمانی کوردستان.

سێیەم، پەرلەمانتار و بندیوار و خواردنی موچەی ٤٠ پاسەوان،
کاندیدی دەرچووی ھەر لایەنێک، بێگومان ئەو کەسانە بوون، کە سەرانی پارتەکان، بڕیاریان داوە، پێشوەخت کاریان بۆ بکرێت لە نێو رێکخستنەکانیان و لە نێو جەماوەر، بۆ دەرچواندنیان لە ھەڵبژاردنەکان، وەک ئیمتیاز، پۆستی پەرلەمانی عیراقییان وەرگرتووە و بوون بە توتی سەرانی پارتەکانیان، بەرامبەر بە بوون بە خاوەنی مووچەی باڵا کە لە سەرەتادا ٦٠٠٠ ھەزار، دۆلاری ئەمریکی بوو لە مانگێکدا، دواتر بوو ١٠ یان ١٢ ھەزار دۆلاری ئەمریکی، لە دوای ئەوە ئەو پارەیە ھەندێکی لێ کەم کرایەوە.

لە سەرەتادا، حکومەتی عیراق بۆ ھەر پەرلەمانتارێک موچەی”٤٠” پاسەوانی خەرج دەکرد. پەرلەمانتار، ئەو پارەیەی وەردەگرت، بەڵام مافی ئەوەی ھەبوو، کە بڕیار بدا چەند پاسەوان دابمەزرێنیت، لە یەکەوە تا چل. پەرلەمانتارەکان ئەو پارەیان وەردەگرت و لە بنی باخەڵیان دەنا، تەنیا یەک یان دوو یان سێ پاسەوانیان دادەمەزراند. بە کوردییەکەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە باسی یاسا و دەستوریان دەکرد لەھۆڵی پەرلەمان، خاوەن بندیوار بوون! دوای تەواوبوونی خولی پەرلەمان، پەرلەمانتار دەبوو بە خاوەن پارەی خانەنشینی باڵا، گەلێک کەس ھەن دوای بوونیان بە خانەنشینی پەرلەمانتار، وازیان لە پارتەکەیان ھێناوە! ئەم دیاردەیە زۆر زەقە و لە نێو ھەموو پارتەکاندا بە ئاشکرا دەبینرێت بە تایبەتی لە نێو (گۆڕان و ینک)، تەنیا لە نێو پارتی کەمە، بەھۆی ئەوەی ئەندامەکانی ئەوان، زیاتر دەترسان تیڕۆڕ بکرێن!

بەشداری پارتە کوردییەکان، وەرگرتنی پۆستی باڵا لە بەغداد، بۆ ئەندامەکانیان، بۆ میللەتی کورد ھیچ دەستکەوتێکی ماددی، مەعنەوی نەبووە، تەنیا ئەوە نەبێت، ئەو پۆستە باڵایانە، بوون بە مایەی گیرفان پڕکردن و بوار رەخساندن بۆ دزی کردن، نمونە، “ھۆشیار زێباری” لە پۆستەکەی دەرکرا، بەھۆی دزی کردن. بە دەیان کەسی تر کە سەر بە پارتەکانی دین، لە بەغداد خەریکی دزی بوونە و ئێستا بوون بە میلۆنێر. سەرەڕای ئەوانەش، گەلێک لەوانەی چوونەتە بەغداد، دەستیان لەگەڵ لایەنی شیعە یان سونە تێکەڵ کردوە، یان بوون بە ماستاوچی فڵانە سەرکردە و فیسارە سەرکردەی شیعە. وێرای ئەوەش، ڕوویداوە کە ھەر کاتێک جەماوەری بەغداد ویستبێتیان بە بەبێ رێزیەوە پەرلەمانتارە کوردکانیان ڕاو ناوە!

ھەنوکە، دوای ڕەتبوونی چەند خولێک، لە بەشداری کورد لە پەرلەمانی عیراق و وەرگرتنی پۆستی باڵا لە بەغداد، سەڕەرای ماڵوێرانی و شەڕی دژ بە داعش، برسیەتی و قاتوقڕی و نەبوونی موچە، حەشد و سوپای عیراقی، ھێرشیان ھێنا بۆ سەر کوردستان، بە دەیان خەڵکیان شەھید کرد، ئاڵای کوردستانیان خستە ژێر پۆستاڵەکانیان، کەرکوکیان داگیر کرد، دەستیان کردوە بە تەعریب و دەرکردنی کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، نەھێشتنی ھیچ ھێزێکی چەکداری کورد لە نێو کەرکوک، تا دەگات بەوەی، پارتە کوردییەکان دەسەڵاتی ئەوەیان نییە بۆ پارێزگاری کردن لە بارەگاکانیان، پاسەوان و چەکداری کوردییان ھەبێت! ھەروھا حکومەتی ناوەند، وەک پارێزگایەک چاو لە شارە کوردییەکانی دی وەک ھەولێر و سلێمانی دەکات، نەک وەک ھەرێمێکی سەربەخۆ! ئەگەر چاوسوورکردنەوەی ئەمریکا نەبوایە، ئێستا حەشد، سەردار و حاکمی یەکەم بوو لە کوردستان. وێرای ئەو بارودۆخە و ئەو ئەنجامانە، پارتە کوردییەکان، میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان، سەرقاڵ کردوە بە زەرورەت و گرنگی بەشداری کورد لە ھەڵبژاردنەکانی عیراق گوایە ئەو بەشداری کردنە دەبێتە ھۆکاری دەستکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی بۆ کورد!

بەشداری کورد، بۆ ماوەی ١٥ساڵ لە پەرلەمانی عیراق و وەرگرتنی پۆستی باڵا لە بەغداد، لە دەستکەوتی شەخسی و تایبەتی بەولاوە، ھیچی تری لێ شین نەبووە بۆ میللەتەکەمان. ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندە و واقیع و سروشتی پارت و سەرکردە کوردەکان و عەقڵیەتی دەسەڵاتدارانی عیراق و ئیران، پێمان دەڵێت, بەشداری پارتە کوردییەکان, لەو ھەڵبژاردنەش, تەنیا بۆ ھەڵخەڵەتاندنە و لە گیرفان پڕ کردنی کۆمەڵێک کەس بەولاوە، ھیچی تری بۆ میللەتەکەمان لێ شین نابێت. رۆژگاریش لە ئایندەییەکی نزیکدا، دەبێت بە سەنگی مەحەکی ڕاستیی ئەو بۆچوونە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.