هیوا حەسەن عەلی
لەسەروبەندی گرتنەبەری رێکارەکانی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێڕاق ،جموجۆڵە سیاسیەکان و پەیوەندیەکانی نێوان حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان لەماوەی ڕابردوودا گەرم و گوڕییەکی زۆری بەخۆوە بینی بۆ چۆنیەتی بەشداریکردنی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، هەرچی یەکێتی و پارتی یە لەهەوڵدا بوون لایەنەکان بە تێکڕاو بەلیستێکی هاوبەشی کوردستانی دابەزن، بەڵام هەرزوو ئەم هەوڵە رەتکرایەوەو جیا لە یەکێتی و پارتی هەرسێ لایەنی گۆڕان و کۆمەڵ وهاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بەلیستێکی هاوبش ناوی خۆیان لەکۆمسیۆن تۆمارکرد، دیارە ئەم هەنگاوە قسەو باسی زۆر لەسەرکرا ،هەردوو لایەنی دەسەڵات ئەم هەنگاوەیان بە تێکدانی ریزەکانی نێوماڵی کورد و بەزیان و پەرش و بڵاوی دەنگەکانی کورد لەو ناوچانە لەقەڵەمدا.
لێرەدا من ئەمەوێ سەرنجی خۆم لەسەر یەک لیستی لایەنەکان دەربڕم و تیشک بخەمە سەر ئەوەی ئایا ئەو بارودۆخەی کە ئێستا لەئارادایە لە ناوچە جێناکۆکیەکان و ئەو واقیعە تازەی هاتۆتە پێشەوە گونجاوە کە کورد بەیەک لیستی بچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە؟ بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە گرنگە بچینە نێو واقعی ژیانی هاووڵاتیان و کەمێک گوێ لە ئازارەکانیان بگرین ئەوکات بەسانایی ئەگەینە وەڵامی ئەو پرسیارە. ئەگەر ئاوڕێک لە 14ساڵی ڕابردوی حوکمڕانی و دەسەڵاتی شکستخواردوی یەکێتی و پارتی بدەینەوە کەچۆن و بەچی شێوازێکی ناشرین لەو ناوچانە دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندی حزبی بەکار هێناو چۆن سامان وداهاتی نیشتمانییان لەو ناوچانە بۆ خۆیان قۆرخ کردبوو، هەروەها دوای پرۆسەی ریفڕاندۆم و ئەو کارەساتەی لە16 ئۆکتۆبەر بەسەر میللەتەکەمان و ناوچە جێناکۆکەکانیان هێنا کە زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستانیان لەدەستداو خەڵکەکەیان داوە دەست قەدەرو بەرپرسەکانی خۆیشیان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەڕچون، ئەمانەو چەندین هۆکاری دیکە کەلێرەدا بواری باسکردنیمان نییە بەسە بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین کە تاکی کوردی چەندە ناڕازی و توڕەیە لەم دەسەڵاتەی کە جگە لە نەهامەتی و ماڵ وێرانی هیچ دەستکەوتێکی سیاسی و نیشتمانی نەبووە بۆ خەڵکە ستەملێکراوەکانی ئەو ناوچانە. هەروەها باری بژێوی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە حاڵەتێکی ئێجگارخراپدایە لایەنی دەرونی هاووڵاتیانیش لەئاستی داروخانی گەورەو بێ ئومێدیدایە، تەنانەت توڕەیی و ناڕەزاییەکانی خەڵک گەیشتۆتە ئاستێک بەداخەوە کەوا دەڵێم بێز لەکورد بونی خۆیشیان دەکەنەوە.
ئەمانەی سەرەوە بەشێکی کەمن لەو ئازارانەی کە لەناخی تاکی کوردایە لەو ناوچانە ،بۆیە لێرەوە ئەپرسین ئەگەر تاکی کورد بەم شێوەیە داڕمابێت ئامادەیی تیا ئەبێت بڕواتە سەر سندوق و دەنگ بەهەمان ئەو دەم و چاوانە بدات کە بەم دۆخە خراپەی ئێستایان گەیاندووە؟ ئایا دەنگدەری کورد چیتر متمانەی بەو دەسەڵاتەی رابردوو هەیەو بڕوای بە درۆو دروشمە بیرقەدارەکانی بەناو کوردایەتی ئەو لایەنانەی دەسەڵات ماوە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە بێگومان نەخێر خەڵکی کەرکوک و دوزو سەرجەم ناوچەکانی مادەی 140 ئەوەندە نەهامەتی و ماڵ وێرانییان بینیوە ئامادەنین جارێکی دیکە متمانە بەو دەسەڵاتە شکستخواردووە بدەنەوە.
لێرەوە ئەگەینە ئەو بڕوایەی کە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو کورد پێویستی بەیەک ریزی و یەک لیستی هەبوبێ ، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوەوەو پێوستە کورد بیر لە ئەلتەرناتیفێکی دیکە بکاتەوە ،باشترین رێگایش بوونی چەند لیستێکی جیاوازە بۆ هەڵبژاردنەکان ، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
1- بوونی چەن لیستێک ئەبێتە هۆی درووستکردنی کێبڕکێی نێوان لایەنەکان ، بێگومان ئەم ململانیە ئەبێتە هۆی چوونی رێژەیەکی زۆری دەنگدەری کورد بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان.
2- گۆڕینی دەم و چاوەکان و هاتنە پێشەوەی خەڵکانێکی نوێ و جیاواز لە سیاسیەکانی پێشوو.
3- ئومێد بەخشینەوە بەخەڵکی و جۆشدانەوەیان بۆ خەباتی مەدەنی و پرۆسەی هەڵبژاردن.
رەنگە خوێنەری بەڕێز بپرسێت لەئەنجامی فرە لیستیدا رەنگە بەشێک لەدەنگی کورد بسوتێت و سەرەنجام ببێتە هۆی لەدەستدانی چەن کورسییەک، بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارەش وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێیدا لەئەنجامی توڕەیی بێ ئومێدی خەڵک لە دەسەڵاتدارانی پێشوو ئەبێتە هۆی بایکۆت کرنی زۆرینەی دەنگدەری کورد لەئەگەری بوونی لیستێک، بێگومان ئەو دەنگانە زۆر زیاتر ئەبێت لەو دەنگانەی کە لە ئەنجامی فرە لیستیدا دەفەوتێت.
سەبارەت بە کەمکردنەوەی کورسی کورد ، من ئەوە بەکێشەیەکی گەورە نابینم چونکە لە زۆرترین حاڵەتدا کە ئەگەر کورد 100کورسیش بهێنێت کەزۆر مەحاڵە هیچ لە هاوکێشەکان ناگۆێت چونکە ڕیژەی کورد لە پەرلەمانی عێڕاق کەمینەیەو بە دەنگ هیچ کات ناتوانێت داخوازیەکانی خۆی بەدەست بێنێت، لەهەموو حاڵەتەکان پێویستی بە تەوافوقاتی سیاسی ئەبێت.
لەکۆتاییدا ئەمەوێ ئەوە ڕابگەیەنم ئەمە ڕاوبۆچونی خۆمە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق لە ئەنجامی خوێندنەوەم بۆ دۆخەکە کە خۆم خەڵکی یەکێک لەو شارانەم،بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان جیاواز لەم بۆچونانەم هەیە بەتایبەتی لە شاری کەرکوک، لە کاتی خۆیدا روونی ئەکەمەوە.