ھەڵبژاردن چۆن بە پاک و بێگەردی بەڕێوە ئەچێت ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 366 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

یەکێک لەھۆکارەکانی بەدیکتاتۆربونی ئەم ھەرێمەی ئێمە، تەزویری ھەڵبژرادنە وەک ھەر وڵاتێکی دیکتاتۆری تری ئەم جیھانە . ئەمەش وەکو کلتورێکی ناشیرن لەیەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە لەساڵی ١٩٩٢، تا ئەمڕۆ پرۆسەی دیموکراتی لەم ھەرێمەدا شێواندوە ، بەتایبەتیش کەوا دەسەڵات ئەمڕۆ بوەتە ئامرازێک بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و گرتنەدەستی دەسەڵاتێًکی تاکڕەوی خۆسەپێن .

ئەگەر سەیری ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پێشوتری کوردستان بکەین ئەبینین ھەمو جارێک کێرفی جوتحیزبەکەی دەسەڵات لەدابەزیندایە . ھەڵبەت ھۆکاری ئەمەش زۆر روونو ئاشکرایە کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەی ھەرێم ھەمیشە لەخەمی خۆیدا بوە نەوەک میللەتەکەیان تا بتوانن متمانەی بەدەستەوە بێنن.. سەرنج بدەن بیستو شەش ساڵە رۆژ لەدوای رۆژ ئەزمونەکەمان بەرەو دواوە ئەکشێتەوە.. نە کێشەی کارەبایان پێ چارەسەر کرا، نە حکومەتیش توانی ئاوێکی پاکی بەردەوام بداتە ماڵان ، نە بەم ھەمو ملیار دۆلارانەی رژاونەتە سەر ھەرێم توانیان ژیانێکی ئاسوودەو لانیکەمی بەکەرامەت بۆ ھاوڵاتیان دابین بکەن . ئیدی بۆیە ھەمیشە پێویستیان بەتازەترین فرتوفێڵی تەزویراتە بۆ مانەوەو خۆسەپاندن بەسەر دەسەڵاتو میللەتەوە..

ئەمڕۆ حزبی تازە پەیدا بونە و کێبرکێی دەسەڵات ئەکەن ، ناھەقیان نیە مەترسی ئەوەیان ھەبێ کە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوش تەزویراتی تیا بکرێ ، چونکە ئەزمونێکی دوورودرێژمان ھەیە لەگەڵ حزبەکانی دەسەڵات ، بەتایبەتیش پارتی کە سڵ لەھیچ فرتوفێڵ و تەزویراتێک ناکاتەوەو ، حەی عەلا سەڵات بەزەقەزەقی چاوی دەنگدەرانەوە سەدان ھەزار کارتی تەزویر ئەخاتە ناو سندوقەکانەوە .

پارتی کە ئێستا پەلەیەتی بۆ پێشخستنی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لەمساڵدا، مەبەستی ئەوەیە تا مەجالێکی کەمی ماوە جارێکیتر لەرێگای تەزویرەوە ببێتەوە بەحزبی یەکەمی دەسەڵات ، ئەو ھێشتا دەنگە تەزویرەکانی بندیوارو مردوەکانو ئاوارەکانی بەدەستەوە ماوەو ، ئەیەوێ پێش ئەوەی ئەمانەشی لەدەست بچێ بەخێرایی ھەڵبژاردنەکان بەڕێوە بچن ، سەرۆکی دەزگای ھەڵبژاردنەکانیشی راشکاوانە وتویەتی لەھەڵبژاردنی داھاتودا ٥٠ کورسی پەرلەمان بەدەست دێنین؟!.

ھەر بە مەنتیق و عەقڵەوە ئەم قسەیە لێکبدەنەوەو بپرسن: ئاخۆ ئەبێ میللەتەکەی ئێمە ئەوەندە گێلو نەفام بن ، لەدوای ئەم ھەمو کارەساتەی پارتی بەسەر کوردستانی ھێناوە لەدزی و فزی و دەسگرتن بەسەر نەوتو سامان و برسیکردنی میللەت و راگرتنی بازاڕو بێ موچەیی فەرمانبەران و، دوای دۆڕاندنی نیوەی خاکی کوردستانو، دوای ئەم ھەمو خیانەتە نەتەوەییانە لەدژی کوردستانەکانی باکوورو رۆژئاواو رۆژھەڵات ، دوای ئەم ھەمو درۆیانەی سەربەخۆیی وئابوری سەربەخۆی ماڵوێرانکەر ، سەرباری ھەمو ئەوانە میللەت جارێکیتر قوڕ بەسەر خۆیدا بکات و متمانە بەوانەوە بداتەوە بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات؟؟.

ئەمە بەعەقل ومەنتق ھیچ قبوڵناکرێ ، مەگەر وەکو سەرۆکی دەزگاکەیان وتەنی بەتەزویرو کەڵەکبازی ئەم رێژەیە بەدەستبێنن .

ھیچ گومانی تێدانیە کە پارتی بەتەمای تەزویرە ، بۆ ئەوەی رێگەش لەو تەزویرە بگیرێ ، ھیچ رێگایەک لەبەردەمماندا نیە تەنھا یەک رێگا نەبێ، ئەویش ئەوەیە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوی پەرلەمانی کوردستان بەسەرپەرشتی تەواوی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی بەغداوە رێک بخرێ . چونکە کۆمسیۆنەکەی ھەرێم کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ نیەو حیزبیە، دەسەڵاتە باڵاکەشی بەدەست پارتیەوەیەو چییان بوێ وای ئەکەن.

کۆمسیۆنی بەغدا ئێستا شێوازێکی تازە پەیڕەو ئەکات کە تەزویراتی ھەڵبژاردن زۆر کەم ئەکاتەوە ، جارێ پێش ھەمو شتێک بەھەردو شێوەی ئەلیکترۆنی و کاغەز پرۆسەکە بەڕێوە ئەبات. ھەر لەوێستگەی دەنگدانەوە یەکسەر ئەنجامەکان ئەدات بەدەستەوەو پێویست ناکات سندوقەکان بگوازرێنەوەو لەرێگادا بگۆڕدرێن. دواتر ھیچ کەسێک ناتوانی دووجار دەنگ بدات چونکە جیھازەکە قبوڵی ناکات. ئەمە جگە لەوەی بەغدا کار لەسەر ئەوە ئەکا کەوا کارتی نوێی ھەڵبژاردن دابەشبکرێ، بەمەش ناوی مردووان ناچێتە ناو لیستەکانی دەنگدەرانەوە ، ئەمانە بەگشتی تەزویرات ناھێڵن ، مەگەر بە رێژەیەکی زۆر کەم.

بۆیە پێویستە حیزبو لایەنە کوردستانیەکان بۆ زامنکردنی ھەڵبژاردنێکی پاکو بێگەرد کار بۆ ئەوە بکەن ھەڵبژاردنەکانی کوردستان بخرێتە دوای ھەڵبژاردنەکانی ئایاری ئەم ساڵی عیراق، بۆ ئەوەی لەدوای کۆتایی ھاتنی ھەڵبژارنەکانی ئەوێ سندوقەکان و شێوازی ھەڵبژاردنەکان بگوازرێنەوە بۆ کوردستان و بەھەمان شێوازی بەغدا پرۆسەکە بەڕێوە بچێ .

ئێستا بەپێی بڕیارەکەی پەرلەمان کە خولی خۆی درێژ کردەوە ، مەجالێکی زۆر ماوە بۆ ئەوەی لەدوای ھەڵبژاردنەکانی بەغدا وادەیەک بۆ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم دیاری بکرێ، ھەڵبەت پارتیش ناتوانی تەنھا خۆی بچێتە ھەڵبژاردنەوە ، بۆیە پێویستە حزبەکانی تری کوردستان جەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە کە ھەڵبژاردنەکانی کوردستان بخرێتە دوای ھەڵبژاردنەکانی عیراق، بەمەش ھەڵبژاردنێک تا حەدێکی زۆر پاکو بێگەرد مسۆگەر ئەکەن، ئەوسا میللەتیش ئەتوانێ بەئازادی بڕیاری خۆی بدات دوور لەتەزویرو خۆسەپاندنی ھیچ حزبێک ..‎

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.