سوپای باکوور، بناغەی “سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتووی کورد”

لەلایەن ستاندار Posted on 513 جار بینراوە

ئاشتی ئیبڕاهیم ئه‌فه‌ندی

“سوپای باکوور” بە درێژای سنووری نێوان تورکیا، عیراق و سوریا رووباری فورات نیشتەجی دەکرێت

سوپا، ھێزی سەربازیی فەرمی و نافەرمی، لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەدرێژایی مێژوو تا ھەنوکە، تاکە سەنتەری بڕیاردانن لە ئاراستە کردنی رووداوەکان، سەپاندنی مەرجی سیاسی، ئابووری و سەربازی، فرەوان کردن، کۆنتڕۆل کردن و سەقامگیر کردنی دەسەڵاتن. کە لەدەرئەنجامدا، زلھێزی دنیا و ناوچەکە، سوپایان، وەکو ئامرازێکی کارێگەر بەکارھێناوە، بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێکان، بڕیار دان لە چارەنووسی میللەتانی ناوچەکە، بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانیان.

بەدریژایی خەباتی زیاد لە سەد ساڵەی نەتەوەیی کورد، لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، یەکێک لە خاڵە ھەرە لاوازەکانی ئەوە بووە، کە نەتەوەیەکی ٤٠ملیۆنی، خاوەنی سوپایەکی یەکگرتووی پەروەردە بووی بە ڕۆحی نیشتمانی نەتەوەی نەبووە، کە لە توانایدا ھەبووبێت، بەرەنگاری لە مەترسیە سەربازییە دەرەکییەکان و ناوەکییەکان بکات و پێداگرێ بۆ پارێزگاری کردن لە سنووری جوگرافیا و کەرامەتی نیشتمانی و نەتەوەی. لە ئەنجامدا نەتەوەی کورد، کە ڕۆڵی سەڕەکی ھەبووە لە گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادان و بووە بە کەواسووری بەر لەشکر بۆ یەکلای کردنەوەی ململانێکان، جەنگ و کێشەکانی ناوچەکە و قوربانی زۆری داوە، وێرای ئەوەش لە کۆتاییدا لە ھەموو کەینوبەینی سیاسیی، دەست بەتاڵ و ماڵوێران ماوەتەوە و کارەسات دوای کارەساتی بەسەردا ھاتووە!

ئەمڕۆ، ئیران و تورکیا، دوو زلھێزی ناوچەین، خاوەن دوو سوپای زەبەلاحن و تەنیا نەبوونەتە مەترسی لەسەر چارەنووسی ناوچەکە، دانیشتوان، میللەتان و کپ کردنی دەنگی ئازادیخوازی کەمە نەتەوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو مانەوە یان بە زەبەلاحتر بوونی ئەو دوو وڵاتە، مەترسیەکی بێ ھاوتا دروست دەکات لەسەر بەرژەوەندیی و خواستە سەربازیی و ئیدارییەکانی زلھێزەکانی دنیا، یەکێک لەوان، ئەمریکایە، کە ڕۆڵی سەرەکی ھەیە لە ناوچەکە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە بەبێ ھەژمارکردن بۆ ئەمریکا، ھەردووکیان ھاوپەیمانیەتیان بەستاوە لەگەڵ دوژمنە دێرینەکەی ئەمریکا، کە ئەویش روسیایە.

روسیا، لە رێگەی پتەو کردنی پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوریا، تورکیا و ئێران کە خاوەن سوپای فەرمیی و گروپی چەکداری نافەرمی و تیڕۆڕستن، پێوایە سەرکەوتوو دەبێت لە کۆنتڕۆڵ کردنی ناوچەکە، بەبێ ھەژمارکردن بۆ، سروشت و جۆری سیستەمیی سیاسیی و دەسەڵات لە ھەر سێ وڵات، بەبێ ئاوڕدانەوە لە کێشە و گرفتی نێوان میللەتانی ناوچەکە لەگەڵ ئەو جۆرە دەسەڵات و رژێمانە، خۆ دزینەوە لەوەی کە میللەتانی ئەو ناوچەیەش زۆر یان کەم خاوەن ھێزی چەکدارن، خاوەن پارت و پێگەی جەماوەریین، کە دەتوانن خۆیان ڕێکبخەن و پەیوەندییە دەرەکییەکان بە جۆرێک پیادە بکەن و سوودمەند ببن لە ململانێی نێوان روسیا و ئەمریکا، بۆ نمونە، ھێزی یەکینەکانی پارستنی گەل ناسراو بە “یەپەگە” لە رۆژئاوای وڵات.

ھەنوکە، ئەمریکا لە ھەوڵی دروست کردنی ” سوپای باکوور”ە، کە سوپایەکی ٣٠ ھەزار کەسییە، پێکھاتەیەک دەبێت لە، شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل “یەپەگە”و سوپای سوریای دیموکرات “قەسەدە”، وەک سوپایەکی فەرمی مەشق پێکراو، لە ناوچەکە دەناسێندرێت و لە ژێر سەرپەرشتیاری ئەمریکادا دەبێت. “سوپای باکوور” بە درێژای سنووری نێوان تورکیا، عیراق و سوریا نیشتەجی دەکرێت، تا دەگات بە ھێڵی جیاکەرەوەی نێوان “سوپای سوریا”ی سەر بە ئەسەدم کە روسیا پشتیوانی دەکات، لەگەڵ ھێزی دیموکرات کە ئەمریکا پاڵپشتیانە.

ئێران، سوریا و تورکیا، بە توندی بەرەنگاری ئەو جۆرە بیڕۆکەن، پێیان وایە بەھێز بوونی ھێزێکی وەک “یەپەگە” کە نوێنەرایەتی کورد دەکات لە رۆژئاوا، لە بەرژەوەندی ئەوان نییە، ھەنگاوێکی سەرەتایە بۆ نەتەوەیی کورد، کە لە دواڕۆژدا، وەک ئەوان، ببێت بە خاوەن سوپایەکی نیشتمانی و نەتەوەیی، لە ئەنجامدا بتوانێت پارێزگاری لە دەستەکەوتە سیاسییەکان بکات، بەربەست بێت لەبەردەم سوپای ئەوان، وەک جاران بۆیان نەلوێت، کوشتنی بە کۆمەڵ ئەنجام بدەن و بە ئاسانی دەنگی ئازادیخوازی نەتەوەی کورد سەرکوت بکەن.

ئەمریکا، بۆ بەرژەوەندیی خۆی ئەو بڕیارەی داوە، بەڵام بێ گومان ئەو جۆرە ھەڵوێستەی ئەمریکا، بۆ کورد لە رۆژئاوا، یەکجار بایەخدارە، کاردانەوەی پۆزەتیڤی دەبێت لەسەر جوڵانەوە و پرسی کورد بۆ ئێستا و داھاتوو، بە مەرجێک، ئەگەر یەپەگە، خاوەن سیاسەت، ستراتیژیەت و ئامانجی “کوردی” بێت و نەتوێتەوە لە نێو سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و زلھێزە ناوچەیەکانی وەک ئیران و تورکیا.

میللەتی کورد، لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، خاوەن ھێزی چەکداری فەرمیی و نافەرمییە، بەڵام پەرشوبڵاون و دابەش بوون بەسەر ھێز و لایەنی سیاسیی لەوانە “پێشمەرگە لە باشوور و رۆژھەڵات، گەریلا لە باکوور و ناوچەکانی تر، شەرەڤان لە رۆژئاوا” ، ئەگەر ھەموو لایەنەکان و سەرانی پارتە کوردییەکان، بیر لە بەرژەوەندیی گشتی و پرسی میللەتی کورد بکەنەوە، دەکرێت “سوپای باکوور”، ببێ بە بیناغەیەک بۆ کۆکردنەوەی ھەموو ھێزە چەکدارە کوردییەکان لە ژێر یەک ئاڵا، مەشق پێکردنیان و دامەزراندنی “سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتووی پتەو”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.