ئامانجەکانی تورکیا لە داگیرکردنی عەفریندا…

لەلایەن ستاندار Posted on 424 جار بینراوە

بایز رەشید ئەمین

دەریای سپی ناوەڕاست بە درێژایی دو سەدەی رابردو جێگەی بایەخی وڵاتانی جیھان بوە ، ھەر نەتەوەیەک لە روی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی پێشکەوتنیی بەخۆیەوە بینیبێت. ئەوا یەکەم ھەنگاوی پاوانخوازیی، چاوی بڕیوەتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست. ململانێی فەرەنەسی و ئنگلیزەکان لەسەردەمی شەڕەکانی ناپلیۆندا بەشێکی زۆری لە سەر دەستبەسەراگرتنی رێڕەوەکانی دەریابوە. بۆیە ھەر لەگەڵ سەرھەڵدان و گەشەسەندنی پیشەسازی لە ئنگلتەرەدا ھەوڵی ئەوەیانداوە دەست بەسەر دەروازەکانی دەریاوانیدا بگرن، کە دواتر توانیان تەواوی بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا کۆنترۆڵبکەن . بەھەمانشێوە ھەڕەشەکانی تورکیە بۆ سەر کوردانی رۆژئاوا و کانتۆنی عەفرین وابەستەیە بە پرسی ھەژمونی رێرەوی دەریاییەوە.

لە دیدگای زانای جیۆپۆلیتکی سەدەی نۆزدەھەم (ئالفرید ماھان)وە رێڕەوە دەریاییەکان بە یەکێ لە توخمە گرنگەکانی دەوڵەتداری دادەنرێن، کە لە رێگەی ھەژمونی دەریاییەوە نەتەوەیەک دەتوانێت سیاسەتی دەرکیی بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە ئەنجامبدات .لەو رێگەیەوە ھەژمونی خۆی لەروی بازرگانیەوە بە سەر جیھاندا بسەپێنێت.بە نمونە وڵاتی بەریتانیا بە درێژایی سەدەی نۆزدەھەم ھەژمونی بەسەر سێبەشی جیھاندا ھەبوە کە لە ھەژمونی بەسەر رێرەوەکانی دەریاوە سەرچاوەی گرتوە ،ئەوکات کۆی رێڕەوە کەشتیڕانە دەریاییەکانی لە بەردەستدا بوە ھەر لە دەریای ناوەڕاستەوە تا دەگاتە جەبەل تارق و گەروی مالگا لە نێوان چین و یابان و وڵاتانی رۆژھەڵاتی ئاسیادا.

ھەژمونی بەریتانیا بە سەر دەریای ناوەڕاست کە ئەفریقا و ئاسیا و ئەوروپا بەیەکدەگەیەنێت و ھەروەھا بەسەر گەروی مالکا لە ئاسیای دور و باکوری رۆژھەلاتی ئاسیا ،کە ھیندو چین و ژاپۆن و وئەورپیەکان لەم گەروەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنجامدەدەن ، سەرەڕای ئەمانەش ھەژمونی بەسەر بەندەرەکانی (جەبەل تارق) و (رەئس رەجا ێالح ) بەریتانیەکانی بە درێژایی سەدەی نۆزدەھەم وەک زلھێزی جیھان ھێشتەوە. کە کۆی گەروەکانی کەشتیڕانیی جیھان بە زالگەکانی ئنگلیزاکاندا گوزەریان دەکرد.

پوکانەوەی پێگە و ھەژمونی ئنگلیزەکان بە لەدەستدانی بەندەرەکان دەستی پێکرد کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا زلھێزی تری وەک ئەمریکا بەدەرکەوت کە بەرێگەو میکانیزمی جیاواز دەستی بەسەر بەندرەگرنگەکانی جیھاندا گرت و لەو رێگەیەوە بۆ ماوەی سەدەیەکە ھەژمونی خۆی بەسەر جیھاندا سەپاندوە.کە لە رێگەی رێکەوتنامەوە لە گەڵ وڵاتانی سەر بەندەرەکاندا دەسەڵاتی دەریایی مسۆگەرکردوە . لەبەرمبەردا روسیاش بەھەمانشێوە لە رێگەی سوریا و ئێران وڵاتی مسر ی عەرەبی لە سەر دەریای ناوەڕاست پێگەی خۆی پتەو کردوە. ، بۆیە جەنگەکان لە رۆژھەلاتی ناوەڕاست لەسەر کۆنترۆلکردنی بەندەرەکانی دەریا بەردەوام دەبێت کە لەناویاندا تورکیا زیاتر لە ھەمویان چارەنوسی وڵاتەکەی بە شێوازی ھەژمونی ھێزە رکابەرەکانەوە بەستراوەتەوە .

ھەرگرنگی دەریایە کە پێگەی ناودەوڵەتی تورکیای بەھێزکردوە کە لە رێگەی گەروی بۆسفۆرو دەریای رەش و دەریای ناوەراستەوە ئاسیاو ئەفریقا وئەوروپا بەیەک دەگەیەنێت ، بەمەش ئەنکارا توانیویەتی لەسەر ئاستی ناودەڵەتی سود لە پێگەی جیۆپۆلەتیکی خۆی وەربگرێت و لەسەر ئاستی نێونەتەوەییش لە ناوەندەکانی بڕیارداندا قورساییەکی تایبەتی ھەبێت.

تورکیا وێڕای ھێشتنەوەی ھەژمونی بەسەر دەریادا لە ھەوڵی ئەوەدایە کە ھیچ ھێزێکی تر جێگەی نەگرێتەوە بەتایبەت گەیشتنی کورد بە دەریا بە مەترسی بۆ سەر پێگەی خۆی دەزانێت ، بۆیە ئەنکارا بە پێشڕەویەکانی کوردانی رۆژئاوا توشی ھیستریا بوە . بە تایبەت کاتێک شەڕڤانان لەڕێگەی بەیەکگەیاندنی کانتۆنەکانی جەزیرە و عەفرینەوە دەگەنە سەر دەریای ناوەڕاست کە بە مەش وێڕای رزگاربونی کوردانی رۆژئاوا کوردانی باشوریش زەمینەیەکی باشتریان بۆ دەڕەخسێت کە چیتر وابستەو ملکەچی تورکیا نەبن .

داگیرکاریەکانی سوپای تورکیا لە جەرابلوس و باب و ئێستاش لە عەفرین رێگری کردنە لە نزیکبونەوەی کوردانی رۆژئاوا بە رێرەوە دەریاییە ناودەوڵەتیەکان. ئەنکارا لە ھەوڵی ئەوە دایە کە وەک رێڕەوی ترانزێتی وزە رۆل ببینێت ، ھەوڵەکانی لە بنیاتنانی ھێڵی گواستنەوەی وزە ناسراو بە (یەلۆ ستریم ) و( تورکیش ستریم )و (باکۆ- تیبلیس- جیھان ) بەشێکی سەرەکی سیاسەتی دەرەکی (ئانکارا)ن کە ئەم ھێڵانە دەتوانن سەرچاوەکانی وزە لە روسیاو ئاسیای ناوەڕاستەوە رەوانەی بازاڕەکانی وڵاتانی پیشەسازی ئەوروپا و رۆژئاوا بکەن . تورکیا ئامانجیەتی وەک تاکە رێرەوی سەرەکی وزە لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە و لە رێگەی ترانزێتی وزەوە لە سەر ئاستی جیھان رۆل بگێرێت و بەو ھۆیەوە ناوەندەکانی بریاردان لە سەر ئاستی جیھان ناچاربکات بە بەرژەوەندی تورکیا بڕیاردەربکەن.
رێڕەوی کەرکوک – جیھان یەکێکی ترە لە ھێڵە گرنگە ستراتیژیەکانی جێئومێدی ئانکارا کە لەو رێگەیەوە گەمە سیاسیەکانی خۆی لە عێراق و کوردستاندا درێژەپێدەدات . بۆیە بەسەرکەوتنی کوردانی رۆژئاوا و مانەوەی دەسەڵاتی کورد لە عەفرین دەبێتە ھۆی لە دەستدانی ئەم کارتە سیاسیەی بەردەست ئانکارا لە ناوچەکە و پێگەی تورکەکان ھێندەیتر لەسەر ئاستی ناوچەکەو جیھان لاوازتر دەبیت. . لەبەرئەوە ئانکارا ھەوڵدەدات بەھەر شێوەیەک بێت رێگری بکات ، ئەم دەروازەیە نەکەوێتە دەست کوردان چونکە لەئایندەدا نەوت و گازی باشوری کوردستان و بازرگانی ناوڕاست و باکوری عێراق لەم رێرەوەوە ئەنجام دەدرێت .کە ئەمەش بایەخی جیۆپۆلەتیکی تورکیا لە رۆژھەڵاتی ناوڕاست کۆتایی پێدێنێت.

ھەربۆیە دوای دروستبونی کانتۆنەکانی جەزیرە و کۆبانێ ، تورکەکان توشی حالەتی ھیستریا بون لەرێگەی پرۆکسیەکانیەوە لە ناو سوریە ھێزیان گەیاندە جەرابلوس و باب بەمەبەستی دابڕاندنی عەفرین لەم دوو کانتۆنە. بەڵام دوای ئەوەی تورکیا بۆیدەرکەوت کە ئەمە سودی نیەو کانتۆنی عەفرین توانی بەتەنھا خۆی رێکبخات و بەرێوەبەرایەتی خۆجێیی دابمەزرێنێت ، ھاوکات لە رێگەی ئەمریکا و روسیا وە شکستیھێنا ئەم کانتۆنە ھەڵبوەشێنێتەوە ، پەنا دەباتە بەر پەلاماردانی سەربازی بۆ سەر عەفرین .

تورکیا پەلەقاژەی مەرگیەتی، لەسەرئاستی جیھان ھیچکام لە ئەمریکاو ئەوروپا متمانەیان بە ئەنکارا نەماوە و روسیاش لە بەرژەوەندیدا نیە ھەژمونی تورکیا لە سوریا پەرەبسێنێت و لە سەر ئاستی ناوچەکەش کاریگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەڵکشاندایە . پێشێلکاریەکانی ئەنکارا لە بوارەکانی مافی مرۆڤدا و پێشێلکردنی سەروەری یاسا و پەرلەمان ، دەرفەتی بەئەندامبونی ئەو وڵاتەی لە یەکێتی ئەورپادا ئەستەمکردوە کە ھەریەکە لە فەرەنسا و ئەڵمانیا چەندین جار راشکاوانە ئەندامبونی ئەنکارایان رەتکردوەتەوە.. بەمەش تورکیا کەوتوەتە تونێڵێکی تاریکەوە و بەم زوانە گەڕانەوەی تروسکایەک بۆ سیاسەتە پاوانخوازیەکانی ئەردۆگان بە ئەستەم دەبینرێت .

کوردانی رۆژئاوا لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا توانیویانە بە ھەوڵ و فیداکاری و سیاسەتی لێوەشاوەیان دەوڵەتی تورک توشی ھستیریا بکەن و بڕبڕەی پشتی پێگەی ستراتیجی و جیۆپۆلەتیکی تورکیا بشکێنن و سەرنجی جیھان بۆ لای خۆیان کێشبکەن . ئەمەش بە نزیکبونەوەیان لە دەریای ناوەراست و رەخساندنی ھەلی گواستنەوەی وزەی ھەرێم لەم رێرەوەوە لەبری رێرەوەکانی تورکیا.

وێڕای ئەوەی کوردانی رۆژئاوا ئامادەیی تەواویان تێدایە کە عەفرین لە بەردەم ھەر ھەرەشەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی بپارێزن، وڵاتانی ناوچەکە و جیھان رێگە بە دەستدرێژکاری تورکیا نادەن بە تایبەت ھەژمونی تورکیا لە رۆژئاوا لە بەرژەوەندی ھیچکام لە ئەمریکا و روسیادا نیە، لە ھەمانکاتیشدا ئێرانیەکان سودمەند نابن لە بونی تورکەکان لەم ناوچانەدا.

بەکورتی داگیرکاریەکانی سوپای تورکیە بۆ سەر جەرابلوس و باب و ھەڕەشەکانیان بۆ سەر کانتۆنی عەفرین چەندین ئامانجی سیاسی و ئابوری جیۆپۆلەتیکیان لە پشتە . شکستھێنانی تورکیا لە عەفریندا دەبێتە ھۆی ئەوەی تورکیا لە رۆژھەڵاتی ناوڕاست بەرەو لاوازی ھەنگاو بنێت و پێگە ناوچەیی و ناودەوڵەتییەکەی لە دەستبدات . وێڕای ئەوەی کە چیتر ناتوانێت کوردانی باشوری کوردستانیش وەک بارمتە بەکار بھێنێت .. بۆیە عەفرین لە روی جیۆپۆلەتیکی و ستراتیجیەوە بۆ ھەرێمی کوردستانیش زۆر بایەخدارە و تەنھا لەم دەروازەیەوە ھەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ژێر ھەژمون و چەپۆکی گەمەکانی ناوچەکە رزگاریبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.