بۆ کورد ھیچ جیاوازییەک لەنێوان کەرکوک و عەفریندا نیە……….بۆ تورکیا لەگۆڕنانی خەونی بەستنەوەی کانتۆنەکانە بەیەکتری و نەگەیشتنی بەشەکانی کوردستانە بە دەریای ناوەڕاستەوە.!!

لەلایەن ستاندار Posted on 495 جار بینراوە

د.حمدی حمزە

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا بینی ئێران لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بەئارەزووی خۆی تەڕاتێن دەکات, ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ھەژمون و ھێزی خۆی بەرەو فراوان بوون دەبات. ھیچ بەربەرچ دانەوەیەکی کرداری لەلایەن زلھێزانەوە لەبەرامبەریدا لە ئارادانیە, ئەوەی ھەیە تەنھا ئیدانە کردنە.! بۆیە تورکیا وەکو دەوڵەتێکی بەھێز و ڕکابەر لەناوچەکەدا بیانوی کەوتوەتە بەردەستی, بیانوەکەشی ئەوەیە ھێزەکانی پاراستنی گەل YPG کەوا یەکێکە لەلقەکانی سەر بەھێزەکانی سوریای دیموکرات, ئەو ھێزە تایبەتە بەپاراستنی کوردانی سوریا. ئەو ھێزە لەژێر فەرمانی PYD دایە و PYD ەش سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK یە و تورکیاش ئەو ھێزانەی خستوەتە لیستی تیرۆر و دەڵێت لەھەر شوێنێکی سەر ئەم زەویەبن ھەرەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا.! بۆیە بەم بیانوانە تورکیا دەیەوێت خەونی کوردانی ڕۆژئاوا لەگۆڕنێت و نەھێڵێت کانتۆنەکان بەیەکتر ببەسترێنەوە و دەشیەوێت ڕێگا بگرێت لەدرووست بوونی ھەرێمێکی بەھێزی فیدڕاڵی بەستراوە بە دەریای ناوەڕاست لە سوریادا. لەبەر ئەوەی تورکیا پێی وایە درووست بوونی ھەرێمێکیتری ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستانی باشور, بەڵام بەستراوە بەدەریاوە مەترسی بۆسەر تورکیا درووست دەکات, بەوەی کوردستانی باکور و ھەموو بەشەکانیتری کوردستان دەتوانن سود و قازانجی ئابوری و بازرگانی لێ وەربگرن و لەئاییندەدا دەوڵەتێکی بەھێز کەوا خەونی ھەموو کوردێکە لە ناوچەکەدا درووست بێت.

ھەڵبەتە مەترسی ھەیە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ڕوسیا لە دەوروبەری کانتۆنی عەفرین, ھەمان سیناریۆی کەرکوک لەعەفرین دووبارە بێتەوە بەوەی چۆن ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ سوپای عێراقی ھەڵکرد, ئاواش سوپای روسیا گڵۆپی سەوزی بۆ سوپای تورکیا ھەڵکردبێت تاکو بەزەبری ھێز کانتۆنی عەفرین داگیر بکات.! پێدەچێت اتفاقێکی ژێر بەژێر ھەبێت لەنێوان ڕوسیاو تورکیادا و ھەوڵبدەن یەکجاری ھەیبەتی ئەمریکا لەسەردەمی ئیدارەی ترامپ لەناوچەکەدا بشکێنرێت.!

ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ھەرجارەو بەناوێک بەشەکانی کوردستان داگیر دەکرێت, ئینجا لەژێر ھەر پاساوێک یاخود بە ھەر مەرامێک بێت.! بەڵام داگیر کردنی عەفرین لەگەڵ کەرکوک جیاوازە, لەبەر ئەوەی داگیر کردنی شاری کەرکوک جگە لەوەی خیانەت کرا و ھەمووان دەزانین ھێزی پاسداری ئێرانی پاڵپشتی سوپاکە بوون.! بەڵام ئەوا بەحساب سوپای عێراقی بۆ سەپاندنی یاساو جێگێرکردنی پۆلیسی فیدرالی ڕێیەکی تێدەچێت.! بەڵام داگیر کردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە توشی بەرپەرچ دانەوەیەکی بەھێز دەبێتەوە لەلایەن سوپای سوریا و ھێزەکانی سوریای دیموکرات, سەڕەڕای ئەوەی توشی سەرکۆنەکردن دەبێتەوە لەلایەن ووڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا, بەتایبەتی یەکێتی ئەوروپا. لەبەرئەوە پێدەچێت زۆر لە ووڵاتان پەیوەندییە دبلۆماسیەکانیان لەگەڵ تورکیا ھەڵپەسێرن. ئەوەی جێی سەرنجە ھەرکاتێک دوژمنانی کورد ھەستیان کردبێت بەوەی بەشێک لەبەشەکانی کوردستان بەرەو پێشچونی بەخۆیەوە بینیبێت, ئینجا چ لەڕووی سیاسی و چ لەڕووی ئابوریی چ لەڕووی سەربازییەوە بوبێت, ئەوا ووڵاتانە ناوچەلەو زلھێزانی جیھان بەرژەوەندییەکانی خۆیان وەلاناوە لەپێناو شکست پێھێنانی کورد.! بەڵام پێویستە بەر لەوەی گلەیی لەو ووڵاتانە بکەین, گلەیی لەخۆمان بکەین تاکو ئێستادا نەمانتوانیوە لەژێر چەترێک کۆبینەوە. یان دەتوانم بڵێم بەلایەنی کەم نەمانتوانیوە تائێستا یەک ھەڵوێست و یەک بیر و بۆچوون بین لەبەرامبەر دوژمنەکانمان.!!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.