عە فرین لە ئاگر و خوێن و فۆبیای تورکیادا

لەلایەن ستاندار Posted on 407 جار بینراوە

یاسین نادر ڕەحمان

ناونیشانی بابەتەکەم لەوەوە وەرگرت کە ھەندێک وڵاتی ئیسلامیی کاتێک لە غەزەو فەلەستین شەڕێکی خوێناوی ڕوویدەداو بە کوورتی زوڵمێک لە دژی خەڵک لە غەزەوە ھەستی پێ کرا دروشمی سەرجەم کەناڵەکانیان ئەوە بوو کە : “غەزە لە ئاگرو خوێندا”یە، ئەگەر تەوژمیی عەرەبچێتی و بوونی بەناو ئیسلامی لە کرداری ئەواندا ناڵێم: نەبوایە، ئەم جۆرە ھەست و سۆزە نەتەوەییانەیان نەدەنواند، چوونکە تەوژمە پشتیوانییەکان ھەمیشە لە چوارچێوەیەکی ناسیونالیستی عەرەبیانە زیاتر ھیچ نەبوو، کاتێکیش کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ٢٠/ ١/ ٢٠١٨ دەستپێکی ھێرشە جیدییەکانی تورکیاش بۆ عەفرین بەھۆی ھێرشی سەربازی و باڵەفڕەکانی بینرا، کێ ئەوەی بەبیردا لەناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا نەھات کە خۆزگایا کورد ئەو نەتەوە یەکانگیر و یەکدەنگە بوایا کە ئاواتە خوازی ھەمیشەیی بووە، بێ توانیبایا.. بێ ھیچ چاوەڕوانییەک بەرگری لە ھەر چوار پارچەی خاکەکەی لەم کات و ئان و ساتانەدا بکردایەو دروشمی” ئاگر و خوێن” لە حەقی دوژمنانیدا کردەکی بکردایە. ئەمە گەرچی دەردڵێکی نووسەرانە لەم بارەیەوەیە، بەڵام با لەو لایەنە سیاسییەی عفرین بۆ کەوتنە ناوەوەی لەم دۆخە سیاسییەی ئێستایدا بوەستین و کە عەفرین لە فۆبیای تورکیادا چیبوو کە کرایە ئامانج و کەوتە ناو ئەم تەوژم و تەنگژەی شەڕو ئاڵۆزیانەوە.

عەفرین لە فۆبیای تورکیادا
ئەوەی بە نسبەت عەفرینەوە جێی باس وخواسە ئەوەیە: کە بڕیاردانی ئیئتیلافی نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا بۆ پێکھێنانی ھێزێکی ئاسایشی و ئەمنی تازە لە سنوورە ھاوبەشەکانی سوریا لەگەڵ تورکیاوعێراقەوە پەیوەست بوو. کە بەرپرسانی ئەمریکا ئەم ھێزە نوێیە لە یەکەکانی بەرگری بۆ خاک و خەڵکەوەی دەزانن کە تورکیاش ئەم گروپەو ھاوشێوەکانیی پەیوەست بە پ.ک.ک، ەوە دەزانێت،کە ھێزی تیرۆریستی ھەمیشە ناوزەدیانی کردووە.

کێشمەکێشەکانی ئەمدوایەی تورکیاو ئەمریکاش گەر لەم دوایانەدا لێ بڕوانین بە بێ گومان ڕەنگە سنووردار و پەیوەست بەس بە پشتیوانی کردنی دەوڵەتی ترەمپەوە لە ھێزە کوردیەکانی باکووری سوریادا ڕەنگە نەبێت بەڵکوو لە ڕوانگەی بەرپرسانی تورکیاوە بێ بەڵێنی ئیدارەی ترەمپیان بە بەڵێنەکانی لە مانگی نۆڤەمبەردا دەگەڕێننەوە کە دەبوو پەیوەست بە بڕینی یارمەتییە سەربازیی و جەنگییەکان بە ھێزە کوردیەکان بوایا، لەگەڵ ئەمەشدا ڕاگەیاندنی پێکھێنانی ھێزەکانی ئاسایشی گشتی لە سنوورەکان بە بەشداریکردنی ھێزەکانی YPG لە سنووری سوریاو تورکیادا ھیچ شوبھەو گومانێکی بۆ تورکیا نەھێشتەوە کە ئەمریکا لە ڕێگەی ھاوکاریکردنی”دوژمنەکانی تورکیا”وە بەدوای سەدمە گەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی تورکیایە کە بۆ ڕوانگەی جیوپولەتێکی ئەم ناوچانە بۆ دەوڵەتی تورکیا دەگەڕێتەوە.

ھەر لەم ڕووەشەوە وڵاتی تورکیا لە سەرەتاکانی مانگی جانیوەری ٢٠١٨دا بانگەشەو خواستی پێکھێنانی ھێزێکی بیست و دووھەزار نەفەری کە پێکھاتوو لە ھێزەکانی ئازادی سوریاو ٣٠ دەستەو تاقمیتر لە دژەکانی بشار اسد بە سەرکردایەتی “جواد ابو حگب” سەرۆکی دەوڵەتی کاتی سوریایە، کرد. کە لە ئان و ساتدا بوو کە ھێرش بکەنە سەر شاری عەفرین، کە لە ژێر کونتڕۆڵی ھێز و یەکەکانی بەرگری خەلقدان.

تورکیا لە لایەکی تریشەوە ترسی ئەوەی ھەیە کە ھێزە کوردیەکان لە ڕەققەو ناوچەکانی باکووری سوریاو شوێنانیتر، بە یارمەتی ئەمریکا لە بەرانبەرکێ کردن ھێزەکانی سوپای ئازاد لە سنووری سپەری فورات(تەڕابڵۆس- الباب- عەزاز) بێنە ناو شاری عەفرین و ئاسایشی سنوورەکانی ئەم شارە بە تەواوی بخەنە مەترسییەوە.

لە دیوێکی تریشەوە ئەوە دیارە کە پێشڕەویکردنی ھێزەکانی سوریا بەرەو ناوچەکانی سەنتەرو باکووری ئیدێلب، تورکیا دەخاتە تەنگەبەری جیوپۆلەتیکییەوەو تورکیاش ھەوڵ دەدات تا بە ترساندن بە تەداخولکردنی سەربازی لە عەفریندا دەستپێشخەرییەکی کردبێت و ھێزی بەرانبەرکێی خۆی ھاوشێوەی ئوپەڕاسیۆنی”سپەری فورات” کە تەداخولکردنی سەربازی تورکیا لە شەڕی نێوخۆی تورکیا بوو، ھەمدیسان بەڕووی ھەمواندا پیشان بدات.

ئەوەش نابێت لەبیر بکرێت پێشڕەوی کردنی سەربازی سوریاو ئێران و ڕوسیا بەرەو باکوور و باکووری ڕۆژئاوای سوریا بووەتە ھۆی ئاڵۆزی و تووندوتیژی نێوان لایەنگرانی بەشار ئەسەدو دژەکانیی، کە ئەمەش جگە لەوەی ھەندێک ڕێکەوتنی خستووەتە ژێر پرسیارەوە لەمبارەیەوە، تورکیاشی بەرەو جوڵانەوەو ھەستانەوەیەکی جیددی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی جیوپۆلەتیکی لە سوریا لەگەڵ ئێران و ڕوسیاو سوریادا پەلکێش کردووە.

ئەگەر لێ وردببینەوە وا دێتە بەرچاو ئەمریکاش لەم نێوەندەدا مەبەستی لە سەیتەرەکردن بەناوچەکانی ڕۆژەھەڵاتی ڕووباری فوراتە. بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئەمریکاش لە کوردەکان لەم ناوچانەو ناوچەکانی باکووری سوریا کە خۆی لە ئامانجە سیاسییەکان دەبینێتەوە وایی کردووە ئامانجە سیاسییەکانی تورکیا تووشی شەلەل بکات و دوژمنگەرێتی ئیداری ئەردوغانی بەدوادا بووە. لەم ڕووەشەوە دەتوانین بڵێین جیوپۆلەتیکی ئێستای سوریاو ئێران و تورکیاو ڕوسیای بەرەو شکانەوە چووەو کە گەر لە تورکیادا کوورتی بکەینەوە دەتوانین بڵێین کەنفوزی جیوپۆلەتیکی تورکیا لەم ناوچانەدا خستووەتە مەترسیی و تەنگەبەرییەکی تەواوەوە کە چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت کارەساتگەلی تری لە سوریادا بەدواوە بێت.

گەر کەمێکیش دوور لێکدانەوە لە باس و ناوەڕۆکی وتارەکەوە بکەین ئاوا بەرداشێک دەبینین:
کە لەڕوانگەی ھێزە بەشداربووەکانی ڕزگارکەرو پشتیوانیی رژێمی بەشار ئەسەد لەم چەند ساڵەدا کە بە بیانووە جۆراوجۆرەکان خۆیان خزاندووتە نێو ئەم وڵاتەو ناوچەکانیەوە یانیش لەماوەی شەڕی داعشدا دروست بوون ئەوەیە کە: ئەوان ھەر تاقم و گروپێک و دەستەو ھێزێک لە دژی بەشار ئەسەد و حوکمەکەی بووبێت لە ڕێڕەوی ھاوشێوەشەڕکردن لەگەڵ داعشیدا دەزانن و عەفرین و ناوچە کوردیەکانیتر با ھێزەکانی پارێزەریان لە ژێر پشتیوانی ئەمریکاو وڵاتانیتریش بن، بەڵام بێبەش لەم دوژمنکاریەی نازانن و ھەر وەک لە ئێستادا دەبینین ئامانجیان لە لاوازکردن و لەنێوبردنی ئەم ھێزانە لە پاش شەڕی داعش و بەکوورتی لاوازکردنی پێگەی کوردانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.