کەمال ئەسکەندەر
پڕۆسەی هەڵبژاردن باشترین میکانیزمی دەستاو دەستی دەسەڵاتە ، هەربۆیە ئاستی خۆش گوزەرانی هاووڵاتیان لەهەر شوێن و هەر ووڵاتێک پەیوەستە بەئاستی ڕێژەی هەڵبژاردنێکی پاک وبێگەرد ، تاچەندە هەڵبژاردن بەڕێک و پێکی و دوور لە ساختە و گزیکاری بەڕێوەبچێ ، ئەوەندە خەڵکەکەی لەئاسودەییەکی چاکتر ژیان بەسەر دەبەن . پرسیارەکە ئەوەیە ، ئەی بۆچی لە هەندێک ووڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ووڵاتانی دراوسێ و عێراق و هەرێمی کوردستان یش هەرچەند وادەی هەڵبژاردنەکان نزیک دەبێتەوە سەر ئێشەی هاووڵاتیان توندتر دەبێ؟ چەند مانگێک بەر لەئێستا لەهەرێمی کوردستان بەویستی دەسەڵات هەڵبژاردنەکان دواخران و تەمەنی پەرلەمان و حکومەتیش درێژکرایەوە ، بەڵام دوای شازدەی ئۆکتۆبەر یاریەکە گۆڕانکاری بەسەرداهات ئەم جارەیان بەویستی هەمان دەسەڵات خەریکن چەند مانگێک تەمەنە درێژکراوەکان کورت بکەنەوە ، سەیرە بۆچی هەڵبژاردن لە کاتی خۆی ئەنجام نەدرێ ؟ ئێ خۆ هەڵبژاردن بارانی بەهاران نیە هەر کات هەور گرمۆڵەی کرد داببارێ ، ڕون و ئاشکرایە وادەی هەڵبژاردن بەپێی یاسا ڕێکخراوە. ئەی هەڵبژاردنەکانی عێراق چی ؟ دەنگۆی دواخستنی لەئارادایە ، حزبی دەسەڵات لە هەرێم تێبینی هەیە ، گوایە بۆچی لەکاتی خۆی بەڕێوەنەچێ ، تۆ بڵێی بینە وبەردەی دواخستن و پێشخستنی هەڵبژاردنی هەرێمیان لەیادچوبێ ؟ ئیتر بەم عەقڵیەتە چۆن هەل هەلەی دیموکراسی دەبێ بەمایەی خۆش گوزەرانی میللەت لەکاتێک دا هەڵبژاردن وەل وەلەی پێ دەکرێ ،هەڵبژاردنێکی لەم جۆرە چۆن مایەی خۆشبەختی دەبێ بۆ هاونیشتمانیان ، لەکاتێک دا هەڵبژاردن تۆپ ئاسا هەردەسەڵاتەو بەجۆرێک شەقی تێهەڵدەدات بەئامانجی تۆمارکردنی گۆڵێکی تر بۆ وەرگرتنەوەی کورسی دەسەڵات ؟ چۆن دەکرێ هاووڵاتیان هاوشێوەی هاندەرانی یاریەکان تەنها تەپڵ وفیکە لێدانیان بۆ بمێنێتەوە . لە ڕاستی دا حەقیقەت دەبێ ئەوە بێ کەمێژوو تۆماری کردوە، هەروەک شاعیری گەورەی کورد مەحوی لەدێرێک هۆنراوەدا دەیخاتە ڕوو: ئەوەی ئەمڕۆ بەدەوری تەختیایە هەلهەلەی مەخلوق لەدەوری نەعشیا سبحەی ئەبینی وەلوەلەی مەخلوق